زوهد، جوامێرى و ئازادى

زوهد، جوامێرى و ئازادى
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

پرسیار: ئیمامى غەزالى دەفەرمووێت سەرى زوهد جوامێرییە. زوهد و جوامێریی چ پەیوەندییەکیان لەنێواندا هەیە؟

وەڵام: زوهد، بەکورتى، بریتییە لە تەرک کردنى چێژ و لەزەتەکانى دونیا و دەرهێنان و فڕێدانى تەواوەتیی دونیا و شتانى ناوى لە دڵ. ئەو کەسى تەرکى دونیا دەکات پێى دەوترێت زاهید. زاهید بەگوێرەى پێویستى و زەروورەت پەیوەندیی لەگەڵ دونیادا دەبەستێت. ئەو هێز و وزەیەى کە پێویست بێت بۆ ئەنجامدانى عیبادەتەکانى، کرانەوە بە ڕووى جیهانە مەعنەوییەکاندا و ڕووکردنە ئەو دەرگایەى کە دەبێت ڕووى لێبکات، تەنها هەوڵى بەدەستهێنانى ئەوەندە دەدات. ئامانجى بنەڕەتیی ئەو بریتییە لە بەدەستهێنانى ڕەزامەندیی خوا و بەختەوەریی ئاخیرەت. بەڵام دەزانێت بۆ ئەوەى بەشێوەیەکى ڕاست و جێگیر بەرەو ئەو ئامانجانە بڕوات، دەبێت ڕەچاوى خواردن و خواردنەوە و پشوودان و هەندێک خواست و ئارەزووى پێویستى دیکەش بکات؛ بۆیە ناچێتە سەر ڕێگایەک کە پێچەوانەى فیترەت بێت.

دەکرێت لە ڕوانگە ناوازەکەى بەدیعوززەمانەوە مامەڵە لەگەڵ چەمکى زوهددا بکەین کە دەفەرمووێت: “تەرک کردنى دونیا بە دڵ نەک بە دەست.” کەسێکى لەم جۆرە کە بە دڵ تەرکى دونیا دەکات، چەندە لە دەستى دێت، ڕەچاوى هۆکارەکان دەکات. هەر کارێک بکات، بۆ دروستبوونى ئەنجامەکە تێدەکۆشێت، تەقالا دەدات، هەوڵ دەدات. هێزى بیرکردنەوە و داوەریی ژیرى و توانا و لێهاتنەکانى هەتا دوایین سنوور بەکاردەهێنێت. بەڵام زۆر گوێ بە ئەنجام نادات. ئەگەر تەنانەت پاداشتى هەوڵەکانیشى دەست نەکەوێت، تووشى نائومێدیی نابێت. نە بە قازانجە دونیاییەکان دڵخۆش دەبێت و نە بە زیانەکانیشى دڵتەنگ دەبێت. لەبەرامبەر لەدەستدانى ماڵ و گیان و منداڵ و تەندروستیدا تەنها دەڵێت “سوپاس بۆ ئەو خوایەى کە خۆى هەموو ئەمانەى بەخشى و وەریشیگرتەوە.” پاڵەوانێک کە گەیشتووە بە مەزهەرییەتى زوهد، بەرامبەر بە هەر دۆخێکى ئەرێنى و نەرێنى کە ڕووبەڕووى دەبێتەوە هەڵوێستێکى لەم جۆرەى دەبێت.

هەرچى پەیوەندیی نێوان زوهد و جوامێریشە، ئەوا ناتوانرێت تەسەوورى ئەوە بکرێت کەسێک کە لە دڵەوە پەیوەندیی لەگەڵ دونیا بچڕاندووە، ڕژد و ڕەزیل بێت. بەڵکو ئەو خۆى نابوێرێت لەوەى هەرچى هەبێت لە ڕێگەى خوادا سەرفى بکات. کاتێک لەم گۆشەیەوە دەڕوانین، زوهد سەخاوەتمەندیش لەگەڵ خۆى دەهێنێت. ئەگەر سەیرى پێچەوانەى بابەتەکەش بکەین، گەیشتنى ئینسان بە زوهد پێویستى بەوەیە ئەو شتانەى کە خواى گەورە پێى بەخشیوە بەوپەڕى خۆشحاڵییەوە لە ڕێگەى ئەودا سەرف بکات، تەنانەت هەستى (ایثار)یش بەدەستبهێنێت، ئەگەرى خۆیشى موحتاج بێت هێندە جوامێر بێت کە براکانى بەسەر خۆیدا پێشبخات.

