قووڵبوونەوە لە ئیماندا

قووڵبوونەوە لە ئیماندا
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

کێشە و گرفتى بنەڕەتیی موسڵمانانى ئەمڕۆ ئیمانە. بەداخەوە، لە بابەتە ئیمانییەکاندا لە دیوى تیۆریدا دەمێننەوە و ناتوانن تەقلید و چاولێکەرى تێبپەڕێنن. ناتوانن لە ئیمان بە خوادا قووڵ ببنەوە، بە ڕووى مەعریفەتى خواییدا بکرێنەوە. لە چوارچێوەى قورئانیدا خاوەنى زانیارییەکى پتەو نین دەربارەى زاتى ئولوهییەت بە سیفەتە جەلالى و سوبحانییەکان و ناوە جوانەکانیەوە. بۆیە وەک پێویست ناتوانن ئیمان بە بوون و یەکتایی خوا بهێنن. ناتوانن لە دڵەوە ئەو حەقیقەتانە قبووڵ بکەن کە قورئان خستوونییەتە مەیدان -وەک حەشر و نەشر، بوونى مەلائیکەتان، بەهەشت و دۆزەخ- و لە چوارچێوە قورئانییەکەدا باوەڕیان پێبکەن. دەربارەى جیهانى غەیب کە لە قورئاندا ڕوون دەکرێتەوە و بوونەوەرە مێتافیزیکییەکان داراى تێگەیشتنێکى جددى نین.

بیروباوەڕمان دەربارەى ڕۆحە چەپەڵەکان و یاخود بوونى مەلائیکەتان لە شتێکى نەزەرى زیاتر تێناپەڕێت، لە هەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانماندا ڕەنگ نادەنەوە. بۆ نموونە، قورئان لە چەندین ئایەتیدا باسى فێڵ و تەڵەکانى شەیتان دەکات و ئیماندار لەبارەیەوە ئاگادار دەکاتەوە. کەچى زۆرێک لە ئیمانداران وەک ئەوەى خەبەریان لە بوونى ئەو نەبێت، تەنانەت هەندێک بەم جۆرە نامۆیە بیردەکەنەوە و دەڵێن “شەیتان هەبێت چییە و نەبێت چییە. شەیتان بە من چى؟!” بێباکبوون بەرانبەر بەم دوژمنە سەرسەختەى کە قورئان هێندە هەستیارانە لەسەرى ڕادەوەستێت، جۆرێکە لە لاوازیی ئیمان. ئەرکى ئیماندار ئەوەیە بەگوێرەى فێرکارییەکانى قورئان هەردەم پەنا بە خوا بگرێت لە شەیتان و تێوەژەنین و وەسوەسە و فێڵ و ئاڕاستەکردنەکانى و هەمیشە بەرانبەر بە ئەو لە حاڵەتى بێدارى و ئامادەباشیدا بژى.

ئێمە وەک ئوممەتى حەزرەتى موحەممەد (صلى الله علیە وسلم) کە زاناترین بوو بە خوا، بەداخەوە ئێمە خوا بە ناو و سیفەتەکانیەوە ناناسین، لەبیرمان دەچێت کە ئەو هەموو شتێکى پەنهان و ئاشکرا دەزانێت و نیگابانە بەسەر دڵەکانەوە. کەسێک کە بە شعوورى ئیحسان گەیشتووە، بەرانبەر بە مەوجودییەتى زاتى ئولوهییەت دەگۆڕێت، هەڵسوکەوتەکانى خۆى ڕێک دەکاتەوە و خۆى لە ڕەفتارە نابەجێ و بێباکەکان بەدوور دەگرێت. باوەڕ بە خوا، لە هەموو ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانیدا هەتا دەگات بە هێڵەکانى دەموچاوى، ڕوانینەکانى، تۆنى دەنگى و هێماکانى ڕوخسارى، ڕەنگ دەداتەوە. ئەبو مووساى ئەشعەرى دەڵێت ئەگەر لە شەوێکى تاریکدا و لە کاتى خۆشتنیشدا پشتم ڕاست بکەمەوە و قیت بوەستم، لە شەرمدا کەمەرم دەچەمێتەوە. ئەمانە شتێک نییە بە ئیمانى نەزەرى و تەقلیدى دروست ببێت. ئیمانێک کە لە سروشتى ئینساندا ڕەنگى نەدابێتەوە، بەشى ئاڕاستەکردنى ڕەفتارەکانى ناکات. ئیمانێکى لەم جۆرە لەوانەیە بەشى ئەوەش نەکات کە خاوەنەکەى بەرەو بەهەشت بەرێت.

