مافی برایەتی و خەمخۆریی ئیمانداران بۆ یەكتر

مافی برایەتی و خەمخۆریی ئیمانداران بۆ یەكتر
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

پرسیار: ڕۆژانە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان لەنێوان مرۆڤەكاندا لاوازتر دەبن و ئێمەیش دەگونجێت وردە وردە لە یەكتر دوور بكەوینەوە. هەڵوێستی ئیماندارێكی نموونەیی پێویستە لەم بابەتەدا چۆن بێت؟

وەڵام: قورئان و سوننەت ئەوەندە بەبەهێزی جەخت لەوە دەكەنەوە كە ئیمانداران بران و پێویستە یارمەتیی یەكتر بدەن، پێویستی بە هیچ قسەیەكی تر ناهێڵێتەوە. بۆیە هەر ئیماندارێك كە لە دڵەوە وابەستەی وەحیی ئیلاهییە، مەحاڵە بێباك بێت بەرانبەر بە ناڕەحەتییە ماددی و مەعنەوییەكانی براكانی؛ بەتایبەت هەرگیز ناتوانێت چاو لە ئاستی ئەوەدا بنووقێنێت كە بەلادا بێن و لەناوبچن. ئەوەتا پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) بەتوندی ئاگادارمان دەكاتەوە و دەفەرمووێت: “كەسێك كە خەمی موسوڵمانان بە هیی خۆی نەزانێت لەوان نییە.”[1] ئیمانداری ڕاستەقینە زیاتر سەرقاڵی كێشەكانی برا و خوشكەكانیەتی نەك هیی خۆی؛ خەم و خەفەت و ئازاریان لەگەڵ بەش دەكات، لە دڵی خۆیدا هەست بە خەمەكانی ئەوان دەكات. پرسینی هەواڵیان فەرامۆش ناكات، دەستی یارمەتی بۆ موحتاجان درێژ دەكات، سەردانی نەخۆش دەكات، دڵی دڵشكاوەكان دەداتەوە، هەردەم هەوڵ دەدات ورەی مەعنەویی براكانی بەرز بكاتەوە. ئەوەیش كە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) ئیماندارانی چواندووە بە (بنیان مرصوص) “بەردەكانی بینایەك كە شانیان داوەتە پاڵ شانی یەك و ئاوێتەی یەك بوون”[2]، هێما بۆ ئەم دۆخە دەكات.

لەمڕۆدا كە بووین بە قوربانی جیابوونەوە و ناكۆكییەكان، بۆ ئەوەی پێكهاتەی كۆمەڵگا پتەو بێت، لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستمان بەو كەسانە هەیە كە ڕۆڵی قوڕ و چیمەنتۆ دەگێڕن و پارچە لە یەك دابڕاوەكانی كۆمەڵگا سەرلەنوێ پێكەوە كۆدەكەنەوە. ئەوەی كە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) سیفەتی (بنیان مرصوص)ی بۆ ئیمانداران بەكارهێناوە، هێمایە بۆ ئامانجێكی باڵا كە دەبێت پێی بگەین. كەسانێك كە حاڵی موسوڵمانان كاریان لێناكات و ڕەچاوی مافی برایەتی ناكەن، مەحاڵە بتوانن ئەم ئامانجە بهێننەدی. كەوایە هەموو ئیماندارێك دەبێت هەوڵ بدات كەسایەتیی خۆی بكات بە خشتێك لەم بینایەدا؛ ئەو بەرپرسیارێتییانە جێبەجێ بكات كە برایەتی بەزیندوویی دەهێڵنەوە.

هەڵوێستی ئیمانداری نموونەیی

ناكرێت ئیماندار تەنها بیر لە خۆی بكاتەوە و تەنها بۆ خۆی بژی. لەپاڵ پاراستنی ڕاستڕەویی خۆیدا، یەكێك لە بەرپرسیارێتییەكانی ئەوەیە كە یارمەتی كەسانی دیكەش بدات كە لەسەر ڕاستڕەوی بمێننەوە. ئەم بازنەی بەرپرسیارێتییە، هەر لە بناغەكانی ئیمانەوە هەتا وردەكارییەكانی دین، بوارێكی فراوان دەگرێتەوە. گاهێ ئاسوودە كردنی دەروونەكان بە زەردەخەنەیەك، دڵخۆشكردنی مرۆڤەكان بە دیارییەك، هاوبەشی لە خەمدا، لابردنی بەربەستەكانی سەر ڕێگا لە ئەركەكانی ئیماندارن؛ لەلایەكی دیكەشەوە، هەوڵدان بۆ ڕەواندنەوەی گومانێكی برایەك لە مەسەلەیەكی دیندا ئەگەر هەیبوو، هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی لاوازیی ئیمان ئەگەر هەیبوو، تێكۆشان بۆ بەرزكردنەوەی بۆ ئاسمان ئەگەر لە زەویدا چەقیبوو، بەهەمان جۆر دەبێت لە وەزیفە گرنگەكانی ئیماندار بن.