یەکێک لە ناوە جوانەکانى خواى گەورەش (الجواد)ە کە بە ماناى سەخاوەتمەند و جوامێر دێت. هەرچەندە ئەم ناوە لەو فەرموودە بەناوبانگەدا نەهاتووە کە ٩٩ ناوەکە دەژمێرێت، وەلێ لە فەرموودەیەکى تردا پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) دەفەرمووێت “خواى گەورە خاوەنى سەخاوەتمەندییە و هەموو جۆرە سەخاوەتمەندى و جوامێرییەکى خۆشدەوێت.”[1] جگە لەمە، لە سێ شوێنى (جوشن الکبیر)دا لەسەر شێوەى (ذو الجود) دێت کە ماناى “خاوەن سەخاوەتمەندی”ى هەیە. لە شوێنێکدا دەفەرمووێت (یا أجود من کل جواد) “ئەى سەخاوەتمەندتر لە هەموو سەخاوەتمەندێک”. هەندێک لە زانایان ئەم ناوە پیرۆزە لەسەر ڕێژەى زیادەڕەوانەى (جواد) بەکاردەهێنن. چونکە خواى گەورە هەروەک چۆن گەنجینەکانى زۆر فراوانە، بەخشینەکەشى ڕاددە و سنوورێکى نییە. بۆیە کەسێک کە جوامێریی دەکات بە ڕەوشتى خۆى، ماناى وایە یە ڕەوشتی خوایی خۆى دەڕازێنێتەوە.

کاتێک دەوترێت سەخاوەتمەندى، نابێت تەنها خواردن و خواردنەوە و هاریکاریی ماددیی بە خەیاڵدا بێت. بوارى جوامێری زۆر فراوانە. هەموو جۆرە بەخشینێکى ماددى و مەعنەوى، هەموو خواستێکى چاک بۆ برایان و خوشکان، هەموو نییەتێکى باش دەگرێتەوە. بۆ نموونە، کەسێک کاتێک داواى ئیخلاص و ڕەزامەندى و عەشق و شەوق دەکات، وتنى “خوایە بیبەخشە بە هەموو براکانیشم!” جۆرێکە لە سەخاوەتمەندى. بەهەمان شێوە، هەموو ئەو هەڵسوکەوتانەى کە هەستى (ایثار) لەگەڵ خۆى دەیانهێنێت، دەکرێت لە چوارچێوەى جوامێریدا هەڵبسەنگێنرێت. کەسێک کە خاوەنى ئەخلاقێکى بەرزى لەم جۆرەیە، تەنانەت لە ئاخیرەتیشدا بەرامبەر بە براکانى جوامێرانە دەجووڵێتەوە. بۆ نموونە، لەوانەیە بڵێت با سەرەتا براکەم لە سیڕات بپەڕێتەوە، با ئەو پێشتر بچێتە بەهەشتەوە، با ئەو پێشتر ڕەزاى خواى بەنسیب ببێت، من دواى ئەو دەچم.

دەکرێت جوامێرى بەو هەستەیشەوە ببەستینەوە کە بە زۆرى بەکارى دەهێنین و پێى دەڵێین “هەستى ژیاندن”. کەسێک کە هەموو جۆرە فیداکارییەک دەنوێنێت بۆ ئەوەى خەڵکى بژین و پەیوەندیی لەگەڵ خوا ببەستن و تەمەنى بۆ هەڵگرتنى بەربەستەکانى نێوان دڵەکان و خواى گەورە تەرخانکردووە، ماناى وایە لە لوتکەدا نوێنەرایەتیی هەم زوهد و هەم سەخاوەتمەندیش دەکات. چونکە کەسێک کە خۆى بۆ ئەم ئامانجە بەرزانە تەرخانکردووە، دەبێت چ پەیوەندییەکى بە دونیاوە هەبێت!

لەکۆتاییدا پێویستە بڵێین ئەزموونکردنى ئازادیی ڕاستەقینەش هەر لەسەر زوهد بەندە. کەسێک کە دڵى پەیوەستى ماڵى دونیا و تام و لەزەتەکانى نەکردووە، لەبەردەم هیچ کەسێکدا پشت ناچەمێنێتەوە و مل کەچ ناکات. ماستاوچێتى بۆ کەس ناکات. بێ قەید و شەرت گوێڕایەڵیی بۆ کەس ناکات. لەبەرئەوەى بەندایەتیی بۆ خوا بە گەورەترین پایە دەزانێت، بەندایەتیکردن بۆ کەسێکى تر بە شیرک دادەنێت. ئەگەر هەموو دونیاشى بخەنە بەردەست، ڕێڕەوى خۆى تێکنادات. چونکە ئەو هێڵەى لەسەرى دەڕوات، شتێک نییە لەبەر خاترى شتانى دونیایی بگۆڕرێت. ئیتر با هەزاران کەسى تر هەر ڕێى خۆیان بگۆڕن، خۆیان بە یەک دوو کۆشک و تەلار بفرۆشن، لەسەر پەیمانى پلەوپایە کلکەلەقێتى بۆ ئەم و ئەو بکات! ئەو خۆتەرنخانکەرانەى کە چاویان لە ژیانى هەمیشەیی بڕیوە، ناخەڵەتێن و نابێت بخەڵەتێن بە کردار و ڕەفتارى ئەوانەى کە تەنها لەمڕۆدا دەژین و سبەى و دوو سبەیان نییە.

[1] “إنَّ اللهَ جَوادٌ يُحبُّ الجُودَ”. سنن الترمذي، الأدب، 41.

  • https://s1.wohooo.net/proxy/herkulfo/stream
  • Herkul Radyo