گۆزەی شکاو13 Eylül 2026

ڕێ و ئاڕاستە لە زانستدا

پرسیار: ئەمڕۆ لەسەر بنەماى ئەوەى کە بنەماکانی زانست داخوازی بابەتیبوون و بێلایەنین، دەوترێت زانست تەنها دەبێت لەبەر خاترى زانست بێت. بیرکردنەوەى دروست لەم بارەیەوە دەبێت چۆن بێت؟

وەڵام: لەمڕۆدا بۆچوونى هاوشێوە بۆ بوارەکانى دیکەش دەر دەبڕدرێن. بۆ نموونە، دەوترێت "پێویستە ئامانج لە هونەر، هونەر خۆى بێت." هەر بۆیە کەسانێک کە شیعر دەنووسن بۆ گوزارشتکردن لە هەندێک حەقیقەت و پێشکەشکردنى پەیام بە خەڵک لەوانەیە بە چاوى کەم تەماشا بکرێن، دەڵێن پێویستە لەبریی شاعیر ئەمانە ناوى وتاربێژ یان ئامۆژگاریان[1] لێ بنرێت. بەگوێرەى ئەم بیر و بۆچوونە، شیعر نابێت بکرێت بە ئامراز بۆ ئامانجى دیکە؛ ئەسڵ لەودا بریتییە لە دەرخستنى هونەر. بەهەمان شێوە، دەبینیت هەندێک لە پیشەى دیاریکراو، پلەوپایەکان و ناونیشانەکانیش تەنها لەبەر خاترى خۆیان دەخوازرێن. واى لێ هاتووە کە خودى گەیشتن بە پلەیەک و وەرگرتنى مەدالیا و ئەستێرە بووە بە ئامانج. کەسانێک کە خاوەنى ئەم بۆچوونەن، دەبینیت ژیانێکی پەیوەست بە "منێتی"یەوە دەژین و لەنێو بێئامانجیدا دەخولێنەوە. لە بەرانبەر ئەو ڕووداوانەى کە ڕووبەڕوویان دەبنەوە بەردەوام ڕووگە و پێگەى خۆیان دەگۆڕن؛ بۆیە تەون و چنینى ژیانیان نەخشێکى جوان و مانادار نابەخشێت.

کاتێک بە چاوى ئیمان سەیرى بابەتەکان دەکرێت، دەردەکەوێت کە پێویستە هەموو شتێک بە ئامانجێکى باڵاوە ببەسترێتەوە. مرۆڤ دەبێت چاو لە ئاسۆ بەرزەکان ببڕێت، خۆى بە مەفکوورەیەکى باڵاوە ببەستێتەوە و ژیانیشى لەپێناو بەدیهێنانى ئەم ئامانجە ئایدیاڵە (غایەی خەیاڵ) بهۆنێتەوە. مادەم لە دەرەوەى ئیرادەى خۆمان دەستمان بەم گەشتى ژیانە کردووە و پاشان کۆتاییەکى بێگومان چاوەڕێمانە و ئینجا دووەم جار زیندوو دەکرێینەوە و بەرەو سەرەتایەکى نەبڕاوە هەنگاو دەنێین؛ کەوایە دەبێت پەیوەندییەکى پتەو لەنێوان سەرەتا و کۆتایی ژیانماندا ساز بکەین و پێکەوە بیانبەستینەوە. ئەگەر ئامانجێکی ئیدیاڵمان نەبێت، ئەوا وەک ئەو گیاندارەی کە بەچاوی بەستراوەوە بەدەورى (چەرخوفەلەکی) بیرێکدا[2] دەخولێتەوە، بەردەوام تەقالا دەکەین بەڵام بەهیچ جۆرێک ناتوانین مەودا ببڕین. دەڕۆین و دەڕۆین، بەڵام هێندەى دەنکە جۆیەک دوورى نابڕین. بۆیە کاتێک شتێک دەخەینە مەیدان، دەبێت لە سەرەتاوە بەباشى ئەو ئامانجە دیارى بکەین کە دەمانەوێت بەهۆى ئەمەوە پێى بگەین.