هەڵوێستی ئیماندارای نموونەیی ئەمەیە: ئەو هەمیشە هەوڵ دەدات بەسوود بێت بۆ چواردەورەكەی. بەڵام دەبێت ئەوەیش قبووڵ بكرێت كە تا ئەم ڕادەیە خەمخۆری بۆ كەسانی تر، بە هەموو كەسێك ناكرێت. بەتایبەت لەم چەرخەدا كە منێتی و خۆپەرستی و تاكگەری فەرمانڕەوایە، بەجێهێنانی مافەكانی برایەتی، لە هەموو كاتێكی تر سەختترە. ئەمە پێش لە هەر شت پێویستی بە ئیمانێكی بەهێز و پتەوە. ئینجا دەبێت بەهرەی هاوسۆزیمان پەرە پێبدەین كە وامان لێدەكات لە حاڵ و هەستی كەسانی تر تێبگەین؛ هەتا بتوانین لە ئاستی گرفتەكانی برا و خوشكەكانماندا هەستیارتر بین. پێویستە كاتێك تەماشای ڕوخساریان دەكەین لە خەمیان تێبگەین، هەست بەو ئازارانەیان بكەین كە ئاشكرای ناكەن. هەندێك جار گەر ئەوان نەشیانەوێت باسی بكەن، ئێمە وەك دەروونشیكارێك كە بەوپەڕی دیقەت و هەستەوە شیكاری دەروونی بۆ كەسێك دەكات، لە ناڕەحەتییەكانیان تێبگەین و چارەسەری پێویستیان بكەین. وەك وتم، ئەمە بە هەموو كەسێك ناكرێت، بەڵام ئەو كەسەی كە لەم كارەدا سەركەوتوو دەبێت هەم لای خەڵك و هەم لای خوا پاڵەوانی ڕاستەقینەیە.

ئیمانداری ڕاستەقینە ناتوانێت بەگوێرەی نەفسی خۆی بژی، تەنها سەرقاڵی بوونی خۆی بێت. بەڵكو خۆی تێدەپەڕێنێت و دەبێت بە هاوبەشی هەستەكانی كەسانی دیكەش، لە دڵی خۆیدا هەست بە ئازار و ژان و ناڕەحەتیی ئەوانی تریش دەكات. گرنگی پێدان و خۆشەویستیی ئەو تەنها بۆ ئەوانە نییە كە لەسەر ڕێگاكەی ئەو دەڕۆن یان ڕوویان لە هەمان قیبلەیە. بەڵكو بەئەندازەی قووڵیی ئیمانەكەی و فراوانیی دڵی، سینەی بۆ هەموو بوون دەكاتەوە. هەوڵ دەدات باوەشی خۆی بۆ ئەوانەیش بكاتەوە كە خاوەنی بیر و بۆچوونی جیاوازن، چەند لە دەستی بێت بۆ ڕەواندنەوەی ناڕەحەتییەكانی ئەوانیش تێدەكۆشێت. وەك بەدیعوززەمان دەڵێت، بە چاوی “لانكەی برایەتی” بۆ هەموو گەردوون دەڕوانێت؛ بۆیە هەموو شتێك وەك برای خۆی دەبینێت كە لە هەمان بێشكەدا و بە هەمان لایلایە گەورە كراوە. بۆیە ناتوانێت بێباك بێت بەرانبەر بە خەم و گرفتەكانی ئەوان. بەتایبەت ئەگەر بابەتەكە ئیمان و نیشاندانی ڕێگای بەختەوەریی هەمیشەیی و گەیاندن بە خوا بێت، هەرگیز ئیماندار مومكین نییە ئەم مەسەلەیە بە چاوی كەم تەماشا بكات.

