پشتیوانیکردن لە وەحیی ئیلاهى

پشتیوانیکردن لە وەحیی ئیلاهى
Mp3 indir

Mp4 indir

HD indir

Share

Paylaş

پرسیار: پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) دەفەرمووێت “دوو شتتان بۆ جێدەهێڵم، ئەگەر دەستیان پێوە بگرن تووشى گومڕایی نابن: کتێبەکەى خوا و سوننەت”. پێویستە چۆن لە ڕوانگەى پیادەکردنى ئیسلام، بانگەواز بۆ کردنى و گۆڕینى بە شارستانێتییەک، لەم فەرموودەیە تێبگەین؟[1]

ئەم فەرموودە ناوبراوە لە کتێبە هەرە صەحیحەکانى فەرموودەدا بە لەفزى نزیک لە یەکتر، ڕیوایەت کراوە. لە هەندێک گێڕانەوەدا، لەبریی “سوننەت” قەیدى “ئەهلى بەیت”یشى لەگەڵدایە. مەبەست لەمەش هەر سوننەتى پیرۆزە. چونکە ئەهلى بەیت بەهۆى هەبوونى پەیوەندییەکى سروشتى، نوێنەرانى سوننەتن. ئەوان تەنها وەک هەستى بەرپرسیارێتى خۆیان ناکەن بە خاوەنى سوننەت، لەپاڵ ئەمەدا وەک یادگارییەکى باپیرەشیان لێى دەڕوانن. بە یارمەتی وەرگرتن لە هێزى سروشتیان پشتیوانى و بەرگرى لێدەکەن. لەوانەیە بۆ هەموویان نەتوانین ئەمە بڵێین. بەڵام ئەوانەى کە توانیویانە نزیکێتییە سروشتى و خزمایەتییەکەیان لە ڕێگەى سیفەتە نەبەوییەکانەوە بپارێزن و ئەوانەى کە لە کەشوهەواى ئەودا دەژین، بەم جۆرەن.

وەک لەم گوفتارەى پێغەمبەرەوە (صلى الله علیە وسلم) دەردەکەوێت، قورئان و سوننەت لە ڕێکخستنى ژیانى کەسى و خێزانى و کۆمەڵایەتیی مرۆڤەکاندا یەکەم و سەرەکیترین سەرچاوەیە. لە ئوسوڵى فیقهدا، هەریەک لە ئیجماعى ئوممەت و قیاسى فوقەها بۆ تەنیشت قورئان و سوننەتیش زیاد دەکرێن و بەم جۆرە ژمارەى ئەو بنەما سەرەکییانەى کە حوکمە دینییەکان لەسەر بونیات دەنرێت (أدلة شرعیة الأصلیة) دەبنە چوار. تەنانەت بەڵگەى تریشیان دەخرێتە پاڵ -وەک: مصلحة، إستحسان، إستحصاب، عورف، شەریعەتى ئوممەتانى پێش ئێمە، قەولى صەحابە- ئەمانەش پێیان دەوترێت سەرچاوە دووەمینەکان بۆ حوکمە دینییەکان (أدلة شرعیة الفرعیة). هەموو ئەمانە مەشروعییەتى خۆیان لە قورئان و سوننەتەوە وەردەگرن، بێگومان لە پلەى یەکەمیشدا لە قورئانەوە. چونکە (الوحي المتلو) قورئانە. (الوحي غیر المتلو)ش کە سوننەتە، ڕوونکردنەوە و لێکدانەوە بۆ قورئان دەکات، فێرمان دەکات چۆن لە ئایەتەکان تێبگەین، واتە ئەویش خزمەت بە قورئان دەکات. بۆیە دەتوانرێت گشت بەڵگەکان لە ڕوویەکەوە بگەڕێنرێنەوە بۆ قورئان.

لەم ڕوانگەیەوە، بۆ ئیماندارێک کە دەیەوێت دینەکەى فێرببێت، ئەو سەرچاوەیەى کە دەبێت تەرکیزى بخاتە سەر قورئانە. یەکەم کانگا لە تێگەیشتن لە ئایەتەکانى قورئان، خودى قورئان خۆیەتى. چونکە بەشێک لە ئەو تەفسیرى بەشێکى ترى دەکات. دووەم سەرچاوەش کە قورئان تەفسیر و تەئویل، بەیان و شەرح دەکات سوننەتە. بەدەر لەمانە، شێوازى تێگەیشتنى هاوەڵە بەڕێزەکان و زانایانى سەلەفى دواى ئەوان لە قورئان، بۆ ئێمە زۆر گرنگ و ڕێنیشاندەرن. خواى گەورە بۆ هەتاهەتایە لەوان ڕازى بێت کە هەم لەفزى قورئانیان بەوپەڕى هەستیارییەوە پاراستووە و بەبێ ئەوەى پیتێکى لێ بگۆڕن وەک خۆى بۆ ئێمە گواستووەتەوە، هەم لە بابەتى حاڵیبوون لە لەفزە نادیار و ئاڵۆز و پوختەکانیدا ڕابەرایەتییان کردووین.