گرنگ بوون و خاوەندارییە نەک بینران، گرنگ ژیان و ڕەنگدانەوەیە نەک وتن. ڕەنگە بتوانیت بابەتە ئیمانییەکان بە وردەکارییەکانیانەوە بزانیت و بەجوانترین شێوەش باسیان بکەیت. لەوانەیە بتوانیت لەم بوارەدا کتێب دابنێیت. بەڵام ئەگەر وەک ئیماندارێک ئەوەى کە باسى دەکەیت و دەینووسیت لە ناخى خۆتدا هەرست نەکردبێت، بەتەواوەتى قبووڵت نەکردبێت، بەجۆرێک ئیمانت پێنەهێنابێت کە گریمانى ڕاستى بۆ پێچەوانەکەى دانەنێیت و نەتکردبێت بە ڕەهەندێکى دانەبڕاو لە سروشتت، ماناى وایە لە تەقلیدەوە نەگەیشتوویت بە تەحقیق. ناوبردنى ڕەها، تایبەتە بە کەماڵى شتێک. بۆیە ئەو ئیمانەى کە قورئان داوامان لێدەکات ئیمانى تەحقیقییە. نابێت لە ڕەحمەتى خوا بێهیوا بین؛ لەوانەیە ئەوانەش بخاتە بەهەشتەوە کە خاوەنى ئیمانى تەقلیدین و جوانیی خۆییان پیشان بدات. ڕاى زۆرینەى زانایانى کەلام بەم جۆرەیە. ئەوەند هەیە ئێمەمانان نابێت بۆ خودى خۆمان بە ئیمانى نەزەرى و تەقلیدى ڕازى ببین. وەک ئەو گەشتیارە تێرنەخۆرەى کە بەدیعوززەمان لە پەیامى (آیة الکبرى)دا باسى دەکات، بەهۆى تێڕامانمان لە ئاسۆکان و دەروونەکان، دەبێت هەمیشە ئیمان و مەعریفەتەکەمان گۆش بکەین و بە کردەوەى چاکیش پشتگیرى لێبکەین.

وەک چۆن ئیمان بە کردەوە بەهێز دەبێت، کردەوەش کاتێک پشت بە ئیمان دەبەستێت بەهاى ڕاستەقینەى خۆى دەست دەکەوێت. دەکرێت ئیمان بە بناغەى بینایەک بچوێنین. ئەگەر بناغەکە زۆر پتەو بێت، ئەوەش کە لەسەرى بونیات دەنرێت پتەو دەردەچێت. ئیمانێکى بەهێز خاوەنەکەى بەرەو کردەوەى چاک ئاڕاستە دەکات و کردەوەکانیش جوان دەکات.

بۆیە دەبێت خەمى لەپێشینە و ئامانجى یەکەممان هەمیشە ئیمان بێت. پێویستە هەرچى لە دەستمان دێت بیکەین بۆ ئەوەى سەرەتا خۆمان و پاشان کەسانى چواردەورمان لە ئیماندا قووڵ ببینەوە، تامى ئیمان بکەین و هەست بە جۆشوخرۆشەکەى بکەین. پێویستە کاتێک بە یەک دەگەین و کۆدەبینەوە، وەک صەحابییەکان بە یەکتر بڵێین “وەرن با سەعاتێک ئیمان بهێنین.” دەبێت هەموو ڕۆژێک چاوێک بە سەرتاپاى ئیمانەکەماندا بخشێنینەوە و بزانین لەسەر زەمینەیەکى پتەو وەستاوە یان نا. گەرچى لە سەرەتادا ئیمان مەشخەڵێکە و لە دڵى مرۆڤدا دایدەگیرسێنێت. بەڵام مرۆڤ دەبێت هەموو جارێک تاقیبى ئەوە بکات بزانێت ئاخۆ مەشخەڵەکە هێشتا دەگڕێت یان نا، نوور پەخش دەکات یان نا، ڕێگاکەى ڕۆشن دەکاتەوە یان نا و هەوڵى بەهێزکردنى ڕووناکییەکەى بدات. دەنا لەوانەیە لەبەرانبەر ڕەشەبا بەهێزەکانەوە بچەمێنرێتەوە، تەنانەت بەرگە نەگرێت و بڕووخێت.

