تەقوا لە ڕوانگەیەکى جیاوازەوە

تەقوا لە ڕوانگەیەکى جیاوازەوە
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

گەڕان بەدواى مەشروعییەتى هەر کارێکدا کە دەکرێت و ڕەچاوکردنى ئەوەى داخۆ گوفتار و کردارەکان لەگەڵ موحکەماتەکانى دین دەگونجێن، بنەمایەکى گرنگە. دەبێت هەر کارێک کە دەیکەین لەگەڵ ڕۆحى قورئان و سوننەتدا بگونجێت. بەدیعوززەمان گوتەنى، دەبێت هەمیشە ئەوپەڕى تەقوا، ئەوپەڕى ئیخلاص، ئەوپەڕى ڕاستگۆیی و ئەوپەڕى فیداکارى بکەین بە ئامانج. بەڵام دەبێت هەلومەرجەکان و ئەو واقیعەش کە تێیداین ڕەچاوبکەین. چونکە لەوانەیە هەندێک جار ژینگەکە ڕێگەى ئەوە نەدات کارەکان لە سەدا سەد لەگەڵ ڕۆحى دیندا بگونجێن. ڕەنگە هەلومەرجەکان پیادەکردنى تەقوا بەگوێرەى مانا و قووڵیی ڕاستەقینەى خۆى، زۆر گران و دژوار بکەن. لەم دۆخانەدا پێویستە زۆر بەدروستى ئەو کار و خزمەتانە دەستنیشان بکرێن کە بڕیارە بۆ دین بکرێن.

بۆ نموونە، لە حاڵەتى جەنگ و هەلومەرجى سەختدا ناتوانیت نوێژ لەگەڵ هەموو مەرج و ڕوکنەکانیدا بەتەواوەتى ئەنجام بدەیت. لەم دۆخەدا وەک قورئان بۆى پێناسە کردووین (صلاة الخوف) دەکەیت. سەرەڕاى سەختیی هەلومەرجەکە واز لە نوێژ ناهێنیت، لەسەر بەندایەتی بەردەوام دەبیت و هەرچییەکت پێبکرێت ئەوە دەکەیت. وە دەزانیت ئەو عیبادەتانەى کە لە دۆخى سەخت و دژواردا ئەنجام دەدرێن ئەگەر کەموکورتیش بن، بەراورد بە عیبادەت لە کاتە ئاساییەکاندا پاداشتى زیاتر دەستى خاوەنەکەیان دەخەن. لە حاڵەتى ئاساییدا ئەگەر کەسێک ببینیت کە نوێژى ترس دەکات، لەوانەیە لە دڵى خۆتدا بڵێیت “شتى وا چۆن دەبێت؟!” بەڵام قورئان لە دۆخى خۆیدا ڕەوایەتى بەم نوێژە داوە و چۆنێتیی ئەنجامدانەکەشى بەوردەکارییەکانیەوە ڕوون کردووەتەوە. کەوایە ناتوانیت بە چاوێکى کەم بۆى بڕوانیت. دەکرێت بە هەمان چاو بۆ ڕوخسەتى عیبادەتەکانى تر و ئەو حەرامانەش کە لە کاتى زەرورەتدا موباح کراون، بڕوانرێت.

ئەو عیبادەتانەى لە ڕۆژگارێکدا دەکرێن کە هەلومەرجەکان سەخت بوون، پیادەکردنى دین زەحمەت بووە، هەموو شتێک سەرووژێر بووە و نیگا سەیر و نامۆکان ڕوویان لە ئیمانداران کردووە، ئەگەر کەموکورتیش بن، ــ خوا باشتر دەزانێت ــ لەوانەیە بە نرخ و بەهاى ئەو عیبادەتانە بگەنەوە کە لە کەعبە بەئیخلاصەوە دەکرێن و ئەو پاسەوانییەى کە لە سەنگەردا بە نییەتى پاکەوە لەبەر خاترى ڕەزامەندیی خوا دەگیرێت.