سەرەتا هاوەڵانى بەڕێز و پاشان زانایانى تابیعین و شوێنکەوتەى ئەوان، ئەوپەڕى گرنگییان بە پاراستنى دین داوە. لەمەى خوارەوە دەتوانین لەمە تێبگەین: بۆ نموونە، موعجیزەکان بەلاى ئێمەوە زۆر گرنگ دەردەکەون. کەچى زۆرێک لە موعجیزەکان لەلایەن صەحابییەک یان چەند کەسێکەوە وەک “خەبەرى واحید” دەگێڕرێنەوە. ئەم جۆرە گێڕانەوانە ئەوپەڕى هەتا ئاستى حەدیسى “مەشهور” سەردەکەون. هاوەڵە بەڕێزەکان گرنگییەکى وایان بە بابەتى لەبەرکردن، فێربوون، و گێڕانەوەى ئەم ڕووداوە نائاساییانەى ژیانى پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) نەداوە. بەڵام ئەوان لە بابەتى فێربوونى بچووکترین مەسەلەى دینیدا ئەوپەڕى تەقالایان داوە. بۆ فێربوونى تاکە فەرموودەیەک بەرگەى هەموو جۆرە ناڕەحەتییەکیان گرتووە و چەندین ڕۆژ سەفەریان کردووە. بۆچى؟ چونکە لاى ئەوان گرنگ ئەوە بووە بزانن پەروەردگارى ئاسمانەکان و زەوى چى لە ئێمە دەوێت و چۆنى دەبێت بەندایەتى بۆ بکرێت. لەبەر ئەم هۆیە، هەمو شتێکى تایبەت بە قورئان و سوننەتیان بە وردەکارییە هەرە بچووکەکانیانەوە پاراستووە و بەشێوەیەکى دروست بۆ ئێمەیان گواستووەتەوە.

خواى گەورە، لە ڕوویەکەوە بە گوفتار و جێبەجێکارییەکانى پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) و هەوڵ و تێکۆشانەکانى صەحابییەکان لەم بوارەدا قورئانى ڕوون کردووەتەوە، شەرحى کردووە، کردوویەتى بە کتێبێکى ڕوون و زانراو. ئەگەر خواى گەورە لەبریی ئەوەى بە نێرراوێکدا بینێرێت کە جێبەجێى دەکات، قورئانى ڕاستەوخۆ بۆ هەموو کەسێک دابەزاندایە و پێى بوتنایە “ئەمە بخوێننەوە، لێى تێبگەن و بەگوێرەى فەرمانەکانى بجووڵێنەوە”، ئەوا بە فراوانییەکەى ئێستاى، شوناسە گەردوونییەکەى و وەک خودى خۆى نەماندەتوانى بیناسین؛ دەرکمان بەشى ئەوەى نەدەکرد. بۆیە سەرەتا دەبێت نییەت و ئامانج و تەقالامان ڕووى لە تێگەیشتنێکى دروست بێت لە قورئان گونجاو لەگەڵ ڕەزامەندیی خوادا. دەبێت بزانین کە ڕێگاى ئەمەش دیسان بە قورئان و سوننەت و تێگەیشتنى سەلەفى صاڵحدا تێدەپەڕێت.

زۆر گرنگە بزانین کە قورئان بۆ ئێمە چ مانایەک دەگەیەنێت. قورئان کتێبێکى کۆکەرەوە و گشتگیرە (جامع). تەنها بەوەوە ناوەستێت کە ژیانى عیبادەتیمان ڕێکبخات و نیشانمان بدات چۆن بەندایەتى بۆ خوا بکەین. لەهەمان کاتدا ژیانى خێزانى و کۆمەڵایەتى و ئابوورى و یاسایی و ئیداریشمان ڕێکدەخات. کۆمەڵێک بڕیار دەخاتە مەیدان کە لە بچووکترین بازنەوە هەتا گەورەترین بازنە گشت بوارەکان دەگرێتەوە. بۆ نموونە، وەک چۆن کۆمەڵێک حوکم دەربارەى هاوسەرگیرى و جیابوونەوە دەخاتە گۆڕێ، کۆمەڵێک ڕێکار و ڕێنماییش بۆ پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان و دەوڵەتان، یاساکانى جەنگ و ئاشتیش دەردەکات.

