گەنجینەى بێنیازى

گەنجینەى بێنیازى
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

لە سەدەمێکدا دەژین کە خوا بەشێوەیەکى شاییستە ناناسرێت، کرۆک و ڕۆحى دینیش نازانرێت. بەداخەوە دۆڕاوین بە شکڵ و شێوە و خەڵەتاوین بە دونیا. نوێبوونەوەیەکى جددیی لە دڵەکاندا پێویستە. پێویستمان بەوەیە بەجۆرێک وەحیی ببیستین وەک ئەوەى تازە لە ئاسمانەوە داببەزێت. خواى گەورە ئەو دەنگ و نەفەسە دڵسۆزانەمان پێببەخشێت کە ئەم نوێبوونەوەیە دەهێننەدى! چونکە لەو کارانەدا کە بۆ دین دەکرێن و لەو گوفتارانەدا کە بۆ باسکردنى دین دەوترێن، گەر ڕییا و دووڕوویی و خۆبەچاکزانین و فەخر و باسکردنى خود هەبن، گەر ئەم کارانە بەڕواڵەت بۆ هەندێک کەسیش بەنرخ بن و مانایەکیان هەبێت، لەڕاستیدا بۆ دین و ئیمان هیچ مانایەکیان نییە. ئەم گوفتار و کردارانە نە بۆ خاوەنەکانیان و نە بۆ گوێگرەکانیان هیچ سوودێکى نییە. ئەم شتانە ڕۆڵى پلیکانەیەک نابینن بۆ ئەوەى خەڵک لە ئاژەڵێتى دەربچن، واز لە جیسمانییەت بهێنن، بە پلەکانى ژیانى دڵ و ڕۆحدا سەربکەون. ئەم کەسانەى کە صەمیمییەت لە دڵیاندا نییە، تەنها لە جێى خۆیاندا هەڵدەبەزنەوە، بەڵام ناتوانن دوو هەنگاو بەرەو پێشەوە بچن، تەنانەت کاتێک کە دەیانەوێت بەرەو سەرەوە بەرزببنەوە هێندەى تر بە ناخى زەویدا ڕۆدەچن.

ئەوانەى کە خەمیان دونیایە

پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) فەرموویەتى لە ئاخرزەماندا هەندێک کەس لەکاتێکدا کە دەمیان قورئان دەخوێنێت، کەچى ئایەتەکان لە گەروویان ناچێتە خوارەوە.[1] دەتوانن بەمانە بڵێن “ئاغایانى قوڕگ” یان “هونەرمەندانى دەنگبێژ”. ئەمانە بەو ئایەتانەى کە دەیخوێنن و بەو سروود و موناجاتانەى کە دەیڵێن، دەیانەوێت گوزارشت لە خۆیان بکەن و هونەرى خۆیان نیشانبدەن. بەڵام سەرچاوەى هیچ یەکێک لەو گوفتارەى کە لە دەمیان دێتەدەر، دڵیان نییە. چونکە دڵیان جیاوازە و مێشکیشیان جیاوازە. ژیانێکى دوانەیی دەژین. بەداخەوە ئێمە لە چەرخێکدا دەژین کە ئەم جۆرە بێبەشى و مەحرومییەتانەى تێدایە. شتانێکى زۆرمان لەبارەى کاکڵە و جوانیی دینەوە لەدەستداوە. نۆژەنکردنەوەى ئەم کاولکارییە پێویستى بە هەوڵ و تێکۆشانى زۆر جددى و پشوودرێژ هەیە.

