هەندێک جار لوتفەکانى خواى گەورە لە ئەنجامى ڕەفتارە ئیرادییەکانى ئێمە ڕوومان تێدەکەن؛ هەندێک جاریش لە دەرەوەى ئیرادەى خۆمان وەک لوتفى جەبرى دێن. بۆ نموونە، تۆ بەناچارى بەرەو شوێنێک ڕاپێچ دەکرێیت. لە ڕۆیشتن بۆ ئەم جێیە تووشى زەحمەت دەبیت. هەم سەرەتاى کارەکە لە دەرەوەى هەڵبژاردن و ئیرادەى خۆتە، هەم دواتریش ناچار بە کردنى هەندێک شت دەبیت. بەڵام کاتێک دواتر ئاوڕ دەدەیتەوە و ڕووداوەکان شیدەکەیتەوە، بێئەوەى خۆت نەخشەیەکت هەبێت، دەبینیت کە خێرێکى زۆر لەوەدا هەبووە کە بەسەرت هاتووە. ئەم جۆرە لوتفانە لەوانەیە لە سەرەتادا هەستى پێنەکرێت. حاڵەتێکى لەم جۆرە لەوانەیە جاروبار بەسەر زاتە گەورەکانیشدا بێت. ئەمە دەگونجێت لە هەموو کەسێکدا ببینرێت.
ئینسان هەندێک جار ڕووبەڕووى کارەساتى وەها دەبێتەوە و لەژێر چنگ و پەنجەى فەلەکدا بەجۆرێک دەپلیشێتەوە کە ژیانى ژێروژوور دەبێت. ئەو ئازار و ناڕەحەتییانەى ئەزموونیان دەکات لەوانەیە کاریگەریی شۆکى تێدا دروست بکەن؛ ئیدى ڕەنگە لوتفە ئیلاهییەکانى ناو ئەم ڕووداوانە لە سەرەتاوە نەبینێت. بەڵام کاتێک شۆکەکەى لەسەر لادەچێت، لە پێش و دواى ڕووداوەکە ورد دەبێتەوە و بەشێوەیەکى گشتگیرانە ڕووداوەکان هەڵدەسەنگێنێت، هەست بەو لوتفانە دەکات کە لەگەڵ زەحمەت و ناڕەحەتییەکەدا هاتوون.
با نموونەیەک بهێنمەوە کە بەسەر خۆمدا هاتووە. بۆ نموونە، ئەو سێ-چوار ساڵەى کە فەرمانبەر بووم لە کۆرسى قورئانى “کەستانە پازارى” کەسانێک هەبوون حەزیان بە چارەى من نەدەکرد. زەحمەتێکى زۆریان بۆ دروستکردم و هەرچى لە دەستیان بێت بۆ ڕۆیشتنم لەوێ کردیان. لەحاڵێکدا ئەوێ بۆ پەروەردە و فێربوونى من زۆر گرنگ بوو. ئەوێ یەکەم بیلبیلەى چاوى من بوو. دڵم زۆر پێوەى پەیوەست بووبوو. سەرقاڵبوون لەگەڵ قوتابییەکان و وانە وتنەوە پێیان بۆ من زۆر بەچێژ بوو. هەرچەندە تەمەنیان بچووک بوو، بەڵام بایەخم پێدەدان و بەتایبەت هەوڵى پێگەیاندنم دەدان. کەچى کەسانێک ئەمەیان بە زۆر زانى و پێیان هەرس نەکرا. دەرەنجام بە حوزن و هیجرانێکى زۆرەوە ناچاربووم ئەوێ جێبهێڵم. بەداخەوە هەندێک جار حەسوودى کارێک بە ئینسان دەکات کە تەنانەت کوفریش ناتوانێت پێى بکات. لەمڕۆشدا نموونەى ئەمە زۆر دەبینین.
وەک عەرزم کردن، لە سەرەتادا بەجێهێشتنى کەستانە پازارى لەسەر دڵم زۆر گران بوو. ماوەیەکى زۆر وەک ئازارێک لە دڵمدا هەستم پێدەکرد. بەڵام دواتر لە ڕێگەى ئەو دامەزراوانەوە کە کرانەوە، دەستى یارمەتى بۆ قوتابیی زۆرتر ڕاکێشرا و خزمەتەکان لە بازنەیەکى زۆر فراوانتردا پێشکەش کران. ئەگەر لەوێ بمامایەتەوە، کار و خزمەتەکان زۆر بە بچووک و سنووردارى دەمانەوە. هەرچەندە هەست و حەزى من لەگەڵ مانەوەدا بوو، بەڵام موڕادى خواى گەورە جیاواز بوو. وە جیابوونەوەم لەوێ بۆ من لە ڕوویەکەوە لوتفى جەبرى بوو. بەڵێ، وەک قورئان دەفەرمووێت لەڕوى واتاوە، هەندێک جار لەو ڕووداوانەدا کە بەدڵمان نین، خواى گەورە دەگونجێت خێرێک کە دەیزانین یان نایزانین بەدیبهێنێت[1]. مەگەر خۆى بزانێت لەناو ڕووداوە بەئازارەکانى ئەمڕۆشدا چ لوتفێکى شاردووەتەوە!