جگە لەمە، ئەو بڕیارە ئیلاهییانەى کە لە قورئاندان لە هەموو بوارەکاندا ڕێگاکانى ژیانێکى مرۆڤانەمان پیشان دەدەن. قورئان مرۆڤ پەروەردە دەکات و بەرەو کەماڵاتى ئینسانى ئاڕاستەى دەکات. یاسا و دەستوورەکانى ڕەوشتى جوان دادەنێت. جگە لەمە، -وەک بەدیعوززەمان ئاماژەى بۆ دەکات- ڕوومان دەکاتە جیهانى بوون و کتێبى گەردوونمان بۆ تەفسیر دەکات. پێویستە بەم فراوانییە تەماشاى قورئان بکەین و بوارەکەى تەسک نەکەینەوە. ئەوانەى دەچنە دەرەوەى هەرێمى نوورانیی ئەو، بوارى خۆیان تەنگ دەکەن و خۆیان لە نوورى ئەو بێبەش دەکەن.

هاوشێوەى قورئان، سوننەتیش لە هەموو بوارەکانى ژیاندا ڕێگامان نیشان دەدات. پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) بەدرێژایی ژیانى موبارەکى، هەر لە ژیانى شەخسیمانەوە هەتا ژیانى کۆمەڵایەتیمان، لە بچووکترین یاساى دابونەریتى ناو خەڵکەوە هەتا دەگات بە یاسا نێودەوڵەتییەکان، لە بازنەیەکى زۆر فراواندا ڕابەرایەتی بۆ ئێمە کردووە. دەکرێت نموونەکانى ئەمە لە ژیانى ڕۆژانەشدا ببینین. بۆ نموونە، ئەگەر کۆڵان و شەقام و شارەکانتان خاوێن نەبێت، ماناى وایە حوکمەکانى دین دەربارەى پاکوخاوێنى فەرامۆش دەکەن و فەرموودەى “پاکوخاوێنى نیوەى ئیمانە””الطُّهُورُ شَطْرُ الإِيمَانِ[2] لە ژیانتاندا پیادە ناکەن. خەڵکانێک کە ڕەچاوى یاساکانى پاکوخاوێنى ناکەن، میکرۆبەکان بەسەریاندا زاڵ بوون و لە پیسى و چەپەڵیدا دەژین، ماناى وایە بەشێکى لە دینەکەیان پشتگوێ خستووە. بەهەمان شێوە، سەرقاڵبوون بە زانستى پزیشکییەوە ناکرێت وەک شتێکى دەرەوەى دین تەماشا بکرێت. ئەوەتا ئیمامى غەزالى کە یەکێکە لەو زانایانەى زۆرباش لە پەیامى قورئان و سوننەت تێگەیشتووە، لە سەدەى پێنجەمى کۆچییەوە وتوویەتى سەرقاڵبوون بە زانستى پزیشکییەوە و فێربوونى “فەرزى کیفایە”یە. بۆیە ئەگەر کۆمەڵێک لەناو موسڵماناندا لەم بوارەدا نەبنە پسپۆڕ، بۆ نموونە ئەگەر ئەم کارە بە ناموسڵمانەکان جێبهێڵن، ئەوا لە ڕووى دینییەوە تێکڕاى موسڵمانان گوناهبار دەبن. جگە لەمە، ئەگەر کەسانێکیش تەنها بە زانستەکانەوە خەریک بن و عیبادەت و تاعەت فەرامۆش بکەن، ماناى وایە ئەوانیش ئەرک و وەزیفەى خۆیان بەرانبەر بە خوا ناهێننە جێ.

