ئاسۆى تەنگ و تێگەیشتنى ڕواڵەتیی بۆ دین

ئاسۆى تەنگ و تێگەیشتنى ڕواڵەتیی بۆ دین
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

پرسیار: لەمڕۆدا دەتوانرێت باس لە مەترسیی بەزەمینیبوونى بیرکردنەوە و نییەتەکان، واتە نۆرم و مەیلەکانى ڕۆژگار پێکهاتەى زیهنمان پێک دەهێنن یان دەستوورە بنەڕەتییەکانى دین؟ نیشانەکان و دەرەنجامەکانى ئەم مەترسییە چین؟

وەڵام: ئەم پرسیارە گوزارشت لە کێشەیەکى گرنگى موسوڵمانانى ئەمڕۆ دەکات. بەداخەوە ئێمەمانان بێبەش لە ڕابەرانێک گەورەبووین کە بەرەو ڕێگاى ڕاست ئاڕاستەمان بکەن و ڕێمان بۆ ڕۆشن بکەنەوە. پێوەرە و بنچینەکانى ژیانمان لە زاتێکى موتەعالەوە کە هەموو شتێک دەبینێت و دەزانێت وەرنەگرت. بۆیە نەمانتوانى بە چاوێکى گشتگیر بۆ ڕووداوەکان بڕوانین؛ پەیوەندیی نێوان هۆکار و ئەنجامەکانمان نەبینى؛ ئەمڕۆمان نەبەستەوە بە سبەینێوە، بەیانیشمان نەبەستەوە بە ڕۆژانى داهاتووە و پلانمان بۆ دانەڕشت؛ لە ئەنجامى ئەمەیشدا نەمانتوانى لە چوارچێوەی نەخشیەکى گەورەدا بژین. ڕوانینەکانمان لەمڕۆدا قەتیس کرد و ئاییندەمان فەرامۆش کرد. بیرکردنەوەکان بوون بە زەمینى، ئاسۆمان تەسک بووەوە. خۆى لە خۆیدا هەڵسەنگاندنى ڕووداوەکان بە ڕوانینى گشتگیر، ڕزگاربوونى لە بەندیخانەى جیسمانییەت و ژیانى بەگوێرەى نەخشەیەکى گەورە بۆ کەسێک کە پشتى بە سەرچاوەیەکى ئاسمانى نەبەستووە شتێکى زۆر سەختە.

ئینسان تەنها بوونەوەرێکى ماددى نییە و تەنها لە جەستە پێک نەهاتووە. دڵ و ڕۆحى هەیە؛ خاوەنى ڕەهەندە قووڵ و جیاوازەکانى وەک سیڕڕ، خەفى، ئەخفا و لەتیفە ڕەببانییەکانە. وەک چۆن پێکهاتەى ماددیی مرۆڤ لە چەندین پارچە و سیستەمى یەک لەناو یەک دروست بووە، پێکهاتە مەعنەوییەکەیشى بەهەمان شێوە لە میکانیزمە لە یەکتر جیاوازەکان هاتووەتە بەرهەم. چ زاتێک لایەنە ناوەکى و دەرەکییەکانى مرۆڤى دروست کردبێت، هەر ئەویش زاناترینە بە ئەو. بۆیە ژیانى هاوسەنگ و ئاسوودەى مرۆڤ تەنها بە هانابردن بۆ ڕابەرایەتیی ئەو مومکین دەبێت. ئەگەر ئەم ڕابەرایەتى و ڕێنموونیکارییە فەرامۆش بکرێت، ئیدى لە چوارچێوەیەى تەسکییەکى دیاریکراودا موتاڵاى مرۆڤ دەکرێت؛ ئەگەر تەنها لە ڕوانگەى ماددەکەیەوە هەڵبسەنگێنرێت، هەندێک لە لایەنەکانى ئیفلیج دەکرێت. نموونەى ئەمە لەوە دەچێت کە بەبێ گوێدان بە تێکڕاى ئۆرگانیزماى مرۆڤ دەست بۆ ئەندامێکى ببرێت. ئەم دەست تێبردنە لەلایەن کەسێکى چەند پسپۆڕ و لێزانیشەوە بکرێت، چونکە تێیدا ڕەچاوى گشت نەکراوە، بێگومان سەر بۆ کێشەى و گرفتى جۆراوجۆر دەکێشێت.