ئەم ڕۆژگارەى کە تێیدا دەژین لە ڕوویەکەوە سەردەمێکى دژوارى لەم جۆرەیە. ئەوانەى کە لەم ڕۆژگارەدا کەمترین ئاستى تەقواش ڕەچاودەکەن، دەگونجێت لاى خوا پاداشتى زۆر گەورە بدرێنەوە. هۆکارى ئەوەش کە بەدیعوززەمان وتوویەتى هەرکەسێک فەرزەکان ئەنجام بدات و واز لە گوناهە گەورەکان بهێنێت بە تەقواکار دەژمێررێت، ئەو سەختى و دژوارییانەیە کە زەمانە لەگەڵ خۆى هێناونى. بەهەمان شێوە، لە دوعاکانى سەرەتایدا بۆ قوتابییەکانى مەرجى “ڕاستگۆیی” داناوە، بەڵام دواتر ئەم مەرجەشى هەڵگرتووە. چونکە لەو هەلومەرجەدا دیویەتى کە هەموان ناتوانن لە هەمان ئاستدا ڕاستگۆ بن و دڵى نەهاتووە هەندێک لە قوتابییەکانى بکەونە دەرەوەى دوعاکانى.

بینین و ڕەچاوکردنى واقیع

لەم ڕۆژگارە عیفریتییەدا کە هەموو شتێک تێکەڵاو بووە، ئەگەر چاوەڕێى ئەوە بیت کە هەموو کارەکان ملیم بە ملیم لەگەڵ شەرعدا بگونجێن و دین بە هەموو وردەکارییەکانیەوە جێبەجێ بکرێت، لە هاتنەدیی چاوەڕوانییەکان و گەیشتن بە ئامانجەکانتدا تووشى زەحمەت دەبیت و چەندین کەسیش لە خۆت دوور دەخەیتەوە. بۆ نموونە، بیر لە سەماى مەولەوییەکان بکەنەوە کە لەمڕۆدا دەکرێت. ئایا دەتوانین بڵێین ئەم بۆنەیە حاڵەتێکى ڕۆحیی وەک ئەوەى مەولانا تێیدا ئامادەیە؟ لەبەرئەوەى ئەم نماییشانە وەک شتێکى فۆلکلۆرى ئەنجام دەدرێن، ئەو کاریگەرییە ئەسڵییەى کە ئارەزوو دەکرێت لە دڵەکاندا ڕووبدات نایەتەدى. بەڵام ناشتوانرێت بوترێت کە کارەکە دژى موحکەماتى دینە. تەنانەت دەتوانرێت باس لە هەندێک سوودیش بکرێت. بۆ نموونە، بینەرەکان دەباتە نێو یادگارییە جوانەکانەوە، وا دەکات جارێکى تر بەقووڵى هەست بە ڕابردوو بکەن. وایان لێدەکات بڵێن “ئەگەر سێبەرەکە ئاوا بێت، دەبێت ڕووناکییە ڕاستەقینەکە چ کاریگەرییەکى هەبووبێت؟!” هەموو ئەو بینەرانەى کە ئەم نماییشانە دەبینن ئەگەر پەى بە وردیی ئیستاتیکا و قووڵیی ماناکەشى نەکەن، هیچ نەبێت دەزانن کە ئەمە کلتوور و فۆلکلۆرێکە کە لە دینەوە سەرچاوەى گرتووە و لە سایەیدا دەگونجێت هەست بە گەرموگوڕى بەرامبەر بە دین بکەن. ئێمەش دەبێت کراوە بین بە ڕووى هەموو سوود و قازانجەکاندا.

