بێنیازى لە چى؟

بێنیازى لە چى؟
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

پرسیار: پێویستە چۆن لە بێنیازى (إستغناء) تێبگەین کە لە قورئاندا وەک ئەخلاقێکى پێغەمبەرانە باسدەکرێت، دەبێت چۆ لە ژیانماندا جێبەجێى بکەین؟ ئایا بێنیازى لە هەموو حاڵەتێکدا خەسڵەتێکى قبووڵکراوە؟

وەڵام: بێنیازى کە یەکێک لە سیفەتە سەرەکییەکانى پێغەمبەرە مەزنەکان، بریتییە لە دەست پان نەکردنەوە لە هیچ کەسێک، داوانەکردنى هیچ شتێک لە هیچ کەسێک، قەتانەعەت کردن بەوەى کە کەسێک هەیەتى و پاراستنى عیززەتى نەفس. بێنیازى بەم مانایانە شایانى ستاییشە و ڕەوشتێکى گرنگى وەهایە کە دەبێت هەموو کەسێک بەدەستى بهێنێت. کەسێکیش کە (إستغناء)ى هەیە پێى دەوترێت (مستغني).

هەموو سیفەت و ڕەوشتێک و ڕەفتارێک شوێن و پێگە و سنوورى تایبەت بە خۆى هەیە. ئەگەر لە جێیەکدا جوان بێت، لەوانەیە لە پێگەیەکى تردا دۆخێکى ترى هەبێت. ئەگەر لە بازنەى خۆیدا جوان بێت، لەوانەیە لە دەرەوەى بازنەى خۆى وا نەبێت. ئەمە بۆ بێنیازیش ڕاستە. بۆ نموونە، ناتوانین بەرامبەر بە خواى گەورە بێنیاز بین. چونکە بێنیازبوون بەرامبەر بە ئەو بە ماناى خۆبەگەورەزانى و نانکوێرى دێت و لەبەر ئەمەش لەگەڵ شعوورى بەندایەتیدا یەک ناگرێتەوە. کەسێک کە بەرامبەر بە خواى گەورە بێنیازە، لەو دەرگا مەزنە دووردەکەوێتەوە کە گشت پێداویستییەکانى لێ داوادەکرێت. ئێمە وەک موسڵمانان کە لەسەر ڕێبازى صەحابییەکان دەڕۆین، لە بچووکترین پێداویستیمانەوە تا گەورەترین لە خوا داوادەکەین و هەموو داخوازییەکیشمان پێشکەشى ئەو دەکەین. لە خۆشى و ناخۆشدا دەست لەو پاندەکەینەوە و لەو دەپاڕێینەوە. داوا ماددییەکانى وەک تەندروستى، لەشساغى، خانوو، ماڵ و منداڵ و خێزان و خواستە مەعنەوی و ئاخیرەتییەکانى وەک ڕەزامەندیی خوا و بینینى خواى گەورە لە ئاخیرەتدا و نیعمەتى بەهەشت لەو داوا و چاوەڕوان دەکەین. هەمیشە دەزانین کە موحتاجى ئەوین، لە هەموو بارودۆخێکیشدا چاوەڕوانى بەخشش و لوتفەکانى ئەو دەبین. کەسێک کە بێنیاز بەرامبەر بە خوا ڕەفتاردەکات، خۆى لە خێرە دونیایی و ئاخیرەتییەکان مەحروم دەکات.

هەندێک بابەتى دیکەش هەن کە ئینسان ناتوانێت دەربارەیان بێنیاز بێت. بۆ نموونە، ناتوانین بەرامبەر بە بیر و بۆچوونى کەسانى دیکە بێنیاز بین. کەسێک چەند ژیر بێت، دیسانیش زانست و ئەزموونەکەى سنووردارە. وەک چۆن دوو عەقڵ لە عەقڵێک بەرزترە، سێ عەقڵیش لە دووان بەرزترە. کەسێک کە پێى وایە عەقڵى خۆى سەرووزیادە، ماناى وایە تووشى نەخۆشیی خۆبەگەورەزانى بووە. بۆیە پێش ئەوەى لە بابەتێکدا بگەین بە بڕیار، سەرەتا ڕاوێژ بە پسپۆڕى بوارەکە دەکەین و سوود لە بۆچوون و هەڵسەنگاندنى ئەوان وەردەگرین.