قووڵبوونەوە لە دەرووندا

ئێمە ئەمڕۆ لە ئاسۆکاندا بەدواى هەموو شتێکدا دەگەڕێین، لەحاڵێکدا ئەو دونیایەى کە لە ناوەوە چاوەڕێى کەشف دەکات ئەوەندە فراوانە! ئەم شیعرەى ئیبراهیم حەققى ئاماژە بۆ ئەم حەقیقەتە دەکات: (ئەم شیعرەمان کردووە).

بەڵێ، نە زەوى و نە ئاسمان ناتوانن دەوراندەورى خوا بدەن؛ ئەو پاک و بێگەردە لە شوێن. بەڵام مەعریفەت و خۆشەویستیی ئەو لە دڵى ئینساندا تەجەللى دەکات. وەک ئەم بەیتەش ئاماژەى بۆ دەکات، دەروون هەتابڵێیت گرنگ و فێرکارە. ئەو حەقیقەتانەى کە ئینسان لە لەدوننییەت و قووڵاییەکانى ناخى خۆیدا پێى دەگات، لەوانەیە لە ئاسۆکاندا بەهەمان ئەندازە پێى نەگات. کەسێک کە دەتوانێت لەناو خۆیدا قووڵ ببێتەوە، دەبێت بە مەزهەرى چەندین واریدات و مەعریفەتى وەها کە لە ئەرز و ئاسماندا ناتوانێت بیانبینێت، بیانخوێنێتەوە و بیانبیستێت. کەسێکیش کە ناتوانێت بەدروستى دەروون بخوێنێتەوە، ڕەنگە لە ئاسۆکاندا بکەوێتە ناو زەلکاوى ماددەگەرى و سروشتپەرستییەوە. بەڵام ئەگەر ئادەمیزاد سەرەتا دەروون بەدروستى بخوێنێتەوە، لێرەوە دەست بە تێڕامان بکات و ئینجا ڕوو لە ئاسۆکان بکات، هەنگاوەکانى پتەوتر دەنێت، ئاگامەندانەتر ڕێگاکەى دەبڕێت و لە بابەتى مەعریفەتى خوادا بە حەقیقەتى گرنگ دەگات. ئەوەندە هەیە ئەم شتانە وابەستەى سوود وەرگرتنن لە واریداتى ئیلاهى و (منهل العذب المورود). کەسێک کە بە کانیاوى وەحى گۆش نەبووە، موکین نییە ماهییەتى خۆى بەدروستى بخوێنێتەوە، بە خاڵى پشت پێبەستن و خاڵى یارمەتى لێوەرگرتنى ناو ناخى خۆى بگات.

لەبەرئەوەى لەمڕۆدا بە ناوى زانستەوە بەزۆرى تێبینییە سروشتگەراکان پێشکەش بە ئێمە دەکرێت، ئێمەیش دەچین مرۆڤ دەبەستینەوە بە زەوییەوە، بەوەى کە تەنها لە ڕووى جیسمانییەتەوە هەڵى دەسەنگێنین مەحکوم بە چوارچێوەیەکى تەسکى دەکەین. لەبەرئەوەى لەناو کولتوورى ماددى و سیکۆلارى دونیا مۆدرێندا پێگەیەنراوین و لە قوتابخانەکانماندا مەنهەجى ئەم کولتوورە جێبەجێ دەکرێت، بە خۆمان بزانین یان نا ئەمە کار لە زیهن و بیرکردنەوەکانمان دەکات. پێوەرەکانمان بۆ ڕاڤەکردنى ئینسان، بوون و گەردوون دەگۆڕێت. چونکە ئینسان ڕۆڵەى ئەو ژینگە کولتوورییەیە کە تێیدا هەڵکەوتووە؛ لە ماڵ و کۆڵان و قوتابخانە و مزگەوتدا چى ببینێت زۆرجار ئەوە وەردەگرێت. لەبەرئەوەى خەڵک لەمڕۆدا لەو شوێنانەدا کە ڕێیان لێهەڵدەکەوێت ئاوازێک لەبارەى ژیانى قەلبى و ڕۆحییەوە نابیستن، ئیدى دونیاى بیر و هەستەکانیان نەخۆش دەکەوێت و دەست دەکەن بە گەڕان بەنێو دۆڵ و دەشتە زۆر جیاوازەکاندا.