دەبێت هیچ یەکێک لە کار و چالاکییە دینییەکان کە سوودێکیان تێدایە ــ بەمەرجێک پێچەوانەى (أصول الدین) نەبن ــ بە چاوى کەم تەماشا نەکەین. لە ڕۆژگارێکدا کە پەیڕەوکردنى دین زەحمەت بووە مانەوە لە سەنگەردا و پاراستنى تفاق و کەلوپەلەکان، شتێکى زۆر گرنگە. ڕەنگە بەهۆى نەگونجانى هەلومەرجەکانەوە نەتوانن بابەتەکان بەشێوەیەکى کامڵ و ئایدیاڵ بخەنە گۆڕێ. بەڵام ئەوانەى کە دواى ئێوە دێن کارەکەى ئێوە بەرەو پێشەوە دەبەن و دەیگەیەنن بە نرخى ڕاستەقینەى خۆى. وەزیفەى ئێوە چاو بە دۆخى ئێستاتاندا بخشێننەوە و بەگوێرەى داخوازییەکانى پێگەکەتان بەباشترین شێوە ئەوە بکەن کە پێویستە بکرێت. لەوانەیە ئارەزووى ئەوە بکەن کە ژیانى حەزرەتى عومەر بژین و ببن بە خالیدى کوڕى وەلید. لەوانەیە بەڕاستى نەتوانن وەک ئەوان بن، بەڵام ئەگەر لە دۆخى مەوجود و لە چوارچێوەى خۆتاندا باشترینى ئەوەى لە دەستتان بێت ئەنجامى بدەن، لە ڕوویەکەوە وەک ئەوان دەبن. ئەم دوو شتەش نابێت تێکەڵ بکرێن.

ئامادەبوون لە هەموو بوارێکى ژیاندا

لە ڕۆژگارێکدا کە قیر و چەپەڵیی دەڕژێت، کووچە و بازاڕەکان پیس بوون و گوناهەکان لە ڕێگەى دونیاى دیجیتاڵەوە هەتا ناو ماڵەکانمان هاتوون، گوناه نەکردن و نەکەوتنە ناو هەڵە هەوڵێکى جددی دەوێت. هەندێک کەس بۆ ئەوەى داوێنپاکى و عیصمەتى خۆیان بپارێزن لەوانە بیرۆکەى خەڵوەتکێشى بدات لە سەریان و دوورکەوتنەوەى تەواوەتى یان هەندەکى لە ژیانى کۆمەڵایەتى هەڵبژێرن. بەڵام دەبێت بابەتەکە تەنها بە شتێکى شەخسى نەزانین و لە هەموو هەنگاوێکماندا حسابى ئەوە بکەین کە داخۆ زیان و قازانجى بۆ دینەکەمان چى دەبێت. هەندێکیش بەهۆى هەمان ئەم هۆکارانەوە کەوتووەتە دەرەوەى ژیان. نەیانتوانیوە بە ڕوانینێکى گشتى لە بابەتەکە بڕوانن، حسابیان بۆ دەرەنجامى هەڵبژاردنەکانى خۆیان نەکردووە. ئیدى مەیدانەکە هەردەم بۆ کەسانى تر چۆڵکراوە، کاتێک خەڵکانى دیندار نەیانتوانیوە لەو جێیانەدا بن کە دەبوو تێیدا بن، نەیانتوانیوە داهاتووى خۆیان بخەنە ژێر زەمانەت و دڵنیاییەوە. ئەمڕۆش ملیۆنان کەس کە باوەڕیان بە خوا و ڕۆژى دوایی هەیە نەیانتوانیوە خۆیان بن و وەک خۆیان بمێننەوە، لە ژیانى ژێردەستەیی و داگیرکرانیش ڕزگاریان نەبووە.