بەهەمان شێوە، ئێمەمانان باوەڕمان وایە تەوفیق و چاودێریی خواى گەورە لەگەڵ جەماعەتدایە. بۆیە ناتوانین بێنیاز بین لەوەى لەگەڵ برا ئیماندارەکانمان بین و لەگەڵ ئەواندا هەنگاو هەڵبگرین. ئەگەر لە شوێنێکدا ڕوبارێک هەبێت کە بەرەو ڕەزامەندیی خوا بڕژێت و بەرەو ئامانجێکى بەرز و باڵا بڕوات، ئێمە ناتوانین ڕازى بین بەوەى بەتەنها وەک دڵۆپێک بمێنینەوە. ئەگەر بەمە ڕازى بین، دەترسین بە گەرمییەکى کەم ببین بە هەڵم و لەناوبچین. کاتێک لەناو جەماعەتێکى لەم جۆرەدا شوێن دەگرین و ئەرکى سەرشانى خۆمان ئەنجام دەدەین، دەزانین کە زۆر لەسەروو هەوڵ و کۆششى خۆمانەوە بەروبووم دەچنینەوە. کاتێک هیممەت و یارمەتیی ئەو کەسانە وەردەگرین کە خاوەنى هەستن و بە هەمان ئاڕاستەدا دەڕۆن، باوەڕمان وایە یەکێکمان دەبێت بە هەزار.

ئەم شتانەى کە باسمان کردن دەکرێت بە جۆرە قبووڵنەکراوەکانى بێنیازى حساب بکرێن. بەدەر لەمانە، لەڕاستیدا ئیماندار دەبێت دەستوورى بێنیازى بخاتە سەنتەرى ژیانیەوە. دەبێت چاوەڕێى هیچ شتێک لە هیچ کەسێک نەکات، دەست لە کەس پان نەکاتەوە، نەچێتە ژێر منەتى کەسەوە، مل بۆ کەس کەچ نەکات. بەتایبەت ئەگەر دڵى بە بانگەواز و خزمەتى ئیمان و قورئان دابێت! کەسێکى لەم جۆرە حەتمەن دەبێت شوێنکەوتەى ڕێگاى پێغەمبەرە مەزنەکان بێت و هەرگیز تەنازول لە بێنیازى نەکات. پێویستە چەند لە دەستى دێت نەبێت بە بار بەسەر کەسەوە. چونکە وەک چۆن پاراستنى عیززەت و شەرەفى ئینسان وابەستەى ئەمەیە، پاراستنى متمانەکەشى هەر پەیوەندیی بەمەوە هەیە. ئەوانەى کە چاوەڕوانى شتێک دەکەن یان دەچنە ژێر منەتەوە، هەم کاریگەرییان لەدەستدەدەن هەم ناچارن باجیش بدەن. قورئان لە زۆر ئایەتیدا بێنیازى بەم مانایە وەک سیفەتێکى پێغەمبەران نیشان دەدات. گوفتارى “لەبەرامبەر ئەرکى ڕیسالەتدا، داواى هیچ شتێکتان لێناکەم. تەنها پەروەدگارى جیهانیان کرێ و پاداشتى من دەداتەوە.”[1] دەنگ و ئاوازى سەرجەم پێغەمبەران بووە.

ڕەنگە وا پێویست بکات هەندێک کەس لە سەرقاڵییەکانى دونیا دووربکەونەوە و بەتەواوەتى خۆیان بۆ خزمەتى ئیمان و قورئان تەرخانبکەن، بە ئاڕاستەى غایەى خەیاڵیاندا بنووسن، قسەبکەن و تێبکۆشن. خۆتەرخانکەران گەرچى چاوەڕێى هیچ شتێک لە هیچ کەسێک ناکەن، نایانەوێت ببن بە بار بەسەر خزمەتەوە و حەزدەکەن بە ئارەقى نێوچاوان گوزەرانى خۆیان دابین بکەن، وەلێ بۆ ئەوەى کارە پێویستەکان بەباشترین شێوە جێبەجێ بکرێن، زۆر گرنگە کەسانێک کات و وزەیان بەتەواوەتى بۆ ئەم کارانە تەرخان بکەن. لەم دۆخەشدا وا پێویست دەکات ئەهلى هیممەت ئەوان تەنها و بێکەس جێنەهێڵن، دەستی یارمەتییان بۆ درێژبکەن، پشتیان بگرن و گوزەرانیان بۆ دەستەبەربکەن. واتە ئەم کەسانە لە ڕوویەکەوە دەبێت لە بابەتى بێنیازیدا کەمێک فیداکارى بنوێنن.

