İçindekiler
ئەگەر ئەو ناڕەحەتى و فشار و زوڵم و هێرشە بێویژدانانەیەى کە دەکرێنە سەرمان ببن بە هۆکارى ئەوەى کە بە هەموو بوونمان ڕوو لە خوا بکەین، ماناى وایە گەرچى بەڕواڵەت وا دەربکەوێت کە زیان دەکەین وەلێ لەڕاستیدا قازانج دەکەین. بەراورد بە ژیانى هەمیشەیی، قازانج و زیانەکانى ئەم دونیا کاتییە چ گرنگییەکیان هەیە؟!
هەندێک جار ئەودونیا لەبەر چاومان زۆر دوور دەردەکەوێت. لەحاڵێکدا چەندان کەس لەوانەى دوێنێ لەناوماندا بوون و لە چواردەورمان دەگەڕان ئێستا سێبەریشیان نەماوە. ئەوان ئێستا نیشتەجێى ئەو دیارەن کە لە ئێمەوە وەک شوێنێکى زۆر دوور دەردەکەوێت. ڕۆژێک دێت کە ئێمەیش دەچین بۆ لایان. یەکێکى تر لە حاڵە غەفڵەتەکانى ئێمە وا گومان دەبەین کە ئەم ژیانى دونیایە هەرگیز تەواو نابێت. لەکاتێکدا قورئان هەواڵمان پێدەدات کاتێک لە ئاخیرەتدا دەربارەى ماوەى مانەوەمان لەم دونیایەدا پرسیارمان لێدەکرێت، بەم جۆرە وەڵام دەدەینەوە: “ڕۆژێک، تەنانەت لە ڕۆژێکى تەواوەتیش کەمتر!”[1]
کاتێک دەکرێینەوە بە ڕووى جیهانێکى سەروو کاتدا، دەبینین ئەم تەمەنەى کە لەم دونیایەدا بەسەرمان بردووە چۆن لەبەر چاوماندا بچووک دەبێتەوە. نەک تەنها ئێمە، بەڵکو ئەو زاڵمانەیش ئەمە دەبینن کە دونیا دەپەرستن و وا دەزانن بۆ هەتاهەتایە تێیدا دەمێننەوە. کاتێک تێدەگەن کە بەراورد بە ئاخیرەت دونیا هیچ نییە، وەها بەئازارەوە دەتلێتەوە کە لەوانەیە بەزەییتان پێیاندا بێتەوە.[2] کاتێک زاڵمانێک کە لەم دونیایەدا کە هەزاران خێزانیان لە یەک کردووە، دایکیان لە منداڵ و منداڵیان لە یەک دابڕاندووە، دەستیان بۆ ماڵ و گیان و شەرەفى خەڵک درێژ کردووە کە چۆن لەوێ بەدەم پەشیمانییەوە دەناڵێنن، بەزەییتان پێیاندا دێتەوە. بۆیە ڕۆیشتن بۆ ئاخیرەت وەک خاوەن قەرز نەک قەرزار، شتێکى زۆر گرنگە. بەڵێ، گرنگ ئەوەیە بە قازانج و سەرکەوتنە کاتییەکانى دونیا نەخەڵەتێین، هەڵوێستێکى پتەو بنوێنین و هەنگاوانێک بنێین کە ژیانى ئەبەدیمان دەست بخات.
