داخوازییەكانی ڕاستی و ڕاستگۆیی

داخوازییەكانی ڕاستی و ڕاستگۆیی
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

ڕاستگۆیی ئەوەیە ئینسان بەگوێرەی ئەو ڕێكەوتنە بژی كە لە ئەزەلدا لەگەڵ خوای گەورە بەستوویەتی. ئیماندارێك كە دەڵێت (لا إلە إلا أللە محمد رسول أللە)، لەو ساتەوە لە ڕوویەكەوە وەك ئەوە وایە پەیمانی بە خوا دابێت و سوێندی خواردبێت و ڕێكەوتنێكی لەگەڵ مۆر كردبێت. ڕاستگۆیی بریتییە لە بەجێهێنانی ورد و درشتی ئەم پەیمانە و ژیان بەجۆرێك كە سوێندەكە هەڵنەوەشێتەوە. كەسێك كە لە ڕێگەی (لا إلە إلا أللە)ەوە ڕایدەگەیەنێت كە جگە لە أللە پەرستراوێكی دیكەی شاییستە و خوازراوێكی دیكەی شایان بوونی نییە، وەك پێداویستییەكی ڕاستگۆییەكەی، دەبێت بە بیر و هەست و گوفتار و ڕەفتارەكانیشی ئەمە دەربخات. وەك چۆن ئیمان و ڕەزامەندی و تەسلیمییەت و تەوەككول ڕاستگۆیی نەزەری یاخود دەروونیی ئەو نیشان دەدەن، هەریەك لە ڕەفتار و هەڵسوكەوت و عیبادەت و تاعەتیش ڕاستگۆیی كرداریی ئەو دەخەنە گۆڕێ. بۆیە ڕاستگۆیی، لەپاڵ وابەستەبوونی دڵ بە خواوە، بریتییە لە جێبەجێكردنی فەرمانەكانی و دووركەوتنەوەش لە قەدەغەكانی.

ئیمان قبووڵكردنێكی ناوەكییە. ئەوەی كە مرۆڤ داخوازییەكانی ئیمانەكەی نەگوازێتەوە بۆ ئاستی كردار و بزاوتن، بریتییە لە كەوتنە ناو دژیەكی. كەسێك كە لە ڕێگەی شایەتومانەوە ئیمانی خۆی دەردەخات، ئەگەر سەرپێچیی فەرمانەكانی خوا بكات، مانای وایە داخوازییەكانی ڕاستگۆیی نەهێناوەتەدی. لە ڕوانگەی بەڵێنیشەوە، دەتوانین بڵێین ئەم كەسە وەفای بۆ پەیمانەكەی نەبووە.

بەهەمان شێوە، داننان بە (محمد رسول أللە)شدا بەڵێندانە، بەیعەتێكی دەروونییە. ئیماندار كەسێكە كە لەسەر قسەی خۆی دەمێنێتەوە، ئەگەر بەڵێنێكی دابێت، دەبێت هەرچییەكی كردووە بیهێنێتە جێ. ڕێك وەك صەحابییە بەڕێزەكان. ئەوان گفتیان دا كە پشتی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) بگرن؛ بۆیە بستێك لەم بەڵێنەیان پاشگەز نەبوونەوە، لەسەر حسابی گیانیشیان پەیمانەكەیان جێبەجێ كرد. چونكە ڕزگاری لە ڕاستگۆییدایە؛ لەوەدایە كە مرۆڤ بە حاڵ و گوفتار و هەڵسوكەوت و هەموو شتێكی ڕێك و ڕاست بێت.

ئینسان لە ڕوانگەی ماتەوزەی مرۆییەوە، چەندین سیفەتی هەن. بەڵام لەسەروو هەموو ئەم شتانەوە، بەرزترین پایە كە خاوەنی بێت “بەندایەتی”یە. چونكە ئامانجی بەدیهاتنی مرۆڤەكان و جیننەكان زانین و ناسینی خوا و بەندایەتكردنە بۆ ئەو. دەگونجێت ئەمەش بەسەر ئاستەكانی وەك ئیمان، مەعریفەت، خۆشویستن و چێژی ڕۆحانیشدا دابەش بكەین.

