İçindekiler
پرسیار: بەدیعوززەمان لە دوایین سەفەریدا بۆ شارى ئۆرفە دەڵێت “لێم تێنەگەیشتن!” لەمەدا مەبەستى لە کێیە و بۆچى لێى تێنەگەیشتوون؟
وەڵام: بەدیعوززەمان ژیانێکى تەواو و پڕ ژیاوە بەجۆرێک کە بۆشاییەکى لەدواى خۆى جێنەهێشتووە؛ بە بیر و بەرهەم و ژیانى ڕێگاى پیشانى چەندەها کەس داوە و ئاسۆیانى واڵا کردووە. بە داوێنپاکى و قەناعەت و دەست پێوەگرتن و ئەخلاقیشى، ژیانێکى زۆر زۆر وریا و هەستیار پێوانەکراو ژیاوە. بۆ نموونە، لە خواردن و خواردنەوەدا هەرگیز ئیسرافى نەکردووە. ئەوەندە کالۆرى وەرگرتووە کە لاشەى پێویستى بووە، ژیانێکى زۆر ڕێکخراو ژیاوە. بۆیە هەم هەرگیز کێشى زیادەى نەبووە، هەم هەتا دوایین ساڵەکانى تەمەنیشى تەندروستى و زیندەیی خۆى پاراستووە. لەبەرئەوەش کە پەیوەندیی لەگەڵ خوادا زۆر بەهێز بووە، بە ڕەزامەندى پێشوازى لە هەموو ئەو مەینەتییانە کردووە کە تووشیان بووە. بۆ ئەوەى ڕێگا بە بچووکترین ڕەخنەى نەیارەکانى نەدات، هەستیارییەکى لەڕادەبەردەرى نواندووە.
لە بناغەوە دەستى پێکردووە
ئەو، بەدرێژایی ژیانى بۆ بونیاتنانى مرۆڤێکى نوێ لەسەر ئاستى بیر و هەست، پەلەقاژەى کردووە. لە “ئەلفوبێ”وە دەستى پێکردووە، تێکۆشاوە بۆ ئەو بەهایانەى کە خۆى باوەڕى پێیانە تا کەسانى چواردەوریشى باوەڕى پێکەبن. چونکە ئەو گەورەیی کێشەکانى کۆمەڵگاى بینیوە و تێگەیشتووە کە تەنها بە وروژاندنى بارى دەروونیی جەماوەر، پۆپولیزم و سیاسەت و هاوشێوەکانیان گرفتەکان چارەسەر ناکرێن. باوەڕى هێناوە بەوەى تەنها کەسانێک دەتوانن لەژێر ئەرکى کێشە و گرفتەکانى جیهانى ئیسلام دەربچن کە ئیمانى تەحقیقییان بەدەست هێناوە، لە لۆجیکى قورئان تێگەیشتوون و لە ڕوانگەى قورئانەوە دەتوانن بۆ ڕووداوەکان بڕوانن. بۆیە حەزرەتى پیر لە بناغەوە دەستى پێکردووە، بۆ نۆژەنکردنەوەى قەڵایەک کە چەندین سەدەیە دەڕمێت قۆڵى هەڵماڵیوە، وەک ئەندازیارى مێشک سەرلەنوێ شکڵ و شێوەى بە بیرکردنەوەکان داوە.
قەدرشناسى
مامۆستا ژیانى بۆ خزمەتى دینى ئیسلام تەرخان کردووە و زۆر لە نزیکەوە سەرقاڵى ئەو بابەتانە بووە پەیوەندییان بە قەدەرى دینەوە هەبووە. هەموو جۆرە خزمەتێکى – ئەگەر تەنها هێندەى گوڵەستێرەیەکیش تیشکى هەبووبێت- ستاییش کردووە، چەپڵەى بۆ لێداوە و پشتى گرتووە. هەرکەسێک کە باوەڕى وابووبێت بە جۆرێک لە جۆرەکان سووچێکى خزمەتى ئیمان و قورئانیان گرتووە، ئەو گومانى باشى پێبردوون، ستاییشى کردوون، هانى داون. بۆ نموونە، بە کرانەوەى قوتابخانەکانى ئیمام و وتاربێژ زۆر دڵخۆش بووە، لە دڵەوە پشتگیرى لەو بڵاوکردنەوانە کردووە کە باوەڕى وابووە لەو ڕۆژگارەدا گوزارشت لە دەنگ و سەداى موسوڵمانان دەکەن. هەرگیز وەک شتێکى تەنگ و تەسک لە خزمەتى دینى نەڕوانیوە، نەیکردووە بە قوربانى هەستى لایەنگرى.
