باس و بانگەواز كردن بۆ ئیسلام لە دونیای مۆدێرندا

باس و بانگەواز كردن بۆ ئیسلام لە دونیای مۆدێرندا
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

پرسیار: شارستانێتیی ڕۆژئاوا لەمڕۆدا بەگشتی لە دەوری عەقڵ و ماددە چڕ بووەتەوە. چۆن دەتوانرێت ڕاستییە دینییەكان بۆ كەسانێك باس بكرێن كە لە ژینگەیەكی كلتووریی لەم جۆرەدا پەروەردە بوون؟

وەڵام: كاتێك لە ڕوانگەی سەرچاوە كلتوورییەكان و فەلسەفەی پەروەردەی بنەڕەتییەوە بیری لێدەكرێتەوە، دەتوانین بڵێین باسكردنی ڕوانگەی خۆمان بۆ مرۆڤ و تێگەیشتنمان بۆ شارستانێتی و بەها مەعنەوییەكانمان بۆ وڵاتە ڕۆژئاواییەكان شتێكی زۆر زەحمەتە. بیر لە شارستانێتییەك بكەنەوە كە فەلسەفەی ژیان و دونیابینی و تێگەیشتنی زانستیی ئەو تا ئەندازەیەكی زۆر لەسەر ماتەریالیزم و ناتورالیزم دامەزراوە. بەڵام لە شارستانێتیی ئیسلامدا گەرچی وەك یەكەم مەرجی تەكلیف گرنگی بە عەقڵیش دراوە، بەڵام لەپاڵ ئەمەدا جەخت لە ڕۆحیش دەكرێتەوە، دڵ پێش دەخرێت، هەڵوێستە لەسەر هەست و نەستەكانی دونیای ناوەوە دەكرێت، پشت بە ڕابەرایەتیی وەحی دەبەسترێت وەك گرنگترین سەرچاوەی زانست بۆ گەیشتن بە گەورەترین حەقیقەتەكان. عەقڵ، وەك تاكە ئامڕاز نابینرێت لە چارەسەركردنی كێشەكاندا. بۆیە دەتوانرێت بوترێت تێگەیشتی ڕۆژئاواییەكان لە بەهاكانی ئێمە و واڵاكردنی دەرگاكانیان لە ئاستیدا و بەتایبەت گۆڕینی بیر و تێگەیشتنی خۆیان شتێكی زۆر ئاسان نییە.

یەكگرتنی گەڕان و تەمسیل

سەرەڕای ئەمە، دەمەوێت باسی خاڵێك بكەم كە قەناعەتم وایە لە ڕوانگەی ئێمەوە دەگونجێت بۆ داهاتوو دەرفەت و قازانج بێت. لەمڕۆدا بەتایبەت ئەوانەی كە دەتوانن بەشێوەیەكی بابەتی و بێلایەن و بەویژدانانە بڕوانن بینییان ئەو ئایدۆلۆژیا و فەلسەفانەی كە ساڵانێكی دووردرێژ ڕۆژئاوا بەتوندی باوەشی پێدا كردبوون مانایەكی وەهایان بۆ مرۆڤایەتی نەبووە و بگرە بوونەتە هۆكاری سەرهەڵدانی چەندین گرفتی كەسی و خێزانی و كۆمەڵایەتیش. سیستەمە بەشەری و فەلسەفییە ڕووتەكان؛ گەرچی لە بوارەكانی وەك پەروەردە و فێركردن و دەروونناسی و خێزاندا هەندێك سوودی دڵنەوایی بەخش پێشكەش بە مرۆڤەكانیش بكەن، وەلێ لە دوورمەودادا ئەمانە چەندین كاریگەریی خراپیان دەركەوت. مەسیحییەتیش نەیتوانی وەك پێویست ببێت بە چارەی دەردیان. چونكە مەسیحییەت لە بابەتی ڕێكخستنی ژیانی كۆمەڵایەتیدا كۆمەڵێك یاسا و ڕێسای ڕوونی نییە. دەتوانرێت بوترێت هۆكاری پشت هیدایەتە تاك تاكەكانی ئەمڕۆ ئەم جۆرە گەڕانەی شەخسەكانە.