زیا پاشا[3] چەند خۆش دەڵێت:
ئینسان سەداقەتى لێدێت، گەر بکەن لەگەڵیشى ئیکراە
چونکە یارمەتیدەرى ڕاستەکانە حەزرەتى أللە
لە ئەنجامى ئەو پەستان و فشارەى کە لەسەرمانە لەوانەیە تووشى زەحمەت و بێتاقەتى ببین. ڕەنگە بەهۆى زاڵمانێکەوە کە بە دونیاوە لکاون بەرداشەکان بمانهاڕن، لەژێر پێدا بمانشێلن، تۆمەتمان بۆ هەڵببەستن، ناهەقیمان بەرانبەر بکەن. دونیا، سەرەڕاى فراوانییەکەى لە ئێمە بێتەوە یەک. بەڵام ئەگەر بە سەبر و تەوەککول سنگ لە هەموو ئەم ناڕەحەتییانە دەربپەڕێنین، ماناى وایە لەسەر ڕێگاى بردنەوەین. خواى گەورە دواى ئەوەى دەربارەى حەزرەتى ئەییوب دەفەرمووێت[4] پاشان بە فەرماییشتى (نعم العبد) ستاییشى دەکات. ئەو، لە ئەنجامى ئەوەى کە دانى گرت لەسەر چەندین بەڵاى جۆراوجۆر، بەو مەقامە گەیشت. ئەگەر ئێوەیش دەتانەوێت ببن بە مەزهەرى ستاییشى خوا، دەبێت هەوڵ بدەن کە وەک حەزرەتى ئەییوب پاڵەوانى بوارى سەبر بن.
نیعمەت بەئەندازەى زەحمەت
هەروەها نابێت ئەوەیش لەبیر بکرێت کە زەحمەت و ناڕەحەتییەکان چەند گەورە بن قازانجەکانیش ئەوەندە گەورە دەبن. ئەوەتا وتراوە (بقر الکد تکتسب المعالى)، واتە بەئەندازەى زەحمەتەکان بەرزایی و مەقامەکان بەدەست دەهێنرێت.[5] چەند چلە و ژان بکێشین و چەند بەناو تەلە دڕکاوییەکاندا تێبەپەڕین، ئەوەندە لاى خوا بەهاى بەرزمان دەستگیر دەبێت.
هەوڵەکانى حەزرەتى نووح بەدرێژایی ساڵان بۆ باسکردنى حەق و حەقیقەت بۆ گەلەکەى بە گاڵتە و سووکایەتى پێشوازى لێکرا، بەڵام لەکۆتاییدا هەر ئەو قازانجى کرد.[6] لەبەر ئەمەیە کە ئەو پێغەمبەرە موبارەکە ئەمڕۆ وەک (نجي أللە) یاد دەکرێتەوە.[7] حەزرەتى ئیبراهیم دواى ئەوەى کە خرایە ناو ئاگرەوە[8] نازناوى (خلیل أللە)ى بەدەست هێنا.[9] حەزرەتى مووسا جەفایەک نەما لەلایەن فیرعەونەوە بەرانبەرى نەکرێت،[10] بەڵام لەولاوە خواى گەورە وەک دوێنراوى خۆى هەڵى بژارد و ناوى (کلیم أللە)ى وەرگرت.[11] حەزرەتى عیسا شەقاوەکانى ڕۆژگارى خۆی هەنگاو بە هەنگاو تاقیبیان کردووە و سێدارەى بۆ ئامادە کراوە، بەڵام خواى گەورە لە پاداشتى ئەمەدا بە ناوى (روح أللە)[12] شەرەفمەندى کردووە و بەرەو لاى خۆى بەرزى کردووەتەوە.[13] موشریکانى مەککە بە هێرشە بێئامانەکانیان نەیانهێشتووە بە هیچ جۆرێک فەخرى کائینات هەناسەیەکى ئاسوودە هەڵبمژێت. بەڵام لەبەرانبەر ئەمەدا خواى گەورە لە سەفەرى میعراجدا وجودى نەجمى نوورانیی ئەوى لە جیهانەکانى ئەودیودا گەڕاندووە.[14]
لە حەزرەتى ئادەمەوە هەتا ئێستا هیچ پێغەمبەرێک نەبووە لەسەر دەستى گەلەکەى خەم و ژان و چلەى دەرخوارد نەدرێت. ئەوان تەنها یەک خەم و یەک بانگەوازیان هەبوو: بانگکردنى خەڵک بۆ لاى خوا، گەیاندنى نهێنییەکانى ئولوهییەت و ربوبییەت بە دڵەکان، بەبێ ئەوەى کە لەبەرانبەر ئەم کارەدا داواى هیچ شتێک بکەن. لەکاتێکدا کە ئەم پەلەقاژەیەى ئەوان پێویستى بە منەتبارییەکى گەورە و سوپاسگوزارییەکى بێسنوور بوو، کەچى دۆخەکە هەرگیز بەم جۆرە نەبووە. بەپێچەوانەوە، لەلایەن ستەمکارە بێشەرمەکانى ڕۆژگارى خۆیانەوە گاڵتەیان پێکراوە، ئەزێتى جۆراوجۆر دراون، ناچارکراون کە ماڵ و نیشتمانى خۆیان جێبهێڵن. تەنانەت حەزرەتى زەکەریایان سەر تا خوار بڕیوەتەوە؛ حەزرەتى یەحیاى کوڕیشیان شەهید کردووە.[15] ئەگەر ئەو بەڵا و ناڕەحەتییانەى کە بەسەر ئەوان هاتوون، نەک کەس بەڵکو تووشى کۆمەڵگایەک ببوونایە، بەس بوون بۆ پڕووکاندن و پلیشاندنەوەیان. خواى گەورە بەندە هەرە خۆشەویستەکانى خۆى دووچارى تاقیکردنەوە هەرە سەختەکان کردووە، لە ئەنجامى دەرچوونیشیان لەم تاقیکردنەوانە بە پایە بەرزەکان شەرەفمەندى کردوون.