ئاسۆی بەزەیی ئیماندار

ئێمە نابێت هیچ كەسێكی چواردەورمان لە گرنگی پێدان و خۆشەویستی و یارمەتی بێبەش بكەین. دەبێت بتوانیت بەئەندازەی نزیكییان لێمانەوە دەستی یارمەتی بۆ هەموو كەسێك درێژ بكەین. هەڵبەتە دەبێت گەورەترین یارمەتیشمان بۆ هەرە نزیكەكانمان بێت. لەدوای ئەمە، دەبێت خەڵك بەگوێرەی نزیكییان پۆلێن بكەین و چەند لە دەستمان دێت چاكەیان لەگەڵ بكەین. ئەوەتا قورئان لەدوای فەرمان بە بەندایەتیی خوا و هاوەڵ دانەنان بۆ ئەو، فەرمان بە چاكە لەگەڵ دایك و باوك و پاشان خزمەكاندا دەكات. ئینجا ئەو كەسانەی تر ڕیز دەكات كە دەبێت چاكەیان لەگەڵ بكرێت: هەتیو و بێكەسەكان، هەژاران، دراوسێی نزیك، دراوسێی دوور، هاوڕێی نزیك، ڕێبواران و كۆیلەكان[3]. هەرچەندە منداڵان زۆرترین پێویستییان بە یارمەتییە، كەچی لەم ئایەتەدا ناویان نەبراوە. چونكە دایك و باوكان بەشێوەیەكی سروشتی خۆشەویستی و میهرەبانی بۆ منداڵەكانیان دەردەبڕن، باوەشیان بۆ دەكەنەوە، خەو و ئیسراحەتی خۆیان بۆ بەخت دەكەن و ئاگاداری هەموو شتێكیان دەبن. بەڵام چونكە گریمانی ئەوە هەیە كە منداڵان بەهەمان ئەندازە مەفتوونی دایك و باوك یان خزمەكانیان نەبن، خوای گەورە ڕەچاوكردنی مافی ئەوان و چاكە كردن لەگەڵیاندا وەك بەرپرسیارێتییەك بۆ ئێمە باس كردووە.

دەكرێت لە هەمان ئەم ڕوانگەیەشەوە پەیوەندیی نێوان ئیمانداران هەڵبسەنگێنین. كەسانێك هەن كە لە هەمان ژینگەدا پێگەیشتوون، نەوەی هەمان كولتوورن؛ یەكتر دەناسن. تەنانەت هەڵگری هەمان بیر و مەفكوورەن و لەسەر هەمان ڕێگان. خاڵی هاوبەش و بەرژەوەندیی هاوبەشتان زۆرە. بەشێوەیەكی سروشتی هەست بە پەیوەندی و خۆشەویستی دەكەن بەرانبەر بەم كەسانە؛ گەر پێویستی كرد بەبێ ئەوەی بەقورسی بزانن لەسەر گیانتان یارمەتییان دەدەن. بەڵام سەبارەت بە كەسانێك كە نایانناسن یان خاوەنی دونیابینیی جیاوازن، لەوانەیە هەمان پەیوەندی و خۆشەویستیی سروشتیتان نەبێت. سەرەڕای ئەمە، ئەركی ئێمە ئەوەیە ئیرادەمان بەكاربهێنین و بەرانبەر بەوانیش دڵمان فراوان بێت و چەند لە دەستمان بێت چاكەیان لەگەڵدا بكەین.

بەتایبەت هەرگیز مومكین نییە بەرانبەر بە حاڵی گشتیی موسوڵمانان و ئەو شتانەی كە پەیوەندییان بە قەدەری ئیسلامەوە هەیە بێباك بین. لە هەر جێیەكی دونیا شتێكی نەرێنی دەربارەی موسوڵمانان و ئیسلام ڕووبدات ڕەنگمان دەپەڕێت، دڵمان تەنگ دەبێت و یەكسەر سەیر دەكەین بزانین ئاخۆ لەو بارەیەوە شتێكمان پێدەكرێت. هەوڵ دەدەین خەم بۆ حاڵی موسوڵمانان بخۆین. لەپاڵ ئەمەدا، فراوانتر ڕاگرتنی بازنەی هیممەت و بەرپرسیارێتییەكانمان و درێژكردنی دەستی یارمەتی بۆ هەموو ئەوانەی كە لە مرۆڤێتیدا هاوبەشمانن –بەبێ ئەوەی بڕوانین بۆ ئەوەی ئاخۆ ڕوو لە هەمان قیبلەی ئێمە دەكات یان نا- نیشانەی بەرزیی هیممەتە.