کەسێک کە ئامانجى دونیا بێت ئاسوودەیی ڕاستەقینەى نابێت. کەسێک کە خەمى دونیا بێت، دونیایەکى خەم دەبێت. ئەگەر دەتانەوێت سەرێک لە ویژدانتان بدەن، چاوێک بە ژیان و چواردەور و دونیادا بگێڕن. دەبینن چەندین کەس کە موبتەلاى دونیا بوون، چۆن بە هەزار و یەک دەردەوە دەتلێنەوە. ئەوان لەپێناو ئەوەدا کە کەمێک زیاتر لە دونیادا بمێننەوە، کامى زیاتر لە دونیا وەربگرن و دەستەکەوتە دونیاییەکانیان پتر بکەن، دونیاى خۆیان دەکەن بە دۆزەخ. کاتێک تێدەکۆشن بۆ ئاوەدانکردنەوە دونیاکەیان، بێئەوەى بە خۆیان بزانن ئازووقەى ئاخیرەتیان تەواودەکەن. هەندێک جار کەسانى دینداریش شوێن ئەم جۆرە لە ئەهلى دونیا دەکەون، گوێ بۆ قسەکانیان دەگرن و بێئەوەى بە خۆیان بزانن پشت لە حەقیقەتە مەزنەکان دەکەن و وردە وردە لە پێگەکەى خۆیانەوە بەرەو خوارەوە تلێردەبنەوە. خۆ ئەگەر نەیەنەوە هۆشى خۆیان و عاقڵ نەبن، خوا بمانپارێزێت، پاش ماوەیەک لەوانەیە بکەونە ناو (أسفل سافلین).

لەبەرامبەر ئەوانەدا کە خەمیان دونیایە، کەسانێکیش هەن کە خەمیان خوایە. لە دیدى ئەواندا، تاکە شتێک کە لە دڵیاندایە ڕەزامەندیی خوا و شەوق و تاسەیە بۆ دیدارى ئەو. ئەوانەى کە بەدواى دونیادا ڕادەکەن گەر لە کۆشک و تەلاریشدا بژین بەردەوام لەنێو ترس و نیگەرانى و هەزار و یەک دەرددا پەرێشان دەبن. بەڵام ئەوانەى کە بۆ خوا دەژین گەر بخرێنە ناو زیندانەکانیشەوە، لە خاچیش بدرێن، ئازار و ژانى سەرسووڕهێنیش بدرێن، سەدان جار لەلایەن دێو درنجەکانەوە سەرڕێشیان پێبگیرێت، هەر بەردەوام دەبن لە خواردنەوەى ئاسوودەیی.

ئەوانەى لە ڕێ جێدەمێنن

لەپاڵ ئەمانەدا، کەسانێکیش هەن کە لەسەر ڕێى ڕەزامەندیی خوا دەڕۆن، بەڵام لە ڕێگادا بەربەستەکان دەیانخەن و هەڵدەوەرێن. ئەمانە کەسانێکن کە بەدوودڵى هەتا نیوەى ڕێ هاتوون. وەک لە هەندێک ئایەتدا ئاماژەى بۆ کراوە، خواى گەورە وەک عادەتى ئیلاهیی خۆى، بۆ ئەوەى ئەڵماس لە خەڵووز، زێڕیش لە خاک و خۆڵ جیابکاتەوە، جاروبار ئینسانەکان دووچارى تاقیکردنەوەى جیاواز دەکات. ئیدى ئەو کەسانەى کە تەنها بە لێو و زمان موسڵمانانن، هەرسیان نەکردووە و لە دڵدا جێگیریان نەکردووە، هەڵدەوەرێن. ئەوانەى کە خەمیان دونیایە نەک خوا، ئەوانەى عاشقى دونیا بوون نەک ڕاستییە بەرزەکان، لە شوێنێکى ڕێگاکەدا لەوانەیە بکەون.

فەخرى کائینات (صلى الله علیە وسلم) فەرموویەتى ناو و شکۆمەندى ئەو بە هەموو ئەو جێیانە دەگات کە خۆر تیایاندا هەڵدێت و ئاوادەبێت. خواى گەورە نەوەى ئێمە و ئەوانەى دونیاى ئێمە لە هێنانەدیی ئەم ئامانجە بەرزەدا سەرکەوتوو بکات. ئەمە ئەرکێکى هێندە پیرۆز و مەزنە، گەر هێندەى سەرى نینۆکێک بەرژەوەندییەکى دونیایی تێکەڵ بکەن، لێڵ و پیسی دەکەن. ئەگەر نوێژ بکەن، زەکات بدەن، عیبادەتەکانیشتان بەتەواوەتى ئەنجام بدەن، بەڵام بابەتێکى بڵندى لەم شێوەیە بە هەندێک سوود و بەرژەوەندییەوە ببەستنەوە –وەک: پەیداکردنى دەسەڵات، کۆکردنەوەى چەپڵە و ستاییش، ئیسراحەت کردن و خڕکردنەوەى شتانى دونیایی بەکاربهێنن- و پێچەوانەى ڕێگاى پێغەمبەر بجووڵێنەوە، ئەوا لە ڕێگادا هەڵدەنووتن و جێدەمێنن.

