İçindekiler
پرسیار: لەمڕۆدا ئەو دایک و باوکانەى کە خۆیان بۆ خزمەتگوزاریی ئیمان و قورئان تەرخان کردووە، سکاڵاى ئەوە دەکەن کە بەهۆى سەرقاڵییانەوە ناتوانن کاتى پێویست بۆ فێرکردن و پەروەردەى منداڵەکانیان تەرخان بکەن. پێویستە چۆن هاوسەنگى لەم بابەتەدا بپارێزرێت؟
وەڵام: وەک دەزانرێت لە ئیسلامدا حوکمەکان بۆ سەر (فرض، واجب، مستحب، مباح، مکروە، حرام) دابەش دەبن. موسوڵمان دەبێت ڕێز لە هەموو ئەمانە بگرێت و بەگوێرەیان ڕەفتار بکات. بۆ نموونە، چونکە نوێژ عیبادەتێکى فەرزە، ئەوا ئیماندار ناگونجێت لەم کارەدا تەمبەڵى بکات. بەهەمان شێوە چوونە حەجیش فەرزە؛ هەموو موسوڵمانێک کە مەرجەکانى تێدایە حەتمەن دەبێت ئەو ئەرکە جێبەجێ بکات. بەپێچەوانەوە گوناهبار دەبێت و لاى خواش بەرپرسیار دەبێت. وەزیفەى (إعلاء کلمة أللە)ش بە فەرزى کیفایە دانراوە. ماناى ئەمە بەم جۆرەیە: ئەگەر هەندێک لە موسوڵمانان ئەم وەزیفەیە جێبەجێ بکەن ئەوا بەرپرسیارێتى لەسەر ئەوانى تریش لادەچێت. بەڵام ئەگەر هیچ کەسێک ئەم کارە نەکات ئەوا هەموویان لێپرسراو دەبن.
وەزیفەى لەپێشینە
پێدانى لەپێشینەیی بەو بابەتانەى دین کە فەرامۆش کراون و سەرلەنوێ بەرزکردنەوەیان لە ڕوانگەى ئیماندارانەوە لە بەرپرسیارێتییە دینییە لەپێشینەکانن. بۆیە موجتەهید و موجەددیدەکان لەو ڕۆژگارانەى کە تێیدا ژیاون گرنگییان بەم مەسەلانە زیاتر داوە، لە ڕیزى یەکەمى کارەکان دایانناون و جەختى زیاتریان لەسەر کردوونەتەوە. بەدیعوززەمانیش بینیوتى کە لە سەردەمى خۆیدا وەزیفەى (إعلاء کلمة أللە) لەبیرکراوە و فەرموویەتى جێبەجێکردنى لە ڕوانگەى موسوڵمانانەوە فەرزێکە لەسەروو فەرزەکانەوە. لەمڕۆشدا لەبەرئەوەى لە بابەتى بیسترانى ناوى شکۆمەندى خوا لە هەر چوار لاى جیهاندا و زانران و ناسرانى جوانییەکانى ئیسلامدا کەموکورتییەکى جددى بوونى هەیە، ئەوا ماناى وایە پێویستە هەمووان بە ئاڕاستەى ئەم ئامانجەدا بکەونە جووڵە و چالاکییە گشتى و بونیاتنەرەکانى ئەم بوارە زیاتر و خێراتر بکرێن.
