گەرچى ئینسان لە دونیادا مەحکوم بە فەنا دروستکراوە، وەلێ لە ڕوانگەى ئەو ماهییەتەوە کە خاوەنیەتى، پاڵێوراوى ئەبەدییەتە، ئارەزووى هەتاهەتایی دەکات و بوونەوەرێکە کە بەرەو هەمیشەیی دەڕوات. یەکێک لەو خەسڵەتە سەرەکییانەى کە مرۆڤ لە زیندەوەرانى دیکە جیادەکاتەوە ئەمەیە. لەم ڕووەوە، مرۆڤ مەحکوم نییە بەوەى لە چوارچێوەیەکى تەسکدا بژى. بۆیە ئەرکى بنەڕەتیی مرۆڤ ئەوەیە شوێن ئەو ڕێگایە بکەوێت کە دەیگەیەنێت بە ئاسوودەیی ئەبەدى و لەپێناو بەدەستهێنانى ئەم ئامانجە بەرزەشدا بەدرێژایی تەمەن هەوڵ بدات.
ئامانجى تاقانەى مرۆڤ پێویستە خوا بێت. هەموو کەسێک دەبێت ئەوە بێت کە خواى خۆشبوێت، لاى خەڵک خۆشەویستى بکات، بە ئەو بگات، کەسانى تر بە ئەو بگەیەنێت، لە دڵى خەڵکیشدا حەز و ئارەزوو بەرانبەر بە ئەو بوروژێنێت. چونکە ئەو ئامانجى ئامانجەکانە. هەموو شتێکى ترى جگە لەو، لەو ڕوانگەیەوە کە دەبێت بە ئامڕازى گەیشتن بە ئەو، بەها و نرخ پەیدا دەکات. وەک چۆن کە بەهاى مەلائیکەتەکانیش بەهۆى نزیکییانەوەیە لەو، بەرزیی پێغەمبەرە بەڕێزەکانیش نزیکییان لە ئەو و گەیاندنى خەڵکە بە ئەو. قیمەت و بەهاى حەزرەتى (روح سید الأنام) لە دیدى ئێمەدا ناتوانرێت پێوانە بکرێت. سەرەڕاى ئەمە، ئێمە بەو ناڵێین ئامانجى ڕاستەوخۆ، بەڵکو دەربارەى ئەو دەڵێین “ئامڕازێک هێندەى ئامانج بەنرخ”. ئەمە داخوازیی بیروباوەڕى ئێمەیە. چونکە کاتێک شایەتومان دەهێنین، سەرەتا دان بە بوون و یەکتایی خواى گەورەدا دەنێین، ئنجا ناوى پێغەمبەر (صلى اللە علیە وسلم) دەبەین وەک گرنگترین ئامڕاز بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.
کەسانێک کە چاویان لە ڕەزامەندیی خوا بڕیوە و لەسەر غایەى خەیاڵێکى بەرز قورمیش بوون، ڕاستڕەوانە دەژین. ئەوان لە سایەى ئەو پەیوەندییە قووڵەى کە لەگەڵ پەروەردگاریاندا هەیانە، لەبەرانبەر ڕەشەبا بەهێزەکانەوە نالەرزن و ئاڕاستە ناگۆڕن. بەڵام ئەوانەى کە شوێن ئامانجێکى بڵندى لەم جۆرە ناکەون، بەرانبەر بە زریانەکان دیار نییە بەرەو کوێ ڕاپێچ دەبن. لەبەرئەوەى قیبلەیەکى دیاریکراویان نییە، هیچ بایەک یارمەتییان نادات بەرەو ئامانج بڕۆن. گەرچى ماوەیەک لەسەر ڕێى ڕێک ڕاستڕەو بن، بەڵام ئەمە زۆر ناخایەنێت؛ لەناکاو شوێن خواست و ئارەزووە نەفسانى و شەیتانییەکان دەکەون، بەرەو توولەڕێ و هەورازەکان لادەدەن، پەرێشان دەبن و لەنێو ئاوە قووڵەکاندا نوقم دەبن.