ڤایرۆسى چاوەڕوانى

ئەوانەى کە بەردەوام دەڵێن من و خەریکى حساباتن، کەسانى تر بە نەبوو دەزانن و تەنها بەدواى ئامانجە شەخسییەکانیاندا ڕادەکەن، ناتوانن بیر لە مافى کەسانى تر بکەنەوە. ئەگەر لەناو دونیایەک خزمەتیشدا بن کە زۆر بەسوود و جوان و خێردار بن بۆ مرۆڤایەتى، بەڵام لەم نێوەندەدا تەنها بیر لە بەرژەوەندییە شەخسییەکانتان بکەنەوە، هەرگیز ناتوانن بە سەرکەوتنێکى ماوەدرێژ بگەن. کەسانێک کە ڕوویان لە هەر سوود و بەرژەوەندییەک کردبێت، گەر خەڵک بگەیەنن بە ئاسمان و پلیکانەش بۆ بەهەشت هەڵپەسێرن، هێشتا ئەو خزمەتەى کە دەیکەن هەرگیز داهاتوویەکى نابێت. چونکە ئەم بیر و هەستانە و ئەم کردار و هەڵسوکەوتانە، دژى ڕێگاى پێغەمبەرانن. خواى گەورە ڕێگاى ڕاستى بۆ پێغەمبەران پێناسە کردووە و ئەوانیش بەبێ کەموکورتى نوێنەرایەتییان کردووە. بۆیە لاى بەرامبەرەکانیان کاریگەر بوون و کاریان لە دڵەکان کردووە. ئاسەوارەکانیشیان ماوەتەوە و هەمیشەیی بووە.

ئەگەر دەتانەوێت خزمەت بە دین و بەها و وڵاتى خۆتان بکەن و بەسوود بن بۆ مرۆڤایەتى، دەبێت هەر لە سەرەتاوە خۆتان بسڕنەوە و بەرژەوەندییەکانى خۆتان لەبیربکەن. گەورەترین سەرمایەى دروستکردن و بونیاتنان، ئەوەیە ئینسان خۆى نەفى بکات و خۆى بە نەبوو بزانێت. ئەگەر لە ڕوانگەى هەوڵ و تێکۆشانتان، زانست و عیرفانتان، فەزیلەتێکتان هەبێت کە شایانى ستاییش بێت، وازى لێبهێنن با کەسانى تر ستاییشى بکەن. ئەگەر باوەڕتان وایە کە لەسەر ڕێى خوا دەڕۆن، دەبێت بزانن کە گەورەترین سەرمایەتان بێنیازییە.

لەوانەیە هەندێک لە پاداشت و حساباتەکان هەندێک سوودیان بۆ ئێوە هەبێت؛ بەڵام نابێت لەبیرمان بچێت کە ئەمانە تەنها ڕوویان لە دونیایە و فانین. بەشەرتێک گەرەنتیشیان لەسەر نییە. چونکە چەندین ستەمکار و خۆسەپێن کاتێک حوکمیان بە دەستەوە گرتووە، لەبریی خزمەت کردن بە خەڵک و بیرکردنەوە لە بەرژەوەندییەکانیان، شوێن بەرژەوەندیی خۆیان و کەوتوون و دەرەنجامیش خۆیان لەناوبردووە. ئەم خۆپەرستانە کە دڵیان بە بەرژەوەندییە دونیاییەکان و سەڵتەنەت و باقوبریق و شکۆمەندیی داوە، وەک چۆن ئاخیرەتى خۆیان وێرانکردووە، زۆرجار نەیانتوانیوە دونیاکەشیان ئاوەدان بکەنەوە. بەڵێ، بەستنەوەى هەموو شتێک بە بەرژەوەندییە خۆییەکانەوە –تەنانەت لەو خزمەتانەشدا کە دەبێت لە ڕێى خوادا بکرێن- نەخۆشییەکى هێندە بێئامانە کە زۆر لە سیل و شێرپەنجە ترسناکترە.