خوای گەورە لە قورئاندا جاروبار بە (یا عبادي) واتە “ئەی بەندەكانم” لەگەڵمان دەدوێت. لەم بانگەدا دەتوانین لوتف و میهرەبانی و بەزەیی خوای گەورە بەرانبەر بە بەندەكانی ببینین. لە ڕوویەكەوە دەتوانین بەم جۆرەش لێی تێبگەین: “ئەی بەندە ڕاستگۆكانم!” سەبارەت بە ئێمەی بەندە داماوەكان كە لە ڕۆیشتنماندا زوو زوو نوقمی گوناه دەبین و هەڵدەستینەوە، ئای ئەم گوفتار و بانگكردنە چ دڵنەواییەكی گەورە و چ هیوایەكی مەزنە!

ئەركی سەرشانمان وەك بەندەكانی خوا ئەوەیە ئاگاداری ئەم تێبینییە بین و هەموو ئەو فاكتەرانەی كە ڕێگرن لەبەردەم ئەمەدا بە پشتی دەستمان بیانخەینە لاوە. وەك چۆن پاڵ بە شەیتانی مەلعونەوە دەنێین. خوای گەورە ئەو مرۆڤەی كە لە خاك و قوڕ دروستی كردووە، لە هەمان كاتدا بەهرە و توانایەكی وەهای پێداوە كە بتوانێت بەهۆیەوە بەرەو ئاسۆی دڵ و ڕۆح بەرز ببێتەوە، بە ئیمان و مەعریفەت و خۆشویستن شەرەفمەند ببێت و هاودەمیی خواییش بەدەست بهێنێت. لە مرۆڤدا ناوكی وەها هەن گەر نەشونما بكەن، كەسەكە دەكەن بە هاودەم و هاوكۆڕی (أنیس وجلیس) خوا. لەبنەڕەتدا ئەو مەقامەش كە دەبێت بیكەینە ئامانج پێویستە ئەمە بێت.

بەتایبەت سەبارەت بەو ئیماندارانەی كە دڵیان بە بانگەواز و خزمەتی ئیمان و قورئان داوە، ڕاستی و ڕاستگۆیی پێگەیەكی تایبەتی هەیە. وابەستەبوونی ئەوان بە ڕێگای پێغەمبەرەوە (صلى الله علیە وسلم) و جێنەهێشتنی ڕاستگۆیی بە موویەك، شتێكی زۆر گرنگە. بەندە ڕاستگۆكانی ڕێگای خوا وەك چۆن عیبادەت و بەندایەتییان بەتەواوەتی بە فەرمانی ئیلاهییەوە دەبەستنەوە، مانەوەشیان لەم دونیایەدا بە خزمەتكردنی دینەكەی ئەوەوە گرێ دەدەن. هەتا دەرفەتێك هەبێت بۆ خزمەتكردنی دینی ئیسلام، ئەوا لای ئەوان ژیان نرخ و مانایەكی هەیە. كاتێكیش وا بیر دەكەنەوە كە شتێك نەماوە خۆیان بیكەن، ئیدی ڕووناكییەكانی ئەودیو لە بەرچاویان دەخەمڵێت و زۆر بەئاسانی بەم جۆرە لە خوا دەپاڕێنەوە: “خوایە گیان، ئەگەر ئەركی من لەم دونیایەدا تەواو بووە، ئەوا بمگەڕێنەرەوە بۆ حزووری خۆت.” ئەوان بەم گوفتارەیان شتێك پێچەوانەی ئەو قەدەرە داوا ناكەن كە خوا بۆ بەندەكانی دایناوە. تەنها ئارەزوو دەكەن بڕوانامەی تەواوبوونی ئەركی بەندایەتییان پێبدرێت و شاد ببنەوە بە خوای گەورە.