بەزەمینیبوونى ئیجتیهادەکان

ئەو کولتوورەى کە تێیدا دەژین ڕەنگى خۆى لە هەموو شتێک، هەر لە تێگەیشتنمانەوە بۆ زاتى ئولوهییەت هەتا شێوازى ڕوانینمان بۆ مەلائیکەتان، لە شێوازى لێکدانەوەمان بۆ دین هەتا دەگات بە ژیانى مەعنەویمان، هەڵدەسوێت. تەنانەت شتە ئاسمانییەکانیش دەکەین بە زەمینى. لە ڕێگەى ئەو قاڵبانەوە کە ژینگە و کولتوور دەیخەنە بەردەممان و تەنانەت بەسەرماندا دەیسەپێنن، ڕاڤەى دەقەکانى قورئان و سوننەت دەکەین. هەرچەندە هەر شتێک کە قورئان و سوننەت گوزارشتیان لێبکەن حەقیقەتن، وەلێ ڕاڤە و تێگەیشتنى ئێمە، ڕەنگ و نەخشى بابەتەکە تێک دەدات. ئەو شتانە وەردەگرین و گرنگییان پێدەدەین کە حەزیان لێدەکەین یان لەگەڵ بەرژەوەندییەکانمان دەگونجێن، نەک ئەو مانایانەى کە پێویستن. لەبریی هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لەو شتانەى کە خوا لێیان ڕازییە لە ڕێگەى گوفتارەکەیەوە، قورئان بەو مانایانە دەهێنینە گۆ کە وەک سوود و بەرژەوەندیی خۆمانى تێدایە. بە دونیەوییەتى خۆمان قووڵیی قورئان تەنک دەکەینەوە و ئەویش دەشوبهێنین بە خۆمان. بنەماى ڕاڤەى هەندێک لە شەرعزانەکانیش کە لەگەڵ ڕۆحى دیندا یەک نایەتەوە، هەر ئەم جۆرە مەیل و ڕووتێکردنەیە. تەنانەت ئەم تەنکى و تەنگی و تەسکییە، تەنانەت لە تەرجومە و تەفسیرەکانیشماندا بۆ ئایەتەکانى قورئان ڕەنگ دەداتەوە. نەک تەنها قورئان، بەڵکو کتێبى گەردوونیش لەهەمان چوارچێوەى تەسکدا ڕاڤە دەکەین.

لێرەدا چوارچێوەى ڕستەیەکى مامۆستا نوورسیمان فراوانتر کرد کە لە پەیامى ئیجتیهاددا فەرموویەتى. وەک دەزانرێت، مامۆستا لەو پەیامەدا دەفەرمووێت هەم دین و هەم ئەو ئیجتیهادانەیش کە حوکمە پەنهانەکانى دین ئاشکرا دەکەن ئاسمانین؛ پاشان چەند هۆکارێک دەهێنێتەوە لەمەڕ ئەوەى بۆچى ئیجتیهادەکانى ئەم ڕۆژگارە لە ئاسمانیبوون دوور کەوتوونەتەوە و ماهییەتێکى ئەرزییان وەرگرتووە. لە یەکێک لەم هۆکارانەدا دەفەرمووێت: “ڕوانینى ئەم ڕۆژگارە لە پلەى یەکەم و ڕاستەوخۆدا ڕووى لە بەختەوەریی دونیایە و بڕیارەکانیشى بەم پێیە دەردەکات. لەحاڵێکدا ڕوانینى شەریعەت لە پلەى یەکەم و ڕاستەوخۆدا ڕووى لە بەختەوەریی ئاخیرەتە و لە پلەى دووەمدا -و وەک هۆکارێک بۆ ئاخیرەت- ڕوو لە بەختەوەریی دونیا دەکات. ماناى وایە ڕوانگەى ئەم ڕۆژگارە نامۆیە بە ڕۆحى شەریعەت. بۆیە ناتوانێت بە ناوى شەریعەتەوە ئیجتیهاد بکات.”