با جارێکى تریش دووبارەى بکەینەوە کە بۆ کەسانى باوەڕدار، سەرەتا ناسینى خوا و ناساندنى، پاشان ناسین و ناساندنى ئەوانەیە کە ئەو دەناسێنن؛ شوێنکەوتنى ئەو کەسایەتییانە کە تەمسیلى ئەو دەکەن. ئەوەتا پێغەمبەریش (صلى اللە علیە وسلم) ئامۆژگاریمان دەکات بەتوندى دەست بە ڕێگاى خۆى و خەلیفە ڕاشیدەکانیەوە بگرین و هەرگیز لێى لانەدەین. گەیاندنى مرۆڤێتیی ڕاستەقینەش بە مرۆڤایەتى و سەوزکردنى خۆشەویستیی مرۆڤیش لە دڵەکاندا وابەستەى ڕۆیشتن بە ڕێگاى پێغەمبەر و شوێنکەوتنى ئەوانەیە کە بە مانایەکى کامڵ تەمسیلى ئەو ڕێگایەیان کردووە.
ئەگەر ئێمە توانیبێتمان بەتوندى دەستمان بە غایەى خەیاڵێکى بەرزى لەم جۆرەوە گرتبێت، ئەوا بەدیهێنراوانمان لەبەر خاترى بەدیهێنەرەکەیان خۆشدەوێت. وەک بەدیهاتوویەک کە بووبێت بە مەزهەرى (أحسن تقویم) لە مرۆڤ دەڕوانین و تەنها لەبەر خاترى ئەمەش خۆشەویستیمان بۆى دەبێت. دیسان لەبەر خاترى ئەو، لەهەمبەر ئەوانەدا کە مەشخەڵى ئیمان لە دڵیاندا داگیرساوە هەست بە خۆشەویستى و ڕێزێکى قووڵ دەکەین. بۆ ئەوانەش کە هێشتا نەیانتوانیوە ئەو بناسن، بە خاڵیکردنەوەى ئیلهامى ناو ڕۆحمان، هەوڵى ناساندن و خۆشەویستکردنى ئەو دەدەین. بەم جۆرە، لە ڕێگەى ئەو خزمەتانەوە ئامانج لێیان ژیاندنە بەردەوامیی بە ژیانى خۆیشمان دەدەین. دەترسین لەوەى گەر فووى ڕۆح و ژیانێک نەکەین بە چواردەورماندا، ڕۆح و ژیانى خۆیشمان بکوژێتەوە. ئێمە بە بەشکردنى جوانییەکانى لاى خۆمان لەگەڵ کەسانى تردا، خوا ئەوەندەى تریشمان پێدەبەخشێت. هەتا بەردەوام بین لە بەخشینەوەى واریداتە بەخشراوەکانى خوا بەسەر چواردەورماندا، دەبین بە مەزهەرى چەندین واریداتى نوێ کە بەسەرماندا دەبارێن.
ئیتر کێ دەیەوێت با بە ڕێگاى تردا بڕوات، بەڵام ڕێگەى ئێمە ئەمەیە. ئێمە بەم ڕێگایە دەڵێین “ڕێگاى خزمەت”. باوەڕمان باوەیە ئەوانەى کە خزمەت بە مرۆڤایەتى دەکەن، لاى خوا و پێغەمبەر (صلى اللە علیە وسلم) بەهایەکى جیاوازیان دەبێت. دەستنیشانکردنى قیمەت و بایەخى دیکەى جگە لەمە، بە پشتى دەستمان دەگێڕینە دواوە. چونکە ئەو خزمەتانەى کە دەبەسترێنەوە بە ستاییش و چەپڵەوە، بەرەو دواوەمان دەبەن نەک پێشەوە. کەسێک خەمى دونیا بێت، دونیایەک خەمى دەبێت. شەیتان لە ڕێگەى ئەو خەم و سەرقاڵییە دونیاییانەوە کە دەیهێنێتە بەردەم ئەم کەسانە، لە ڕێگاکەیان لایان دەدات. کەسانێک کە وادەزانن بەرەو “ئەو” دەڕۆن، لەبەرئەوەى بەتەواوەتى “ئەو”یان نەکردووە بە ئامانج، ناتوانن بە مەبەستەکەیان بگەن. کەسانێک کە بە خواوە مەشغوڵ نین، شەیتان بە شتانى باطل و زۆر سادەوە سەرقاڵیان دەکات. بەڵام ئەم بوونەوەرە مەلعونە، ناتوانێت تەنانەت توخنى گەڕەکى ئەوانە بکەوێت کە مەشغوڵییەتیان لەگەڵ خوادایە.
