ئەو تێز و نووسینانەى کە لەسەر بزووتنەوەى خزمەت دەوترێن

ئەو تێز و نووسینانەى کە لەسەر بزووتنەوەى خزمەت دەوترێن
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

پرسیار: لە وڵاتانى جیاوازى دونیادا تێز و وتار دەربارەى بەڕێزت و جووڵانەوەى خزمەت دەنووسرێت، سیمینار و کۆڕبەند سازدەکرێت. بەڕێزت ئەم جۆرە کارانە چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

وەڵام: سەرەتا پێویستە بڵێم کە زۆربەى خەڵک تەنها سەیرى هۆکارەکان دەکەن. سەروو هۆکارەکان نابینن. بۆیە سەرنجەکانیان تەنها دەچێتە سەر ئەو کەسانەى کە بەڕواڵەت هۆى کارێکن؛ ئیدى کارەکان دەگێڕنەوە بۆ زیرەکى و سەرکەوتن و تواناى ئەو کەسانە. تەنانەت هەندێک جار بە پێدانى بەهاى زیاتر لە خۆیان، گەورەیان دەکەن و وەک ئەفسانەیەکیان لێدەکەن. لەبەرئەوەش کە نازانن لە ڕوانگەى ئادابە دینییەکانەوە پێویستە چۆن بابەتەکە هەڵبسەنگێنن، هەم هەڵسەنگاندنى هەڵە ئەنجام دەدەن، هەم لە ڕووى عەقیدەییشەوە دەکەونە ناو هەندێک هەڵەوە.

تەوفیقى خوایی

لەم بابەتەدا کێ باوەڕى بە هەرچییەک بێت و کێ هەر لێکدانەوەیەک بخاتە گۆڕێ بۆ ئێمە گرنگ نییە، چونکە ڕوانگەى ئێمە بەم جۆرەیە: لە هەموو ئەو کارانەدا کە کراون و لە هەموو ئەو سەرکەوتنانەدا کە هاتوونەتە مەیدان، عینایەتى خوا بوونى هەیە. ئەگەر ئەو، چاودێری و تەوفیقى خۆى نەکردایە بە هاوەڵمان، ئێمە ناتوانین هیچ بکەین یان ئەو شتانەى دەیانکەین تەمەندرێژ نابن. هەزار ساڵ تەقالا دەدەن و تێدەکۆشن و شتیک بونیات دەنێن، بەڵام هەرکە ئەو عینایەتى خۆى لەسەرتان لابرد، ڕەشەبایەک بە ئاڕاستەى پێچەوانە دێت و هەموو ئەو خەرمانە دەدات بە با کە کۆتان کردووەتەوە.

دەستگرتن لە بیرکردنەوە ڕاستڕەوانە لەم بابەتەدا، هەروەک چۆن لە ڕوانگەى نەکەوتنە ناو شیرک گرنگە، بەهەمان جۆرە قەڵا و شوورایەکیش وایە بەرامبەر بەو کاولکارییانەى کە دەکرێت ڕوو لە خزمەت بکەن. ئەگەر خواى گەورە ئەو خزمەتانە بپارێزێت کە لە ڕێگەى خۆیدا دەکرێن، ئەمە لە سایەى ئەوەدا دەبێت کە ڕوو لەو بکەین و لەوەوە نزیک بین. ئەگەر ئێمە بەرامبەر بە شیرک بەتەواوەتى دەرگاکانمان دابخەین و لەناوەوە قوفڵى لێبدەین و بە گەڕاندنەوەى هەموو شتێک بۆ لاى خوا بە تەوحیدى تەواوەتى بگەین، ئەویش عینایەت و لوتفى خۆى بەردەوام دەکات.

واتە ئێمە وەک ئیمانداران باوەڕمان وایە یەکێتی و یەکڕیزیی نێوان تاکەکانى کۆمەڵێک، تەوفیقى سوبحانیی ڕادەکێشێت؛ عینایەتى ئەو لەسەر ئەو کەسانە دەبێت کە ئاوێتەى یەکتر بوون و بەرەو هەمان ئاڕاستە دەڕۆن و دڵیان بە هەمان هەست لێدەدات؛ هەر بۆیە ئەو جوانییانەى کە دێنە مەیدان پەیوەندییان بە هەوڵ و تێکۆشانى تێکڕاى کۆمەڵەکەوە هەیە.