لەم بوارەدا حەزرەتی یوسف نموونەیەكی جوانە بۆ ئێمە. ئەو، لە ساتێكدا كە بە دایك و باوكی گەیشتەوە، لە میسر بوو بە قسەڕۆیشتوو، ئەو دینەی كە بڵاوی دەكردەوە لە دڵەكاندا ڕەنگی دایەوە، ویژدانەكان دەستیان كرد بە ڕووكردنە ئەو، واتە لەكاتێكدا كە نیعمەتە دونیاییەكان گەیشتن بە لوتكە و هەموو ئەو شتانەی دەست كەوت كە پێویستن بۆ بەختەوەریی كەسێك، بەم جۆرە لە خوا پاڕایەوە: “بەموسوڵمانێتی بممرێنە و بمگەیەنەرەوە بۆ كاروانی چاكەكاران.”[1]. ئەگەر كەسێك وا بیری كردەوە كە چیتر لە بواری خزمەتی ئیمان و قورئاندا وەزیفەیەكی جددی نەماوە ئەنجامی بدات، دەتوانێت ئارەزووی لەكارترازان بكات. یەكێك لە داخوازییەكانی ڕاستگۆیەتیش ئەمەیە.

بەندە ڕاستگۆكانی خوا، نە بەندایەتییان و نە خزمەتەكانیان بە هیچ بەرژەوەندییەكی دونیاییەوە نابەستنەوە. مەقام و ناوبانگ و ناونیشان و پلەوپایەكان بە شتانی زۆر ترسناك دەبینن. ئەوان ناخوازن ببن بە كەسێك كە ستاییش دەكرێت، لە هەموو جێیەك دەبینرێت و لەلایەن خەڵكیشەوە یادی جوانی دەكرێتەوە. دەترسن ئەم حساباتانە بە ڕێژەی لە سەدا یەكیش تێكەڵ بە بەندایەتییەكەیان ببێت، چونكە دەترسن ئەمە ببێت بە هۆكاری خەسارەتمەندییان لە ئاخیرەتدا. دروشمی ڕاستگۆكان ئەمەیە: “خوایە گیان، ئەگەر نەتوانم خزمەتی دینەكەت بكەم، بۆ خولەكێكش مەمژیەنە!”

بێگومان شتانی وەك یادكرانەوەی بەخێری كەسێك لەدوای مردنی، یاد كرانەوەی ئەو چاكانەی كە بەجێی هێشتوون، شایەتی بۆ درانی چاك لە قازانجی، نێررانی دوعا و داوای لێخۆشبوون، شتانی چاك و ئارەزووكراون. كێ نایەوێت لەدوای بڵێن: “خوا لێی ڕازیبێت كەوا لە خزمەتی بەرزكردنەوەی دینداریدا زۆر تێكۆشا. خزمەتی زۆر گرنگی ئەنجامدا. نەوەی چاكەكاری پەروەردە كرد. كۆمەڵێك سەدەقەی جارییەی بەجێهێشت كە لەدوای خۆی چاكە و پاداشتی بەردەوام بۆ دەفتەری كردەوەكانی بەڕێدەكەن. خوای گەورە بیكات بە مەزهەری عەفو و ڕەحمەت و مەغفیرەتی خۆی، بە فیردەوس دڵخۆشی بكات، بیكاتە دراوسێی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم).”؟ هەموو ئەمانە یادی بەخێری ئینسانن و باوەڕیشمان وایە كە ئەم شتانە لە ئاخیرەتدا سوودیان بۆی دەبێت. ئەوەتا حەزرەتی ئیبراهیم كە قورئان وەك نموونەی چاولێكراو دەیخاتە پێشچاوی ئیمانداران، دوعا دەكات و دەفەرمووێت: “بەجێهێشتنی ناوێكی چاك و یادی بەخێر و جوان لای نەوەكانی داهاتووم بەنسیب بكە.”[2]. بەڵام ئەگەر كەسێك لەكاتێكدا كە لە دونیادایە بەندایەتییەكەی بەم شتانەوە ببەستێتەوە، ئەم كارەی لەگەڵ ئیخلاص و بەندایەتی و ڕاستگۆییدا یەك ناگرێتەوە.