زیندووکرانەوەى بیر و هەستى ئینسانى و دەستەبەرکردنى ئاشتى و ئارامى لە دونیادا بە هێز و دەسەڵات و چەک ناکرێت؛ بەڵکو بەوە دەبێت کەسانێک کە لەسەر ڕێى خوا دەڕۆن و ڕەزامەندیی ئەویان کردووە بە ئامانج بچنە نێو دڵەکانەوە و عەقڵەکانیش قەناعەت پێبکەین. لە سایەى هەوڵ و تێکۆشانى ئەوان، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باشوور و باکوور باوەش بە یەکتردا دەکەن، گشت ڕەنگ و نەخشە جیاوازەکان بە یەکتر دەگەن، تێکڕاى مرۆڤایەتیش وەک برا پێکەوە دەتوانن بژین. ئەوانەى دەست بۆ هێزى زۆرەملێ دەبەن و بە پشتبەستن بە هێزەکەیان دەیانەوێت خەڵک بێننە سەر ڕێ، هەتا ئێستا نەیانتوانیوە هیچ کێشەیەک چارەسەر بکەن، بەپێچەوانەوە بازنەیەکى داخراو لە خراپە و فەسادیان دروستکردووە. ئەوانەش کە داخڵى ئەم بازنەیە بوون بیرکردنەوەى خۆیان ونکردووە، مرۆڤایەتیی خۆیان لەدەستداوە و گرفتى یەک لەسەر یەکى دیکەشیان ناوەتەوە.
ئەوە سەرەتا پێغەمبەران و پاشان شوێنکەوتووانى پێغەمبەرانن کە وانەى مرۆڤێتیی ڕاستەقینەیان بە مرۆڤایەتى وتووەتەوە. ئەوان سەرەتا لە ڕێگەى زمانى حاڵەوە تەمسیلى ئەمەیان کردووە، پاشان بانگەوازیان بۆ ئەو شتەک کردووە کە ژیاندوویانە. ئێمەش دەبێت تالبى ئەمە بین، هەمیشە خواى گەورە بکەین بە ویردى سەر زمانمان؛ دەبێت بزانین کە بەئەندازەى سەرقاڵبوونمان بەمەوە لە “ئەو” نزیک دەبینەوە و لە فێڵ و تەڵەکانى شەیتانیش دوور دەکەوینەوە. نابێت لەبیرمان بچێت کە سەرلەنوێ زیندووکردنەوەى بیر و هەستە مرۆییەکان کە لەمڕۆدا تووشى تێکچوون و شێوان هاتوون، لە سایەى ئەم جۆرە هەوڵ و تێکۆشانەدا دەبێت. دەنا وەک کەسانێک دەیکەن، بە زۆرەملێ و قسەى زل و درۆ و جەدەل و توندوتیژى و بەیەکدادانى خەڵک بە هیچ جێیەک ناگەین. ئەوانەى دەچنە ناو ئەم ڕێگا ناڕەوا و نامرۆییانەوە، بە تێپەڕینى کات دەبنە سەربازى شەیتان و قەناعەتبەخشیی خۆیشیان لەدەستدەدەن.