ئێمە بەگوێرەى دەستوورى گونجانى نێوان هۆکار و ئەنجامەکان بیردەکەینەوە، لەپێناو دەرکەوتنى ئەو دەرەنجامانەدا کە ئارەزوویان دەکەین کۆمەڵێک هۆکارى ماددى بە گرنگ دەبینین و دەیانهێنینە جێ. بەڵام خواى گەورە هەندێک جار بەجۆرێک بەرەکەت دەخاتە ناو ئەو کارانەوە کە بە ئیخلاصەوە کراون، یەکمان دەکات بە هەزار و دڵۆپمان دەکات بە دەریا. بەپێى گەورەیی نییەت و هیممەتمان لوتفى زیادە و دەراسامان پێدەبەخشێت.

جگە لەمە، سەرقاڵبوونى هەندێک لە تاکەکان بە خزمەتەوە، بە کارپێسپاردنى (إستخدام) خوایی دەبینین. خواى گەورە، وەک داخوازییەکى موڕادى خۆى، ئێمە لە بەجێهێنانى هەندێک وەزیفەى دیاریکراودا وەک بووکەڵە بەکاردەهێنێت. گەرچى ئەوە ئێمەین کە لەبەردەم پەردەى شانۆکەدا وەستاوین، بەڵام لەڕاستیدا ئەوە خوایە کە بەدیدەهێنێت و بەڕێوەیدەبات. هەموو شتێک لەلایەن ئەوەوە ئیدارە دەکرێت. چونکە وەک قورئان دەفەرمووێت، خوا بەدیهێنەرى خۆیشمان و کردەوەکانیشمانە. ئەوە خوایە کە دەمانخاتە قسە و کار.

ڕەچاوکردنى مافى گشتى

کاتێک لە ڕوانگەى هۆکارەکانەوە لە باسەکە دەڕوانین دەتوانین بڵێین: ئەگەر کارێک لەگۆڕێدا بێت کە شایانى ستاییش و ڕێز بێت، ئەوا دەبێت مافى هەموو ئەوانە بدرێت کە لە دەرکەوتنى ئەو ئەنجامەدا ئەمەکیان داوە. هەتا ئێستا دونیایەک خەڵک خۆیان بۆ خزمەتکردن بە دینى ئیسلام یەکلایی کردووەتەوە، خۆیان بۆ بانگەوازى بەرزکردنەوەى ناو خوا تەرخانکردووە و لەپێناو دروستبوونى زەمینەیەکى گونجاودا تێکۆشاون؛ بەبێ ئەوەى چاوەڕێى هیچ پاداشتێکى دونیاییش بکەن. کەوایە دەبێت ماف بدرێت بە هەموو خاوەن مافێک. ئینسان دەتوانێت خۆى بکشێتە دواوە و واز لە مافى شەخسیی خۆى بهێنێت، بەڵام ناتوانێت ئەمە بە ناوى کەسانى دیکەشەوە بکات.

ڕەچاوکردنى ئەم خاڵە ورد و ناسکانە لەو کارانەدا کە دەکرێن و نەگەڕاندنەوەى سەرکەوتنەکان بۆ چەند کەسێکى دیاریکراو، شتێکى زۆر گرنگە. دەنا هەم مافى خەڵکێکى زۆر دەخورێت و هەم لە ڕوویەکیشەوە هاوەڵ بۆ خوا دادەنرێت. ئەهلى دونیا لەم جۆرە بابەتانەدا لەناو غەفڵەتدان، بەداخەوە باوەڕدارانیش زۆرجار لە هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەکانیاندا هەستیاریی پێویست نانوێنن. هەندێک جار ئەو ئەنجامانەى کە لەدواى هەوڵ و تێکۆشانى ئەهلى هیممەت دەرکەوتوون، دەبەستنەوە بە هەندێک کەسى دیاریکراوەوە، هەندێک جاریش عینایەت و لوتفى خوا نادیدە دەگرن. سەرەتا پێویستە ئەم شتانەى کە هەم لە ڕووى عەقیدە و هەم لە ڕوانگەى واقیعەوە هەڵەن، ڕاستبکرێنەوە.