لە ڕۆژئاوا، لە کۆنەوە لەژێر کاریگەریی فەلسەفەى دوانەیی و “کارتێزیان”دا، دین و زانست جیاکراونەتەوە، بوارى سەربەخۆ بۆ هەریەکەیان تەرخان کراوە، بۆ ئەوەش کە هیچ یەکێکیان دەستدرێژى نەکەنە سەر بوارى یەکتر فشار خراوەتە سەر زانایانى ئایینى. هەندێک خۆشباوەڕیش کە کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی فەلسەفە و ئایدۆلۆژیاى ڕۆژئاواییەوە، بۆ موسڵمانێتیش بیریان لە هەمان شت کردووەتەوە و ویستوویانە جێبەجێى بکەن. ویستوویانە بوارى قورئان تەسک بکەنەوە، بیخەنە دەرەوەى ژیان، دین تەنها لە ویژدان و پەرستگاکاندا بەند بکەن. لەبەرئەوە، کەسانێک وتوویانە پێویستە لەناو ئێمەیشدا کەسانى وەک “کالڤین” و “مارتین لوتەر” دەربکەون و ڕیفۆرم لە دیندا بکەن. لەحاڵێکدا دینى پیرۆزى ئیسلام مۆرى (أکملت) و (أتممت)ى لێدراوە و ئەمەش ماناى ڕەزامەندیی خوا دەگەیەنێت[3]. واتە خواى گەورە هەواڵى داوە کە ئەم کامڵ دەکات و ڕەزامەندیی خۆیشى گرێداوە بەوەوەوە ئەو وەحییە ئیلاهییەى کە بۆ مرۆڤایەتى ناردووە بەتەواوەتى جێبەجێ بکرێت. قورئان کون و کەلەبەر و درز و ناتەواوییەکى نییە هەتا پێویستى بە نۆژەنکردنەوە و ڕێککردنەوە هەبێت. ڕوانین بۆ دین لە ڕوانگەیەکى دوانەییەوە، تەرخانکردنى بوارێکى دیاریکراو بۆى و دەرکردنى بۆ دەرەوەى ژیان، بە ماناى گۆڕین و لەرزاندنى دین لە بناغەوە دێت؛ ئەمەش هێندەى شێوێنرانى کتێبەکانى پێشوو لەلایەن ئەهلى کیتابەوە تاوانێکى گەورەیە. بەڵام پڕکردنەوەى ئەو جێگایانەى کە قورئان خۆى بەبەتاڵى جێى هێشتوون بەگوێرەى هەلومەرجەکانى ڕۆژگار، دیسان لەژێر ڕۆشنایی وەحیی خۆیدا لە ڕێگەى ئیجتیهادە ئاسمانییەکانەوە، ئەوەیان شتێکى ترە.

متمانەپێکراوترین سەرچاوە بۆ ئەوەى بزانین موڕادى خوا چییە و چى لێمان دەوێت و لێیەوە شارەزاى مەبەستە ئیلاهییەکان ببین، ئەو وەحییە ئیلاهییەیە کە بۆ مرۆڤایەتى ناردووە. دەبێت بەم چاوە تەماشاى قورئان بکرێت، بە دڵێکى پاکەوە لێى نزیک ببینەوە، لەنێو گشتیبوونەکەى خۆیدا هەوڵى پەیپێبردنى ببەین. بەداخەوە، دەگونجێت ئایدۆلۆژیا و فەلسەفەکانى دونیاى مۆدێرن زیهنەکان لێڵ بکەن و ببنە ڕێگر لەبەردەم تێگەیشتنى دروست لە قورئان. یەکێک لە گرنگترین حیکمەتەکانى ئەوەى کە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) و پاشان صەحابییە بەڕێزەکان دوور لە شوێنى قەرەباڵغ و سەنتەرى شارستانێتییە گەورەکان هەڵکەوتوون و لە ڕوویەکیشەوە “نەخوێندەوار” بوون، ئەوەیە بە زیهنێکى پاک و خاوێنەوە بەدروستى لە قورئان تێبگەن. خواى گەورە بە پێگەیاندنى ئەوان لە شوێنێک کە دوورە لە چەقى شارستانێتییە جۆراجۆرەکانەوە، نەیهێشتووە زیهنیان بکەوێتە ژێر کاریگەریی پاشمانەوەى زانیارى و کلتوورە جیاوازەکان و بەهۆى ئەمانەوە پیس ببێت. هەر بۆیە ئەوان بەرانبەر بە گوفتارى ئەفسووناویی قورئان کە هیچ ناتەواوییەک لە لۆجیک و داوەرییەکەیدا نییە، چەکیان دانا، هەموو هیممەتى خۆیان ئاڕاستەى تێگەیشتن لە قورئان کرد و بە ڕووى ژینگەى ڕۆشنى ئەودا کرانەوە.

