هەڵوێستى ئیماندارانە بەرامبەر بە ستەمەکان

هەڵوێستى ئیماندارانە بەرامبەر بە ستەمەکان
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

پرسیار: لە چەندین شوێندا دەبینین قورئان فەرمانەکانى وەک سەبر، لێخۆشبوون، گوێنەدان بە نەزانەکان و گوێنەدان بە قسە و گوفتارە خراپەکان بۆ پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) دەردەکات. ئەم جۆرە ئایەتانە چ مانایەکیان بۆ پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) و ئایا ئەم فەرمانانە ڕوویەکیان هەیە کە لە ئێمە بێت؟

وەڵام: پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) لە هەموو ڕوویەکەوە خاوەنى توانا و لێهاتنێکى بەرز بوو. بەرامبەر بە ڕووداوەکانى چواردەورى، بەشێوەیەکى نائاسایی هەستیار بوو. خاوەنى ورد و ناسکییەکى سەرسوڕهێن بوو لە سروشتیدا. عیززەت و شەرەف و کەرامەت و ئیعتیبارى لە لوتکەدا بوو. بۆیە دەبێت لە ڕوانگەى فیترەتى هەستیارى ئەوەوە لە ناڕەحەتیی ئەو بەرامبەر بەو کردار و گوفتارە نابەجێ و ناشرینانە بڕوانین کە ئاڕاستەى کراون. حەزرەتى جیبریل کە وەک خۆى فەرمانە خواییەکان جێبەجێدەکات و چەندین فەرسەخ لەو شتانە دووردەکەوێتەوە کە خوا قەدەغەى کردوون، گەر گوناهى بدرێتە پاڵ چەند بێزاردەبێت؛ فەخرى کائیناتیش (صلى الله علیە وسلم) کاتێک سووکایەتى بەرامبەر دەکرا و بوختانى بۆ هەڵدەبەسترا ئەوەندە بێزار و ناڕەحەت دەبوو. قسەى ناشرین و بێپێوانەى موشریک و مونافقەکان، فیترەتى ناوازەى ئەویان زۆر دەڕەنجاند.

بێباوەڕان تەنها هێرشیان نەدەکردە سەر کەسایەتى و پێغەمبەرایەتیی ئەو، بەڵام نکووڵییان لە بنچینەکانى دیکەى ئیمانیش دەکرد و دژى ئەو پەیامە دەوەستانەوە کە ئەو هێناویەتى. زمانیان درێژدەکرد بەرامبەر بە موقەددەساتەکانى دین. دەرهەق بە زاتى ئولوهییەت قسەى بەرز و نزم و بێڕێزانەیان دەکرد. لەپاڵ خواى گەورەدا، بەندایەتییان بۆ لات و مەنات و عوززا و ئیساف و نائیلە و هاوشێوەکانیان دەکرد. ئەو خەفەتى بە بێڕێزیی بەرامبەر بە خوا نەخواردایە کێى تر بیخواردایە؟! جگە لەمە، خەڵکانى سەردەمى جاهیلى بەم کارانەیان ئاخیرەتى خۆیشیان وێراندەکرد و خۆیان دووچارى بەدبەختیی هەمیشەیی دەکرد. پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) کە بۆ میعراج بەرزکراوەتەوە، جوانییە سەرسووڕهێنەکانى بەهەشتى دیوە، موشاهەدەى دیمەنە ترسناکەکانى ئاخیرەتى کردووە، بە بینینى خواى گەورە شەرەفمەند بووە، حەتمەن خەم و خەفەتێکى زۆریان بەو بەخشیوە.