وابەستەیی بە قورئانەوە
لە هەر گۆشەیەکەوە سەیرى حەزرەتى پیر بکەیت، لە دۆزینەوەى لایەنێکدا کە بتوانیت ڕەخنەى لێبگریت تووشى زەحمەت دەبیت. لە بەرهەمە نووسراوەکانیدا ڕۆحانییەت هەیە. چونکە ئەم دانراوانەى کە سەرێکیان وابەستەى قورئانە، ئیلهامیان لە قورئانەوە وەرگرتووە. بۆیە کاتێک موتاڵاى بەرهەمە ناوازەکانى دەکرێت، خوا ئاسۆتان بە ڕووى قورئاندا دەکاتەوە و واریداتى قورئانیش دەڕژێتە ناو ناختانەوە. حەزرەتى پیر، هاوشێوەى کەسانى وەک ئیمامى ڕەببانى و ئیبن عەرەبى، لەو زاتە گەورانەیە کە خواى گەورە نهێنییەکانى بازنەى ئولوهییەتى خۆى بە گوێدا داون. کاتێکیش کە گوزارشت لەم بابەتە قووڵانە دەکات ڕەچاوى ئاستى دوێنراوەکانى دەکات، شێوازێک بەکار دەهێنێت کە بتوانن لێى تێبگەن. بەڵام لەپشت ئەم ئوسلوبەیدا کە وا دەردەکەوێت سادە بێت، ماناى زۆر قووڵ شارراوەن. ئەگەر بەوردى ئەم بەرهەمانە بخوێنرێنیتەوە و شیکردنەوەى جددی بۆ دەربڕینەکان بکەیت، دەتوانیت بە ڕووى قووڵاییەکاندا بکرێیتەوە.
مامۆستا لەبەرئەوەى بەتەواوەتى خۆى بە قورئان بەخشیوە، ئەو چەمک و بەڵگە و زاراوە و ئوسلوبەش کە لە دانراوەکانى بەکاریان دەهێنێت قورئانین. هەر یەکێک لە بابەتە تاوتوێکراوەکانى ئەو، دەتوانرێت ببرێنەوە سەر ئایەت یان فەرموودەیەک. بەڵام چونکە ئێمە نامۆ بووین بەو سەرچاوە ئاسمانییانە ناتوانین ئەم ڕایەڵە ببەستین و وەک پێویست لەم پەیوەندییە تێناگەین. بەداخەوە بووین بە نامۆ بە زمانى ئەو کتێبەى کە پەروەدگارمان بۆى دابەزاندووین. بۆیە ناتوانین لە پەیامەکانى نوورەوە بەرەو قورئان و سوننەتى صەحیح بڕۆین. گەرچى لەم بارەیەوە ئەمڕۆ هەندێک بەرهەمى ستاییشکراو خراونەتە گۆڕێ. پشت بە خوا لە داهاتوودا شتى جوانتریش دەکرێت. خۆى لە خۆیدا گرنگ خێرا خوێندنەوە و تێپەڕاندنى پەیامەکان نییە. تەنانەت لەبەرکردنیش ماریفەتێک نییە. گرنگ خوێندنەوەیەکى جیاوازى پەیامەکانە، بینینى بوارى پەیوەندیی گوفتارە جیاوازەکانە لە شوێنە جیاوازەکاندا بە یەکترەوە، تێگەیشتنە لە مەبەستى ئەسڵیی گوفتارەکە، ڕۆچوونە بۆ ناو قووڵاییەکان، پەیبردنە بە ماناکانى ئەو بۆ گرفتەکانى ژیانى تاکى و خێزانى و کۆمەڵایەتیمان، دیاریکردنى پەیوەندی گوفتارەکانى ناو پەیامەکان لەگەڵ بەرهەم و دانراوە ئیسلامییەکانى تردا و بەراوردکردنیانە.