میللەتان کە لە کاتەکانى دواتردا بە ئیسلام شەرەفمەند بوون، لەبەرئەوەى وەک گشتێک قورئان و سوننەتیان قبووڵ کردووە و لە ژیاندا جێبەجێیان کردووە، پێشکەوتوون و شارستانێتیی شکۆداریان دامەزراندووە. ئێمە کاتێک ئەمڕۆ دەڵێین “شارستانێتى” زیاتر مەبەستمان لە شاریبوون، ژیانى شارى، گونجانە لەگەڵ دونیاى مۆدێرن وەک شێوازى ژیان. بەڵام لەبنەڕەتدا دەبێت لە ڕەوشت و فەزیلەتى مرۆڤدا بەدواى شارستانێتیدا بگەڕێین. لەم ڕووەوە، چەندین کەس لە گوند و چۆڵاییەکاندا دەژین، بەڵام ڕەفتار و نیانى و نەزاکەت و ڕێزگرتنیان لە مرۆڤ بەراورد بە شارییەکان زۆر شارستانیترە. ئەوەتا کاتێک ئەمڕۆ لە گەڕەکە هەرە کەشخە و جوان و “شارستانى”یەکان دەڕوانیت، هەزار و یەک ڕەقى و توند و بێڕێزى تێدا دەبینیت. ئایا ئەمانە زۆر لەوانە دەشتەکیتر نین کە لە بیابان لەژێر چادردا دەژین؟ ئەوانەى کە گەیشتوون بە کامڵبوونى ئەخلاقى، دەستوورى یارمەتیدان و هاوکارى بەکاردەهێنن، ڕێ لە هەژارى و نەبوونى دەگرن، دادپەروەرى بونیات دەنێن و ژیانێکى ڕاستڕەوانە دەژین، ئەگەر لە دەواریشدا بژین بە شارستانى دادەنرێن. ئەو بەهایانەش کە قورئان بۆ مرۆڤایەتى هێناونى و پێشکەشى کردوون، ئەمانەن.

دین، کۆى ئەو یاسا و سیستەمەیە کە لە هەموو بوارەکانى ژیاندا شتێکى مانابەخشى بۆ وتن هەیە. ئێمەش دەبێت لە هەموو بوارەکانى ژیاندا هەبین، بە بەکارهێنانى گشت ئیمکانییەتەکانمان خەڵک بۆ لاى دونیاى بیرکردنەوەمان بانگ بکەین. کەسانێک کە بەهاکانى قورئان و سوننەتیان قبووڵ کردووە، لە ژیانیاندا ڕەنگى داوەتەوە و خاوەنى باوەڕ و هیوا و فەزیلەت و چاکەن، دەبێت لە هەموو جێیەکدا بە دەنگى بەگوڕ باسى ئەم هەست و بیرەى خۆیان بکەن، کەسانى تریش بە ئاسۆکەى خۆیان ئاشنا بکەن. بێگومان ئەمەش فەرمانى قورئانە. بۆیە لە ڕێگەى بەکارهێنانى سوودبەخشانەى گشت هۆکارەکانى پەیوەندى و بە ڕەچاوکردنى هەلومەرجەکانى ڕۆژگاریش، دەبێت تێبکۆشین کە بەها و جوانییەکانى تایبەت بە خۆمان بە هەموو کەسێک بگەیەنین. ئەگەر ئێمە تەنها بە بوارە سنووردارەکانى وەک ئیمامێتى، بانگبێژى، موفتێتییەوە سەرقاڵ ببین و بێباک بین بەرانبەر بە پیشەکانى تر، ئەوا لە ڕوانگەى بەهاکانمانەوە زۆرێک لە بوارەکانى ژیانى کۆمەڵایەتى پشتگوێ دەخەین. ئۆباڵى ئەم فەرامۆشییەى کە لە دیندا دەکرێت زۆر قورسە و خواى گەورە لەسەرى لێمان دەپرسێتەوە.

ئەم نووسینە لە وتارێکى موحەممەد فەتحوڵا گولەنەوە ئامادەکراوە لە بەروارى (٥/١١/٢٠٠٧).

[1] “إِنِّي قَدْ خَلَّفْتُ فِيكُمْ مَا لَنْ تَضِلُّوا بَعْدَهُمَا مَا أَخَذْتُمْ بِهِمَا، أَوْ عَمِلْتُمْ بِهِمَا، ‌كِتَابُ ‌اللهِ، ‌وَسُنَّتِي” البيهقي: السنن الكبرى، 1/195.

[2] صحيح مسلم، الطهارة، 1؛ سنن الترمذي، الدعوات، 86.

[3] ﴿الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي (سورة الْمَائِدَةِ: 5/3)