ئەوانەى وەزیفەى خۆیان بە کرێ و پاداشتەوە بەستووەتەوە، ناتوانن سەرکەوتوو ببن. نیاز و چاوەڕوانییەکان، وەک ڤایرۆسێک وان کە چارەسەریان نییە و مرۆڤ بەرەو مردن پەلکێش دەکەن. ڤایرۆسێک وەک چۆن دەتوانێت بەسەر جەستەى مامۆستایەکى ئایینیدا زاڵببێت، بەهەمان شێوە دەگونجێت لە لاشەى سیاسییەکیشدا جێى خۆى بکاتەوە. وەک چۆن لەوانەیە بەسەر هونەرمەندێکدا زاڵببێت، بەهەمان شێوە دەکرێت زانایەکیش بۆڕبدات. وەک چۆن دەکرێت شکست بە فەرماندەیەک بهێنێت، دەکرێت بەسەر داوەرێکیشدا سەربکەوێت. ئەوانەى تووشى ئەم ڤایرۆسە دەبن، گەر بەڕواڵەت سەرکەوتووش دەربکەون، لەڕاستیدا لەناوچوون. وەک لە سەرەتاشدا وترا، ڕەنگە بەشێوەیەکى کاتی ببن بە هۆکارى هەندێک خێر و جوانى، بەڵام هەرگیز ئەمانە نامێننەوە و هەمیشەیی نین.

خوا بۆ ئێمە بەسە

قورئان لە زۆر ئایەتیدا بێنیازى وەک یەکێک لە سیفەتە بنەڕەتییەکانى پێغەمبەران و نوێنەرە ڕاستگۆکانى ئەوان ناودەبات. بۆ نموونە، لە سوورەتى (یس)دا باس لە چەند نێرراوێک دەکرێت کە دەنێررێن بۆ شارێک. هەرچەندە بەگشتى وا قبووڵکراوە کە ئەم نوێنەرانە حەوارییەکانى حەزرەتى عیسا بن، بەڵام لەم بارەیەوە داراى زانیاریی یەکلاکەرەوە نین. دەشگونجێت ئەمانە لەلایەن پێغەمبەرانى دیکەوە، یان پێغەمبەر بووبن و ڕاستەوخۆ لەلایەن خواى گەورەوە نێررابن.

خواى گەورە دوو نوێنەر دەنێرێت بۆ ئەوەى خەڵکى ئەو شارە بۆ لاى حەق و حەقیقەت بانگبکەن. لەسەر بەدرۆخرانەوەى ئەم دووانە، سێیەمیش وەک پشتیوان و بەهێزکەر دەنێرێت. کاتێک کە خەڵکى شارەکە پێیان دەڵێن “ڕاستییەکەى ڕەحمان هیچ شتێکى دانەبەزاندووە! ئێوەش وەک ئێمە مرۆڤن، بەڕاستى ئێوە تەنها درۆ دەکەن!”[2]، ئنجا بە شوومێتى تاوانباریان دەکەن، هەڕەشەى سزادان و بەردبارانیان لێدەکەن، کەسێک کە ئاشناى حەق و حەقیقەتە، ئامادەیە پشتگیریی لەم نوێنەرانە بکات و پێدەچێت پێشتر پەیامى ئەوانى قبووڵ کردبێت، لەوسەرى شارەوە بەپەلە دێت و دەڵێت: “ئەى گەلەکەم! وەرن شوێن ئەم نوێنەرانە بکەون! گوێ لەم کەسانە بگرن کە داواى کرێتان لێ ناکەن و خۆشیان لەسەر ڕێى ڕاستن.”[3]

وتەکانى ئەو، لە ڕوانگەى چوارچێوەى فراوانى ماناى هیدایەتەوە، دەکرێت بەم جۆرە ڕوون بکەینەوە: چۆن شوێن ئەم نوێنەرانە ناکەون؟! لەکاتێکدا کە ئەوان لەبەرامبەر ئەو ڕابەرایەتى و ئەرکەوە کە دەیکەن داواى هیچ کرێیەکتان لێ ناکەن و چاوەڕێى هیچ جۆرە بەرژوەندییەک نین. جگە لەمە، خۆشیان لەسەر هیدایەتن و لەسەر ڕێیەکى تەواو ڕاست دەڕۆن. ئێوەش بۆ لاى هیدایەت و ڕێگاى ڕاست بانگهێشت دەکەن. ئامانجیان دیارە، ڕێگاکەیان ڕوونە.. لەسەر گوزەرگایەکى سەلامەت و ئەمین دەڕۆن. لەو حەقیقەتانەشدا کە دەیڵێن و ئێوەى بۆ لا بانگدەکەن، شتێکى تێدا نییە پێچەوانەى سروشتى مرۆڤ بێت، لۆجیکى ئینسان ڕەخنەى لێبگرێت، ویژدان و هەستەکان بێزاربکات. ئەگەر بەم جۆرە ماقووڵە سەیرى بابەتەکە بکەن، دەبینن کە ئەم ڕێگەیە شتێک نییە بتانترسێنێت، نیگەرانتان بکات و بەرەو پەرچەکردار ڕاپێچتان بکات. ئایا ڕێى تێدەچێت گوێ بۆ ئەم کەسانە نەگیرێت و ڕابەرایەتییان قبووڵ نەکرێت؟!