فراوانیی دونیاى خەیاڵ
بەدیعوززەمان داراى خەیاڵێکى زۆر فراوانە. بەبێ ڕەچاوکردنى گوزارشتەکانى ئەو کە لە بابەتى ڕزگارکردنى ئیمانى نەوەکاندا بۆشاییەکى گەورە پڕ دەکەنەوە، ئەگەر تەنها تەماشاى فراوانیی بیر و خەیاڵیشى بکەیت، دەبینیت کە زۆر سەرنجڕاکێشە و لایەنێکە کە سەربەخۆ شایانى هەڵوێستە لەسەر کردنە. کاتێک دەچیتە ناو دونیاى خەیاڵ و تەسەوورى ئەوەوە سەرت دەسووڕێت و لە پێ هەڵگرتن بەدواى بیرکردنەوەکانیدا تووشى دژوارى دەبیت. ئەو بە بانگرکردنە جیاوازەکان ئاسۆى زۆر جیاواز لەبەردەمماندا واڵا دەکات. کۆمەڵ بیرێک دەخاتە مەیدان کە ڕۆژگارى خۆییان تێپەڕاندووە. هەندێک جار لەنێوان تێبینییە جیاوازەکاندا بەجۆرێک کە ئێمە لە تێگەیشتنیشدا دووچارى زەحمەت دەبین پەیوەندى دروست دەکات و بیرۆکەى زۆر تازە و ڕەسەن دەهێنێتە سەر زار. بەداخەوە چونکە پەردەى ڕاهاتن چاومانى داپۆشیوە، تاڤگە بەخوڕەکانى خەیاڵ لە دونیاى زیهنى ئەو ناتوانین ببینین و بە ڕوویاندا بکرێینەوە.
خەرمانى فەلسەفى
حەزرەتى پیر لە قۆناغێکى ژیانیدا بەچڕوپڕى سەرقاڵى فەلسەفە بووە و لەم بوارەدا خوێندوویەتییەوە. چونکە باوەڕى وابووە دەتوانرێت سوود لە هەندێک لە یاسا فەلسەفییەکان وەربگیرێت. ئەوەتا بە بەکارهێنانى خەرمانى فەلسەفى، لە دانراوەکانیدا چەندین شیکردنەوەى ناوازە و جوانى خستووەتە گۆڕێ. بەڵێ، ئەو سوودى لە فەلسەفە وەرگرتووە، بەڵام نەکەوتووەتە ژێر کاریگەرییەوە. توانیویەتى بە دیقەتێکى گەورەوە لایەنە سەقەت و لارەکانى فەلسەفە دیارى بکات. بەهەمان جۆر، لە سۆفیزیمى نەزەریش -کە چەشنى فەلسەفە زۆرباش شارەزاى ئەمەیش بووە- خۆى دوور گرتووە و لەبەرئەوەى وەک ڕێگایەکى سەلامەت نەیبینیوە کە بۆ هەموو کەسێک بشێت، بە هەموو دڵى ڕووى لە قورئان کردووە. ڕوانینى ئەو بۆ فەلسەفە و شێوازى بەکارهێنانى، سەرنجى هەندێک لێکۆڵەرى بەلاى خۆیدا ڕاکێشاوە، بەتایبەت تەها عەبدولرەحمان. بەڵام ئەم لایەنەى ئەو هێشتا وەک پێویست هەستى پێنەکراوە و کارى لەسەر نەکراوە.
هێزى ئەدەبى
فەریدول ئەنسارى کە لە بەرهەمەکانى بەدیعوززەمانى کۆڵیوەتەوە و کتێى (آخر الفرسان)ى دەربارەى ئەو داناوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو “ئەدیب”ە؛ بەداخەوە ئەم لایەنەى ئەویش هێشتا وەک پێویست سەرنجى لێ نەدراوە. سەعید ڕەمەزانى بۆتانیش هەندێک ڕوونکردنەوە لەسەر ئەم لایەنەى بەدیعوززەمان دەدات و جەخت لە ئەدیب بوونى ئەو دەکاتەوە. بەهەمان جۆر، (حسن الأمرانى)یش لە کتێبى (نورسي، أدیب الإنسانیة)دا لەسەر ئەم لایەنەى حەزرەتى پیر چڕ دەبێتەوە. نووسەر لەم کتێبەیدا دەڵێت هێز و تواناى ئەدەبیی بەدیعوززەمان لەپێش تۆڵستۆى و دۆستۆێڤسکى’یشەوەیە. نابێت تەنها لە هەڵبەستنى ڕستەدا بەدواى تواناى ئەو لە بوارى ئەدەبیاتدا بگەڕێین؛ بەپێچەوانەوە دەبێت سەیرى ئەوە بکەین بزانین چۆن بابەت و مانا و ناوەرۆکەکانى هەڵسەنگاندووە و مامەڵەى لەگەڵدا کردوون.