حوکمى کارێک چى بێت، هۆکارەکان و ئامڕازەکانیشى ئەو حوکمە وەردەگرن. بۆ نموونە، لە جێبەجێکردنى فەرزێکدا چ شتانێک شەرت بن و بەبێ بوونى ئەوان فەرزەکە مومکین نەبێت، ئەوا ئەو شتانەش حوکمى فەرزەکە وەردەگرن. بۆ نموونە، دەستنوێژ شەرتى نوێژە؛ بەبێ دەستنوێژ نوێژ مومکین نییە. کەوایە وەک چۆن نوێژ فەرزە، دەستنوێژیش فەرزە. بەهەمان شێوە جەنگان لە خودى خۆیدا کارێکى ویسترا و خوازراو نییە. بەڵام ئەگەر پەیوەندى بە پاراستنى گیان و ماڵ و شەرەف و نیشتمان و سەربەخۆییەوە هەبێت، ئەوا لەم دۆخەدا لەبەرئەوەى پاراستنى ئەم شتانە فەرزن، دەرەنجام جەنگانیش لە چوارچێوەى ئەو یاسایانەدا کە ئیسلام دایناون دەبێت بە فەرز. وەک لە فەرموودەکانیشدا ئاماژەى بۆ کراوە، کەسێک کە بۆ نوێژ دەچێت بۆ مزگەوت، لەسەر هەموو یەکێک لە هەنگاوەکانى پاداشتى دەدرێتەوە. واتە هەندێک کار هەن کە ئەمانە لە ڕوانگەى دینەوە و لە خودى خۆیاندا ویستراو و داواکراو نین، واتە دین ڕاستەوخۆ فەرمان بە کردنیان ناکات. بەڵام ئەگەر ئەنجامدانى واجب یان فەرزێک دەستەبەر بکەن، ئەوا هەمان حوکمى واجب یان فەرزەکە وەردەگرن. کەوایە دەبێت بە هەمان چاویش بۆ ئەو سیستەم و میکانیزم و ڕێکخراو و دامەزراوە و هەوڵ و تێکۆشانانە بڕوانرێت کە بە ئامانجى (إعلاء کلمة أللە) دامەزرێنراون و بەگەڕخراون. ئەگەر ئەمانە لە خودى خۆیشیاندا (مباح) بن، وەلێ گەر ببنە هۆکار بۆ ناسران و خۆشویستران و دینەکەمان و بەهاکانمان، ئەوا ئەمانەش پاداشتى فەرز دەستى کەسەکان دەخەن.
ئەو خزمەتگوزارە ژن و پیاوانەى کە ئاگادارى ئەم بەرپرسیارێتییەن، بەگوێرەى هەلومەرجەکانى ئەمڕۆ و بە بەکارهێنانى ڕێگا و شێوازى جیاواز هەوڵى جێبەجێکردنى ئەم وەزیفە بەرزە دەدەن. دەیانەوێت ئەو خەرمانەیەى کە لە ڕابردووەوە بە میرات بۆیان ماوەتەوە و ئەو بەهایانەش کە لە ڕەگ و ڕیشەى مەعنەوییانەوە هاتووە، هەموو مرۆڤایەتى سوودى لێوەربگرێت. ئارەزوو دەکەن لە گشت گوێ و دڵەکاندا حەقیقەتى (لا إلە إلا أللە) دەنگ بداتەوە. دەیانەوێت هەموو ئامڕازێک کە خزمەت بە هێنانەدیی ئەم ئامانجانە دەکات بەکار بهێنن. دەست دەنێنە ناو دەستى یەک و ڕاوێژ دەکەن، هیممەتى خۆیان کۆدەکەنەوە، بەگوێرەى هەلومەرجەکانى ڕۆژگار ستراتیژ بەرهەم دەهێنن، هەوڵى ڕێکخستنى دڵەکان دەدەن، لە دژى نەزانى تێدەکۆشن. لەوانەیە ئەم کردارانە لە خودى خۆیاندا وەک (إعلاء کلمة أللە) نەبینرێن. بەڵام چونکە ئەو هەنگاوانەن کە پێویستە لەم ڕێگایەدا بنرێن، هەمان پاداشت دەستى خاوەنەکانیان دەخەن. بۆیە هیچ یەکێک لەم ئەرکانە نابێت فەرامۆش بکرێن و بە کەم تەماشا بکرێن.
تاقیکردنەوەمان بە منداڵان و بەرپرسیارێتییەکانمان
کاتێک هەموو ئەم شتانە دەکرێن، وەزیفەیەکى دیکەش هەیە کە نابێت فەرامۆش بکرێت؛ ئەویش چاودێرى و بەخێوکردنى ئەو منداڵانەیە کە خستوونییەتە ئەستۆى ئێمەوە، پێگەیاندنیانە بەجوانترین شێوە، پەروەردەکردنیانە لەسەر ڕەوشتى بەرز و جوانى ئیسلام.
