İçindekiler
پرسیار: ئەو بەربەستانەی كە لە ڕێگای خزمەتدا دێنە ڕێمان لەوانەیە ورە و شەوقمان بشێوێنێت. بۆ ئەوەی بەرانبەر بەمانە لەرزەمان پێنەكەوێت و لەسەر ڕێگاكەمان بەردەوام بین، ئامۆژگاری چیمان دەكەیت؟
وەڵام: هەموو ئەوانەی كە لە ڕێی خوادا خزمەت دەكەن دەبێت ئامادەسازییەكی زیهنییان هەبێت بەرانبەر بەو زەحمەت و ناڕەحەتییە گریمانكراوانەی كە دەگونجێت ڕووبەڕوویان ببێت. لەم ڕێگایەدا لەوانەیە هەمیشە كاروبارەكان بەو جۆرە نەچنە پێش كە ئارەزووی دەكەین. ڕەنگە خواست و ئاواتەكانمان نەیەنەدی. دەگونجێت پلان و پڕۆژەكانمان بۆ داهاتوو لە قۆناغێك بەدواوە نەزۆك دەربچن. لەم نێوەندەیشدا ڕووبەڕووی كۆمەڵێك مەینەتی ببینەوە كە هەرگیز بە خەیاڵماندا نەهاتوون؛ لەوانەیە كەسانێك خیانەتمان لێبكەن كە هەرگیز بە خەیاڵیشماندا نەهاتووە. وەك حەزرەتی بەدیعوززەمان دەفەرمووێت، كاروبارە خێرەكان بەربەستی زیانبەخشیان زۆرە و شەیتانەكان خۆیان بە خزمەتگوزارانی ئەم خزمەتەوە زۆر سەرقاڵ دەكەن. شەیتانە ئینسی و جینییەكان ئاوقایان دەبن و ناهێڵن بە هیچ جۆرێك ئیسراحەت بكەن. وەك چۆن نەیانهێشووە و پێغەمبەرە مەزنەكان و ئەولیا بەڕێزەكانیش ئیسراحەت بكەن. لە گوتەیەكدا كە وەك فەرموودە گێڕراوە و ئەگەر فەرموودەیش نەبێت چەندین ئایەت و فەرموودە هەن كە پشتی ماناكەی دەگرن، وتراوە (عَلَى كُلِّ خَيْرٍ مَانِعٌ) “هەموو خێرێك ڕێگرێكی هەیە.” مرۆڤ لە هەر هەوڵێكیدا بۆ خێر شەیتان دێتە سەر ڕێگاكەی و لە ڕێگەی فێڵ و تەڵەی جۆراوجۆرەوە هەوڵی ڕێگری دەدات.
خوای گەورە هەمیشە یاریدەی ئەو بەندانەی داوە كە بە ڕێگەی ئەو ڕۆیشتوون و ئەوانی پاراستووە. بەڵام ئەم یارمەتیدران و پارێزرانە بە مانای ئەوە نایەت كە بە هیچ جۆرێك تووشی بەڵا و موسیبەت نابین. ئێمە لە دونیای تاقیكردنەوەكانداین، بۆیە جاروبار بە هەندێك لە ناڕەحەتییەكان تاقی دەكرێینەوە. وەك لە ئایەتە جۆراوجۆرەكانی قورئاندا ئاماژەی بۆ كراوە، ئەوانەی كە دینی خوا دەژین و دەژیەنن دەگونجێت هەندێك كارەساتیان بەسەربێت. ئەوانەی چوونەتە سەر ئەم ڕێگا پیرۆزە، هەندێك لەدەستدان و بێبەشبوونیان بەسەردێت. ئێمەیش هەندێك جار بە كەم كرانەوەى ماڵ و گیان تاقی دەكرێینەوە. ئەگەر لەهەمبەر ئەم تاقیكردنەوە سەختانەدا دان بە خۆماندا بگرین بە قازانج لێی دەردەچین. چەندین قاتی ئەوانەمان دەست دەكەوێت كە لەم دونیایەدا لە دەستمان داوە.
