İçindekiler
لە دونیای ناوەوەی مرۆڤدا لەپاڵ ئەو كڵاوڕۆژنانەدا كە كراوەن بە ڕووی چاكەدا، كۆمەڵێك دەلاقەیش هەن كە كراوەن بە ڕووی خراپەدا. بەتایبەت گەر ئەندامەكانی وەك چاو و گوێ و زمان لە ئاستی گوناهەكاندا كۆنتڕۆڵ نەكرێن و بەگوێرەی ڕەزای خوا كار نەكەن، ئەوا ئەو دەلاقانەی كە شەیتان لێیانەوە دزە دەكات دەكەونە سەر پشت. لە فەرموودەیەكدا ناوی (الامة الشیطانیة) لەم دەلاقە و پەنجەرانە نراوە[1]. شەیتان تیرەكانی خۆی دەگرێتە ئێرە و لەم درزانەوە ڕێ دەباتە ناو دڵی مرۆڤەوە. سەدان پەیامی وەسوەسەیی بۆ دەنێرێت. هەندێك جار بەرەو چێژپەرستی پاڵی پێوە دەنێت، هەندێك جار عیبادەتەكانی لێڵ دەكات و هەندێك جاریش گومان دەربارەی ئیمان فڕێ دەداتە ناو زیهنیەوە. ئەگەر نامانەوێت ڕێگە بە خراپەكانی نەفس و شەیتان بدەین، دەبێت هیچ كونێك لەم دەرگایانەدا نەهێڵینەوە كە ئەوان لێوەی دێنە ژوورەوە.
نەفس ڕێك وەك منداڵ وایە؛ ئەگەر لە وەرزی خۆیدا لە شیر نەبڕرێتەوە و لە شوێنێكدا ڕێگەی لێنەگیرێت، ئەوا بەدرێژایی تەمەن ڕێگەت لێدەگرێت. ئەگەر تەنانەت ئەو ڕێگایەش كە لەسەری دەڕۆیشت ڕێگای پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) بێت، دیسانیش ناهێڵێت ئیسراحەت بكەیت و بەردەوام ئاوقات دەبێت. بەڵام گەر ئیرادەمان بەكاربهێنین، نەفسمان تەزكییە و پاكژ بكەین، دەتوانین لە شەڕەكانی ڕزگارمان ببێت. نەفسمان كە وەك سەنتەری شەیتان وایە لە ماهییەتماندا، دەتوانین بگۆڕین بە سەنتەری لەتیفەی ڕەببانی. دەتوانین لەسەر ڕێگای گۆڕینی (نفس الأمارة) بە (نفس الراضیة) بەرەو پێش بچین. گەر ئەو دەرگایانە بگرین كە شەیتان لێیانەوە دزە دەكات، ئەو چەندەیش هەوڵ بدات كە لە خشتەمان ببات، لە هەموو هاتنێكیدا لووتی دەتەقێت بەم دەرگا داخراوانەدا و دەگەڕێتەوە.
باشەی ئەی خوای گەورە دوژمنێكی سەرسەختی وەك نەفسی بۆچی لە ماهییەتماندا داناوە؟ چونكە بەهۆی ئەوەوە هەست بە پێویستیی خۆئامادەكردن و خۆپارێزی دەكەین. بۆ ئەوەی بەسەر ئەم دوژمنەدا سەربكەوین كە لە ڕێگەی فێڵی جۆراوجۆرەوە دەیەوێت پێمان بخلیسكێنێت، بەردەوام تەمەنمان لە ململانێدا بەسەردەبەین. بۆ ئەوەی ئاڕاستەكەمان بپارێزین، هەمیشە لە ڕێگەی زیكر و عیبادەت و دوعاوە ڕوو لە خوا دەكەین و هانا بۆ یارمەتیی ئەو دەبەین. لە ڕێگەی پەنابردنەوە بۆ خوای گەورە، هەوڵی ئەمین بوون لە شەڕی ئەو نەفسە بەدخوازە دەدەین كە بەرەو خراپە جۆراوجۆرەكان هانمان دەدات. واتە لەبەرانبەر مەترسیی نەفسدا بەردەوام وریا و بێدار دەبین؛ لە ڕێگەی ڕیازەت، موجاهەدە، زیكری خوا، سەیر و سلوك، عیبادەت و تاعەتەوە تێدەكۆشین كە تەربییە و تەزكییەی بكەین، بچینە ناو بازنەی تەقواوە و خۆمان بپارێزین. بۆیە لەبەرئەوەی دەبێت بە هۆكاری ئەم هەموو خێرە، ئەگەر ڕەحمەت بۆ نەفس بنێرین لە جێی خۆیدا دەبێت!