قورئان ماڵ و منداڵ وەک “فیتنە” ناو دەبات.[1] نابێت بەهەڵە لەمە تێبگەین. ماناى فیتنە لێرەدا بەم جۆرەیە: ئینسان بەهۆى ئەم شتانە دەکرێت بیباتەوە و دەشگونجێت بیدۆڕێنێت. خواى گەورەى ئینسان بە هاوسەرەکەى و منداڵەکانى تاقى دەکاتەوە. ئەگەر بەباشى لەگەڵ هاوسەرەکەت هەڵبکەیت و پەیوەندییەکەتان لەسەر بنەماى خۆشەویستى و ڕێز بێت، هیممەتى خۆتان کۆبکەنەوە و خێزانەکەتان بکەن بە گۆشەیەک لە گۆشەکانى بەهەشت.. منداڵەکانتان لەسەر پەروەردەى ئیسلام پێبگەیەنن و بتوانن وا لە بینەر بکەن بڵێت “تومەز ماڵى موسوڵمان ئاوایە!”… ئا لەم دۆخەدا تاقیکردنەوەکە دەبەیتەوە.
قورئان بەم جۆرە وێناى تابلۆیەکى قیامەتى دەکات: ئاخیرەت ڕۆژێکى ئەوەندە سەختە هاوسەرەکان لە یەکتر، دایک و باوک لە ڕۆڵەکانیان، ڕۆڵەکانیش لە دایک و باوکیان هەڵدێن[2]. بەتایبەت ئەگەر لەم دونیایەدا وەزیفە پێویستەکان ئەنجام نەدرابن، بەرپرسیارێتییەکان نەهێنرابنە جێ، ئەوا کارەکە زۆر دژوارتر دەبێت. بۆ نموونە، ئەگەر هەوڵ نەدرابێت منداڵەکان وەک کەسانى باش پێبگەیەنرێن و پەروەردەیەکى چاکیان پێنەدرابێت.. گەشە بە توانا و لێهاتنەکانیان نەدرابێت، نەکرابن بە تاکێکى سوودبەخش بۆ کۆمەڵگا و نەکرابن بە خزمەتکارى دینى ئیسلام.. نەک هەر ئەم شتانە نەکرابن، بەڵکو ڕۆڵەیەک کە دەتوانێت هەموو شتێکى لێدەربچێت بەبێ ئەوەى پەروەردەیەکى جوان کرابێت خرابێتە ناو کۆمەڵگاوە و ئەوانیش هەم بۆ خۆیان و هەم بۆ خەڵک بووبنە بەڵا… ئەوا لە حاڵەتێکى وادا منداڵەکە لە ئاخیرەتدا شوێن دایک و باوکى دەکەوێت و لەسەر ئەم ئیهمالییە لێیان دەپرسێتەوە. ئەگەر منداڵیش مافى دایک و باوکى نەهێنابێتەجێ، ئەمجار دایک و باوک یەخەى منداڵ دەگرن.
ئەگەر نە کۆڵان و نە خوێندنگا و نە ئەو ژینگانەى دیکەش کە منداڵ کاتیان تێدا بەسەردەبات ڕۆحێک بە منداڵان نەدەن، لە بابەتى دین و دینداریدا، لە بوارى دونیا و ئاخیرەتدا ئەو توانا و بەهرەیەیان پێنەبەخشێت کە پێویستە هەیانبێت، ئەوا هاوشێوەى وەزیفەى (إعلاء کلمة أللە)، پەروەردەى منداڵیش بۆ دایک و باوک زۆر گرنگتر دەبێت و وەک فەرزى عەینى لێدێت. چونکە ئەم وەزیفە گرنگەى کە دەبێت حەتمەن جێبەجێ بکرێت، بەتەواوەتى دەکەوێتە سەرشانى خۆیان. لەم دۆخەدا دایک و باوک دەبێت دەست بخەنە ناو دەستى یەک و لە جوان پەروەردەکردنى منداڵەکەیاندا هەرچى لە دەستیان بێت بکەین. لە کاتى فەرامۆشکرانى ئەمەدا هەم ماڵ و هەم کۆمەڵگا لەرزەى پێدەکەوێت. چونکە خێزان یەکەى گەردیلەیی کۆمەڵگایە. ئەگەر گەردیلەى پێکهێنەر بشێوێت کۆمەڵگاش دەشێوێت. وەک حەزرەتى پیر دەفەرمووێت، کۆمەڵگایەک کە پارچەکانى لە گوناه پێک هاتبێت، مەحاڵە تەندروست بێت. لەم ڕوانگەیەوە، وەک چۆن کاتێک خەڵک بە خوا دەگەیەنرێت و قەدەغەکارێک لەناو دڵەکاندا دادەنرێت پێکهاتەیەکى پتەوى کۆمەڵگا دروست دەبێت، کاتێکیش منداڵانى ناو ماڵەکانمان بۆ ئاستى مرۆڤێتیی ڕاستەقینە بەرز دەکرێنەوە هەمان ئەنجام دروست دەبێت؛ دەنا هاوشێوەى ماڵەکانمان کۆمەڵگاش دەڕمێت.