ئەگەر ئێوەیش لەسەر ڕێگاى پێغەمبەران بن، لەوانەیە ئەوەى کە بەسەر ئەوان هاتووە بەسەر ئێوەیش بێت. چونکە وەک پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) لە فەرموودەیەکدا فەرموویەتى گەورەترین بەڵا تووشى پێغەمبەران دەبێت، پاشان ئەوانەى کە بەگوێرەى پلەکانیان لە پێغەمبەرانەوە نزیکن. بەڵام خوا و پێغەمبەرى بەڵێنى شتانى وەهایان بەوانە داوە کە لەسەر ڕێگاى هەقن، گەر هەموو دونیاش لەدەست بدەن هێشتا پێویست بە خەم خواردن ناکات. چونکە ئێمە بۆ ئەبەدییەت دروست کراوین. بە ئەبەدییەت و زاتى ئەبەدیش نەبێت بە هیچ شتێکى تر دڵنیا و ئاسوودە نابین. لەبریی ئەبەدییەت، بە هەزار یان دوو هەزار ساڵى دونیایش ڕازى نابین. جگە لەمە، خۆ ئێمە تالبى شتانى دونیایی نەبووین هەتا بە لەدەست دانیان تووشى خەیاڵشکان و هیجران ببین؟! خواى گەورە بە ڕووداوە ڕووگرژەکان و زللەکانى میهرەبانى ئێمە لەم دونیا فانییەى کە نامانەوێت و شوێنى ناکەوین دوور دەخاتەوە، ڕووەو ئەو جێیە ئاڕاستەمان دەکات کە پێویستە داواى بکەین و بمانەوێت.
ڕێگاکە ئەمەیە. ئەگەر بەزانین هاتبە سەر ئەم ڕێیە، دەبێت بەرگەی بگرن. سوپاس بۆ خوا، هەتا ئەمڕۆ کەسێکم نەدیوە هاتبێتە سەر ئەم ڕێگایە و لێى پەشیمان بووبێتەوە. بۆیە کەسانێک کە تەنانەت وەک شەربەتێکى شیرین قوم لە موسیبەتەکانیش دەدەن، ناتوانن ڕۆیشتن لەسەر ڕێگاى خزمەتکردن بە خەڵک وەک شتێکى تاڵ نیشان بدەن. چونکە ئەوان تازە تامیان کردووە و چەشتوویانە. ئەوان بەم چێژە هێندە مەست و مەخموور بوون کە وەک “گەدایی” دەڵێن:
هەرکەس ئەو ئاوە بخواتەوە
لە دڵیدا هەڵدێت خۆرى جیهان
دەیداتێ حەیاتى جاویدان
سووتام و سووتام ،هانا ئاوێ!
سەیرى حاڵى ئەم گەدایە کە
بۆتە بەندەى تاڵى زوڵفێک
چەند پەنجەم لە هەنگوینى عەشقت ڕۆنا
سووتام و سووتام، هانا ئاوێ!