خوێندنەوەى چەرخى خۆى
بەدیعوززەمان یەکێکە لەوانەى کە بە ڕاست و دروستى خوێندنەوەى بۆ ڕۆژگارى خۆى کردووە، بگرە سەرکەوتووترین خوێنەریش بووە. ئەو، شایەتحاڵ بووە کە چۆن تەنانەت گەورەترین مێشک و دەماغەکانیش لەبەرانبەر فەلسەفەى ڕۆژئاواییدا یەک یەک بەلادا هاتوون، یان بە لایەنى کەمەوە تووشى پەرێشانیی زیهنى بوون. ئەو ڕۆژگارەى ئەوى تێدا ژیاوە لە هەموو ڕوویەکەوە سەردەمێکى سەخت و دژوارە. چەرخێکە هەم ماددى و هەم مەعنەوى، نەبوونییەکى سەرسووڕهێن باڵى کێشاوە. ساڵانێک بوون کە هەم هەژارى و نەدارى پشتى خەڵکیان شکاندووە، هەم موسوڵمانان لە ڕووى مەعنەویشەوە تووشى غوربەت هاتوون. بەڵێ، گرنگترین ئیکسیر بۆ چارەسەرى هەموو جۆرە غوربەتێک، قوربەتى خوایە. لەکاتێکدا لە ڕۆژگارى ئەودا نە کتێب، نە مامۆستا و نە ژینگەیەکیش هەیە کە ئەم قوربەتە ئیلاهییە دەستى خەڵک بخات. ئەو ڕۆژانە، سەردەمانێکى هێندە سەخت بوون کە موسوڵمانان هەتا سەر ئێسقان هەستیان بە بێخاوەنى کردووە. ئەوەتا کاتێک سەیرى گوزارشتى پڕ لە جۆشوخرۆشى کەسانێک دەکەین لە “پاشبەندەکان”دا کە کەم تا زۆر خوێندەوەرار بوون و پەیامەکانى نووریان ناسیوە، دەتوانین لە گەورەیی بۆشاییەکانى ئەو ڕۆژگارە زیاتر بگەین. زاتەکانى وەک حافز عەلى، صەبرى ئەفەندى، خەسرەو ئەفەندى، خولوصى ئەفەندى و هاوشێوەکانیان کاتێک پەیامەکانیان دیوەتەوە، وەک ئەوەى ڕێگایەکیان دۆزیبێتەوە کە بەرەو بەهەشت بڕوات، دڵخۆش بوون و –ئەگەر ئەم دەربڕینە گونجاو بێت- داستانیان بە باڵایدا خوێندووە.