بەکورتى، کەسانێک کە لەگەڵ تەوحید ئاوێتە نەبوون، زاراوە دینییەکان نازانن و لە بابەتى پاراستنى مافى گشتیدا زۆر هەستیار نین، ئەگەر زۆر وەفادار و تێکۆشەر و بابەتى و دڵسۆزیش بن، هێشتا ناتوانن وەک خۆى باسى بزووتنەوەى خزمەت بکەن و لە حزوورى مێژوودا شایەتیی ڕاست و دروستى لەسەر بدەن. ئەوان لەبەرئەوەى بابەتەکان بەگوێرەى شێوازى بیرکردنەوە و دونیابینیی خۆیان تاوتوێ دەکەن، هەمیشە لەپشت خزمەتەکاندا کەسەکان دەبینن، هەندێک جار دەیبەستن بە ڕۆحى دەروێشایەتى و مەولەوییەتى ئێوەوە، هەندێک جاریش دەیبەستنەوە بە ڕەوشت و سەرڕاستیتانەوە، بەڵام بە هیچ جۆرێک کاریگەرى ڕاستەقینە کە عینایەتى ئیلاهییە نابینن.

بۆیە ئەگەر بڕیار بێت کەسانێک لەمەڕ ئەم جووڵانەوە بنووسن، ئێمە ناتوانین ڕێ لە نووسەران بگرین و شتێکیان پێبڵێین، بەڵام لەپێناو پێدانى ماف بە بابەتەکە، پێویستە کەسانێک ڕابەرایەتیی ئەم کارە بکەن کە خۆیان بۆ ئەم خزمەتە تەرخانکردووە، تەمەنیان لەناو ئەم جووڵانەوەیەدا بەسەربردووە، چەندەها جار عینایەتى خواییان بە چاوى خۆیان بینیوە و پەنجا جار دیویانە کە ئەنجامەکان ناکرێت بەرهەمى هۆکارە ئاساییەکان بن.

ستاییشکردنى تێز و نووسراوەکان

سەرەڕاى ئەمە، ئەوەى کە خاوەن بیر و هەستە جیاوازەکان خزمەتە ئەنجامدراوەکان ببینن، لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنى خۆیان دەربارەیان دەرببڕن، هەستى ستاییشى خۆیان بهێننە سەر زمان، شتێکى گرنگ و بەنرخە. بەتایبەت لە کاتێکدا کە هەندێک لە زاڵمان و سەرکەشان بەدواى دەرفەتدا دەگەڕێن بۆ ئەوەى پەلامارتان بدەن و هەرکە دەستیشیان کەوت تیربارانتان دەکەن، وەستانى هەندێک لە دەنگەکان لەگەڵ ئێوەدا و بەرگریکردنیان لەوەى کە کارەکانتان بەسوودن بۆ دونیا و مرۆڤایەتى، ئەمەیان بەتایبەت شایانى ستاییشە. هەڵوێستێکى بەشەرەفانەى لەم جۆرە لەپاڵ ئەوەدا کە ورەى مەعنەویی ئێوە بەهێز دەکات، لە ڕوانگەى بڕینى دەنگى دوژمنەکانیشتانەوە داراى گرنگییە.

دەبێت ئەوەش لەبیرنەکرێت کە: لەمڕۆدا چینێک هەیە کە ڕوویان بەتەواوەتى لە ڕۆژئاوا کردووە و هەرشتێک کە لەوێوە بێت بێدوودڵى قبووڵ دەکەن. وتەى نووسەر و ڕۆشنبیرە ڕۆژئاواییەکان بۆ ئەوان گرنگیی زیاترە. ڕۆژئاوا، میحراب و قیبلەى ئەوانە. گوێ زیاتر بۆ ئەو دەنگانە هەڵدەخەن کە لەوێوە دێن، بەجددیتر وەریان دەگرن. لەم ڕووەوە، ئەگەر موتاڵا و هەڵسەنگاندنى هەندێک لە ئەکادیمییە ڕۆژئاواییەکان دەربارەى جووڵانەوەى خزمەت وا بکات کە هەندێک لە سەرکەشان لە ئێوە تێبگەن، لانیکەم گەر بەرامبەر بە کارە جوانەکان هەندێک مەراق لەواندا بوروژێنێت، ئەوا سوپاس و ستاییشکردنى ئەم جۆرە چالاکییانە دەکەوێتە ئەستۆمان.