بەكورتی، ئیماندارێكی ڕاستگۆ، دەبێت تێبكۆشێت لە هەموو خولەك و چركە و یەك لە دەی چركەكانی ژیانیدا هەردەم لەبەر خاتری پەروەردگاری هەناسە بدات. پێویستە هەموو بابەتێك بە خواوە ببەستێتەوە، بە ناوی خواوە كار بكات. دەبێت لەپێناوی خوادادا بەرگەی دەرد و بەڵای ئەم دونیایە بگرێت، لەبەر خاتری خوا بژی، لەبەر خاتری خوا دابنیشێت، لەبەر خاتری خوا هەستێت، هەموو شتێك لەبەر خاتری ئەو ئەنجام بدات. كاتێكیش ژیان لەپێناوی خۆیدا هاتە پێشەوە، دەبێت بتوانێت كە عەریزەی دەست كێشانەوە لە ژیان پێشكەشی خوا بكات. ئەگینا ڕاكردن بەدوای داخوازییە دونیاییەكان، بەڕێوەبردنی ئەو كارانەی كە چاوی تێبڕیون، هەوڵدان بۆ چوونە ناو ئەو كارانەوە كە پێی وایە سوودی ماددی و مەعنەوییان بۆ خۆی تێدایە و تێكۆشانی بۆ ئەوەی ناوێكی هەبێت و باسی بكەن، ئەمانە لەگەڵ ڕاستگۆییدا یەك ناگرێتەوە. تەنانەت دەتوانین بڵێین ئەم جۆرە شتانە تێبینیی شەیتانین. كەسێكیش خۆی بۆ خوا تەرخان كردبێت، خۆی ڕادەستی شەیتان ناكات.

ئەگەر شتێك نەكەیت كە خوا لێی ڕازی بێت، ئیدی گەر هەموو دونیاش داستان بە باڵاتدا هەڵبدات و بەرەو ئاسمانەكان بەرزت بكەنەوە، چ سوودێكی هەیە؟! خۆ ئەگەر كار و خزمەتەكانت بەو شتانەوە بەستبێتەوە، ئەوا پرسیاری ئەو ستاییشانەت لێدەكرێت كە دەربارەت كراون. پێت دەوترێت “بەڕاست تۆ وابوویت؟” ئەگەر وا نەبیت، ئەوا دەتبەن بە ناخی زەویدا. ئەگەر بەندەیەكی ڕاستگۆی خوا نەبیت، ئیتر بەڕێوەبەرایەتیی دامەزراوە گرنگەكان، چاودێریكردنی یەكە جۆراوجۆرەكانی خزمەت و بوون بە كەسێك كە خەڵك ڕێزت لێدەگرن و دەست بە سنگیانەوە دەگرن بۆت، قازانجێك نییە بۆ تۆ، بەڵكو زیانە. ئەگەر وەك ئەهلی دونیا ستاییشی خەڵك بەرانبەر بە خۆتان بگرنە خۆ، قبووڵی بكەن و پێتان خۆش بێت، مانای وایە لە ڕیزی براوەكاندا دووچاری دۆڕان بوون.

[1] ﴿تَوَفَّنِي مُسْلِمًا وَأَلْحِقْنِي بِالصَّالِحِينَ﴾ (سورة يُوسُفَ: 12/101)

[2] ﴿وَاجْعَلْ لِي لِسَانَ صِدْقٍ فِي الآخِرِينَ﴾ (سورة الشُّعَرَاءِ: 26/84)