بازرگانى بە دینەوە

بازرگانى بە دینەوە
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

دین، لە هیچ قۆناغێکى مێژووییدا، هێندەى ئەمڕۆ لەپێناو ئاواتە سیاسى و دونیاییەکاندا کەڵکى خراپى لێ وەرنەگیراوە. بەداخەوە ستەمکارانى ئەمڕۆ بەها دینییەکان گاهێ وەک کەرەستەیەک بۆ گەیشتن بە ئامانجە دونیاییەکانیان و گاهێکیش وەک گسکێک بەکار دەهێنن بۆ لابردنى ئەو پیسى و چەپەڵییانەى کە دواى خۆیان جێیان هێشتووە. لە سەردەمێکى هێندە شووم و نابووددا دەژین، کۆمەڵێک خۆسەپێنى وەها کە بازرگانى بە بەها دینییەکانەوە دەکەنەوە و لەڕاستیدا نسیبیان لە دیندا نییە، درۆى جۆراوجۆر دەکەن، بوختانى بێسەروبەر هەڵدەبەستن، مێگەلەکان هەڵدەخەڵەتێنن، ماڵ و موڵکى ئەوانە زەوت دەکەن کە بە دوژمنى خۆیان دەزانن، ستەم لە بێتاوانەکان دەکەن، ئینجا بەرگێکى دینى بۆ هەموو ئەم خراپە و تاوانانەیان دەدۆزنەوە. لەلایەک هەموو حەرامێک ئەنجام دەدەن کە پێچەوانەى دینە و حساب بۆ بەها دینییەکان ناکەن؛ لەلایەکى دیکەشەوە بەجۆرێک ئارگومێنتە دینییەکان بەکار دەهێنن کە لەبەر چاوى خەڵکیدا خۆیان وەک دیندارى تۆخ، ڕزگارکەر و مەهدى دەردەخەن. ئەم بێنسیبانەى لەکاتێکدا ئاشکرایە کە ئامانجى ڕاستەقینەیان سەڵتەنەت و باقوبریق و دەبدەبەى دونیایە، بە درۆ و دەلەسەکانیان خەڵک بەجۆرێک فریو دەدەن کە وا گومان ببەن ئەوان پارێزەرى دین و خزمەتکارى خەڵکن.

بەڵام لەم نێوەندەشدا چەندین کەس جیاوازیی نێوان گوفتارەکان و کردارەکان دەبینێت، هەست دەکات ئەوانەى خۆیان وەک دیندار دەردەخەن چەند لە دینەوە دوورن، شایەتحاڵى ئەوە دەبن کە چۆن بەرگى دینى بۆ هەموو جۆرە دزى و گەندەڵییەک دەدۆزنەوە؛ دەرەنجامیش هەم لە دین و لە دینداران سارد دەبنەوە. جگە لەمە، وەرگیرانى بەرتیل و ئەنجامدانى دزى و گەندەڵى لەلایەن بەڕێوەبەرانێکەوە کە وەک دیندار دەناسرێن، کاریگەرى لەسەر خەڵکیش دەبێت. ئەو گەنین و پووکانەوەیەى کە لە لوتکەى دەوڵەتدا ڕوودەدات، بە تێپەڕینى کات بۆ خوارەوەش شۆڕ دەبێتەوە. سەرەنجام هەستیاریی لە حەرام و حەڵاڵدا نامێنێت، ئەخلاقى بەرزى ئیسلامى تێک دەچێت و تێگەیشتنێکى سەقەت بۆ دین دروست دەبێت. بۆیە هاوشێوەى چەندین نموونەى مێژوویی دیکە، لەمڕۆشدا ئەوانەى کە موسوڵمانێتى بە موڵکى خۆیان دەزانن و بەشى کەسى ترى لێنادەن گەورەترین زیان بە دین دەگەیەنن. بەهۆى ئەوانەوە زۆرکەس لە خوا و پێغەمبەر و دین دوور دەکەوێتەوە. ئەم جۆرە کەسانە هەندێک جار لەو کافر و فاجرانە ترسناکتر و ڕووخێنەرترن کە دەیانەوێت زیان بە دین بگەیەنن.

تەماشاکردنى حاڵى پەرێشانى نەوەکانى میللەتێک -کە سەردەمانێک لە هاوسەنگیی نێودەوڵەتیدا سەنگى خۆیان هەبووە و بە حەققانییەت و دادپەوەرییەکەشیان ڕێزى هەموو لایەکیان بەدەست هێناوە- مەحاڵە نەمانخاتە ناڵە و نرکە. ئەم نیشتمانەى ئێمەیان کرد بە وڵاتى چل جەردەکەى عەلى بابا. ئەم وڵاتەى کە مێژووەکەى لێوانلێوە لە تابلۆى پەندئامێز و دیمەنى جوان، گۆڕى بە گڵۆڵەى گرفت و کێشەکان. خەڵکانێکیان ئیفلیج کرد کە سەردەمانێک بە میهرەبانى و بەزەیی و دادپەروەرى و مرۆڤێتییان ئێرەیی هەمووانیان بزواند و دونیایەکى یوتۆپیاییان بونیات نا. نێوچاوانى خەڵکانێکیان ڕەش کرد کە سەردەمانێک کەسانى تر بەخیلییان پێدەبردن و هانایان بۆ لا دەبردن.