هاوڕانەبوون لەگەڵ ئەم ڕایەى بەدیعوززەماندا شتێکى مومکین نییە. بەڕاستى ئامانجى یەکەمى زانایانى سەلەف ڕووى لە تێگەیشتن بوو لە موڕادى ئیلاهى. لە هەستان و دانیشتندا بەردەوام بیریان لەمە دەکردەوە: “من لەم ئایەتە ئەمە تێدەگەم، بەڵام ئاخۆ موڕادى ئیلاهى چییە؟” بەردەوام لە قووڵاییەکانى قورئان و سوننەتدا مەلەیان دەکرد و بەدواى مانا شاراوەکانیاندا دەگەڕان. مەبەستى بنەڕەتیی ئەوان تێگەیشتنى دروست لە گوفتارى خوا و ڕازیکردنى بوو.

بەڵام لەمڕۆدا پارسەنگى خەمە دونیاییەکان قورسترن. مێشکى زۆرێک لە خەڵک سەرقاڵى ئەم پرسیارەیە: “چۆن خۆشگوزەرانەتر بژیم؟” لەناو شتە دونیاییەکاندا دەگەڕێت، لەناو شتە دونیاییەکاندا بیر دەکاتەوە، تەنانەت بابەت دینییەکانیش بە ئەندێشە دونیاییەکانەوە دەبەستێتەوە. واتە وەک پێشتر وتمان دینیش دەخەینە سەر ڕەنگى خۆمان و لە موڕادى ئیلاهى دوورى دەخەینەوە. هەموو شتێک بەگوێرەى سوودى شەخسى، بەرژەوەندیی دونیایی، ئاوات و ئاییندەى دونیایی ڕاڤە دەکرێت، تێدەکۆشرێت کە لە دەقە ئایینییەکانەوە بڕیارى گونجاو لەگەڵ ئەمانەدا دەربهێنرێت یان بە لایەنى کەمەوە لە یەک نزیک بخرێنەوە. تەنانەت دەگونجێت لە وتار و ئامۆژگاریی مزگەوتەکانیشدا ئەم هەوڵە ببینرێت.

نامۆبوونێکى هەست پێنەکراو

مرۆڤەکان، لە ژینگەکەیاندا چ بیرکردنەوەیەک بخرێتە بازاڕەوە و ڕێکلامى بۆ بکرێت، بێئەوەى بە خۆیان بزانن دەکەونە ژێر کاریگەریی ئەوانەوە و دەبن بە کڕیارى. نییەت و ئامانجەکانیش بەگوێرەى ئەمە شێوە وەردەگرن. دەبینیت لەمڕۆدا ئەهلى دین و ئەهلى دونیا بیر لە هەمان شت دەکەنەوە و هەمان شت دەڵێن. چونکە موسوڵمانان نەیانتوانیوە لە تەنگی و تەسکیی ئەو ژینگە کولتوورییە ڕزگارببن کە تێیدا گەورەبوون، ژیانێک پەیوەست بە “ئیگۆ”ى خۆیان و دونیا دەژین. لەبریی ئەوەى فراوان بیر بکەنەوە و هیممەتیان بەرز ڕابگرن، ژیانى کورت و سەرمایەى تەمەنى کەمیان لە بەدەستهێنانى بەهەشتدا بەکاربهێنن، دەچن لە قاڵبە تەسکەکانى جیسمانییەت و ماددە و دونیادا ئیسرافى دەکەن. لەبەرئەوەى نییەت و ئامانج و بیرى بەرزى تایبەت بە دونیاى خۆیان ناتوانن بدۆزنەوە، بە شتانى بچووک دڵى خۆیان خۆش دەکەن و خۆیان دەخەڵەتێنن. نامۆن بەرانبەر بە بیرە بەرزەکانى وەک ژیان لەپێناو ژیاندن، بەستنەوەى ڕزگاربوونى خود بە ڕزگاربوونى کەسانى ترەوە.