گەرچى ئێمە بە چاوى تاقیکردنەوە بۆ هەموو ئەو بەڵا و موسیبەتانە دەڕوانین کە بەسەرمان دێن. ئەوەش بەدوور ناگرین کە ئەمانە زلـلەى میهرەبانى بن لەسەر هەڵە و قسوورەکانى وەک بەکارنەهێنانى نیعمەت و ئیمکانییەتە بەخشراوەکانى پێشتر بەشێوەیەکى سوودبەخش و بەرهەمهێن ، پێنەدانى مافى تەواوەتی بە پێگەکەمان و نەگەیشتن بە تەوحیدى حەقیقى. بۆیە موحاسەبەیەکى جددیی خۆمان دەکەین، سەرلەنوێ لەگەڵ دڵێکى صەمیمیدا ڕوو لە خوا دەکەین، لەسەر هەڵەکانمان تەوبە و داواى لێخۆشبوون دەکەین.
لەپاڵ ئەمەدا نابێت ئەوەش لە یاد بکەین ئەو ڕووداوە نەرێنییانەى بەسەرمان دێن دەگونجێت لوتفى جەبرى بن. ئەگەر بە سەبر و ڕەزاوە پێشوازى لەو ڕووداوە نەرێنییانە بکەین و مافى تەواوەتیی تاقیکردنەوە بدەین، ئومێدمان وایە لە خواى گەورە لە جێى ئێستامانەوە بەرەو پێشتر بمانگوازنەوە. دەتوانین وەک پەڕینەوە لە ڕوبارێک، تێپەڕین بە چیایەکدا، بڕینێکى ڕێگایەکى دژوار یان پەڕینەوە بە پردێکدا، لەو مەینەتییانە بڕوانین کە دەیانچێژین. لەم کارەشدا چاوەڕوانى لوتفەکانى خوا دەبین. لەوانەیە لە گەرماوگەرمیی ڕووداوەکاندا نەتوانین هەست بەمە بکەین. وەلێ دواى ئەوەى ناڕەحەتییەکان تەواو دەبن و ئاوڕ بۆ دواوە دەدەنەوە، باشتر دەتوانن قازانجەکان ببینین و باشتر لە مانا و حیکمەتى بەسەرهاتەکان تێبگەن. ئەوکات تێدەگەن بڵاوکرانەوەتان لەلایەن خواى گەورەوە بە هەر چوار لاى دونیادا لە دەرەوەى ئیرادەى خۆتان و گەیاندنى دەنگتان بە هەموو جیهان چ لوتفێکى جەبرییە و شوکرى خوا دەکەن.
بەڵێ، ئێمە وەک موسڵمان وەزیفەیەکى گرنگمان هەیە کە بریتییە لە گەیاندنى ڕاستییەکانى قورئان و سوونەت بە جیهان، گەڕان بەدواى کۆمەڵێک دڵى هۆشیاردا کە بەهۆى ئەو قورئان و سوننەتەوە دەگەن بە بوونى ڕاستەقینە، بەشکردنى ئەو بەها جوانانەى کە لە پێشینانمانەوە بۆمان ماوەتەوە. ئەگەر ئێمە لە جێیەجێکردنى ئەم ئەرکەدا بەشێوەیەکى ئیرادى فەرامۆشیمان نواندبێت، ئەوا خواى گەورەش بەشێوەیەکى جەبرى بەرەو ئەم ڕێگایە ڕاپێچمان دەکات و وەک تۆو بە هەموو لایەکى دونیادا -وەک مەزڵوم و مەغدور- پەرشمان دەکات. ئێوەش بە باسکردنى ئەو زوڵم و غەدرەى کە بەسەرتان هاتووە، هەستى بەزەیی و میهرەبانیی کەسانى تر دەجووڵێنن. کۆمەڵێک پەیوەندیی دۆستایەتى دەبەستن کە لە حاڵەتى ئاساییدا بەستنى زۆر دژوارە.