ئەو خازرخۆر و تازەپێکەوتووانەى کە لە ڕێگەى خوادا هێندەى پێوەدانى مێشوولەیەک ئازاریان نەچەشتووە، ناتوانن لەمە تێبگەن. نە دەتوانن هەست بە لەزەتى خزمەتى ئیمان و قورئان بکەن، نە لەوەیش تێدەگەن چ ئازار و ڕەنجێک کێشراوە بۆ گەیاندنى دینى ئیسلام بە ئێمە.
ئازارکێشەکان و ئازاردەرەکان
لە هەر شوێنێک کەسانێک هەبن کە دەڵاڵى حەق و حەقیقەت بن، هەمیشە لەبەرانبەریشیاندا ئەهلى توغیان، ئەهلى گومڕایی و ئەهلى خوسران هەبوون. لە هەر جێیەک کۆمەڵێک ڕۆح هەبن خۆیان تەرخان کردبێت بۆ ئەوەى بە زانست و حیکمەت چاوى خەڵک بە ڕوو حەقیقەتدا بکەنەوە، هەردەم گرۆیەک بەدبەختیش هەبوون کە ویستوویانە بەو هێز و دەسەڵاتەى کە هەیانە دەنگیان ببڕن. لە هەموو ڕۆژگارێکدا هەندێک سەنتەرى دیاریکراو هەبوون کە فیکرى شەیتانییان -ئەگەر بگونجێت پێى بوترێت فیکر- بەرهەم دەهێنێت. ئەمانە لە ڕێگەى دێماگۆجى، جەدەل، پڕوپاگەندە و ڕێگا “ماکیاڤێلی”یەکانەوە حەشاماتەکانیشیان فریوداوە.
لەپاڵ ئەم دەستەیەدا، هەمیشە کۆمەڵێک ماستاوچى و “شەیتانى لاڵ”یش هەبوون کە ناتوانن وشە لەسەر ناهەقیی زاڵمان بڵێن. ئەمانە چەپڵە بۆ ئەو ستەمکارانە لێدەدەن کە خەڵکانى مەلەکئاسا وەک شەیتان پیشان دەدەن؛ تێکۆشاون ناهەقییەکانى زاڵمان وەک شتانى ماقووڵ، ڕەوا و یاسایی پیشان بدەن. بەڵام خوا هەموو شتێک دەبینێت، مەلائیکەتى (کراما کاتبین) هەموو شتێک دەنووسن. کاتێک دەچینە ناو گۆڕەوە هەموو شتێک ڕوون دەبێتەوە، ئەو کات ڕەش و سپى دەبینن.
بەکورتى، لە کۆنەوە نە ئازاردراوان و نە ئازاردەران هەرگیز کەم نەبوون. زاڵمان کە هێز تووشى ژەهراویبوونى کردوون ئازاریان دەرخواردى کەسانى تر داوە، بەڵام بەم کارەیان ئاخیرەتى خۆیان وێران کردووە. کاتێک کۆچ دەکەن بۆ ئەودونیا بە وتنى (لا لیتني، یا لیتني… “خۆزگە، خۆزگە…”) بەدواى دڵنەواییدا دەگەڕێن، وەلێ خۆزگەکانى ئەوێ سوودێکیان نابێت. ئەوانەیش کە لە دونیادا ڕەنجیان کێشاوە، بەهۆى بەڵا و موسیبەتەکانەوە بەرەو کەماڵاتى (أعلى علیین) بەرز بوونەتەوە.
لەم ڕووەوە، نابێت لە ئاستى کارەساتەکاندا بشکێین و گرفتارى نائومێدى ببین. بە مۆڵەت و چاودێریی خوا، لە کۆتایی ڕێدا ئەوانەى کە ڕاستەهێڵى خۆیان نەگۆڕیوە، سەبریان گرتووە و بەپێوە ماونەتەوە قازانج دەکەن. ئەم چارەنووسەى کە دوور دەردەکەوێت لەڕاستیدا ئەوەندە نزیکە وەک بڵێیت لەبەردەم لووتماندایە.