چەرخی خۆپەرستی و دووڕوویی
لەبەرئەوەی ئەم چەرخەی كە تێیدا دەژین ڕۆژگاری خۆپەرستییە، نەفسەكان ئەوەندەی تریش هار بوون. لە سەردەمێكی وەهادا دەژین مرۆڤەكان -هەرچەندە لەڕاستیدا دڵۆپن- كەچی خۆیان وەك دەریا دەبینن. لەكاتێكدا كە گەردیلەیەكن، كەچی سەودای بوون بە خۆر لە سەریان دەدات. بەتایبەت ئەگەر بە پلەوپایەی بەرز گەیشتبن، ئەوا چاوەڕوانییەكانیشیان گەورەتر دەبێت. دەیانەوێت ڕوویان لە هەر شوێنێك كرد بە چەپڵە پێشوازییان لێبكرێت و خەڵك دەست بە سنگیانەوە بگرن. حەز دەكەن خەڵك لەبەریان هەستێت، ڕێزیان لێبگیرێت و ستاییش بكرێن. لە بەرزاییەوە سەیری خەڵك دەكەن و هەموان وەك بەندە دەبینن. حاشا، تەنها ئەوەندە ماوە بە خۆیان بڵێن “پەرستراو”. بگرە لەوانەیە ئەم بیركردنەوەیەش بێت بە دڵیاندا و بەڵام دەری نەخەن. فیرعەون هێندە سنووربەزێن بوو كە بەئاشكرا ئەمەی وت. بەڵام خاوەن پلەوپایەكانی ئەم چەرخی خۆپەرستییە لەبەرئەوەی لە هەمان كاتدا دووڕوویشن، ناتوانن بەڕاشكاوی ئەمە بڵێن.
هەندێك لەم كاراكتەرانە، دەبینیت لە كەعبە سەری ناوەتە سەر مولتەزەم و دەگری یاخود دەست و ڕووی لە بەردە ڕەشەكە هەڵدەسووێت و لە خوا دەپاڕێتەوە. بەڵام لە هەمان ئەو كاتەدا كە ئەمانە دەكات، دڵی بە لایەنی كەمەوە دڵی هێندەی دڵی ئەبو جەهل چەپەڵە. لەو كاتەدا كە وا دەردەكەوێت كە نزیكترین بێت لە خواوە، دەیەوێت لەلایەن خەڵكەوە ببینرێت، بناسرێت و ستاییش بكرێت. سڵ ناكاتەوە لەوەی گەورەترین پیرۆزییەكانی خۆی و بەها دینییەكانی وەك پلیكانەیەك بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆی بەكاربهێنێت. بۆیە ناسینەوەی ڕووی ڕاستەقینەیان و شیكردنەوەی دونیای بیر و هەستەكانیان، شتێكی زۆر سەختە. كاتێكیش ناتوانیت ئەمە بكەیت، لەوانەیە لە پشتەوە خەنجەرت لێبدەن. لەبەرئەوەیش كە ناتوانیت سینەی هیچ كەسێك شەق بكەیت و سەیری دڵیان بكەیت، ئەوا دەگونجێت ئەوانە بتخەڵەتێنن كە دەمیان دەڵێت (أللە) و بەردەوام باسی دین و دینداری دەكەن. بۆیە لەپاڵ گومانی باش بردن بە هەموو كەسێك، نابێت دەستووری “متمانە پێنەكردن”یش پشتگوێ بخەین. نابێت بەبێ تاقیكردنەوە و چەند جارێك كوڵاندن لەناو كەمۆڵەدا، پشت بە هیچ كەسێك بسپێرین.
بەڵێ، ئەوەی كە مرۆڤ خۆی بە بەرز و خاوێن بزانێت، گوناهی وەها بە خاوەنەكەی دەكات كە پێشی شەیتانیش دەداتەوە. سەیر لەوەدا ئەم كەسانە ئەگەر گەورەترین گوناهیش بكەن هێشتا خۆیان وەك موسوڵمانێكی ڕزگاربوو دەبینن. بانگەشەی ئەوە دەكەن كە باوەڕیان بە خوایە، بەڵام لەڕاستیدا بەبێ ئەوەی بە خۆیان بزانن وەك ئەسپێكی كێبەركێكان شوێن چەند پەرستراوی كاتی كەوتوون. وا دەزانن بەندایەتی بۆ خوا دەكەن. بەڵام لەڕاستیدا دونیا، چێژپەرستی، حەزەكانی جەستەیان، ئارەزووە شەهوانییەكان و غەریزە بەشەرییەكانیان دەپەرستن. بۆیە دەتوانن چەندی لەیەكچوون لەنێوان ئەوانەی ئەمڕۆ و ئەوانەی ڕابردوودادا بدۆزنەوە كە لات و مەنات و عوززا و ئیساف و نائیلەیان دەپەرست.