لەناو خەڵكدا دەوترێت “ئاگرە سوورە لە خۆم دوورە.” بەڵام ئەمە بۆچوونێكی خۆپەرستانەیە و ئیماندار ناتوانێت شتێكی لەم جۆرە قبووڵ بكات. كەسێك گەر تەنها كەمێكیش دڵی بە ڕووی مرۆڤێتیدا كراوە بێت، نەك تەنها بەو ئاگرەی كە لە ماڵی خۆی بەربووە، بەڵكو بە ئاگری ماڵی دراوسێ و هاوڕێكەیشی دەسووتێت. هەرچی ئەو ڕۆحە كامڵانەیشە كە هەڵگری سروشتێكی پێغەمبەرانەن و باوەشیان بۆ هەموو مرۆڤایەتی كردووەتەوە، كاتێك لە هەر لایەكی دونیادا لافاو، بوومەلەرزە، ئاگر، جەنگ یان هەر كارەساتێكی تر دەبێت، یەكسەر ڕادەكەن بۆ یارمەتیدان، چەند لە دەستیان بێت هەوڵ بۆ چارەسەركردنی دەدەن. ئەگەر بە كرداریش هیچ لە دەستیان نەیەت، بە دوعا و هەستەكانیان لەگەڵ كەسانی مەغدوردا دەبن.

بەهاكانی خۆمان بۆ ئێمە بەسن

لەپێناو بەرگری كردن لەو مافانەی كە لە قۆناغە دیاریكراوەكانی مێژوودا پێشێل كراون، لەمڕۆدا تەوژم و فەلسەفەكانی وەك فێمینیزم، هیومانیزم، لیبرالیزم و هاوشێوەكانیان پەیدابوون. ئێمەیش هەندێك جار وەك گرێیەكی دەروونی ئەم جۆرە چەمكانە بەكاردەهێنین، تەنانەت بە ئوسلوبێك كە دڵی لایەنگر و هاوسۆزەكانمان ئەرخەیان بكەین، هەوڵی وەڵامدانەوەی هەندێك ڕەخنە و پەڵپی ڕەخنەگران دەدەین كە ئاڕاستەی بابەتە دینییەكانی دەكەن. لەحاڵێكدا پێویست بە هیچ یەكێك لەم شتانە ناكات.

یەكەم، ئەو ستەم و فشار و پێشێلكردنی مافەی كە لە كۆمەڵگاكانی دیكەدا ڕوویانداوە بەهەمان ئەندازە لە دونیای ئێمەدا ڕووی نەداوە. بەڵێ، دەگونجێت لە هەندێك قۆناغی دیاریكراودا هەندێك شت بەهەڵە جێبەجێ كرابێت، بەڵام بەگشتی ئارامی و ئاسوودەیی و دادپەروەری لە كۆمەڵگادا باڵادەست بووە. دووەم، ئیسلام مرۆڤی –بە ژن و بە پیاوەوە- لە پێگەیەكی شاییستەدا داناوە و هەموو ئەو مافانەی پێداون كە پێویستن. گەر ئەمە تێبپەڕێنرێت، ئەوا ستەم لە مرۆڤ دەكرێت. سێیەم، ئایدۆلۆژیا ناوبراوەكان وەك كاردانەوەیەك بۆ فشار و ستەمە مێژووییەكان پەیدابوون. بەڵام لە بزاوتە پەرچەكردارییەكاندا زۆرجار ناتوانرێت هاوسەنگی بپارێزێت.