ئەگەر سەرنج لەوە بدەن کە ڕوودەدات، ڕووبەڕووى ئەم ڕاستییە دەبنەوە: نە ڕێزگرتن لە مرۆڤ ماوەتەوە، نە لە حەق و حەقیقەت. بیرى دادپەوەرى تەختى زەوى کراوە. هەستەکانى نەرمونیانى و میهرەبانى کوژاونەتەوە. بیرى حەرام و حەڵاڵ تێکەڵى یەکتر بوون. باقوریق و ڕەنگاڵەیی دونیا بەسەر جوانییە ئاخیرەتییەکاندا پێشخراوە.

سەردەمێکى هێندە عیفریتییە کە خەڵک لەسەر بیروباوەڕیان ڕاپۆرتیان دەربارە ئامادە دەکرێت، لە پێگەکانیان دوور دەخرێنەوە، لە کارەکانیان دەردەکرێن. هاوشێوەى (SS)ەکانى هیتلەر[1]، خەڵکانێک دەنێررێن بۆ هەڵکوتانە سەر خزمەتگوزارانى قورئان. کۆمەڵێک کە وەک چەتە ڕەفتار دەکەن دەرگا و پەنجەرەى ماڵى خەڵکى بێتاوان دەشکێنن، دەیانگرن و لە کونجى زیندان توندیان دەکەن. شتانێک دەکەن کە تەنانەت چەتەکانیش نەیانکردوون. نە لە خوا دەترسن و نە لە خەڵکیش شەرم دەکەن. لە کتێبیاندا بیرى حەڵاڵ و حەرام، میزان، تەرازوو و شتانى وەک حەشر و نەشر بوونى نییە؛ تەنها شتانى وەک لەناوبردن، ئیستیبداد، زاڵبوون، پلیشاندنەوە و فلیقاندنەوە بوونیان هەیە.

سەرەکان هێندە سووڕاون، ڕوانینەکان هێندە لێڵ بوون و دڵەکان ئەوەندە ڕەش بوون، تەنانەت یارمەتییەکى ماددیی بچووک بۆ غەدرلێکراوێک، وەک تاوانێکى زۆر گەورە تەماشا دەکرێت. دڵەکان ئەوەندە ڕەق بوون کە هەرچەند دەکەن لە ڕق تێر نابن. بەو خراپانەى کە دەیانکەن لە یەک کاتدا ئازارى ملیۆنان کەس دەدەن. خەڵکانێک کە باسى دین و دیندارى دەکەن و بانگەشەى موسوڵمانێتى دەکەن، ئەو شەیتانێتییە دەکەن کە ئەبو جەهل و عوتبە و شەیبە و وەلید کردوویانە. کەسێک کە هێندەى مسقاڵێک ویژدانى هەبێت، بەرانبەر بەم هەموو وەحشەت و زوڵمە دڵى دەوەستێت!

بۆ لەناوبردنى ئەو کەسانەى کە دەیانەوێت لەناویان بەرن، بەهانەگەلێک دەدۆزنەوە کە تەنانەت بە عەقڵى هیچ شەیتانێکیشدا نایەت، کۆمەڵێک سیناریۆ دەخەنە سەر شانۆ کە تەنانەت سێناریستە هەرە پیشەگەرەکانیش سەرسام دەکەن. بەڵام کاتێکیش هەموو ئەم تاوانانە ئەنجام دەدەن، حەججاجى زاڵم خۆى وەک عومەر نیشان دەدات، یەزیدەکانیش بانگەشەى ئەبو بەکرێتى دەکەن. گەرچى بە گۆڕینى شکڵ و شێوەیان بەردەوامیی بە ستەمەکانیان دەدەن، وەلێ خۆشیان نابوێرن لەوەى بەهانەى دینی بۆ زوڵمەکانیان بدۆزنەوە و وەک شتێکى ڕەوا پیشانى بدەن.

نەزانە خاوەن بڕوانامەکانیش کە بە فەرمانى ئیبن سەلوولەکان دەجووڵێنەوە، لەبەرئەوەى هەستى حەسوودى بەسەریاندا زاڵبوە، ناتوانن کەسانێک هەرس بکەن کە فیداکارن و خزمەت بە دین و میللەت و نیشتمان و تێکڕاى مرۆڤایەتى دەکەن. ئەو داماوانەى کە لە ژیانیاندا باسى خوایان بۆ پێنج کەس نەکردووە، نەیانتوانیوە حەزرەتى (روح سید الأنام) لاى خەڵک خۆشەویست بکەن و نەیانتوانیوە بەها دینییەکان لاى خەڵک جوان بکەن، بە ئاگرى حەسوودى دەقرچێن. لەبەرانبەر ئەوەدا کەسانێک پێشانگا بۆ جوانییەکانى خۆیان لە هەر چوار لاى دونیادا دەکەنەوە، ئەوان دەچن و دەیانڕووخێنن. بە پێدانى بەرتیل و داتاشینى درۆ و بوختان هەوڵى داخستنى دامەزراوەکانى خێر دەدەن. وەک بڵێیت سەفەربەر بوون بۆ ئەوەى بۆمب بنێنە ژێر هەموو پەرستگاکان.