هەتا ئێستا نموونەى زۆرى ئەمەمان دیوە. کەسانى دین و میللەت و کلتوورە جیاوازەکان باوەشیان بۆ ئەو ستەملێکراوانە کردەوە کە هانایان بۆ بردبوون. هەم بوون بە هاوخەمى ئەو ئازارەى کە بەسەریان هاتبوو، هەم بۆ ئەوەش پێى خۆیان جێگیر بکەن لەو دیارە تازەیەدا کە ڕوویان تێکردووە ڕێگایان پیشان دان و یارمەتییان دان. تەنانەت کەسانێک گۆشەیەک لە ماڵەکانیان لەگەڵدا بەش کردن. چونکە خواى گەورە ئینسانى وەک کەریم بەدیهێناوە. کەسێک کە ئاگاى لەم کەرامەتەى ناو خیلقەتیەتى و بەگوێرەى ئەمە دەژى، سینەى خۆى دەکاتەوە بۆ ئەوانەى کە ڕووبەڕووى مامەڵەى نامرۆڤانە بوونەتەوە. بەرانبەر بە کەسانێک کە بەزۆر لە وڵات و نیشتمانى خۆیان دابڕێنراون و ناچاربوون هەموو موڵکێکى ماددى و مەعنەوى و خۆشەویستەکانیان بەجێبهێڵن، هەست بە میهرەبانى دەکەن و یارمەتییان دەدەن. بۆیە ئەگەر ئەو ستەملێکراوییەى کە بەسەرى هاتووە بەباشى باس بکرێت و بەکاربهێنرێت، دەگونجێت دەرگاى زۆر چاوەڕواننەکراو بکرێتەوە، دۆستایەتى ببەسترێت، ئیمکانى دیالۆگى تازە بێتە پێشەوە؛ هەموو ئەمانەش کۆمەڵێک لوتفى ئیلاهیی وەهان کە لە سەرەتادا حسابمان نەکردوون.
زۆر گرنگە ئەم جۆرە پەیوەندییانە بەشێوەیەکى فیترى و سروشتى ببەسترێن. ئەم هەنگاوە بچووکانەى کە لە سەرەتادا دەنرێن، لەوانەیە لە کۆتاییدا قازانجى زۆر بەرهەم بهێنن. چونکە هەموو ئەم شتانە لە ڕوانگەى دونیاى ڕۆحیمانەوە دەرفەتى تەماشاکردنى بۆ کەسانى دیکە دەخوڵقێنن. ئەگەر ئێمەش هێزى حاڵ و تەمسیل بەباشى بەکاربهێنین، ئەوا بە تێپەڕینى کات پێشینە داوەرییەکانى ئێستا بەرانبەر بە موسڵمانان دەشکێن، هەستى دوژمنایەتیی ناو دڵەکان لەناودەچن؛ هەموو ئەمانەش هەنگاوى زۆر گرنگن. ئەگەر پەیوەندییە بەستراوەکان لە ئاستێکى بەرزدا بەردەوامییان پێبدرێت و دۆستایەتییەکان بکرێن بە شتێکى هەمیشەیی، ئەوا پەردە و دیوارەکان نێوانمان وردە وردە هەڵدەگیرێن، هەموان هەلى ئەوەیان بۆ هەڵدەکەوێت کە لە دەم و ڕەفتارى خۆیانەوە یەکتر بناسن. ئەگەر ئەو بەهایانەى کە باوەڕمان پێیانە لە پێشانگاى حاڵ و تەمسیلدا بەشێوەیەکى دروست پێشکەش بکرێن، هەندێک بە لایەنى کەمەوە دەڵێن “ئیسلامیش دینێکە وەک دینەکانى تر”، هەندێکى تر بەرگرى لەوە دەکەن کە بیروباوەڕ و ژیانى موسڵمانانیش پێویستە ڕێزى لێبگیرێت، هەندێکى تر تێدەگەن کە ئیسلام لەچاو دینەکانى تردا کۆکەرەوە و گشتگیرترە، هەندێکى تریش بە ئیرادەى ئازادى خۆیان هەڵیدەبژێرن و دەبن بە هاوبەشى هەمان باوەڕى ئێوە.
بەکورتى، لوتفە جەبرییەکانى خواى گەورە دەبێت بە هۆکارى جوانیی وەها، گەر ئێوە وەک “فیردەوسى”ى شاعیر کامڵترین داستانیش بە باڵایدا هەڵبدەن و بەڕەوانبێژانەترین شێوازیش بابەتەکانى تایبەت بە خۆتان عەرز بکەن، هێشتا ناتوانن بەو ئەندازەیە کاریگەر بن.
[1] ﴿وَعَسَى أَنْ تَكْرَهُوا شَيْئًا وَهُوَ خَيْرٌ لَكُمْ وَعَسَى أَنْ تُحِبُّوا شَيْئًا وَهُوَ شَرٌّ لَكُمْ وَاللَّهُ يَعْلَمُ وَأَنْتُمْ لَا تَعْلَمُونَ﴾ (سورة البَقَرَةِ: 2/216)