بۆیە پێویست ناكات هەست بە خۆبەكەمزانی بكەین یان ئوسلوبێكی بەرگریكارانە بەكاربهێنین. ئەركی ئێمە ئەوەیە خۆمان بكەین بە خاوەنی بەهاكانی خۆمان؛ فەرمانەكانی دین –وەك مافی دایك و باوك، سیلەی ڕەحم، برایەتی، دەستگیرۆیی هەژاران، بەخشین و سەدەقە- لە ژیاندا جێبەجێ بكەین. چونكە ئەو بایەخەی كە ئیسلام بە مرۆڤی دەدات، ئەو گرنگییەی كە بە هاریكاری دەیدات و ئەو مافانەی كە بە مرۆڤی –بە ژن و پیاوەوە- ڕەوا بینیوە، زۆر لەپێش ئەم جۆرە ئایدۆلۆژیانەوەیە. لە دونیای بیركردنەوەی ئێمەدا هیچ شتێكی شەرمئاوەری تێدا نییە. لەم ڕوانگەیەوە، بەندە زۆر ڕوو بەو جۆرە فیكر و بۆچوونانە نادەم كە لە دەرەوەڕا داخڵ كراون. بەگشتی وەك فەنتازیایەك دەیانبینم و ئامۆژگاریی خەڵك دەكەم خۆیان دوور بگرن لێیان. سەرەڕای ئەمە، بێگومان ڕێز لەو نووسین و وتار و گفتوگۆیانەیش دەگرم كە بە نییەتی باشەوە دەكرێن بۆ ئەوەی هەندێك حەقیقەت لەو كەسانە تێبگەیەنرێن كە گرنگی بەو جۆرە چەمك و فیكرانە دەدەن.

دەرەنجام، لەمڕۆی دونیادا كە مرۆڤەكان لە شارە گەورەكاندا ونبوون، پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان لاواز بوون و تەنهایی زیادی كردووە، نابێت هیچ كەسێك بەتەنها جێبهێڵرێت و مەحكووم بە تەنهایی بكرێت. مرۆڤ بە سروشت لاواز و كۆڵەوارە. هێز و دەسەڵاتەكەی سنووردارە، بەڵام كێشە و خەمەكانی زۆرن. بۆیە بەبێ یارمەتی و هاوكاریی كەسانی تر مەحاڵە بەپێوە بمێنێتەوە. ئەگەر لەم بارەیەوە ئەركی سەرشانمان ڕانەپەڕێنین، لای خوا بەرپرسیار دەبین.

كەوایە دەبێت لە نزیكترین كەسەكانمانەوە دەست پێبكەین و هەواڵی هەموو كەسێك بپرسین، ئاگاداری خەمەكانیان بین و خەڵك مەحكووم بەبێكەسی نەكەین. دەبێت لە چواردەورمان بڕوانین، بەسیرەتمان كراوە بێت؛ لە نیگا و سیما و هێڵی دەموچاو و هەڵسوكەوتەكانیانەوە هەوڵی تێگەیشتن لەوە بدەین ئایا ناڕەحەتییەكیان هەیە یان نا. دەبێت لە كاتی پێویستیدا لەلایان بین، شان بدەینە ژێر باڵیان و پشتیان بگرین، دەرمان بۆ دەردیان بدۆزینەوە. بەئەندازەی تواناكانمان، بەرپرسین لەوەی هەموو كەسێك ببینین و ئاگامان لێیان بێت، دەست و دڵمان بەكراوەیی بهێڵینەوە. ئەمە ئاسان نییە؛ بەڵام سەبارەت بە ئیماندار پاڵەوانێتیی ڕاستەقینە سەركەوتنە بەسەر ئەم سەختییەدا. مژدە لەوانە بێت كە بەجوانترین شێوە (عقبة) “بەربەستەكان” تێدەپەڕێنن.

[1]مَنْ لَمْ يَهْتَمَّ بِأَمْرِ الْمُسْلِمِينَ فَلَيْسَ مِنْهُمْ“. الطبراني: المعجم الأوسط، 1/151، 7/270؛ الحاكم: المستدرك على الصحيحين، 4/356.

[2]الْمُؤْمِنُ لِلْمُؤْمِنِ كَالْبُنْيَانِ يَشُدُّ بَعْضُهُ بَعْضًا“. صحيح البخاري، الصلاة، 88؛ صحيح مسلم، البر، 65.

[3] قال تعالى: ﴿وَاعْبُدُوا اللهَ وَلَا تُشْرِكُوا بِهِ شَيْئًا وَبِالْوَالِدَيْنِ إِحْسَانًا وَبِذِي الْقُرْبَى وَالْيَتَامَى وَالْمَسَاكِينِ وَالْجَارِ ذِي الْقُرْبَى وَالْجَارِ الْجُنُبِ وَالصَّاحِبِ بِالْجَنْبِ وَابْنِ السَّبِيلِ وَمَا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُمْ إِنَّ اللهَ لَا يُحِبُّ مَنْ كَانَ مُخْتَالًا فَخُورًا﴾ (سورة النِّسَاءِ: 4/36).