بە قەناعەتی بەندەی هەژار، لە ئاییندەدا ئەم گەڕانە خێراتریش دەبێت و لەلایەن خەڵكێكی زۆرتریشەوە گوزارشتی لێدەكرێت. تەنانەت ئەگەر لەو بزوێنەرانەی كە شارستانێتیی ڕۆژئاواییان بەپێوە ڕاگرتووە و هەروەها لە دۆخی گشتیی مرۆڤایەتی بڕوانین، دەتوانین بڵێین: پێدەچێت وڵاتانی ڕۆژئاوا بەتایبەت لە ساڵانی داهاتوودا تووشی قەیرانی جددی ببن. ئەم دۆخە ئەوان بەرەو گەڕانی قووڵتر پاڵ پێوە دەنێت. لە كاتێكی وادا ئەگەر ئێمە بتوانین بەجوانی تەمسیلی ئەو شتانە بكەین كە باوەڕمان پێیانە، بەجۆرێكی ئێرەیی بزوێن پیشانی بدەین و بەشێوەیەكی قەناعەت بەخش و ماقووڵ پێشكەشی بكەین، ئەوا تا ڕادەیەكی زۆر لەمپەڕەكانی بەردەم قبووڵكرانیان هەڵدەگرین. واتە كاتێك ئەوان دەكەونە گەڕان و لێكۆڵینەوە ئەگەر بەدیلێك لەبەردەم خۆیاندا ببینن، گەر خواست و ئارەزووی ئێمە یەك بگرێت، ئەوا دەرفەتی گوزارشت كردن لە خۆمان بۆ دەڕەخسێت.

سەرەڕای ئەمە، دەبێت ئەوەش بوترێت كە قەیران و گرژییەكان دەگونجێت هەمیشە مرۆڤایەتی بەرەو چاك و جوان ئاڕاستە نەكات. ئەگەر لە قۆناغێكی سەختی لەو جۆرەدا مرۆڤایەتی لقێك نەدۆزێتەوە كە دەستی پێوە بگرێت، ئەمجار لەوانەیە لە كاتی ڕزگاربوون لە قەیرانێك خۆی تووشی دانەیەكی قووڵتر بكات. لەوانەیە بە هیوای چارەسەر بەرەو هەندێك تەوژمی باطل ڕاپێچ ببێت، كۆمەڵێك بیركردنەوەی سەقەت قبووڵ بكات. بۆ نموونە، سەردەمانێك مرۆڤەكان زۆر بەجوانی ئەو برینانەیان دیوە كە سەرمایەداری لە كۆمەڵگادا دروستی كردووە، بەڵام وەك چارەیەك هانایان بۆ كۆمیونیزم بردووە. تەنانەت توركیاش موویەكی مابوو ببێت بەژێر ئەم لافاو و تەوژمەوە. كاڕڵ ماركس “داس كاپیتاڵ”ی نووسی، مانیفێستۆیەكی خستە گۆڕێ، لەم مانیفێستۆیەدا بەڵێنی ڕزگارییەكی بە مرۆڤایەتی دا، خەڵكیش كە لەناو قەیران و پەشێویدا بوون بە هیوای ڕزگاربوون ئەو ڕێگایەیان گرتە بەر.

ئەم نموونەیە دەری دەخات خەڵك كاتێك دەكەونە گەڕان و لێكۆڵینەوەیەكی جددی، كاتێك وەڵامێك بۆ چاوەڕوانییەكانیان و دەرچەیەكی هیوابەخش دەبیننەوە، دوودڵ نابن لەوەی كە ڕووی تێبكەن. بەتایبەت جێبەجێكردن و تەمسیلێكی كامڵانەی بەها گەردوونییەكانی ئێمە، وەك ڕێگایەكی ڕزگاربوونی نموونەیی لە بەرچاوی مرۆڤایەتیدا دەردەكەوێت. بەڵام ئەگەر تەمسیل و پێشكەش كردنێكی جوان و سەرنجڕاكێش نەبینن، بەدەم وڕێنەی گەڕانەوە دەگونجێت بەرەو جێگای جیاوازی تر ڕاپێچ ببن و دونیا گرفتاری بەڵای تازەتر بكەن.