ئەگەر دەتانەوێت متمانەبەخش و قەناعەتپێکەر بن، دەبێت بەردەوام لەسەر هەمان هێڵ بڕۆن بەبێ ئەوەى مسقاڵێک لابدەن، بەکامڵترین شێوە نوێنەرایەتیی ئەو بەهایانە بکەن کە باوەڕتان پێیانە. خەڵک هەتا ماوەیەکى زۆر نەبزى دەستتان دەگرن، گوێ لە دڵتان دەگرن، سەیردەکەن بزانن ناڕێکییەکى تێدایە یان نا. ئەگەر ئێوە ئەو مەعروفەى کە خەڵکى بۆ لا بانگدەکەن بەجوانترین شێوە لە ژیانى خۆتاندا جێبەجێ بکەن، چەندین میل لەو مونکەرەش دووربکەونەوە کە هەوڵدەدەن خەڵکى لێ دووربخەنەوە، ئەوا ئەوکات باوەڕتان پێدەکەن. با جارێکى تریش دووپاتى بکەینەوە ئەوانە قەناعەتپێکەر و متمانەبەخش دەبن کە بەرامبەر بە دونیا بێنیازن، شەهوەت و ئارەزووەکانیان بەسەریاندا زاڵ ناڵبن، نابنە دیلى غەریزە بەشەرى و جەستەییەکان، لە چاوەڕوانیی بەرژەوەندى و ناوبانگدا شەرەفى ئینسانیی خۆیان پایەماڵ ناکەن و تەنازول بۆ پلەوپایە ناکەن، ناهڵێن تەپوتۆز لە عیففەتیان بنیشێت؛ نەک ئەوانەى کە دەزانن قسەى جوان بکەن و گوفتارى ئەفسووناوى دەڵێن. ئەو خۆتەرخانکەرانەى کە تا ئێستا بە وڵاتە جیاوازەکانى دونیادا بڵاوبوونەتەوە، ئەگەر تا ئەندازەیەک توانیبێتیان لەسەر چواردەورەکەیان کاریگەر بن، هۆکارى ئەمە نە ئەو زانیارییە بووە کە هەیانبووە و نە هێز و پێزى گوفتارەکانیشیان بووە؛ بەپێچەوانەوە هۆکار حاڵ و تەمسیلى دڵسۆزانە و ڕاستگۆیانەیان بووە.
وەک قورئان دەفەرمووێت، هەرکەس کاراکتەرى خۆى دەردەخات. بۆیە هەندێک کەس وەک ئیبن سەلول مونافقى دەکەن؛ بە دووڕوویی و درۆکانیان حەشاماتەکان دەخەڵەتێنن. هەندێک وەک فیرعەون جگە لە خۆیان هەموو کەسێکى تر بە سووک دەبینن و خۆیان بەسەردا دەسەپێنن. هەندێکیش وەک عومەرى خیام لەپێناوى تێرکردنى نەفسدا شوێن ڕابواردن و سەرگەرمى دەکەون. ئەم خەڵکانەى لەو ڕێگایەدا کە پێیدا دەڕۆن، سەرەڕاى ئەوەى چەندین ئاماژە هەن کە خوا پیشان دەدەن کەچى نایانبینن، ئەگەر بشیانبینن چاویان لێدەپۆشن. خواى گەورە هەواڵى پێداوین ئەوانەى کە ئەو لەبیردەکەن و پشت لە زیکرى ئەو دەکەن، شەیتانیان شوێن دەخات و دەبێت بە دۆستیان. بۆیە هەم شەیتان و هەم دۆستەکانى ئەوانەیان خۆش ناوێت کە ئاڕاستەیان بەرەو خوایە و قیبلەنوماکەشیان “ئەو” پیشان دەدات. وەک چۆن خۆشیان ناوێن، تێدەکۆشن لە ڕێگاکەشیان بیانگێڕنەوە. بۆیە ئەوان نابێت سەریان لەوە سووڕبمێنێت کە بۆچى شەیتانى ئینسى و جیننییەکان پێیانەوە سەرقاڵ دەبن، دەبێت سەرەڕاى شەیتان و دەستە و دایرەکەى لە ڕێگا و ئامانجەکەیان بەردەوام بن.