لەم ماوەیەى دواییدا دەبینین کە ئادەمیزاد هاوڕێ لەگەڵ مەراق ، هەوڵ و لێکۆڵینەوەیەکى جددیدا تێدەکۆشێت بۆ ئەوەی لە حەقیقەتى بوون تێبگات. لەم پێناوەدا هەوڵى خوێندنەوەى فەرمانە تەکوینییەکان (یاسا گەردوونییەکان) دەدات، بەوردى لە شتان و ڕووداوەکان دەکۆڵێتەوە. بێگومان ناتوانین ئەم هەوڵە چڕوپڕەى کە لە زانستە جۆراوجۆرەکاندا وەگەڕ خراوە نادیدە بگرین. بەڵام چونکە زۆرجار بیر و بۆچوونى ماددى و سروشتگەرایی بەسەر ئەو زیهنانەدا زاڵ بوون کە بەم زانستانەوە سەرقاڵن، ڕوانینەکان بەئاسانى ناتوانن بۆ ئەودیوى پەردەى بوونەوەران تێپەڕن. چونکە بەتەواوەتى پەى بە ماناى شتان و ڕووداوەکان نابرێت و هەڵسەنگاندنەکانیش تەنها لە چوارچێوەى جیهانى فیزیکیدا قەتیس ماون، مرۆڤ ناتوانێت لە ئەنجامەوە (ئەسەر) بۆ هۆکار (موئەسیر) بڕوات و بە زانستى حەقیقەت بگات.

لەحاڵێکدا بەگوێرەى بیرى ئیسلامى، شتان و ڕووداوەکانى ناو گەردوون، بە هەموو پیت، وشە و ڕستەیەکیان موڵکى خوان و  هەر یەکەیان وەک نامەیەک وان کە لاى ئەوەوە بۆ ئێمە نێردراون. هاوشێوەى فەرمانە تەشریعییەکان، ئامانجى کۆتایی لە موتاڵاى فەرمانە تەکوینییەکانیش مەعریفەتى خوایە. لێکۆڵەرێک کە دەتوانێت لە ڕوانگەى قورئانەوە بۆ گەردوون بڕوانێت، لە هەموو لق و پەلەکانى زانستدا ڕێگاگەلێک بەرەو لاى خوا دەدۆزێتەوە. لەگەڵ زیادبوونى زانیاریی ئەم کەسە لەمەڕ بوون، مەعریفەتیشى دەربارەى پەروەردگارى جیهانیان پتر دەبێت و لە هەموو شتێکدا درەوشانەوەى ناوە ئیلاهییەکان بەدی دەکات.

لەسایەى ئەو توێژینەوانەدا کە چ لە بوارى زانستە ئەزموونییەکان و چ لە کایەى زانستە مرۆییەکاندا کراون، کۆمەڵێک ئەنجام دەست دەکەون کە ژیان ئاسان دەکەن و لەمەودوایش ئەمە بەردەوام دەبێت. لە ڕێگەى تەکنەلۆژیاى تازەوە چارە بۆ نەخۆشییەکان دەدۆزرێنەوە، ئاستى خۆشگوزەرانیی کۆمەڵگاکان بەرز دەبێتەوە، ڕێگاى بونیاتنانى کۆمەڵگایەکى بەهێزتر دەکرێتەوە. هیچ یەکێک لەمانە کەم نین. بەڵام مرۆڤ نابێت بەمانە دەست هەڵبگرێت، لە ڕێگەى ئەو لێکۆڵینەوانەوە کە لەسەر بوون دەیانکات دەبێت گەیشتن بە خوا، ناسینى ئەو، خۆشویستنى و قووڵبوونەوە لە بەندایەتیی ئەودا بکاتە ئامانجى خۆى.

هەرچەندە ئەم پێشکەوتنانەى کە ئادەمیزاد بۆ ئاسۆى مرۆڤبوونی ڕاستەقینە بەرز دەکەنەوە لە ئارادان، بەڵام نابێت ئەوەیش نادیدە بگیرێت کە لە ڕۆژگارى مۆدێرندا ڕوانین بۆ دین شێوان و لادانى جددیی بە خۆیەوە دیوە. کەسانێک دینیان تەنها وەک بابەتێکى لێکۆڵینەوەى لقێکی زانست بینى، هەندێک وەک تیۆرییەکى فەلسەفى هەڵسەنگاندیان بۆ کرد، هەندێکیش وەک ئایدیاڵێک وێنایان کرد کە دەبێت پێى بگەین. لەحاڵێکدا دین کۆى ئەو سیستەمە ئیلاهییەیە کە لاى خواوە وەک ڕێبەر بۆ ژیانى مرۆڤ نێردراوە. نە دەتوانین لە بوارێکى ژیاندا بەندى بکەین، نە دەیشتوانین تەنها وەک کایەیەکى تیۆرى مامەڵەى لەگەڵدا بکەین. پێغەمبەران (عَلَيْهِمُ السَّلَامُ) وەک چۆن فەیلەسوف نین، تەنها مرۆڤێکى خاوەن مەفکوورە و پەیامیش نین؛ بەپێچەوانەوە، ئەوان بەتەواوی واتای وشە خاوەن ئەرک و بەرپرسیارێتین. ئەوان لەو ئەرکە تێدەگەن کە خراوەتە سەرشانیان و بەکامڵى جێبەجێى دەکەن. بەجێهێنانى ئەو بەرپرسیارێتییە دینییەش کە لە ڕێگەى ئەوانەوە بە ئێمە گەیشتووە، ئەرکى بنەڕەتیی ئێمەیە.