پێقایمی و دامەزراوی لەسەر ڕێگا

خەڵكی ئەمڕۆ شایەتحاڵی كاتێكن كە تێیدا دونیا گۆڕانی گرنگ و جیاوازی بەسەردا دێت. ساڵانی سەخت و دوورودرێژ لەبەردەمماندان. نامەوێت هیچ كەسێك بێهیوا بكەم. بەڵام ناشتوانم نەڵێم كە: لە بابەتی گەیاندنی ئەو بەهایانەی كە پەیوەندییان بە ڕیشەی ڕۆح و مانامانەوە هەیە و لە ڕابردووەوە بە میرات بۆمان ماونەتەوە و پێشكەشكردنیان بە مرۆڤایەتی، هێشتا تازە لە ئەلفوبێی كارەكەداین و نەچووینەتە سەر ئەبجەد. ئێمەی وەك موسوڵمانان دیمەنێكی گەشاوە و تەمسیلێكی وەها سەرنجڕاكێشمان نییە كە ببێت بە هۆكاری هەم بەختەوەریی خۆمان و هەم بەختەوەریی خەڵكانی تر و بەم جۆرەش دونیا لە گڵۆڵەی كێشە و گرفتە تازەكان قوتار بكەین. گەرچی دەتوانین بڵێین هەندێك پێشهات و پێكهاتنیش هەن كە ئومێدبەخشن. بەڵام نازانین ئاخۆ ئەم ئاست و پێگەیشتنە بەردەوام دەبێت و وەفا بەم عەهدە دەكرێت یان نا.

پەنا بەخوا، لەوانەیە بە نییەتی جوان و غایەی خەیاڵی بەرزەوە بەڕێبكەوین، بەڵام لەوانەیە لە كۆتایی ڕێگادا خاو ببینەوە. ڕەنگە دۆشەكە نەرمەكان بمانكەن بە دیلی خۆیان. لەوانەیە خانەی گەرم و خۆشەویستیی ماڵ و منداڵ ئیفلیجمان بكەن. ڕەنگە جوانیی سەرنجڕاكێشی دونیا قۆڵ و باڵمان بشكێنێت. لەوانەیە ئەو ڤایرۆسانەی كە بەدیعوززەمان لە كتێبی (هجومات الستة)دا باسیان لێوە دەكات، مەفكوورەكەمان لەبیربەرنەوە. گرنگ ئەوەیە لەسەر ئەو ڕێگای كە بۆی دەرچووین، هەتا كۆتایی ڕێگا ڕەچاوی ئەركانی ڕێگا و ڕۆیشتن بكەین. ئەگەر ئەم ئاستە بپارێزرێت، چاوەڕێی وەرزی گونجاو بكرێت و تۆو لە هەموو لایەكی دونیادا بچێنرێت، ئەو چرۆیانەی كە ئەمڕۆ تازە سەریان لە خاك دەرهێناوە، بە ئیزن و چاودێریی خوا، بەرەو بوون بە گوڵەگەنم دەڕۆن.

خاوێنبووەوەی مەسیحییەت

نازانین، لەوانەیشە هەلومەرج و پێداویستییەكان لە ساڵانی ئاییندەدا، ببن بە هۆكاری ئەوەی كە مەسیحییەت -وەك بەدیعوززەمان دەفەرمووێت- بچێتە ناو قۆناغی پاڵفتەبوونەوە. ڕەنگە بەرەو خاوێنبووەوەی دین، گەڕانەوە بۆ پاكییەكەی سەرەتا و قبووڵكردنی پەیامەكەی حەزرەتی مەسیح لە چوارچێوە ئاسمانییەكەی خۆیدا هەنگاو بنێت. لەم بارەیەوە ئەركی ئێمە ئەوەیە كە لە ئوسلوبی نەرمونیان لانەدەین، خۆمان لە قەرەی هەڵەی عەقیدەیی هیچ كەسێك نەدەین، لەسەر خاڵە هاوبەشەكان كار بكەین، بەردەوام پردی نوێی دیالۆگ لەگەڵ ئەواندا بونیات بنێین و ئەگەر توانیشمان یارمەتییان بدەین كە هەندێك حەقیقەت بدۆزنەوە. لەبریی هێرشكردنی بێویژدانانە تەنانەت لەو بابەتانەشدا كە پێچەوانەی عەقیدەی ئێمەن -وەك سیانەیی (تثلیث)- و زویركردن و تۆراندنیان لە خۆمان، دەتوانرێت لە ڕێگەی هێنانەوەی ڕوونكردنەوەی ماقووڵ و دۆزینەوەی ھەڵگری (محمل) گونجاوەوە پەتی پەیوەندییان بۆ درێژ بكرێت و یارمەتییان بدەین لە هەستكردن بە گونجانی نێوان پەیامەكەی حەزرەتی مەسیح و حەزرەتی موحەممەد (صلى الله علیە وسلم).