بیهێننە پێش چاوى خۆتان، خەڵک سەرى خۆیان هەڵگرتووە و بەرەو نەزانراوێک دەڕۆن. وەک کەوتبنە بەردەمى لافاوێک، هەوا و ئارەزووەکانیان ڕاپێچى کردوون. بەجۆرێک چارۆکەیان بە ڕووى دەریاى سەرپێچییەکاندا هەڵداوە، ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ ڕۆخ و کەنارى ئارامى. دەگونجێت بەرامبەر بە هەموو ئەم شتانە ئەو ڕۆحە مەزنە مەحزون نەبێت و خەم نەخوات؟ کەوایە بابەتەکە تەنها پەیوەندیی بە شەخسى پێغەمبەرەوە (صلى الله علیە وسلم) نییە و نابێت تەنها وەک لەکەداربوونى عیززەتى ئەو لە بابەتەکە بڕوانرێت. کەسانێک لەبەر چاویدا ئاخیرەتیان دەدۆڕاند و بەرەو عاقیبەتێکى خراپ ڕاپێچدەبوون. لەحاڵێکدا ئەو بە پەیامى ئەوەوە هاتبوو خەڵک بە پەروەردگاریان بناسێنێت، ڕێگاکانى بەهەشتیان نیشان بدات و لە دەربەدەریی هەمیشەیی ڕزگاریان بکات. لەبەرامبەر هەموو ئەم شتانەوە پێدەچێت بیرکردنەوەى ئەم بەم جۆرە بووبێت: چۆن دەکرێت خەڵک لە هەموو ئەم جوانییانە و مەزهەرییە جۆراوجۆرە ئاخیرەتییەکان مەحروم ببن؟! چۆن دەکرێت بەرەو سزاى گیان سووتێنى دۆزەخ هەنگاو بنێن؟

لەلایەکى دیکەوە، تاکە کەسێک کە دووچارى ئازار و ئەزێتى موشریکان دەبووەوە تەنها پێغەمبەرى خوا (صلى الله علیە وسلم) نەبوو. ئەصحابەکەشى تووشى ئەشکەنجەى جۆراوجۆر دەکرانەوە، یەک لەسەر یەک گورزیان لێدەوەشێنرا. بیلال، بەردى گەورە و قورس دەخرایە سەر سنگى و لەسەر لمى سووتێنەر پاڵدەخرا. یاسر و سومەییە بە ڕم شەهید دەکران. کەسانى تر لە خاچدەدران، بەند دەکران، ئەشکەنجە دەدران، بایکۆت دەکران. هاوشێوەى ستەمکارانى ئەمڕۆ، ستەمکارانى ئەو ڕۆژگارەش بەبێ جیاوازیی لەنێوان ژن و پیاودا ئەزێتى بڕوادارانیان دەدا. پێغەمبەریش (صلى الله علیە وسلم) لە ویژدانى خۆیدا هەستى بە ئازار و ناڕەحەتیی تێکڕاى صەحابییەکانى دەکرد. چۆن وا نەبێت، لەکاتێکدا خواى گەورە لە کتێبە گەورەکەیدا ناوەکانى “ڕەئوف” و “ڕەحیم” –کە ناوى خۆین- بۆ ئەو بەکارهێناوە. واتە ئەو هەتابڵێیت میهرەبان بوو، بەبەزەیی بوو، خاوەنى ڕۆحێکى ناسک بوو. باوەشى بۆ هەموان دەکردەوە. بەرامبەر بە دیمەنە نەرێنییەکان دڵى دەقرچا. خاوەنى ویژدانێکى فراوانى وەها بوو کە باوەشى بە هەموو مرۆڤایەتیدا کردبوو، ئاگر لە هەرکوێ بەربووایە پێش لە هەرکەس دڵى ئەوى دەسووتاند. ئێمە ناتوانین پێشبینیی خەم و ئازارى ڕۆحێکى فراوان و ویژدانێکى هەستیار و دڵێکى پڕ لە بەزەیی و میهرەبانى، لەبەرامبەر هەموو ئەم شتانەوە بکەین.

ئەگەر لە ڕوانگەى ڕۆح و ئاسۆى موحەممەدییەوە لە بابەتەکە بڕوانین –نەک تەنگى و تەسکیی خۆمان-، ئەوکات دەردەکەوێت ئایەتى “با قسەوباسى ئەوان خەمبارت نەکات”[1] چەند مانابەخشە. لە سوورەتى (یونس)دا، لەدواى ئەم دەستەواژەیە، دەفەرمووێت “عیززەت بەڕەهایی تایبەتە بە خوا”.[2] کەوایە ئیدى با هەر ئەوان شتانێک بڵێن کە لەگەڵ گەورەیی زاتى ئولوهییەتدا ناگونجێت، لە خۆیانەوە شتانى ناڕاست بدەنە پاڵى. زاڵبوون و بەرزێتى و هێز و تواناى تاقانە هیی خوایە. قسەى کافران هێندەى گەردیلەیەک کەموکورتى ناتوانێت بداتە پاڵ ناوەکان، سیفەتەکان، شەئنەکان، ئیعتیبارەکان و زاتى خواى گەورە.