ئەگەر لە ڕوانگەى ماناى پێچەوانەیشەوە بۆ ماناى ئایەتەکە بڕوانین، دەتوانین بڵێین: شوێن کەسانێک مەکەون کە لەبەرامبەر بەڵێنەکانیانەوە داواى کرێتان لێدەکەن، خزمەتەکانیان بە پاداشتەوە بەستووەتەوە، لە هەژارییەوە هاتوون و ئێستا سەروەتى خۆیان نازانن. با ئەوانەى کە گوێ لە قسەیان دەگرن و شوێنیان دەکەون کەسانێک بن، کاتێک خزمەت دەکەن و لەسەر ڕێى خوا دەڕۆن، دەستیان لە هەموو قازانجێکى دونیایی و ئاخیرەتیی شتبێت.

ئیماندارێکى ڕاستەقینە کە بە هەموو دڵى ڕووى لە خواى گەورە کردووە، گشت چاوەڕوانى و نیازەکانى تەنها لە خوا داوادەکات. ئەگەر خوا لێى ڕازى بێت، بۆ ئەو بەسە. پێویست بە داواکردنى شتێکى تر ناکات. کەسێک کە چاوى لە ڕەزامەندیی بڕیوە، گەر لەسەر ڕێگاى هێنانەدیی مەفکورەکەشیدا ئەوپەڕى هەوڵیش بدات، لەبەرامبەر ئەمەدا چاوەڕوانى ئەوە ناکات خەڵک ڕووى تێبکەن، حەیرانى بن، ستاییشى بکەن و چەپڵەى بۆ لێبدەن. بەرامبەر بەوانەى کە ڕەخنەى لێدەگرن هەست بە منەتبارى دەکات نەک ئەوانەى کە ستاییشى دەکەن. باوەڕى بەوەیە کە ستاییش و پیاهەڵدان خەڵک بێڕێز دەکەن و ملى دەشکێنن. بەڵام بەرامبەر بەوانەى کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ قسوورەکانى پیشان دەدەن، وەک ئەوەى دووپشکى سەر ملى پێوترابێت و لە مەترسییەکى گەورە دوورخرابێتەوە، بە چاوى ڕزگاریان لێیان دەڕوانن. چونکە قبووڵ نەکردنى کەموکورتییەکان نیشانەیەکى ترسناکى خۆپەرستییە.

[1]يخرج فيكم قوم تحقرون صلاتكم مع صلاتهم، وصيامكم مع صيامهم، وعملكم مع عملهم، ويقرؤون القرآن لا يجاوز حَنَاجِرَهُمْ، ‌يَمْرُقُونَ ‌مِنَ ‌الدِّينِ كَمَا يَمْرُقُ السَّهْمُ من الرمية“. صحيح البخاري، فضائل القرآن، 36؛ صحيح مسلم، الزكاة، 154.

[2] ﴿مَا أَنْتُمْ إِلَّا بَشَرٌ مِثْلُنَا وَمَا أَنْزَلَ الرَّحْمَنُ مِنْ شَيْءٍ إِنْ أَنْتُمْ إِلَّا تَكْذِبُونَ﴾ (سورة يس: 36/15)

[3] ﴿يَا قَوْمِ اتَّبِعُوا الْمُرْسَلِينَ * اتَّبِعُوا مَنْ لَا يَسْأَلُكُمْ أَجْرًا وَهُمْ مُهْتَدُونَ﴾ (سورة يس: 36/20-21)

  • https://s1.wohooo.net/proxy/herkulfo/stream
  • Herkul Radyo