خوا بۆ هەتاهەتایە لە بەدیعوززەمان ڕازى بێت، ئەو بەرهەمانەى کە ئەو پێشکەشى کردوون بوونەتە مەڵهەم بۆ برینەکانى ڕۆژگارى خۆى، هیواى گەڕاندووەتەوە بۆ موسوڵمانە نائومێدەکان، ورەى مەعنەویی لەرزیویانى دیسان بووژاندووەتەوە. ئەو، زۆر بەدروستى ئەو چەرخ و ڕۆژگارەى خوێندووەتەوە کە تێیدا ژیاوە و ئەو شتانەى وتووە کە پێویست بوون بوترێن. لە دەرمانخانەى قورئانەوە دەرمانى پێشکەش بە نەخۆشییەکانى سەردەم کردووە. لە سەردەمێکدا کە نەبوونى و سەرسامییەکى گەورە باڵادەست بووە، کۆمەڵێک بیر و فیکرى گرنگى وەهاى خستووەتە مەیدان کە ببێت بە پاڵپشت بۆ دونیاى بیرکردنەوەى مرۆڤەکان. لە ڕێگەى ئەو بەرهەمە بەپیتانەى کە پێشکەشى کردوون، پەتى شۆڕ کردووەتەوە بۆ ئەوانەى کە وەک یوسف کەوتوونەتە بنى بیرێکى قووڵەوە و لە تاریکى ڕزگارى کردوون. زۆرێک لەوانەى کە لە بەهاى ئەم دانراوانە تێگەیشتوون و دەستیان پێوە گرتووە، توانیویانە لە بیرە قووڵەکان بێنە دەرەوە؛ لەلایەکى دیکەشەوە ئەوانەى کە عینادى و حەسوودى و خۆبەگەورەزانى بەسەریان زاڵ بووە، سوودیان لەم کانیاوە سازگارە وەرنەگرتووە.
هەڵوێست
حەزرەتى پیرى موغان بەدەر لە فیکر و بەرهەمەکانى، لە سەردەمێکدا کە هەموو شتێک خامۆش بووە، بە بەخشینى هیوا بە هەموو کەسێک و وتنى “نەخێر، هێشتا تەواو نەبووە!”، سەربەخۆ شایانى ئەوەیە سەرنج لە ژیان و کارەکانى بدرێت. ئەگەر ئەو پەیامەکانى نووریشى نەنووسیبایە، تەنها وەستانەوەى ڕێک و قنجى بەرانبەر بە شەپۆلەکانى کوفر و گومڕایی بەدرێژایی هەشتا و ئەوەندە ساڵى تەمەنى، هەڵوێستەکانى کە پیشانمان دەدات لەکوێدا بوەستین و ئەو دەرگایەمان نیشان دەدات کە دەبێت ڕووى تێبکەین، شتێکى زۆر گرنگە. لەدواى کودەتاکەى ساڵى شەست، گۆڤارى “ئیستقلال” لە ژمارەیەکیدا وێنەیەکى مامۆستاى لەسەر بەرگەکەى دانابوو و لەژێریدا نووسیبووى “ئەو پیاوەى کە نەخشەى بێدینەکانى ژێروژوور کرد!” بەڵێ، زیندانەکان توانییان سڵ لەو بکەنەوە، نە نەفى و ڕەهەندەییەکان. هیچ گوێیەکى بە فشار و هەڕەشەى ئیعدامەکان نەدا. بە کارەکانى سەرى لە سەنگەرى بەرانبەر شێواند، لەهەمبەر هەوڵیشیان بۆ ڕێگریدا کۆڵى نەدا. بەبێ ئیمانێکى بەهێز ئەم شتانە ناکرێت. وە هەموو ئەم شتانە لە بابەتى بزواندنى ورەى مەعنەویی موسوڵماناندا ئەوەندە گرنگن، ئەگەر تەمسیل و جێبەجێکردنى بەهێزى لەگەڵدا نەبێت، تەنها بە کتێب نووسین دەستەبەر نابێت.
“لێم تێنەگەیشتن”
لە کاک بایرامى ڕەحمەتیم بیست، مامۆستا لە سەفەرى ئۆرفەدا کە کۆتا سەفەرى ژیانى بووە، دەڵێت “لێم تێنەگەیشتن!” من باوەڕ ناکەم لێرەدا مەبەستى لە ئەهلى کوفر و گومڕایی بێت. چونکە خۆى لە خۆیدا ئەوان تێناگەن، نییەت و خەمى تێگەیشتنیشیان نییە. شتێکى ئاشکرایە کە ئەبو جەهل و عوتبە و شەیبە و وەلید و ئومەییەى کوڕى خەلەف ناتوانن لە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) تێبگەن. ئەمە شتێک نییە شایانى قسە لەسەر کردن بێت. گرنگ هەڵوێستى ئەوانەیە کە لە پێگەى تێگەیشتندان و لەوەوە نزیکن. وا هەست دەکەم ئەو شتەى حەزرەتى پیرى بێزار کردووە کەسانێک بوون لە نزیکیدا کە تووشى دوورییەکى سەرسووڕهێن بوون. ئەوەى کە کەسانێکى نزیک بە کاریگەریی ئولفەت و ڕاهاتن ئەوەى کە دەیخوێننەوە بە شتێکى ئاسایی ببینن و لە نزیکیدا تووشى نەخۆشیی دوورى ببن. یاخود ئەگەر بازنەکە کەمێک فراوانتر بکەین، تێگەیشتنى ئەربابى دین و دیانەتە لە ئەو. ئەوەى کە ڕۆشنبیرەکانى وڵات پشتیان نەگرتووە. بەداخەوە زۆرکەس هەرچەندە لە حەقیقەتەوە زۆر نزیک بوون کەچى سوودیان لێ وەرنەگرتووە، سەرەڕاى ئەوەى کە ڕوویان لە خۆر بووە کەچى کەوتوونەتە سێبەرەوە.