“دەزانن (بەڵێ)تان بۆ چی كردووە؟”
زۆر گرنگە هەر لە سەرەتای ڕێگاوە ئامادەی ئەم جۆرە سەختییە گریمانكراوانە بین. كەسێك كە حسابی ئەوە دەكات ڕێگاكەی هەورازی سەخت، لوتكەی بەرز و نشێوی قووڵی تێدایە، ئامادەسازییەكەشی بەگوێرەی ئەوە دەكات. دەگونجێت ئەمە ناوی “پڕچەكبوونی ناوەكی” لێبنرێت. مەبەستمان لەمە ئەوەیە مرۆڤ دونیای ناوەوەی بەهێز دەبێت، لە ڕووی ژیانی قەلبی و ڕۆحیشەوە بەرگریی پێویست بەدەست دەهێنێت. ئەگەر لە سەرەتاوە پێگەیشتنێكی لەم جۆرە بەدەست بهێنرێت، ئیتر بەرانبەر بە هێرشە دەرەكییەكان لەرزین ڕوونادات. بەڵام ئەگەر ئینسان لە سەرەتاوە حسابی ئەوە نەكات بە چ ڕێگایەكی سەخت و پێچاوپێچدا دەڕوات، ئەوا ڕەنگ بەرانبەر بەو شتە چاوەڕواننەكراوانەی كە ڕووبەڕووی دەبنەوە سەری بسووڕێت، سەرسام ببێت و ڕوانینەكانیشی لێڵ ببن.
گوێیەك بۆ ئایەتی ﴿أَمْ حَسِبْتُمْ أَنْ تَدْخُلُوا الْجَنَّةَ وَلَمَّا يَأْتِكُمْ مَثَلُ الَّذِينَ خَلَوْا مِنْ قَبْلِكُمْ مَسَّتْهُمُ الْبَأْسَاءُ وَالضَّرَّاءُ وَزُلْزِلُوا حَتَّى يَقُولَ الرَّسُولُ وَالَّذِينَ آمَنُوا مَعَهُ مَتَى نَصْرُ اللهِ أَلَا إِنَّ نَصْرَ اللهِ قَرِيبٌ﴾ (سورة البَقَرَةِ: 2/214) ڕابگرن. مادەم قورئان ئاگاداركردنەوەیەكی لەم جۆرەی كردووە، كەوایە ئێمەیش دەبێت بێدار ببینەوە، واتە وریا بین و بێینەوە هۆشی خۆمان.
لێرەدا دەگونجێت ڕووداوێكی تایبەتمان بیر بكەوێتەوە: عەبباسی كوڕی عوبادە لە عەقەبە بە كۆمەڵی ئەنسار كە بەیعەت بە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) دەدەن دەفەرمووێت: “ئێوە دەزانن (بەڵێ) بۆ چ شتێك دەكەن؟” چونكە مرۆڤەكان لەوانەیە بە كاریگەریی سایكۆژیای جەماعی بجووڵێنەوە، تەوژمێك بەرەو جێیەك ڕاپێچیان بكات و بە عاتیفە شوێن شتێك بكەون. ئەمەیش شتێكی چاك و جوانە. بەڵام نابێت مەسەلەكە لێرەدا گیر بخوات. بەڵكو دەبێت هەر لە سەرەتاوە خەسڵەتەكانی ڕێگاكە بۆ خەڵك باس بكرێت و پێیان بوترێت كە بۆ كوێ دەچن. وەك چۆن ئەم ڕێگایە هەندێك خۆشی و چێژی تایبەت بە خۆی هەیە، كۆمەڵێك ئازار و زەحمەتیشی تێدایە. عەبباسی كوڕی عوبادە كە كەسێكی خاوەن بەسیرەت و فیراسەت بووە، ئەمەی بیر دەخستەوە. بە ئاماژەكردن بۆ ڕۆژە سەخت و دژوارەكانی بەردەمیان، ئامادەی دەكردن. بە هەمان شێوە كاتێك پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) بەیعەتی لە تازە موسوڵمانەكان وەردەگرت، بەڵێنی گوێڕایەڵی لە كاتی مەنشەت (كاتی ئیسراحەت و خۆشی كە هەموو شتێك لەسەر ڕێڕەوی خۆیەتی) و مەكرەھدا (كاتی سەختی و دژوارییەكان) لێوەردەگرتن.