ئەو بەختەوەرانەى کە تاکە ئامانجیان ڕەزامەندیی خوایە، شوێن حەزرەتى موحەممەدى موستەفا (صلى اللە علیە وسلم) کەوتوون و بۆ بەرزکردنەوەى ناوى خوا هەوڵدەدەن، شەیتان و هاوکارەکانى شێت و هار دەکەن. شەیتان و هاوکارەکانى چەپڵە بۆ ئەوانە لێدەدەن کە فیتنە و فەساد لە هەموو ئەو شوێنانەدا دەنێنەوە کە دەستیان پێدەگات و هەرگیز ئەوانەشیان خۆش ناوێت کە ئیصلاحیان دەوێت. دەبنە گەورەترین پشتیوانى ستەمکار و خۆسەپێنەکان کە سوودیان لە ناکۆکى و نەزانى و هەژاریدایە؛ بەڵام بێئامانترین دوژمنایەتیی ئەوانە دەکەن کە دەیانەوێت بە ڕێگا و شێوازى جۆراوجۆر خەبات لە دژى ناکۆکى و هەژارى و نەزانى بکەن. بەڵێ، کاتێک شەیتان پاڵەوانانى چاکسازى دەبینێت کە عەزمیان کردووە ناوى شکۆدارى خوا و پێغەمبەرەکەى (صلى اللە علیە وسلم) بگەیەنن بە هەموو شوێنێک کە خۆرى بەسەردا هەڵدێت و ئاوادەبێت، شێت دەبێت، لە شیرازە دەردەچێت و یاریدەدەرەکانى لەسەر زەوى دەنێرێتە سەریان. ئەگەر وا نەکات دەبێت سەرمان بسووڕێت. چونکە خۆ خەریک نەکردنى شەیتان بە کەسانێکەوە کە دونیایەک کارى جوانییان بۆ مرۆڤایەتى کردووە، شتێکى مەحاڵە. شەیتان کە فەخرى کائینات (صلى اللە علیە وسلم) وەک گەورەترین دوژمنى خۆى دەبینێت، ناکرێت بێباک بێت بەرانبەر بەوانەى کە خۆیان بۆ بانگەوازى ئەو و فەتح کردنى دڵەکان تەرخان کردووە. لە ڕێگەى ڕووداوەکانى ئەم دواییەیشەوە دەرى خست کە بێباک و بێنیاز نییە.
کاتێک سەیرى ئەم قۆناغى ستەمە دەکەین کە بەرانبەرمان دەکرێت، ئەو درۆ و بوختانانەى کە بۆمان هەڵدەبەسترێت، ئەو زوڵم و زۆرەى کە بە خەیاڵ و عەقڵیشدا نایەت، ئەو هێرش و پەلامارە جۆراوجۆرانەى کە دەکرێنە سەرمان و ئەو خیانەتانەى کە بەرانبەرمان دەکرێن، تێدەگەین کە بیست و چوار کاتژمێر لە ڕۆژێکدا کاردەکات بۆ ئەوەى بچێتە ناو دڵى شەیتانە ئینسییەکانەوە، ئیلهامیان پێبدات، بەڵگە و بیانووى جۆراوجۆر بدات بە دەستیانەوە و بیانجووڵێنێت. هێرشى بێئامانى ئەوان، گەورەترین نیشانەى ئەوەیە کە ئێوە لەسەر ڕێى ڕاستن. زاڵبوونى کەسانێک بەسەرتاندا کە هەتا گەروویان لە چەپەڵیدا غەرق بووە، پێشبڕکێ دەکەن بۆ ئەوەى سەروەتەکانیان زیاتر بکەن و بوون بە کۆیلە و بەندەى دونیا، بەڵگەیەکى قەناعەتبەخشە لەسەر ئەوەى کە لەسەر ڕێیەکى ڕاست دەڕۆن. ئەگەر باوەڕتان بەمە بێت، کەواتە پێویستە بەبێ گوێدان بە شەیتان و بەندە گوێڕایەڵەکانى، لەسەر ئەو ڕێیە بەردەوام بن کە بە ڕاستى دەزانن. دەبێت ئەو کار و هەوڵەى کە تا ئێستا بۆ دامەزراندنى ئاشتیی جیهانى داوتانە لەسەر زەویدا دوو چەندان بکەن و خێراییەکەتان پتر بکەن. دەبێت جارێکى تریش ڕێگاکەتان بەگوێرەى پێوەرەکانى قورئان و سوننەت و پێودانگەکانى سەلەفى ساڵح هەڵبسەنگێنن، لە ڕوانگەى سەرچاوەى وەحییەوە هەمیشە چاو بە ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانتاندا بخشێننەوە، ئەگەر لایەنێکى پێچەوانەتان تێدا بێت ڕاستى بکەنەوە، بەڵام بەبێ ئەوەى بەربەستەکان ڕاتان بگرن، بەبێ ئەوەى بوەستن و خاوببنەوە، بەرەو غایەى خەیاڵى خۆتان لە ڕۆیشتن بەردەوام بن.