بۆیە ئێمەمانان کاتێک لەلایەك ئەرک و وەزیفەکانى بوارى خزمەتگوزارى دەهێنینەجێ، لەلایەکى دیکەوە حەتمەن پێویستە کات بۆ خێزان و منداڵەکانیشمان تەرخان بکەین. بەتایبەت لە تەمەنى بچووکیدا کە نەستى (لاشعور) منداڵ شت وەردەگرێت، پێویستە لە نزیکەوە گرنگى بە منداڵ بدەین و ڕەچاوى خۆراکە مەعنەوییەکانى بکەین. چونکە خەرمانەى کەڵەکەبوونى ناو نەست ڕێگرە لە خنکان لەناو ئاوە قووڵەکانى ژیان یان چەقین لەناو زەلکاوەکانیدا. منداڵەکان بە گەورەبوونیان پێویستە داخڵ بە کار و چالاکیی دیاریکراو بکرێن؛ هەتا ئەو شتانەى کە ئێمە دەیانبینین، کارمان لێدەکەن و جۆشوخرۆشمان دەجووڵێنن، کاریگەرى لەسەر ئەوانیش هەبێت.
لەلایەکى دیکەوە نابێت لەبیر بکرێت کە ڕەفتار و هەڵسوکەوتى گەورەکانى خێزان کاریگەریی قووڵى لەسەر منداڵان هەیە. هەمومان دەبێت چەند لە دەستمان دێت ژیانێک بژین کە نموونە بێت بۆ منداڵان. بەندە لە منداڵییەوە قسەى زۆرم لە گەورە و مامۆستاکان بیستووە. بەڵام دەتوانم بڵێم لەمانە کاریگەرتر لەسەر من داپیرەم بوو هەرکاتێک ناوى خواى لەلا دەبرا فرمێسکى دەڕشت، باپیرەم کە نیوەشەو هەڵدەستا و بەدوورودرێژى نوێژى دەکرد. بۆیە زۆر گرنگە دایکان و باوکان (رکن شدید) واتە “ستوونێکى بەهێز”ى وەها بن کە منداڵان لە کاتى پێویستدا پشتیان پێوە بدەن و هێزیان لێوەربگرن. لە ئێستادا خێزانەکان بچووک بوونەتەوە، دۆزینەوەى باپیرە و داپیرەکان لە ماڵدا شتێکى زەحمەتە. کەوایە دەبێت دایک و باوک لە بابەتى ڕابەرایەتیی منداڵدا شوێنى ئەوانیش پڕبکەنەوە.
ڕێکخستنى کات
بەجێهێنانى وەزیفەکان هەم بەرانبەر بە کۆمەڵگا و هەم بەرانبەر بە تاکەکانى خێزان بەبێ کەموکورتى، پێویستى بە ڕێکخستنێکى باشى کاتەوە هەیە. ئەگەر ئەو تاکانەى کە پێکهاتەیەکیان دروست کردووە کارەکان لەناو خۆیاندا بەباشى دابەش بکەن و یارمەتیدەرى یەکتر بن، ئەوا ڕێگە بە ئیسرافى کات و وزە نادرێت. لە سایەى ئەمەدا هەمووان دەرفەتى ئەوەیان بۆ دەڕەخسێت کە کاتى خۆیان بەشێوەیەکى سوودبەخش هەڵبسەنگێنن. بەم جۆرە تاک دەتوانێت کارەکانى خۆى و خێزانەکەى و کارەکەى و خزمەتەکەى بهێنێتەجێ بەبێ ئەوەى تووشى زەحمەت ببێت و مافى ئەمیان بکات بە قوربانى بۆ ئەوى تر.