لەمەوە نابێت وا بزانرێت هەموو ئەوانەی كە لە ڕێگەی خوادا خزمەت دەكەن حەتمەن دەبێت بە تاقیكردنەوەی سەختدا تێبپەڕن. خوای گەورە هەندێك جار بەزەیی بە لاوازی و هەژاری و بێدەسەڵاتی و پەشێویی ئێمەدا دێتەوە و بە شتە سەختەكان تاقیمان ناكاتەوە. بەدیعوززەمان لەم بارەیەوە دەفەرمووێت “خوای گەورە كە دەسەڵاتی هەموو شتێكی هەیە، لە خولەكێكدا ئاسمانی پڕ لە هەوری ڕەش پاك دەكاتەوە و خۆر لە ناوجەرگەی ئاسمانی ڕووندا بەدەردەخات. چەشنی ئەمە و بەهەمان ئاسانی و سانایی، دەگونجێت خوا هەورە ڕەشەكان گسك بدات و حەقیقەتی نەلەرزی دین وەك خۆر نیشان بدات. لە ڕەحمەتی ئەو داواكارین كە ئەمە ڕووبدات بەبێ ئەوەیش كە گران لەسەر ئێمە بكەوێت.”[1] بەڵام ئێمە ناتوانین ئامادەسازییەكانمان بەگوێرەی ئەمە بكەین. بەڵكو بەگوێرەی زستانی سەخت خۆمان ئامادە دەكەین و بەم پێیە حەزەر دەكەین، خۆ ئەگەر بەهار بێت ئەوا زۆر باشترە.
ئەو بەرپرسیارێتییانەی كە دەكەونە سەرشانی ئەندامانی شەراكەتی مەعنەوی
ئەوانەی كە دڵیان بە خزمەتی ئیمان و قورئان بەخشوە، وەك ئەوە وایە –ئەگەر ئەم دەربڕینە گونجاو بێت- كۆمپانیایەكی مەعنەوییان دامەزراندبێت. هەموو ئەندامێكی ئەم شەریكە مەعنەوییە دەبێت یارمەتی و پشتیوانیی ئەوانی تر بكات. كاتێك یەكێك لەوان تووشی ناڕەحەتییەك دەبێت، ئەوانی تر دەبێت دەستی بگرن و هەر پشتیوانییەك كە بۆ بەهێزكردنی بەرگریی دڵ و ڕۆح پێویست بێت ئەنجامی بدەن. هەموومان پێویستمان بە پشتیوانییەكی لەم جۆرە هەیە بۆ ئەوەی بەسەر فشار و زوڵمە دەرەكییەكاندا سەربكەوین و شۆكی ڕووداوە چاوەڕواننەكراوەكان تێبپەڕێنین.
بەتایبەت پشتیوانی كردنی ئەو كەسانەی كە سیستەمی بەرگرییان لاوازە و لەهەمبەر فشار و پەستانەكانەوە ئاسانتر دەلەرزن، زۆر گرنگە. ئەم جۆرە كەسانە نابێت بەتەنها جێبهێڵرێن و پێویستە خۆمان بكەین بە خاوەنیان. سەردانكردنی برا یان خوشكێك كە لە دۆخێكی دژواردا دەژی –بۆ نموونە، خراوەتە زیندانەوە-، پرسینی حاڵ و باری و دابینكردنی پێداویستییەكانی، ورە و مەعنەویی ئەو بەرز دەكاتەوە. نابێت ئەوە لەبیر بكرێت كاتێك كەسێك لەوانەی شانی ناوەتە ژێر بانگەوازێك برینێكی بەر دەكەوێت یان ئەزێت دەدرێت و زویر دەبێت، دەگونجێت ئەمە لەناو هەموو پێكهاتەدا ڕەنگ بداتەوە و ببێت بە هۆكاری كەلێن و درز و دابەشبوونیش. لەم ڕوانەگەیەوە، كاتێك كێشەیەك تووشی برا یان خوشكێك دەبێت، دەبێت هەموو ئەو ئیمكانییەتانەی كە خوا پێی داوین بخەینەگەڕ و هەوڵی چارەسەركردنی گرفتەكەی بدەین.
بەڵێ، هەموان دەگونجێت بەڵا و موسیبەتی جیاوازیان بەسەربێت. هەندێك دەتوانن بەتەنها و لە ڕێگەی بەرگریی ناوەكیی خۆیانەوە ئەمانە تێبپەڕێنن. بەڵام چونكە سیستەمی بەرگریی هەموان وەك یەك بەهێز نییە، لەوانەیە هەندێك بەرگەى ئەو ڤایرۆس و بەكتریا و میكرۆبانە نەگرن كە ڕووبەڕوویان دەبنەوە. لەم كاتانەدا بەتەنها نەهێشتنەوەی هیچ كەسێك لەگەڵ مەینەتییەكانیدا، دووچارنەكردنی هیچ كەسێك بە هەستی تەنهایی و بێچارەیی، بەرپرسیارێتییەكی گەورەیە لەسەر ئەندامانی شەراكەتی مەعنەوی. ئەگەر هاوشێوەی بەردەكانی ناو گومەزێك هەموومان شان بدەینە پاڵ شانی یەك، نالەرزین و بەپێوە دەمێنینەوە. دەنا لە نیوەی ڕێگا هەڵدەوەرێین و پەرتەوازە دەبین.