زانایانیش لە دەرەوەى ئەم چوارچێوەیە نین. ئەوانیش بەرپرسن لەوەى ئەو حەقیقەتانە لە ژیانیاندا پەیڕەو بکەن کە باوەڕیان پێیانە و بە کەسانى دیکەى بگەیەنن. وەک چۆن هیچ زانستێک لە مەعریفەتى خوا گرنگتر نییە، هیچ سەرقاڵییەکیش ناکرێت بەرزتر بێت لە بەدەستهێنانى ڕەزامەندیی خوا. لە ڕوانگەى ئیماندارەوە هەر شتێک کە نەبەسترێتەوە بە خواوە لاوەکییە. تەنانەت ئەو کار، هەوڵ و کۆششانەى کە نابەسرێنەوە بە خواوە ، دەتوانرێت بوترێت کە لە ڕوویەکەوە نەخۆش و کەموکورتن. بۆیە لە هەر بوارێکدا پسپۆڕ بین، نابێت ئامانجى کۆتاییمان بیر بچێتەوە و دەبێت ئەو کارەى کە دەیکەین بە جۆرێک لە جۆرەکان بە خواوە ببەستینەوە.

هاوشێوەى  هەموو بابەتێکى تر، ڕابەر و پێشەواى ئێمە لەم بابەتەیشدا پێغەمبەران (عَلَيْهِمُ السَّلَامُ) و بەتایبەت حەزرەتى موحەممەدە (ﷺ). ئەو، بەتەواوى مانا پەیکەرێک بوو لە ئیخڵاس. لەو ڕوانگەیەوە کە مرۆڤ بوو ئەویش سەرقاڵى کارە دونیاییەکان دەبوو. بەڵام لە هەموو کارێکیدا ڕەزامەندیی خواى کردبوو بە بنچینە. فەرموویەتى هەر کارێک کە بە خواوە نەبەسترێتەوە و بە ناوى ئەو دەست پێ نەکات نەزۆک و بێپیت دەبێت.[3] بۆیە پێدەچێت تەنانەت کاتێکیش کە بیرى لە بەهەشت کردووەتەوە، سەرەتا بیرى لەوە کردووەتەوە ئاخۆ لە ڕووى ڕەزامەندیى خواوە سوود و زیانەکانى چین.

بەتایبەت هەرکەسێک کە خۆیی بۆ مەفکوورەیەکى مەزن تەرخان کردووە، دەبێت هەرچییەک بکات لەبەر خاترى خوا بیکات. نابێت دونیاییبوون و نەفسانییەت ئەم نییەتە خاوێنە لەکەدار بکەن. دەبێت ئیمانى بەوە هەبێت هەر کارێک کە بەبێ مەبەست و نییەتى دونیایی دەکرێت خوا بەرەکەتى تێ دەخات. چونکە کەسێک کە (لِلَّهِ، لِوَجْهِ اللَّهِ، لِأَجْلِ اللَّهِ) دەجووڵێتەوە، دەگونجێت چرکەکانى تەمەنى حوکمى ساڵەها وەربگرن. بۆیە ئەو زانست و ئەزموونەى کە هەیەتى دەبێت بە ئاڕاستەى گەیشتن بە ئامانجە ئایدیاڵەکەی بەکارى بهێنێت. باوەڕمان وایە کە نییەتە خاوێن و ئامانجە بەرزەکان تەنانەت ڕەفتارە ئاساییەکانیش دەگۆڕن بە عیبادەت و قووڵى بە کارەکان دەبەخشن.