لەلایەکى دیکەوە، هەرچەندە کەسانێک لە ژینگەى کولتووریی جیاوازدا پەروەردە بوون و خاوەنى دونیابینیی جیاوازن، گەر ئەو خزمەتانەى کە دەکرێن بە شتانى بەسوود ببینێت و ستاییشیان بکات و لەپێناو باسکردنى بۆ کەسانى تر چالاکیی ئەکادیمیی ئەنجام بدات، کەوایە دەبێت ئێمەش بەرامبەریان هەتا دەتوانین قەدرشناس و بەڕێز بین. ئەگەر هەندێک لە زانایان، لە دونیایەکدا کە خەڵک یەکتر دەشکێنن و نانیان لە پێکدادان و جەنگەکاندایە و هەوڵدەدەن هەموو مەسەلەیەکى خۆیان لە ڕێگەى هێز و زۆرەوە چارەسەر بکەن، ئەوە بە گرنگ ببینن کە ئێوە بە خۆشەویستى و میهرەبانییەوە باوەش بۆ هەموو کەسێک دەکەنەوە، پاڵپشتى لە چالاکییەکانى بوارى لێبوردەیی و دیالۆگى ئێوە بکەن و لە هەموو فرسەتێکدا باسى ئێوە بکەن، ئەوا ئێوەش دەبێت بە ستاییشکردن یادى ئەم هەوڵانە بکەنەوە.

کەوایە ئەو نووسین و وتارانە کە لەبارەى بزووتنەوەى خزمەتەوە دەنووسرێن و دەوترێن گەرچى نەتوانن وێنەى تەواوەتیی ئەو بکێشن، بەڵام لەبەرئەوەى گوزارشت لە لایەنێکى گرنگى حەقیقەت دەکەن و دەبن بە هۆکارى کۆمەڵێک قازانجى گرنگ بۆ ئێوە، پێویستە بە ستاییش و چەپڵە پێشوازییان لێبکرێت. لە سایەى ئەواندا دەگونجێت عینادیی چەندین سەرکەش بشکێت، دەنگى نکووڵیکاران کز ببێت، کەسانێک کە لە ناوەڕاستدا وەستاون زیاتر لێتان نزیک ببنەوە، ئەوانەش کە بێئاگان لە ئێوە سەرنجیان بۆ لاى ئێوە کێشببێت، کاریگەریی ئەوانە کەم ببێتەوە کە ئێوە بەهەڵە دەناسێنن و هێز و ورەى مەعنەویی ئێوەش پتر ببێت. ئەم کار و چالاکییانەى کە ئەم هەموو قازانجەیان تێدایە، بێگومان ناکرێت وەک بێنرخ ببینرێت.

قازانجى لە دەرەوەڕا ڕوانین

دەتوانین بڵێین کە ڕوانین لە دەرەوە بۆ ئەو خزمەتانەى کە دەکرێن هەندێک قازانجیشى تێدایە. شتان هەندێک جار بەهۆى دژەکانیانەوە دەردەکەون. بۆ نموونە، کەسێک کە تامى ئیمانى نەکردووە، نازانێت فیداکارى چییە، پەیوەندییە مرۆییەکانى لەسەر بنەماى بەرژوەندى هەڵچنیوە و لە مەعنەوییەتەوە دوورە، کاتێک حەسبییەت و جوامێرى و خۆتەرخانکردنى ئێوە دەبینێت لەوانەیە شۆک ببێت. کاتێک هەندێک فەزیلەت لە ئێوەدا دەبینێت کە لە دونیاى تاریکى خۆیدا نەیدیوە و لە ژیانى خۆیدا ئەزموونى نەکردووە، لەوانەیە زیاتر لە بەهاکەى تێبگات. دەکرێت پەیوەندیی ئێوە لەگەڵ خوادا، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانتان، پەیوەندییە مرۆییەکانتان، ئەدەب و ئەخلاقتان بۆ ئەو زۆر ئۆریجیناڵ و ڕەسەن بێت. بەڵام ئێوە چونکە لەناو ڕووناکیدا گەورەبوون، لەوانەیە وەک ئەوان نەتوانن هەست بە گرنگیی ئەم شتانە بکەن. چونکە لە جێیەکدا کە تاریکى نەبێت هەست بە ڕووناکیش ناکرێت.