ئێمە كاتێك بابەتەكانی تایبەت بە خۆمان پێشكەش دەكەین، حەتمەن دەبێت دۆخی گشتیی بەرانبەرەكانمان لەبەرچاو بگرین. ئەمەش پێویستی بەوەیە كە لە نزیكەوە دونیای بیر و باوەڕ و كلتووریان بناسین و تەنانەت بە زمانی ئەوانیش بدوێین. پێویست ناكات حەتمەن عەهدی كۆن و نوێ لەمسەر بۆ ئەوسەر بزانین و فێری ببین. بەڵكو بە نزیكبوونەوە لێیان و هەستان و دانیشتن لەگەڵیاندا، دەتوانین شارەزای ئەو بەها بنەڕەتییانە ببین كە ئەوان بایەخیان پێدەدەن. بە گوێگرتن لێیان ژیانی ڕۆحییان، بە بینینی جێگای ژیانیشیان بیروباوەڕ و هەستیارییەكانیان دەتوانین كەشف بكەین، لەم ڕووەوە دەتوانین چەندین دەستنیشانكاریی مانابەخش و بەسوود سەبارەت بەو ڕێگایەی كە پێیدا دەڕۆین هەڵێنجێنین. لەبنەڕەتدا ئەگەر تا ئەم ڕادەیە لێیانەوە نزیك بین، ئەگەر پێویستی كرد دەرگای ماڵەكانمانیان بۆ بكەینەوە خواردن و خواردنەوەكانمان لەگەڵیان بەش بكەین، ئیتر پێویست بە باسكردنی شتێك ناكات. خۆی لە خۆیدا لە هەڵسوكەوت و ڕەفتارەكانمانەوە ئەوەی كە پێویست بێت دەیبینن و دەیخوێننەوە.

خستنە مەیدانی مەسەلە دینییەكانیش بەم شێوازەى خۆمان بەتەنها بەس نییە. گرنگ ئەوەیە لە ڕێگەی ئەو ڕوونكردنەوە ماقووڵانەوە كە دەیخەینە گۆڕێ، یارمەتیی خەڵك بدەین شكڵ و شێوە بە بیركردنەوەی تایبەت بە خۆیان بدەن، لە فیكردا پێكهێنان و شیكردنەوەی تازە بەرهەم بهێنن. دەبێت لەلایەك بزانین چۆن سوود لە بیرۆكەكانی ئەوان وەربگرین و دانەی حەقیقەتی ناو باوەڕ و عەقیدەی ئەوان هەڵبسەنگێنین، لەلایەكی دیكەشەوە دەبێت جوانیی وەها بڕێژینە ناو دونیای تێڕامانی ئەوانەوە كە ئەوان ئەگەر پێی نەزانن و هەستیشی پێنەكەن سوود لەم بیركردنەوە تێكەڵەیە وەربگرن. ئەگەر واز لە هێرشی بێڕەحمان بهێنرێت كە هەتا ئەمڕۆ هەندێك كەسی ڕەق و توند كردوویانە، گوێ لە بەهاكانی ئەوانیش بگیرێت، ڕێككەوتن لەسەر ئەو خاڵ و لایەنانەیان بكرێت كە حەقن و هەنگاوی ڕاست بنرێت، ئەوا دەگونجێت قبووڵكرانی بەهاكانی ئێمەش لای ئەوان دەستەبەر بكرێت.

بەكورتی، ئەگەر ئێوە بەرانبەر بەوان بەئینساف بن، ئەوانیش دەهێننە سەر ئینساف. ئەگەر ڕێز لە بەهاكانیان بگرن، ڕێگا لەسەر ڕێزلێگیرانی بەهاكانی خۆیشتان دەكەنەوە. ئەگەر صەمیمانە بجووڵێنەوە، شەففاف و متمانەبەخش بن، دەرگای دڵەكانیش لە ڕووتاندا دەكرێنەوە. لێرەدا باسی ئیرادە و هەوڵێكی تایبەت ناكەم. بەڵكو دەبێت بەسروشت ڕەفتار و هەڵسوكەوتەكانمان متمانەبەخش بن. مامەڵەی ماقووڵانەی ئێوە لەگەڵ مەسەلەكان و هەڵوێستی بابەتییانەتان، هیچ نەبێت دەبێت بەهۆی كە ئەوانیش بەبێ پێشینە داوەری سەیری بەهاكانتان بكەن و لە پێشمەرجەكان ڕزگاریان ببێت. بەم جۆرە ڕێگای سوود وەرگرتن و هاوبەشی خەڵك لە یەكتر واڵا دەبێت. نازانین، لەوانەیشە خوای گەورە لە سایەی ئەمەدا ئەوان بەرەو خاوێنبوونەوە و پاڵفتەبوونی ناوبراو ئاڕاستە بكات.