جگە لەمە، کەسانێک کە لە زانستە جۆراوجۆرەکاندا گەیشتوون بە پسپۆڕى، لەسایەى ئەو زانست و ئەزموونەى کە هەیانە، دەتوانن بەسوودتر بن بۆ ئەو مەفکوورەیەى کە باوەڕیان پێیەتى. فراوانیی ئاسۆکەیان دەبێت بە یارمەتیدەریان لەوەی بڕیاری درووست بدەن. ئەو پلەوپایەیەى کە بەدەستى دەهێنن کار و خزمەتەکانیان بۆ ئاسانتر دەکات. ئەوان ئەم ئیمکانییتانە لەپێناو خزمەتەکەیاندا بەکاردەهێنن نەک بۆ نەفسیان. ئەو سەرکەوتنانەى کە تۆماریان دەکەن بە هیی خۆیانیان نازانن، وەک لوتفى خوا دەیانبینن و هەوڵ دەدەن شوکرانەى لەسەر بکەن. چونکە هەموو نیعمەتێک شوکرى لە ڕەگەزی خۆى دەوێت. نابێت لەبیرمان بچێت هەر ئیمکانێکى ماددى و مەعنەوى کە بەنسیب دەبێت ئەمانەتن و نابێت خیانەتیان تێدا بکرێت؛ هەرشتێک کە بە مرۆڤ دەدرێت، پێویستە لە ڕێى خوادا بەکار بهێنرێت.

کەسێک کە خاوەنى دوکانێکى بچووکە لەگەڵ خاوەن کارگەیەکى گەورەدا هەمان ئیمکانییەتیان نییە. بەهەمان شێوە، شتێکى ئاشکرایە کە کار و ئەرکى موختارى گوندێک لەگەڵ پارێزگارى شارێکدا جیاوازن. بەوێنەى ئەمە، وەک قورئان دەفەرموێت، زانا و نەزان نابن بە یەک.[4] مرۆڤ با خاوەن زانست یان سەروەت یاخود پلەوپایە بێت؛ گرنگ ئەوەیە لە ڕێى خوادا، بۆ بەدەستهێنانى ڕەزاى ئەو و لە خزمەتى مرۆڤایەتیدا بەکاریان بهێنێت. ژیان تەنها لەسایەى ئەمەدا وەک تۆوێکی لێ دێت کە هەزار گوڵەگەنم بدات. ئایا ئامانجى ژیانیش هەر ناسینى خوا و بەندایەتى کردنى ئەو نییە؟!

بەکورتى، لە هەر بوارێکدا هەڵبسووڕێین، دەبێت بەردەوام بە ڕووگە و ئاڕاستەى خۆماندا چاو بخشێنینەوە. لە هەموو شوێنێکدا پێویستە ئەم موحاسەبەیە بکەین و ڕێنموونیی یەکتر بکەین. دەبێت تەنها پشت بە بیر و بۆچوونى خۆمان نەبەستین، حەتمەن هانا بۆ بۆچوونى کەسانى تریش بەرین. دەبێت ڕاوێژ بە کەسانى شارەزا و شاییستە بکەین دەربارەى ئەوەى کە چۆن تواناکانمان بەسوودتر و بە ئامانجى بەدەستهێنانى ڕەزاى خوا بەکار بهێنین؟ چونکە گرنگترین ڕێگاى بڕیاردانى ڕاست و بەکارهێنانى تەندروستانەى تواناکانمان، ڕاوێژ و پرسوڕایە.


[1] ئامۆژگار: ئامۆژگاریکار؛ نەسیحەتکەر؛ ئامۆژیار. (وەرگێڕ)

[2] لە کۆندا هەندێک ئاژەڵ بەکار هێناراون بۆ ئاوکێشان لە بیر لە ڕێگەی ئامێرێکی چەرخدارەوە، ئاژەڵەکە دەبوو بەبەردەوامی بە دەوری بیرەکەدا بسووڕێتەوە بۆسووڕاندنەوەی چەرخەکە و بۆ ئەم مەبەستەش چاوی دەبەسترا تا سەری گێژ نەخوات. (وەرگێڕ)

[3] خطیب البغدادي، الجامع لأحکام الراوي وآداب السامع ٢/٦٩-٧٠؛ الغزالي، إحیاء علوم الدین ١/٢٠٦.

[4] الزمر: ٩.