لەبیرتان نەچێت ئەمەى کە ڕوودەدات خۆرگیرانە؛ چونکە ناتوانرێت خۆر دابپۆشرێت. کاتێکى وەختى خۆى دێت و موڕادى سوبحانى تەجەللى دەکات، ئەم خۆرگیرانەیش تەواو دەبێت و زوو یان درەنگ خۆر لەسەر تیشکدانەوەى بەردەوام دەبێت. ئێوە زیاتر خەمى ئەوەتان بێت کە خۆر یان مانگ گیرانێک لەنێوان دڵتان و زاتى ئولوهییەتدا ڕوونەدات. لەبیرتان نەچێت کە گەورەترین خۆر و مانگ گیران بەرانبەر بە (شمس الشموس) و (قمر المنیر) ڕوودەدات.
بێگومان دەگونجێت بەرانبەر بەو هەموو توندوتیژى و پەلاماردانە خەمبار ببین. ئەو مشت و شەقانەى کە دەیخۆین ڕەنگە بمانخەنە لەرزە؛ چونکە مرۆڤین. ئەگەر چنارێکى زۆر مەزن گورزێکى لێبوەشێنرێت، لق و گەڵاکانى دەلەرێنەوە. گرنگ ئەوەیە لە شوێنى خۆماندا جێگیر بین، بێئەوەى هیوا و ئومێدمان لە دەست بدەین لەو هەلومەرجەى کە تێیدا چى لە دەستمان دێت بیکەین. بێئەوەى دڵى کەس ئەزێت بدەین، بێئەوەى یار یان زوڵفى یار لە خۆمان بڕەنجێنین، پێویستە بەردەوام بین لە هۆنینەوەى نەخشى ئامانج و مەفکوورەکەمان. دوێنێ لەبەر خاترى ڕازیکردنى خواى گەورە و حەزرەتى پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) هەرچییەکمان کردبێت، ئەمڕۆیش دەبێت لەسەر هەمان شت بەردەوام بین.
زستان بەهارى بەدوادا دێت
لەلایەکى دیکەوە ئەگەر هەڵوێستى خۆمان بپارێزین، ئەوا ناڕەحەتییەکان سیستەمیی بەرگریمان بەهێز دەکەن، بەرەو پەرەپێدانى ستراتیژى نوێ ڕاپێچمان دەکەن و دەرفەتى تازە دەخەنە بەردەستمان. ئەو مامەڵە نائینسانییەى کە دەرهەقتان دەکرێت، دەبێت بە هۆکارى ئەوەى کە مەراقى خەڵکانى تر بەرانبەرتان بجووڵێت و بتانخەنە ژێر وردبینەوە. ئەوانیش گوێ لە دەنگى نەبزتان دەگرن، سەیرى ڕیتمى دڵتان دەکەن. شایەت ئەم مەراقە جیهانییە بۆ باسکردنى خۆتان بەباشى بەکاربهێنن و بتوانن نیشانى بدەن کە نەبزتان ڕێک و ڕیتمى دڵیشتان تەواوە، کێ دەزانێت، لەوانەیە خزمەتەکان و چالاکییەکان ببن بە مەسەلەیەکى جیهانى و مژدەکەى پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) بێتەدى.
بەکورتى، ئەگەر هەموو دونیا ببێت بە لافاو، ڕێگاکان بە کەڵکى ڕۆیشتن نەیەن و چیا سەرکەشەکان بەردەممان بگرن، دیسان پێویستە ڕێگا و شێوازى جێگرەوە بدۆزینەوە و بەرەو ئامانجەکەمان هەنگاو بنێین. چونکە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) واى کرد. ئەگەر ئەو شتانەى کە ئەو تووشیان بووە بکەوتنایەتە سەرشانى چیاکان هەپروون بە هەپروون دەبوون. بەڵام من نەمبیستووە جارێک وتبێتى “ئۆف”. کاتێک مەککەییەکان گوێیان بۆ نەگرت ئەو بەدواى جێگرەوەکاندا گەڕا، هەوڵى دا دەنگى خۆى بە تائیف، حەبەشە و مەدینە بگەیەنێت. کاتێک لە دەرگایەک دەردەکرا، هاناى بۆ دەرگایەکى تر دەبرد و هەرگیز نەدەوەستا. هەرچەندە بە مامەڵەیەکى وەحشییانە ڕووبەڕووى تەقالاى ئەو بۆ بڵاوکردنەوەى حەق و حەقیقەت دەبوونەوە، وەلێ لە دڵى ئەودا هەستى ڕق بەرانبەر بە هیچ کەسێک نەبوو. بۆیە هاوڕێ لەگەڵ خۆشەویستى و میهرەبانیدا بەردەوام بوو لە گەڕان بەدواى دڵانێکدا کە ئاشناى حەقیقەت بوون.