موعتەزیلە کە ڕاسیۆنالیزمى یۆنانییان هێنایە ناو دونیاى موسڵمانانەوە، هەرچەندە زۆر خۆیان بە لایەنى تیۆریی بابەتە دینییەکانەوە سەرقاڵ کردووە، بەداخەوە لە کرداردا پێپەتى بوون، لە ژیانى قەلبیدا نەیانتوانیوە قووڵ ببنەوە، وەک پێویست نەیانزانیوە عیبادەت و تاعەت چ سەروەتێک دەستى مرۆڤ دەخات. شوێنکەوتە هاوچەرخەکانى موعتەزیلەش لەمڕۆدا بە هەمان ڕێگادا دەڕۆن. ئەگەر وانە و بڕوانامەى “تیۆلۆجى”ش وەربگرن، پڕ بە ڕەفەکان کتێب بووسن و لەبارەى ئەدەبییاتى بابەتە دینییەکانەوە بدوێن، وەلێ لە بوارى کردار و جێبەجێکردندا زۆر ڕواڵەتین. لەوانەیە شتێکى زۆر دەربارەى قورئان و سوننەت بزانن. چەمکە دینییەکان بەجوانى پێناسە دەکەن و ڕوونى دەکەنەوە، کرانەوەى نوێ بۆ بابەتە دینییەکان دەهێنن، زانستەکەیان سیستەماتیزە دەکەن و بۆ کەسانى تریشى نەقڵ دەکەن. بەڵام چونکە ئەوەى کە باسى دەکەن هەرسیان نەکردووە و نەیانکردووە بە بەشێک لە سروشتیان، هەردەم لە تیۆریدا دەمێننەوە. نە لە ویژدانیانیدا دەتوانن هەست بە جوانییە سەرسووڕهێنەکانى بەهەشت بکەن، نە لەبەرانبەر سزاى ترسێنەى دۆزەخیشدا هەست بە مووچڕکە دەکەن.

 ئەوە سۆفییەکان بوون کە لە بابەتى تێکەڵکردنى دین بە سروشتى مرۆڤ و جێبەجێکردنیدا لەپێشەوە بوون. ئەوان لەسەر ئاستى ژیانى دڵ و ڕۆح لە بابەتە دینییەکاندا قووڵ بوونەتەوە و چەشتوویانن. زانیویانە چۆن لەپاڵ عەقڵیاندا دڵ و ڕۆحیشیان بەکاربهێنن، بەم شێوەیە بە ئامانجە پێویستەکان گەیشتوون. ئامانجى بنەڕەتیش پێویستە کردەوە و جێبەجێکارى بێت. ئەو زانیارییە تیۆرییانەى کە ناگۆڕێن بە کردار، گرنگییەکى وایان نییە. ئەگەر مرۆڤ قسە لەبارەى بابەتە دینییەکانەوە بکات نابێت تەنها بە زانیارییە نەزەرییەکان ئیکتیفا بکات، بەڵکو گرنگ ئەوەیە ببێت بە تەرجومانى دونیاى ناوەوەى، ئەوە باس بکات کە هەستى پێدەکات و تێیدا دەژى و پیادەى دەکات. کاریگەربوونى قسەکانیشى لاى خەڵک وابەستەى ئەمەیە.

گرنگ لە ئیماندا ئەوەیە ببێت بە ڕەهەند و قووڵییەکى جیاوازى سروشت. لە سایەى ئەمەدا مرۆڤ بەرانبەر بە هەڵسوکەوتەکانى پێچەوانەى ئیمان، ئەگەر بەئیرادیش نەبێت کاردانەوەى نائیرادى دەنوێنێت. دەکرێت ئەمە بچوێنین بە کاردانەوەى سیستەمى بەرگریی لەش کاتێک میکرۆبێک دەچێتە ناویەوە. تەنانەت کەسێکى لەم جۆرە ڕێگە نادات بیرە چەپەڵەکان لە خەیاڵ و تەسەووریشیەوە بئاڵێن. ئەو بیرکردنەوانەى کە دونیاى زیهنى ئەو دەڕازێننەوە و دەبنە میوانى خەیاڵەکانى، ڕوون و دیارن. خۆ ئەگەر بیرێکى نامۆ کە دژى جیهانى تێڕامانى ئەوە بچێتە ناوەوە، ئەوا وەک ئەوەى سنوورى ئاسمانى بەزێنرابێت و یەکسەر پەرچەکردارى نائیرادى بەرانبەر دەنوێنێت. لەبەرئەوەى هەتا ئەو کاتەش کە مرۆڤ دەگات بە ئاستێکى لەم جۆرە لە ئیماندا بەتەواوەتى لە غەفڵەت ڕزگارى نابێت، ئەوا شەیتان دەتوانێت شتانێک لە نوێژ و دوعا و کردەوەکانى بفڕێنێت.

بەکورتى، کێشەى بنەڕەتیی ئەمڕۆ گرفتى ئیمانە. لە تەماشاکردنى تابلۆى گشتییەوە وا دەردەکەوێت بەداخەوە ئیمانى زۆرێک وەک بینایەک بێت کە لە لێوارى هەرەسدایە. ماناى وایە ئاگادارى گرنگى و بەهاى ئیمان نین. لەحاڵێکدا وەک بەدیعوززەمان دەڵێت گەورەترین حەقیقەتى ناو گەردوون ئیمانە. ئیمە لە سایەى ئیمانەکەماندا بە بەهەشت و ڕەزامەندیی خوا شەرەفمەند دەبین. کەوایە بۆ ئەوەى لە هەموو شتێکى تر زیاتر گرنگى پێبدەین و بەرانبەر بە زریانە هەرە بەهێزەکانیش بەپێوە بوەستین، نابێت بیناى ئیمان بەهێز و پتەو بکەین؟