ئێمە، ئەوپەڕى وەک هەڵەیەکى ئیجتیهادى لە هەڵبژاردنى کەسانى پێش خۆمان و دونیاى لۆجیک و داوەریی ژیرییان دەڕوانین و باوەڕمان وایە ئەگەر هەڵەش بووبن لەسەر ئیجتیهادەکەیان پاداشت وەردەگرن. بەڵام سەبارەت بە خۆمان، ناتوانین تەنها بیر لە بەختەوەریی ئاخیرەتمان بکەینەوە. دەبێت بیر لەو کۆمەڵگایەى تێیدا گەروەبووین و کۆى مرۆڤایەتیش بکەینەوە. ئەگەر هیممەتمان هەموو مرۆڤایەتى بێت، ئەوا دەبێت لەناو کۆمەڵگا و گشت بوارە جیاوازەکانى ژیاندا ئامادە بین و نوێنەرایەتیی بەهاکانى تایبەت بە خۆمان بکەین. دەنا ئەگەر لەسەر ئاستى ژیانى مەعنەوى شان بە شانى شاهى گەیلانیش بین، خوا حسابى ئەمەمان هەر لێدەپرسێتەوە. لێمان دەپرسرێتەوە “لەکاتێکدا کەسانى تر لە بابەتى وڵاتى خۆیان و تێکڕاى مرۆڤایەتیدا و گونجاو لەگەڵ حسابات و بەرژەوەندیی خۆیاندا ئەو شتانەیان بینى کە پێویست بوو بیبینن و ئەو شتانەیان کرد کە دەبوو بیکەن، ئێوە بۆچى نەتانتوانى بیبینن و تەنها بیرتان لە خۆتان کردەوە؟”

بۆچوونى خۆمان دەربارەى تەقوا لەوانەیە بەرەو خەڵوەت کێشمان بکات. تەنانەت ڕەنگە کەسێک بۆ ئەوەى تۆزى حەرامیش نەچێت بەسەریدا، وەک ئیبن بەشیش هانا بۆ چیاکان بەرێت و تەمەنى بە عیبادەت و تاعەت بەسەربەرێت و تەنها سەرقاڵى ئەوراد و ئەزکار بێت. دەکرێت ئەمە بکات بۆ ئەوەى لە بچووک و گەورەى حەرامەکان دوور بکەوێتەوە. بەڵام ئەم کەسە دەبێت بزانێت لە ڕۆژگارێکدا کە بەها دینییەکان ڕووخانى یەک لەسەر یەکیان بەسەرهاتووە، لەبەرئەوەى تەنها بیرى لە خۆى کردووەتەوە و مرۆڤ و کۆمەڵگەکەى خۆى فەرامۆش کردووە، تووشى هەڵەیەکى ئیجتیهادى بووە. ئەرکى ئەو ئەوەیە بچێتە ناو ژیانەوە، پەیوەندیی لەگەڵ تاکەکانى کۆمەڵگاکەى ببەستێت و وەزیفەى سەرشانى لەمەڕ ئاییندەى کۆمەڵگاکەى بەجێبهێنێت. لەم سەردەمە سەختەدا کە ئیسلام تێیدا غەریبە، ئیماندار نابێت لەبیرى بچێت کە ڕزگاربوونى هەمیشەیی خۆى وابەستەى هەوڵى ڕزگارکردنى کەسانى دیکەیە. هەتا لەسەر ڕێگاى ڕزگارکردنى ئیمانى خەڵکانى تر بن، بە ئیزن و عینایەتى خوا ڕزگاربوونى خۆتان زامن دەکەن.

ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بەو کەسانەیە کە لە پێگەى خۆیاندا بابەتەکانى بەدروستى دەبینن، لێکدانەوەى دروست دەکەن، شیکردنەوەى دروست دەخەنە گۆڕێ، بەکورتى دەتوانن ببنە دەنگ و هەناسەى ڕاستى. لەم پێناوەدا دەبێت لەناو کۆمەڵکادا بین و لە هەموو پلە و ئاستێکى ژیاندا ببین بە نموونە و مۆدێل. پێویستە هەم بازنەى تەقوا و هەم بوارى خزمەت بەفراوانى بهێڵینەوە. نابێت لەبیرمان بچێت کە خوێندنەوەى دروستى فەرمانە تەکوینییەکان، ڕەچاوکردنى هۆکارەکان و بەجێهێنانى بەرپرسیارێتییە کۆمەڵایەتییەکانیش بەشێکن لە تەقوا.