كەسێك كە لە خواست و ئارەزووەكانی خۆی قوتاری نەبووە و دەستی لە چاوەڕوانی و هەڵپەكانی نەشتووە، ناتوانێت بە تەواوی مانا ببێت بە بەندەی خوا. ڕێگای ڕزگاربوون لە پەرستنی بتە جۆراوجۆرەكان، بریتییە لە بەندایەتیكردن بۆ خوا. كەسێك كە بە مانای ڕاستەقینە دەبێتە بەندەی خوا، گشت بتەكانی دونیا و لەزەتەكانی بە پشتی دەستی فڕێ دەدات.
هەموو شتێك لە خواوەیە
ئەوانەی كە هەموو شتێك بە هیی خوا دەزانن دەیبەنەوە؛ -بەدەر لە پێگە و وەزیفەی ئیرادە- ئەوانەیش كە هەندێك شت دەدەنە پاڵ خۆیان، لەو جێیەدا كە بە نیازی بردنەوەن یەك لەسەر یەك شكست دەهێنن. ئینسان دەبێت خۆی لە وتنی “من” بپارێزێت، لە “من”ەوە باز بدات بۆ پلیكانەی “ئێمە”، ئینجا دەست بكات بە تەماشاكردنی (هو) “ئەو”. وازهێنان لە “من” و وتنی “ئێمە” شتێكی گرنگە، چونكە دەستەبەر كردنی یەكێتی و یەكڕیزی بەمەوە بەندە. بەڵام لوتفە سوبحانییەكانی وابەستە بە یەكێتی و یەكڕیزیش هەر لە خواوەن. واتە گەرچی وتنی “ئێمە” نرخێكی تایبەت بە خۆی هەیە، وەلێ دواجار بابەتەكە پشت بە (هو) دەبەستێت.
جێناوی (هو) بەهۆی گشتگیری و ڕەهاییەكەیەوە گشت ناوە جوانەكان و سیفەتە سوبحانییەكان دەگرێتەوە. لە هەمان كاتدا هێما لەخۆدەگرێت دەربارەی دەرك نەكرانی زاتی بەحت. ئەگەر خوای گەورە مۆڵەتی بەكارهێنانی “تۆ”ی پێنەداباین لە كاتی قسە لەگەڵ كردن و دوعا و پاڕانەوەدا، ئەوا بەكارهێنانی وشەی “تۆ” بۆ ئەو بێڕێزی دەبوو.
بۆ ئەوەی مرۆڤ لە هەندێك لەمپەڕ ڕزگاری ببێت یان بتوانێت ئەو گرفتانە تێبپەڕێنێت كە دێنە بەردەمی، تا ڕادەیەك پەیوەستی ئەوەیە كە ماهییەتی خۆی بناسێت، پەی بە لاوازیی خۆی ببات و پێگەی خۆی لەبەرانبەر خواوە بەدروستی دیاری بكات. ئەگەر مرۆڤ خۆی نەناسێت و لە ئاستی ماهییەتی خۆیدا كوێر نەبێت، دەست دەكات بەوەی گومانی گەورەیی بە خۆی ببات یاخود ئەو فەزیلەتانە بداتە پاڵ خۆی كە لەودا نین. لەحاڵێكدا خودی بوونیشمان هیی خۆمان نییە. ئێمە بریتین لە كۆمەڵێك شەپۆل و دیمەن كە لای خواوە دێین. بریتین لە درەوشانەوەی بەرجەستەی كردارەكانی خوا و ئەو ئاسەوارانەی كە لەم كردارانەدان.