هەندێک ڕەخنەیان لە ئوسلوبى ئیرتیجالیی ئەو گرتووە، هەندێک پلاریان لەوە گرتووە کە هەندێک لە دەربڕینەکانى لەگەڵ یاسا زمانەوانییەکانى ئەمڕۆدا ناگونجێت، هەندێکیش کێشەیان لەگەڵ نەتەوەکەى ئەودا هەبووە. ئەم جۆرە شتانە بوون بە پەردە لەسەر چاوى هەندێک کەس و گیرۆدەى خۆر یان مانگ گیرانى کردوون. دەگونجێت لە ڕوانگەى کوێرێتیی کەسانى هاوچەرخ بەرانبەر بە یەکتر، لە بابەتەکەش بڕوانرێت. لە مەسەلەى تێنەگەیشتنى هەندێک کەس لە مامۆستادا، حەسوودى و بەخیلیش ڕۆڵێکى گەورەى هەیە. لەپاڵ هەموو ئەمانە، فشار و زۆرى دەوڵەت لەو ڕۆژگارەدا لەسەر ئەو، بووە بە هۆکارى دوورەپەرێزى هەندێک کەسایەتى لە ئەو. خۆى لە خۆیدا مەبەستى سەرەکیی زیندان و نەفى و دادگاییەکانیش ئەوە بووە بوارى کاریگەریی ئەو تەسک بکەنەوە یان نەیهێڵن. ئەم تەکتیکە تا ئەندازەیەکیش کاریگەر بووە. چەندین کەس ترس بەسەریان زاڵبووە و وتوویانە “ئەگەر لێى نزیک ببینەوە سەرئێشەمان بۆ دروست دەبێت. باشتر وایە هەتا دەتوانم خۆمى لێ بەدوور بگرم.”
دەرەنجام، جگە لە چەند کەسێک لە زانا ناودارەکانى ئەو ڕۆژگارە، هیچ کەسێکى تر پشتى بەدیعوززەمانیان نەگرتووە و سوودیان لەو کانگا بە پیت و بەرەکەتە وەرنەگرتووە. بەم جۆرە، خەڵکانێکى زۆرى چواردەورى ئەم کەسایەتییانەش لەم سەرچاوەیە بێبەش بوون. ڕووتێکردن زۆر گرنگە. ناتوانیت سوود لە فیکرى کەسانێک وەربگریت کە باوەڕت پێى نییە، ستاییشى ناکەیت و قبووڵى ناکەیت. حاڵى ئەوانەى کە بە بیانووى بچووک خۆیان لە بەدیعوززەمان بەدوور دەگرن، لەوانە دەچێت کە لەسەر ڕێگاى قیرى ڕێک و تەخت، چەند وردە چەوێک دەکەن بە بیانوو و دەڵێن “ئەم ڕێگایە بە کەڵکى ڕۆیشتن نایەت!” لەحاڵێکدا ئەگەر لەو سەردەمەدا سەد کەسى کاریگەر لە بەدیعوززەمان حاڵى بوونایە و پشتیان بگرتایە، ئەو دەنگەى کە ئەوان وەک کۆرسێک بەرپایان دەکرد، لە بنکەى کۆمەڵگادا بەجددى دەنگى دەدایەوە و دەیتوانى دەرگا لەسەر گۆڕانکاریی گەورە بکاتەوە.