لە ڕۆژگارى حەزرەتى ئادەمەوە هەتا ئێستا ڕووداوەکان ئەگەر وەک یەکیش نەبن وەک هاوشێوەى یەک دووبارە بوونەتەوە. خواى گەورە بەردەوام ڕۆژ و قۆناغەکانى لەناو خەڵکدا بەش کردووە. هەموو شەوێک ڕۆژێک، هەموو زستانێکیش بەهارێکى لەدوایە. لەناکاو دەبینن کە هەموو شتە نەرێنییەکان تەواوبوون و دیسان بەهار هاتووەتەوە. بۆیە نابێت لەوەى کە بەفر و زوقم هەموو لایەکى داپۆشیوە نائومێد ببین، چونکە هەمیشە پاشى ئەمە نەوبەهار بووە. گەر تەنانەت گشت دەمە شوومەکان کۆببنەوە و کۆرسێک پێک بهێنن و بڵێن کە ناهێڵن بەهار بێت، قودرەت قاهیرە بە ئیرادە سوبحانییەکەى گورزێک لە دەمیان دەوەشێنێت و دیسان بەهار دەخەمێڵێنێت. لەدواى بەهاریش بە ئیزنى خوا هاوین دێت، گوڵان دەکرێنەوە، بولبولان دەخوێنن. ئیدى ئەوکات شەمشەمەکوێرەکان دەچنەوە ناو کونەکانیان، قەلەڕەشەکان سنوورى خۆیان دەزانن، لەسەر چڵى بولبول دێنە خوارەوە و دەخزێنە سووچەکانى خۆیانەوە.
دەسەڵاتى خوا بەشى هەموو شتێک دەکات. ئەگەر پێتان خۆش بێت با بە دێڕێک لە “تەوزیفنامە”کەى ئیبراهیم حەققى[16] کۆتایی بە باسەکەمان بهێنین:
کە حەق کەوتە تەجەللى، هەموو شتێک ئاسان دەکا
ئەسبابەکى دەخوڵقێنێت، بە لەحزەیەک ئیحسان دەکا
[1] (المؤمنون: ١١٢-١١٣)
[2] بڕوانە: الحدید: ١٣-١٥.
[3] (مردن: ١٨٨٠)
[4] (ص: ٤٤)
[5] إمام شافعي، دیوان إمام شافعي، ص ٩٧.
[6] عنکبوت: ١٤-٥، قمر: ٨-١٦، نوح: ١-٢٨.
[7] بڕوانە: عنکبوت: ١٥، الأعراف: ٦٤.
[8] بڕوانە: الأنبیاء: ٦٨-٧١.
[9] النساء: ١٢٥، صحیح مسلم، کتاب الإیمان ١٩٣؛ سنن ترمذي، کتاب المناقب ١.
[10] بڕوانە: القصص: ٣-٤٣.
[11] النساء: ١٦٤؛ صحیح البخاري، کتاب التوحید ٢؛ صحیح مسلم، کتاب الإیمان ١٩٣.
[12] صحیح البخاري، کتاب التوحید ٢؛ صحیح مسلم، کتاب الإیمان ١٩٣.
[13] النساء: ١٥٧-١٥٨.
[14] سەعیدى نوورسى، وتەکان، وتەى ٣١.
[15] یحیى بن سلام، تفسیر یحیى بن سلام ١/١١٧.
[16] (مردن: ١٧٨٠)