پێغەمبەرى خوا (صلى الله علیە وسلم) کە بەرامبەر بە هەڵوێستى بێڕێزانەى بێباوەڕان دڵتەنگ دەبوو، بەهۆى ئەم ئایەتەوە هەم دڵنەوایی وەردەگرت و هەم ڕاستیش دەکرایەوە. لەم ئایەتە و هاوشێوەکانیاندا پیشانى دەدرا چۆن بجووڵێتەوە. بۆ نموونە، لە سوورەتى (المزمل)دا کە یەکێکە لە یەکەمین نازڵبووەکان، دەفەرمووێت: “سەبر بگرە لەسەر ئەوەى کە دەیڵێن و هەتا دەتوانیت بەجوانی لێیان دووربکەوەرەوە.”[3] ئەم ئایەتانە بەتایبەت بۆ پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) زۆر گرنگ بوون کاتێک لە قۆناغى مەککەدا ناچاربوو بەرگەى ئەزێت و ئەشکەنجەى جۆراوجۆرى موشریکان بگرێت. بەهەمان شێوە، هەتا کاتى قیامەتیش، شێوازى هەڵسوکەوتى دروست پیشانى هەموو ئەهلى بانگەواز و ڕێنموونى دەدات کاتێک ڕووبەڕووى بارودۆخى هاوشێوە دەبنەوە.

سەبر، ناوى گیایەکى زۆر تاڵە، بەڵام سوودى زۆرە. کردارى سەبرگرتنیش کە لە هەمان ناوەوە هاتووە، سەرەتاکەى وەک ژەهر تاڵە، بەڵام لە ڕووى دەرەنجامەوە شیرینە. سەبر، لە ڕوویەکەوە وەک چاندنى تۆو وایە. کەسێک کە دەیەوێت بەروبوومى دەست بکەوێت، دەبێت پێشتر خاکەکەى ئامادەبکات، بیکێڵێت، پەیینى تێبکات، ئاوى بدات، بژارى بکات. ئەگەر بەرگەى هەموو ئەم ناڕەحەتییانە بگیرێت، تۆوەکان سەریان لە خاکەوە دەردەهێنن، نەمام و چرۆ دەکەن، میوە دەبەخشن. ئەگەر ئێمەش دەمانەوێت لەو جێیەدا کە پێى تێدەخەین گوڵ بڕوێت و بولبولان بجریوێنن، ئەوا دەبێت بەرگەى ئەو ناڕەحەتییانە بگرین کە تووشمان دەبن. وەک لە وتەى جواندا وتراوە “ئەوەى ئارام دەگرێت، بە سەرکەوتن دەگات.” ئەگەر چەند لە دەستتان دێت بتوانن هێرش و جوێن و سووکایەتیی هەندێک لە نادانەکان بەجوانى تێبپەڕێنن، ئەوا دەرەنجام ئێوە براوە دەبن.

لە چەرخى بەختەوەریدا، لەسەر زمانى موشریکان و مونافقان و ستەمکاران هەندێک لاقرتێ و گاڵتە هەبوون کە سەرەتا پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) و پاشان تەواوى ئیماندارانیان ئەزێت دەدا. چەشنى ئەمە، نکووڵیکار و مونافقانى ئەمڕۆش سووکایەتى و بوختانى هاوشێوە دووبارە دەکەنەوە. ئەرکى سەرشانى ڕێبوارانى ڕێگاى پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم)، ئەوەیە لە هەموو ئەم شتانەدا پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) بکەن بە نموونە بۆ خۆیان، دان بە خۆیاندا بگرن و هەرگیز وەک ئەوان وەڵام نەدەنەوە. گوێ لە ئایەتەکە بگرن و چەند دەتوانن لەناو ئەم شتە نەرێنییانە نوقم نەبن و بە وێناکردنى باطل زیهنە خاوێنەکان نەشێوێنن.