بەڵێ، ئەم چەرخەى تێیدا دەژین چەرخى منێتی و سوفیانییەتە. چاخى ئەو سوفیانانەى کە وەک دیندار دەردەکەون و بەها دینییەکان بەکار دەهێنن، بەڵام خۆشیان نابوێرن لە ئەنجامدانى هەموو زوڵمێک! بەداخەوە، وەک لە فەرموودەکانیشدا ئاماژەى بۆ کراوە، چەندین زاناى مێزەر لەسەریش شوێنیان دەکەون.

لە ڕۆژگارێکى وادا پاراستنى ڕاستڕەوى لەسەر ئاستى بیر و هەست، ڕۆیشتن لەسەر (صراط المستقیم) بەبێ لادان و دوور نەکەوتنەوە لە ڕاستگۆیی، بەراورد بە کاتى ئاسایی پاداشتى زۆر زیاتر دەستى مرۆڤ دەخەن. دەبێت ئەوە لەبیر نەکرێت کە “حەق بەرزە و هیچ شتێکیش ناتوانێت بەسەریدا سەربکەوێت.” بۆیە ئەگەر ئەمڕۆش نەبێت، حەتمەن سبەى سەردەکەوێت. ئەگەر کوفریش بەردەوام بێت، زوڵم بەردەوام نابێت. وەک قورئانیش فەرموویەتى، خوا ناهێڵێت زاڵمان ڕزگاریان ببێت. هەتا ئێستا نە لە کۆن و نە لە تازەدا هیچ یەکێک لە زاڵمان سەرفراز نەبوون. چاوەڕێ بکەن و ببینن کە زاڵمانى ئەمڕۆش وەک چۆن ئیعتیبارى دونیاییان لەناودەبەن، وەک “شەقى”یەک کە ئاخیرەتى خۆیشیان دۆڕاندووە دەڕووخێن و لەناودەچن. خواى گەورە بمانپارێزێت لەوەى بکەوینە سەر ڕێى ئەوان! بۆیە هەرگیز نابێت تووشى نائومێدى ببین.

ئەوانە بۆ خوا جێبهێڵن کە درۆ دەکەن، تۆمەت هەڵدەبەستن، بێتاوانەکان لەکەدار دەکەن، ناوى خزمەتکارانى دین دەزڕێنن، حەق و باطل تێکەڵ دەکەن و هەموو شتێک ئاوەژوو دەکەن؛ بە وتنى (أللهم علیک بهم) حەواڵەى خوایان بکەن. چونکە پەروەردگارى مەزن کە (سمیع) و (بصیر)ە هەموو شتێک دەبینێت و دەزانێت. ئەو، وەک چۆن ستەمکاران تاقی دەکاتەوە، بێتاوانەکانیش بە سەبر تاقى دەکاتەوە. ئێمە پیشانى خۆمان دەدات. لەم ڕوانگەیەوە، ئەگەر باوەڕمان وابێت ئەو ڕێیەى لەسەرى دەڕۆین دەمانگەیەنێت بە خوا و فەخرى کائینات (صلى الله علیە وسلم)، ئەوا دەبێت ئارامگرانە پێشوازى لەو شتانە بکەین کە بەسەرمان دێن، بەرانبەر بە هەر شتێکى نەرێنى دان بە خۆماندا بگرین. مەگەر خوا بۆ خۆى بزانێت لە قەدەر و پرۆگرامى خوادا چەند شتى جوان لە چارەمان نووسراوە! پێویستە لە ئاستى خوادا هەمیشە گومانى باشمان بپارێزین. تەنانەت لە ڕۆژگارێکشدا کە کەشوهەوا تاریک بووە، وەرزى زستانە، تەنها دەنگى نەڕە و قڕەى زاڵمان و ناڵە و نرکەى ستەملێکراوان لە چواردەوردا دەبیسترێت، لەناکاو دەبینیت کە سپێدە لە ئاسۆدا سەرى دەرهێناوە. ڕوانینى هیوادارانە بۆ داهاتوو سەرەڕاى هەموو شتێک، ڕەفتارێکى ئیماندارانەیە.

[1] . کورتکراوەى وشەیەکى ئەڵمانییە (Schutzstaffel) بە ماناى “لەشکرى پارێزەران”. ناوى تیمێکى تایبەتە لەنێو دەزگاى هەواڵگریی نازییەکاندا کە بە جاسووسى و دڵڕەقى و ستەمکارییان بەناوبانگ بوون. (وەرگێڕ).