بایەزیدی بەستامی دوای ئەوەی كە سی ساڵ عیبادەت بۆ خوا دەكات، دەڵێت ئەم بانگەی لە جیهانەی غەیبەوە بیستووە: “ئەی بایەزید! گەنجینەكانی خوا لە عیبادەت پڕن. ئەگەر ئامانجت گەیشتنە بە خوا، ئەوا لە دەرگانەی خوادا خۆت بە بچووك بزانە و لە كردەوەكانتدا بەئیخلاص بە.” خۆ بە كەم بینین و دڵسۆزی لە كردەوەدا، چاكترە لە حەج كردنی ساڵانە، لە بەڕۆژووبوون بەدرێژایی تەمەن و ئەنجامدانی هەزار ڕكات نوێژ لە ڕۆژێكدا. كەسێكی لەم جۆرە ئەو عیبادەت و تاعەتەكەی كە دەیكات، بەوە ئیكتیفا دەكات كە تەنها خوا چاكە و خێرەكانی ببینێت و بزانێت، بۆیە هەوڵ نادات خۆی پیشانی هیچ كەسێك بدات یان دەنگی خۆی بدات بە گوێیاندا. كەسێكی لەم شێوەیە لەبەر خوا دەست پێدەكات، لەبەر خوا كار دەكات، لەبەر خوا دەدوێت، لە هەموو كارێكیدا ڕەزای خوا ڕەچاو دەكات.
زانستی ڕاستەقینە مەعریفەتی خوایە
بەداخەوە هەموو ئەم شتانە لەمڕۆدا لە ڕاستییە هەرە كەم زانراوەكانن. بەداخەوە مرۆڤی ئەمڕۆ ناتوانێت بەدروستی خۆی بخوێنێتەوە، ناتوانێت كەشفی خۆی بكات، لەبەرئەوەیش كە خۆی ناناسێت ناتوانێت پەروەردگاریشی بەدروستی بناسێت. كەسێك كە لە جیهانی دەروونەكاندا خۆی نەناسێت و عاریف نەبێت، لە ئاسۆكانیشدا ناتوانێت ببێت بە عاریفی مەعریفەتی خوا. موسوڵمانانی ئەمڕۆ تەنانەت وەك پێویستیش ناتوانن خوا بناسن، بەو جۆرەی كە پێویستە ناتوانن قەدری بگرن. لەكاتێكدا كە تەنانەت دەڵێن (أللە)، “من موسوڵمانم” یان كاتێك شایەتومان دەهێنن، بێئەوەی بە خۆیان بزانن درۆ دەكەن. چونكە ماهییەتی خۆیان ناناسن و ڕوو لە بیركردنەوەی دەروونی ناكەن، ناشوانن خوا بناسن.
مرۆڤی ئەم ڕۆژگارە لەبەرئەوەی بەردەوام نیگاكانی بە دونیای دەرەوەدا دەگێڕێت، ناتوانێت قسوور و كەموكورتییەكانی خۆی ببینێت. هەردەم سەرقاڵی عەیب و كەموكورتییەكانی خەڵكە، بەڵام بۆ جارێكیش ئاوڕ لە خۆی ناداتەوە. لەحاڵێكدا كەسێك كە بەدوای قسووری كەسانی تردا دەگەڕێت، بەدرێژایی تەمەن بەردەوام قسوور دەكات و دووبارەی دەكاتەوە. كەسێك كە ئاوڕ لە خۆی ناداتەوە و هەوڵی نۆژەنكردنەوەی شكاوی و كون و كەلەبەرەكانی خۆی نادات، یەك لەسەر یەك هەڵە دەكات؛ یەك لەسەر یەك لار دەبێتەوە. دەتوانرێت بوترێت كەسێكی لەم جۆرە خوا دەناسێت؟
زانستی ڕاستەقینە مەعریفەتی خوایە. زانستی ڕاستەقینە داننانە بەوەدا كە بەسەر و بەسیرەت دەورەی “ئەو” نادەن و پەی بە حەقیقەتی ئەو نابرێت. زانستی ڕاستەقینە ئەوەیە كاتێك چاو بە دەروونەكان و ئاسۆكان و شتان و بوونەوەراندا دەگێڕرێت، بەردەوام بەستنەوەی تێبینی و بیركردنەوەكانە بە حەقیقەتی (هو)ەوە. كەسێك كە دەتوانێت بە ناوی خواوە لە بوون بڕوانێت، مانای وایە چووەتە سەر ڕێی زانین. خوای گەورەیش ڕێبوارێكی لەم جۆرە لەگەڵ نەزانییەكەیدا بەتەنها جێناهێڵێت. هەرشتێك كە زانینی پێویست بێت فێری دەكات.
[1] سنن الترمذي، تفسير القرآن عن رسول الله، 3.