ترسنکاترین لایەنى ئەم نامۆبوونەیش ئەوەیە کە پێى نەزانرێت و هەستى پێنەکرێت. ئەگەر هەست بە ونکردنى بەهاکان بکرێت، هیچ نەبێت بۆ بەدەستهێنانەوەیان هەوڵ و کۆششێک دەنوێنرێت. بەڵام ئەگەر ئینسان هەست بەو حاڵە نەکات کە تێیدایەتى، یان لەمەیش خراپتر هەستى پێبکات بەڵام لێى بێزار نەبێت، ئەوا چاوەڕوانى ئیرادەى گەڕان و دۆزینەوەیشى لێناکرێت. دەگونجێت ئەم حاڵە بچوێنرێت بە دۆخى جووجەڵە لەناو هێلکەدا. ئەگەر ڕێگایەک بدۆزیتەوە و پێى بڵێیت “بۆچى لێرەدا سەرت ترنجاندووەتە ناو قاچەکانتەوە و چاوەڕێ دەکەیت، لەکاتێکدا کە دونیایەکى گەورە و فراوان لە دەرەوەیە؟!” ئەگەر جووجەڵە تواناى پێکەنینى هەبێت پێکەنینى بەم قسانەت دێت، بگرە بە گەمژەبوونیش تاوانبارت دەکات. چونکە لاى ئەو ناکرێت شوێنێکى تر هەبێت لە جێیەکى ئەو خۆشتر و جوانتر. چەشنى ئەمە، باسکردنى هەرێمى بەرینى دڵ و ڕۆح بۆ خەڵکانى ئەمڕۆ کە لە بەند و داوە تەنگەکانى ماددەدا گیریان خواردووە، شتێکى وا ئاسان نییە.

ڕزگارکردنى مرۆڤەکان لە وەها تەنگییەک پێویستى بە ڕاهێنانەوەیەکى جددى هەیە. بۆ نموونە، دەتوانرێت نموونەیان لەو ڕۆژگارانەوە بۆ بهێنرێتەوە کە تێیدا موسوڵمانان ڕێک و ڕاست ژیاون و ئەم نموونانەشیان بۆ بکرێت بە ڕۆڵ مۆدێڵ بۆیان. لە ڕێگەى نموونەى صەحابی و نەوەکانى دواترەوە مرۆڤى ئەمڕۆ دەتوانرێت لەو تەسکییە دەربهێنرێت کە تێیدا گیرى خواردووە، دەتوانرێت ئاسۆکانى فراوان بکرێن. دەگونجێت موتاڵاکردن و باسکردنى بابەتەکانى تایبەت بە دونیاى خۆمان لە هەموو دەرفەتێک و ناوەندێکدا کە تێیدا هەڵدەستین و دادەنیشین، هەروەها هەرس کردنى قووڵى ئەو سەرچاوانەى کە تایبەت بە خۆمان ئەم کارەمان بۆ مەیسەر بکەن.

بەڵێ، دەبێت چاو بە دونیاى بیرکردنەوەى خۆماندا بخشێنینەوە و سەرلەنوێ بونیادى بنێینەوە. چونکە شتێکى زۆر زەحمەتە کە بتوانین لە ڕێگەى فەلسەفەى باڵادەستى ڕۆژگارەکەمان و زانستى مۆدێرنەوە فراوانى و بەرینیی خۆمان دەرببڕین. بە بلیمەتیی ڕۆما، بیرى گرێک، فەلسەفەى یۆنان و تێبینییە مەسیحییەکان ناتوانین بە هیچ جێیەک بگەین؛ مەحاڵە ئەم شتانەیش تێکەڵ بە دونیاى بیرکردنەوەى خۆیشمان بکەین. ئەمە ڕێک لە تێکەڵ کردنى ئاو و ڕۆن دەچێت. چەندە خەریک بیت تێکەڵ نابن. چونکە پێکهاتەى کیماییان جیاوازە. هەڵبەتە لە هەموو بیرکردنەوە و کولتوورێکدا شتانێک هەن کە دەتوانن سوودیان لێوەربگرین. بەڵام گرنگ ئەوەیە لە بناغەوە دەست بە مەسەلەکە بکەین، دونیاى بیرکردنەوەى خۆمان دابمەزرێنین و سەرلەنوێ لەم ڕوانگەیەوە بوون ڕاڤە بکەینەوە.