جگە لەمە، کەسانێک کە سەرکەوتنى ئەکادیمییان هەیە، لە کێشەکانى مرۆڤایەتى ڕادەمێنن تواناى ئەوەیان هەیە بابەتە کۆمەڵایەتییەکان شیکاربکەن، لەبەرئەوەى بەردەوام زیهن و مێشکیان لەسەر ئەم بابەتانە ڕاهێناوە، کاتێک ئێوە دەخەنە سەر مێزى شیکار، لەوانەیە بە دەرەنجامى زۆر جیاواز بگەن. بەداخەوە لە دونیاى ئێمەدا تەمبەڵیی بیرکردنەوە باڵى کێشاوە. مێشکەکان کاریان پێناکرێت. لەوانەیە هەندێک زەینى چالاک هەبن. بەڵام ئەوانیش لە ڕێگەى هەندێک پێشداوەرییەوە لە ئێوە دەڕوانن. ئەگەر لە سەد ڕێگاى جیاوازیشەوە خۆتان بناسێنن، باوەڕتان پێناکەن. ئەگەر ئەو شتانەش کە ئەوان بەدڵیانەو ستاییشى دەکەن، بە کردارى سەرکەوتووش بخەیتە بەردەمیان، هەر باوەڕتان پێناکەن. بۆیە سەرقاڵبوونى هەندێک لەو مێشک و زەینانەى کە کاردەکەن و چالاکن لەمەڕ بزووتنەوەکەتان، دەبێت وەک هەلێک ببینرێت.

بەڵێ، ئەرکى ئێمە ئەوەیە ئەو جوانییانەى کە بەهۆى تەوفیقى خواییەوە پێیان شادبووین هەتا دەتوانین پیشانى زۆرترین کەسى بدەین، بیر و هەستەکانمان بۆ زۆرترین کەس باسبکەین. دەبێت هەوڵبدەین کە بە هەموو کەسێک بگەین، لەگەڵ ئەهلى هیممەت بە یەکتریان بناسێنین، دەبێت سوود وەرگرتنى ئەوان لە بیر و بۆچوونەکانیان دەستەبەر بکەین. دەبێت بەنێو دامەزراوە پەروەدەییەکانماندا بیانگێڕین، لە ماڵەکانمان میواندارییان لێبکەین، دەرفەتی ئەوەیان بۆ بڕەخسێنین کە لە نزیکترەوە ئێمە بناسن. پێویستە لە نزیکەوە ئاگادارى داوێنپاکى، بێگەردى، فیداکارى، حەققانییەت و ئەو خولیا و هەستە جوانانەتان بن کە بۆ مرۆڤایەتى هەڵتان گرتوون. پێویستە لە نزیکەوە ببینن کە خزمەتەکان چۆن دەکرێن، لەسەر کام ڕایەڵانە دەڕۆن بە کام وزە بەڕێوە دەڕۆن. پێویست بە داستانى حەماسى ناکات. گرنگ ئەوەیە بێکەموکورت نوێنەرایەتیی ئەو بەهایانە بکرێت کە باوەڕمان پێیانە. ئیدى ئەوکات ئەو سیمینار و کۆنفڕانسانەى کە لەسەر ئێوە دەبەسترێن  بەشێوەیەکى ئاستبەرزتر بەڕێوەدەچن، ئەو کتێبانەش کە دەنووسرێن زیاتر گوزارشت لە حەقیقەت دەکەن.

  • https://s1.wohooo.net/proxy/herkulfo/stream
  • Herkul Radyo