با بەڵا دووچەندان نەكەین
خاڵێكی تر كە دەبێت لێرەدا هەڵوێستەی لەسەر بكەین ئەمەیە: لە كاتی تاقیكردنەوەدا بەتایبەت ئەوانەی كە كاراكتەریان لاوازە لەوانەیە بكەونە ڕەخنەگرتن لە قەدەر، سەر بۆ حوكمی قەزا كەچ نەكەن، دەست بكەن بە سكاڵاكردن لە دەست تەقدیرەكانی خوای گەورە دەربارەمان. بەم شێوەیە، بەپێچەوانەی ئایەتی ﴿لَا يُسْأَلُ عَمَّا يَفْعَلُ وَهُمْ يُسْأَلُونَ﴾ (سورة الأَنْبِيَاءِ: 21/23).ڕەفتار دەكەن. هەروەها لەم جۆرە كاتانەدا خەڵك لە دەرەوەی خۆیاندا بەدوای تاوانباردا دەگەڕێن وەك هۆكارێك بۆ ئەو ڕووداوانەی كە ڕوویانداوە، یەكتر تاوانبار دەكەن، دەرەنجام هەم ورەی هاوڕێكانیان و هەم یەكێتیی ڕۆحی دەشێوێنن. بەمەیش موسیبەتەكە دووچەندان دەكەن.
ئێمەمانان بێگومان دەبێت لەسەر ئەو ڕووداوە نەرێنییانەی كە ڕوویانداوە موحاسەبەیەكی قووڵی خۆمان بكەین، پەند لە هەڵەكانی ڕابردوومان وەربگرین و لە داهاتوودا هەمان هەڵە دووبارە نەكەینەوە. بۆ ئەوەی لە ئاییندەدا هەمان كێشە ڕوونەداتەوە پێویستە وانە لە ڕابردوو وەربگیرێت و وریاتر بجووڵێینەوە. پێویستە لە ڕوانگەی هۆكارە دیارەكانەوە سەرنج لەو بەڵایانە بدەین كە بەسەرمان هاتوون و كۆمەڵێك ڕێوشوێن بگرینەبەر هەتا شتانی هاوشێوە ڕوونەدەنەوە. پێویستە سەرلەنوێ چاو بە پلان و پڕۆژە و چالاكییەكانماندا بگێڕینەوە، هەندێك چارەی تازە لەپێناو سەلامەتیی گوزەرگاكەماندا بدۆزینەوە. بەڵام دەبێت هەموو ئەم شتانە بەجۆرێك ئەنجام بدەین كە ڕەخنە لە قەدەر نەگرین، یەكتر تۆمەتبار نەكەین، نەرمونیان بین و هاوڕێكانمان نەشكێنین و سەركۆنەیان نەكەین.
دەنا دڵی هاوڕێكانمان دەشكێنین، دەیانخەینە ناو سایكۆلۆژیای كەسی تاوانبارەوە و وایان لێدەكەین كە بكەونە بەرگری لە نەفسیان. بە ڕەخنە و بەخشینەوەی تاوان دەگونجێت ببین بە هۆكاری ناكۆكی و دووبەرەكی لەناو خۆماندا. ئەمەیش دەگونجێت بە تێپەڕینی كات ببێت بە هۆكاری دروستبوونی كۆمەڵێك ناڕازی و دوای ماوەیەكیش لە دژمان چالاكی بكەن. بەم شێوەیە بەبێ ئەوەی بزانین هەم مافی خۆمان و هەم مافی خوا پێشێل دەكەین. لەكاتێكدا كە دەمانەوێت كێشەیەك چارەسەر بكەین بە دەستی خۆمان گرفتێكی گەورەتر دروست دەكەین و پاشان دەبین بە ژێریەوە. بۆیە ئەم جۆرە مەسەلانە نە دەكرێت پەلەپەلیان تێدا بكرێت، نە بەرگەی تووڕەیی و توندوتیژیش دەگرن.
خوای گەورە عینایەتی خۆیمان لەسەر كەم نەكات و ئێمەش لەسەر خزمەتی ئیمان و قورئان جێگیر بكات!
[1] سەعیدی نوورسی، بریسكەكان، بریسکەى ١٦.