وا هەست دەکەم کێشەى بنەڕەتیی ئێمە باش ڕێک نەخستنى کاتە و دابەش نەکردنى کارەکانە بەڕێکوپێکى. ئەوە نییە کە لەبەر خاترى وەزیفەى خزمەتەکەمان ماڵ و منداڵمان فەرامۆش کردبێت، یان هێندە سەرقاڵى خێزانەکەمانین کە سەرمان ناپەرژێتە سەر خزمەتکردن. بەپێچەوانەوە، چونکە ئیسراف لە کاتدا دەکەین و ناتوانین بەرهەمدارانە کاتەکانمان بەکار بهێنین، ئەوا جارێ خزمەت و جارێکیش خێزانەکەمان لەبیر دەکەین. بۆ نموونە، لە هەندێک کۆبوونەوە و گفتوگۆدا لەکاتێکدا کە دەتوانین پێشتر تێبینییەکانمان دەربارەى ئەو بابەتانەى کە بڕیارە تاوتوێ بکرێن تۆمار بکەین، بیر و بۆچوونەکانمان پێشوەختە ئامادە بکەین و بەشێوەیەکى نەخشەڕێژکراو پێشکەشیان بکەین، مەسەلەکان بۆ کاتى خۆى جێدەهێڵین و قسەکردن بەشێوەیەکى ناپێویست درێژ دەکەینەوە. بۆیە ئەو بابەتانەى کە هەوڵ دەدەین پێشکەشیان بکەین، بەشێکى بەهۆى پەرتەوازەیی بیرمانەوە دەشێوێت، بەشێکى دەبێت بە قوربانى توانى دەربڕین و گوزارشت، بەشێکیشى بەهۆى هەست و هەیەجانەوە لەبیر دەچێتەوە. تەنانەت جارى وایە چونکە نەمانتوانیوە بەتەواوەتى گوزارشت لە مەبەستەکەمان بکەین یان وشەکانمان بەدروستى هەڵنەبژاردووە، دڵى ئەم و ئەو دەشکێنین. پاشان دڵ شکان و زویربوون دروست دەبێت. ئینجا مشتومڕ دروست دەبێت، بازنەیەکى داخراوى فەساد دروست دەبێت، قسە قسە دەهێنێت و مەسەلەکە گەورەتریش دەبێت. ئەگەر لە هەموو کارێکماندا ڕەچاوى ئابوورى و دەست پێوەگرتن بکەین، ئەوا بە مۆڵەت و چاودێریی خوا لە بوارى ئەو کارانەدا کە لێیان بەرپرسین شتێک نامێنێتەوە کە فەرامۆشى بکەین.
بەکورتى، نە دەبێت وەزیفەى (إعلاء کلمة أللە) پشتگوێ بخرێت، نە دەبێت مافى هاوسەر و منداڵەکانمان کە ئەمانەتى خوان لە ئەستۆماندا فەرامۆش بکرێن. هیچ یەکێک لەمانە بەرگەى فەرامۆشى ناگرن. هەریەکەیان لە بوارى خۆیاندا بەرپرسیارێتیی گرنگن. نابێت یەکێک لەمانە بەسەر ئەوى تردا پێش بخرێت، مافى یەکێکیان دەرخواردى ئەوى دیکەیان بدرێت.
[1] ﴿إِنَّمَا أَمْوَالُكُمْ وَأَوْلَادُكُمْ فِتْنَةٌ﴾ سورة التَّغَابُنِ: 64/15
[2] فيقول تعالى: ﴿يَوْمَ يَفِرُّ الْمَرْءُ مِنْ أَخِيهِ * وَأُمِّهِ وَأَبِيهِ * وَصَاحِبَتِهِ وَبَنِيهِ﴾ سورة عَبَسَ: 80/34-36