ئەم ئایەتەش ئاماژە بۆ هەمان خاڵ دەکات: “تۆ ڕێگاى لێخۆشبوون بگرە، بەرەو لاى چاکە بانگبکە و گوێ بە نەزانەکان مەدە.”[4]

لێرەدا یەکەم شت فەرمان بە لێخۆشبوون لە خەڵک و دەستگرتنى توند بە لێبوردەییەوە دەکرێت. بەدوایدا دەفەرمووێت (وَأْمُرْ بِالْعُرْفِ). وشەى (عرف) و (معروف) کە لەوەوە داڕێژراوە، لەپاڵ فەرمانەکانى ئاییندا، لە هەمان کاتدا ئەو عادەت و نەریت خووانەش دەگرێتەوە کە بە پاڵێوگەى دیندا تێپەڕیون و لەلایەن خەڵکەوە بە شتانى جوان دەبینرێن. واتە ئەم ئایەتە لە کاتى دواندنى بەرامبەرەکاندا داواى بەکارهێنانى ئوسلوبێک دەکات کە لەگەڵ بنەماکانى دین و عەقڵدا بگونجێت، کەس بەلایەوە نامۆ نەبێت و لەگەڵ هەستى ساغدا یەکبگرێتەوە.

بەدوایدا فەرمان دەکات کە گوێ بە نەزانەکان نەدرێت. چونکە کەسێک کە بەردەوام ڕوویان تێدەکات، گوێ بۆ قسەیان هەڵدەخات و خۆیان پێوە خەریک دەکات، بەرامبەر بە ئەزێت و ئازارى ئەوان ناڕەحەت دەبێت، لەرزەى پێدەکەوێت، ناتوانێت لەسەر ئەو کارانە چڕببێتەوە کە ئەسڵەن دەبێت تەرکیزیان بخاتە سەر. ئەمەش دەبێت بەهۆى پەککەوتنى خزمەتەکان. هۆکارى ئەوەى کە بەدیعوززەمان چەندەها ساڵ ڕۆژنامەى بە دەستەوە نەگرتووە و گوێى لە میدیا نەگرتووە، ئەمەیە. چونکە میدیاى ئەو ڕۆژگارە مانەندى میدیاى تاریکى ئەمڕۆ، بەردەوام درۆى بڵاودەکردەوە، تۆمەتى هەڵدەبەست، تەزویراتى دەکرد. ئەگەر مامۆستا سەرقاڵى ئەم شتانە بووایە، وەک مەلەوانێک نەیدەتوانى لە دەریاى قورئاندا ڕۆبچێت و گەوهەرى و مرواریی لێوە دەربهێنێت. ئەگەر دونیاى دڵ و زیهنتان بە قسەوباسى بێکەڵک و بێنرخى خەڵکەوە خەریک بکەن، ئەو سەرمایە و وزەیەى کە هەتا لە جێیەکى هەڵەدا بەکاردەهێنن، کارە پێویستەکانى خۆتان دەخەنە پلەى دووەمەوە.

لە ئایەتێکى دیکەدا دەفەرمووێت: “وازیان لێبهێنە با لەو شتەدا کە نوقمبوون خەریکى یاریکردن بن.”[5] ئەگەر کەسانێک بەردەوام درۆ و بوختان بکەن و هانا بۆ سووکایەتى بەرن بۆ ئەوەى چڵک و چەپەڵیی ناو ڕۆح و زیهنى خۆیان بڕێژنە ناو ڕۆح و زیهنى کەسانى ترەوە، ئەوا هەڵوێستى شاییستە بە ئیماندار ئەوەیە لەناو چاڵ و تاریکیی خۆیاندا بەجێیان بهێڵین.

گەرچى هەموو ئەم ئایەتانە وا دەردەکەون لە ئاستى یەکەمدا ڕوویان لە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) بێت، بەڵام لە ڕێگەى ئەوەوە وانەیەکى گرنگى ژیان و ئوسلوب بە تێکڕاى ئیمانداران دەوترێتەوە.

[1] ﴿فَلَا يَحْزُنْكَ قَوْلُهُمْ﴾، (سورة یس: ٧٦ )

[2] ﴿إِنَّ الْعِزَّةَ لِلَّهِ جَمِيعًا﴾ (سورة يُونُسَ: 10/65)

[3] ﴿وَاصْبِرْ عَلَى مَا يَقُولُونَ وَاهْجُرْهُمْ هَجْرًا جَمِيلًا﴾ (سورة الْمُزَّمِّلِ: 73/10)

[4] ﴿خُذِ الْعَفْوَ وَأْمُرْ بِالْعُرْفِ وَأَعْرِضْ عَنِ الْجَاهِلِينَ﴾ (سورة الأَعْرَافِ: 7/199)

[5] ﴿ثُمَّ ذَرْهُمْ فِي خَوْضِهِمْ يَلْعَبُونَ﴾ (سورة الأَنْعَامِ: 6/91)

  • https://s1.wohooo.net/proxy/herkulfo/stream
  • Herkul Radyo