ئاوێتەبوون لەگەڵ کۆمەڵگادا لەوانەیە هەندێک مەترسى بۆ ژیانى دینى و مەعنەوییەتمان هەبێت. بەڵام لە جێیەکدا کە خەڵک بە سەردا دەکەونە ناو کوفرەوە و بەرەو دۆزەخ تلدەبنەوە، هەتا بەرپرسیارێتیی دەست گرتنیان و بردنیان بەرەو بەهەشت وەستابێت، چۆن دەتوانین تەنها بیر لە کەماڵاتى مەعنەویی خۆمان بکەینەوە؟! لە پڕەنسیبە بنەڕەتییەکانى دینەوە تێدەگەین کە باوەش کردنەوەمان بۆ هەموان لە ڕێگەى نییەتەکانمان و هەوڵەکانمان و هیممەتەکانمانەوە، کردنەوەى دەستەکانمان و وتنى “بوەستن خەڵکینە، ئەم ڕێیە دەرناچێت!” ئەگەر هەندێک جاریش ببێت بە هۆکارى ئەوەى کە خەڵک بەرمان بکەون، زۆر باشترە لەوەى بە پاڵنەرى تەقوا بچینە کونجێکەوە و بیر لە کەماڵاتى شەخسیی خۆمان بکەینەوە؛ ئەوەى یەکەم زیاتر لەگەڵ ماناى تەقوادا دەگونجێت.

قەناعەتى ویژدان و کردەوە

لە دیندا حەڵاڵ و حەرام دیارە. خواى گەورە ئەمانەى دیاریکردووە. هیچ کەسێک مافى ئەوەى نییە حەرامەکانى خوا حەڵاڵ بکات. هیچ کەسێک ناتوانێت ڕەوایەتى بەو گوناهانە بدات کە دین قەدەغەى کردوون. سەرەڕاى ئەمە، ئەگەر ئێوە لە کۆمەڵگایەکى چەپەڵدا بژین، چەندەش هەوڵى خۆپارێزیی بدەن، بەبێ ویستى خۆتان دەگونجێت هەندێک جار چڵک و چەپەڵى لە دامێن و قولەپێتان بئاڵێت. وەک چۆن کەسێک کە لە جەنگدایە بە جلوبەرگە خوێناوییەکەیەوە نوێژ دەکات، ئێوەش لەوانەیە پێش ئەوەى دەرفەتى خۆ خاوێنکردنەوە لەم چڵکانەتان بۆ بڕەخسێت ناچاربن نوێژەکەتان بکەن. زانایان دەربارەى ئەم دۆخە گشتییە سەختانە دەستەواژەى (بلوی العام) “بەڵاى گشتى”یان بەکارهێناوە؛ باسیان لە کاریگەریی ئەم دۆخە لەسەر حوکمە دینییەکان کردووە و هیوایان وابووە کە خوا لێیان دەبوورێت.

ئێمەش دەگونجێت لەپێناو هێنانەدیی غایەى خەیاڵ و وەزیفەکەماندا بەرگەى هەندێک ناڕەحەتى بگرین و لە بابەتى فیووزاتى شەخسیدا فیداکارى بنوێنین. ئەگەر بمانەوێت دەنگمان بە هەموو کەسێک بگەیەنین و لەسەر زەویدا پەیکەرى خۆمان بونیات بنێین، ئەوا ڕەنگە ناچارببین کە بە زەمینى قوڕاوى و شەقامى پیسیشدا بڕۆین. لەم حاڵەتانەدا بەگوێرەى قەناعەتى ویژدانمان دەجووڵێینەوە و تێدەکۆشین ئەو بەربەست و کۆسپ و بەڵا و ناڕەحەتییانەى کە بەسەرمان دێن بە کەمترین زیان تێبپەڕێنین. وە باوەڕمان وایە ئەو مەینەتییانەى کە لەم ڕێگایەدا بەسەرمان دێن لاى خوا بە زایە ناچن. لەپێناو دین و دیندارییەکەماندا چەند ناڕەحەتى بچێژین و چەند فیداکارى بکەین، ئەوەندە ئومێدمان وایە بەشێوەیەکى ستوونى بەرەو ڕەزامەندیی خوا بەرزببینەوە.

  • https://s1.wohooo.net/proxy/herkulfo/stream
  • Herkul Radyo