لە کاتى پێویستیشدا هانابردن بۆ هیممەتى خەڵک، داواکردنى کردنەوەى دامەزراوەکانى پەروەردە و فێرکردن لێیان، هاندانیان بۆ بەخشین بۆ ئەوەى بودجەى پێویست بۆ خزمەتەکان دابین بکرێت، واتە داواکردنى شتانێک لە خەڵک لەم ڕووەوە پێچەوانەى بێنیازى نییە. چونکە شتێک بۆ خۆمان داوا ناکەین. بریتییە لە داواکردنێکى شەرمنانە، بۆ کەسانى تر و لەبەر خاترى بانگەوازی خوایی. پێغەمبەریش (صلى الله علیە وسلم) لە بۆنەى جۆراوجۆردا ئەم کارەى کردووە و یارمەتیی لە خەڵک کۆکردووەتەوە. بەڵام لەمەدا پێویستە کارەکان ئەوپەڕى ڕوون و شەففاف بن، حسابى هاتوو و ڕۆیشتووەکان دیار بێت، بچووکترین شت نەبێت کە متمانەى خەڵک بلەرزێنێت. حاڵ و ڕەفتارەکانمان دەبێت ئەوەندە متمانەبەخش بن هیچ کەسێک دەربارەمان بۆچوونێکى نەرێنیی نەبێت. دەبێت دەستمان بۆ بچووکترین شتى تایبەت بە میللەت و خزمەت و دەوڵەت درێژنەکەین. ئەوانەى کە یادمان دەکەنەوە، دەبێت وەک نموونەى بەرجەستەى سەلامەتى و بێنیازى ناومان ببەن.

کاتێک سەیرى مێژووى ئیسلام دەکرێت، دەبینین زانایانى ڕاستەقینە و دۆستانى خوا هەردەم عیززەتى نەفس و سەربەخۆیی خۆیان پاراستووە و چەند مومکین بووبێت هەوڵیانداوە لە دەسەڵاتداران دووربکەونەوە. ئەگەر عیززى کوڕى عەبدوسەلام توانیبێتى وا لە سوڵتانەکانى ڕۆژگارى خۆى بکات گوێ لە قسەکانى بگرن، لە سایەى ئەمەدا بووە. ئەگەر ئیمامى غەزالى توانیبێتى لەسەر نیزامولمولک و تا ئەندازەیەکیش لەسەر کڵچ ئارسلان و مەلیکشاە کاریگەریی هەبێت، لە سایەى بێنیازى و صەمیمییەتەکەیدا بووە. لەناو عوسمانییەکانیشدا، کەسانى وەک ئاک شەمسەدین و ئەبو سعود و عەلی زەنبیللى پێگەى “شێخولئیسلام” و پلەکانى دیکەیان وەرگرتووە، وەلێ هەمیشە عیززەتى نەفسیان پاراستووە، ملیان بۆ حوکمڕانەکان کەچ نەکردووە، دەستیان لە بێنیازى بەرنەداوە. لە سایەى ئەمەشدا توانیویانە قسەیان بەسەر دەسەڵاتدارترین سوڵتانەکانى عوسمانییەکاندا فەرز بکەن و کاریگەرییان لەسەریان هەبووە.

بەهەمان شێوە، حەزرەتى بەدیعوززەمایش دیاریی لە کەس وەرنەگرتووە؛ دەستپێوەگرتن و قەناعەتى کردووە بە گەورەترین دەستوورى ژیانى. لە سایەى ئەمەشدا گوفتارەکانى کاری لە بەرامبەرەکانى کردووە. ئەوان بەئەندازەى پاراستنى شەرەف و عیززەتى خۆیان، خواى گەورەش ئەوانى (إغناء) کردووە، نەیهێشتووە موحتاجى کەس ببن، هێزى پێداون.

بەدرێژایی مێژوو لەپاڵ زانا ڕاستەقینەکاندا کە میراتگرى پێغەمبەران بوون، فەتواچییەکانى ناو کۆشک و تەلارەکانیش کە ناوى (علماء السوء)یان لێنراوە کەم نەبوون. ئەمانە بەراورد بەوانەى پێشوو، بە ملکەچى و ماستاوچێتییان بۆ خاوەن پلەوپایەکان، تێکۆشان شتانێکیان لێ بپچڕن. بەڵام دەبێت باش بزانرێت هەرکاتێک ئەهلى ئیڕشاد سەر بۆ کەسانى تر شۆڕبکەن و کلکەلەقێییان بۆ بکەن، ئەوکات کاریگەریی خۆیان لەدەستدەدەن و تەنانەت دەبنە کۆیلە و خزمەتکارى ئەوانەى کە ملیان بۆ کەچدەکەن. کەسانێک بەجۆرێک دەجووڵێنەوە کە چاوەڕوانیی شتێک دەکەن –چەند کەمیش بێت- ئیعتیبار و پێگەى خۆیان لە شوێنێکى هەڵەدا بەکارهێناوە و هێزى کاریگەریی خۆیان لەدەستدەدەن. ئەم شتانەى لێرەدا باسمان کرد ڕۆڵێکى گەورەیان هەیە لە کەمبوونەوەى کاریگەری و ئیعتیبارى ئیمام و وتاربێژ و موڕشیدانى ئەمڕۆ.

[1] ﴿وَمَا أَسْأَلُكُمْ عَلَيْهِ مِنْ أَجْرٍ إِنْ أَجْرِيَ إِلَّا عَلَى رَبِّ الْعَالَمِينَ﴾ (سورة الشُّعَرَاءِ: 26/109)

  • https://s1.wohooo.net/proxy/herkulfo/stream
  • Herkul Radyo