پرسیار: پێویستە چى بکرێت و لە چى خۆ بپارێزرێت بۆ ئەوەى تووشی فێڵەکانی شەیتان نەبین وەک خۆ بینین لە ئەهلى حەق سەرەڕاى گرتنەبەرى ڕێى باتڵ یان خۆ بە خاکى زانین لەکاتێکدا کە نەفس لە خۆبەگەورەزانیدا نوقم بووە؟
وەڵام: کارى سەرەکیی شەیتان کە بە ئەرکی خۆى دەزانێت بریتییە لە لەڕێدەکردنى مرۆڤەکان و لەم پێناوەیشدا شێواز و هۆکارى زۆر جیاواز بەکار دەهێنێت و فێڵى جۆراوجۆر وەگەڕ دەخات. پێش ئەوەى بچینە سەر ڕوونکردنەوەى بابەتەکە، دەبێت سەرەتا خاڵێک یەکلایی بکرێتەوە: نابێت لە بابەتى بەدیهێنرانى خراپە و شەڕەکاندا کاریگەریی ڕاستەقینە بە شەیتان بدرێت. چونکە ئەو خاوەنى هێزێکى بەدیهێنەرى سەربەخۆ نییە کە بتوانێت خراپەکان دروست بکات. ئەوەتا قورئان کاتێک گوزارشت لە ڕۆڵى شەیتان دەکات لە ئەنجامدرانى خراپەکاندا، وەک دواتریش لەسەرى ڕادەوەستین، ئەم ڕۆڵە وەک ڕازێنەرەوە و ئاراییشتدەر (مُسَوِّل ، مُزَيِّن) دەناسێنێت.
فریودانى شەیتان لە ڕێگەى بە جوان پیشاندانى خراپەکان
قورئان کاتێک باسى ئەوانە دەکات دواى ئەوەى کە بەتەواوەتى حەقیان بۆ ڕوون بووەتەوە هەڵدەگەڕێنەوە، دەفەرمووێت (الشَّيْطَانُ سَوَّلَ لَهُمْ وَأَمْلَى لَهُمْ).[1] لە ئایەتێکى دیکەدا دەفەرموێت شەیتان کارە خراپەکانیان لەبەرچاو دەڕازێنێتەوە و جوانى دەکات: (وَزَيَّنَ لَهُمُ الشَّيْطَانُ أَعْمَالَهُمْ فَصَدَّهُمْ عَنِ السَّبِيلِ).[2]
وەک دەبینرێت، کارەکەى شەیتان بەدیهێنان یان ناچارکردنى مرۆڤ نییە؛ بەڵکو ترش و خوێى پێدا دەکات، لەبەر چاوى مرۆڤ دەیڕازێنێتەوە، بە وروژاندنى بیر و بۆچوونى هەڵە وەک شتێکى جیاواز پیشانى دەدات، بە بەکارهێنانى هەندێک خەون، خولیا و چاوەڕوانى مرۆڤەکان بەرەو خراپە هان دەدات.
قورئان، سنوورى کاریگەریی شەیتان لەسەر مرۆڤ، لەسەر زمانى شەیتان خۆیەوە، بەڕوونى دەخاتە گۆڕێ. شەیتان لە ڕۆژى قیامەتدا بە شوێنکەوتووەکانى دەڵێت: (وَمَا كَانَ لِيَ عَلَيْكُمْ مِنْ سُلْطَانٍ إِلَّا أَنْ دَعَوْتُكُمْ فَاسْتَجَبْتُمْ لِي فَلَا تَلُومُونِي وَلُومُوا أَنْفُسَكُمْ).[3] ماناى وایە شەیتان وەسوەسە بۆ مرۆڤ دروست دەکات، خراپەى لەبەرچاو جوان دەکات، بەرەو شەڕ هانى دەدات، بەڵام ئیرادەى لێ زەوت ناکات و بۆ تاوانکردن زۆرى لێ ناکات. ئەوە ئادەمیزاد خۆیەتى کە خراپە هەڵدەبژێرێت و بەدەم بانگەوازى شەیتانەوە دەچێت. ئەوەتا خواى گەورەیش لەم بارەیەوە بڕیارەکەى ڕوون و ئاشکرایە: (وَمَا كَانَ لَهُ عَلَيْهِمْ مِنْ سُلْطَانٍ).[4]
قورئان بە فەرمایشتى (زُيِّنَ لِلنَّاسِ حُبُّ الشَّهَوَاتِ مِنَ النِّسَاءِ وَالْبَنِينَ وَالْقَنَاطِيرِ الْمُقَنْطَرَةِ مِنَ الذَّهَبِ وَالْفِضَّةِ وَالْخَيْلِ الْمُسَوَّمَةِ وَالْأَنْعَامِ وَالْحَرْثِ)[5] سەرنج بۆ لاى لاوازییە بەشەرییەکانمان و بۆشاییە مرۆییەکانمان ڕادەکێشێت. شەیتان زۆر باش کەڵک لەم بۆشاییانەى ناو ماهییەتى مرۆڤ وەردەگرێت؛ گاهێ شەهوەت، گاهێ خۆشەویستیی منداڵ، گاهێ هەڵپەى سەروەت، گاهێ پلەوپایە، گاهێ ناوبانگ و ئارەزووى خۆشژیان بەکار دەهێنێت و هەوڵ دەدات لەوێوە دزە بکات. هەڵبەتە هەموو ئەم لاوازییانە بەهەمان ئەندازە لە هەموو کەسێکدا نین. شەیتان تەڵە دەنێتەوە بۆ ئەوەى بزانێت کەسەکە لە چ لایەنێکەوە لاوازە و هەوڵ دەدات کە لەو کەلێنەوە بیخەڵەتێنێت.
خاڵەکانى دزەکردنى شەیتان
ئەم ململانێیەى شەیتان بەرانبەر بە مرۆڤ، لە سەرەتاى مرۆڤایەتییەوە و لەگەڵ حەزرەتى ئادەمدا (عَلَيْهِ السَّلَام) دەستى پێ کردووە. قورئان بەم جۆرە باسى ئەم دۆخە دەکات: (وَسْوَسَ إِلَيْهِ الشَّيْطَانُ قَالَ يَا آدَمُ هَلْ أَدُلُّكَ عَلَىٰ شَجَرَةِ الْخُلْدِ وَمُلْكٍ لَا يَبْلَىٰ).[6] بەڵێ، شەیتان بە سوودوەرگرتن لە هەندێک مەیلى سروشتیی حەزرەتى ئادەم (عَلَيْهِ السَّلَام) وەسوەسەى بۆ دروست کرد و هانى دا کە لە درەختە قەدەغەکراوەکە نزیک بکەوێتەوە. ئەگەر بیچوێنین بە کاتی ڕۆژووشکاندن، حەزرەتى ئادەم (عَلَيْهِ السَّلَام) نەیتوانى چاوەڕوانی کاتى بەربانگ بکات، یان نەیتوانى کاتى ڕۆژئاوابوون بەدروستى بخەمڵێنێت، پێش ئەوەى کاتى خۆى بێت دەستى بۆ شتە قەدەغەکراوەکە درێژ کرد. بێگومان حەزرەتى ئادەم (عَلَيْهِ السَّلَام) پێویستى بە پاکانەی ئێمە نییە؛ چونکە ئەو هەڵبژێرراوى خوایە (صَفِيُّ الله). سەرەڕاى ئەمە، کاتێک کە دەربارەى پێغەمبەرێک قسە دەکەین پێویستە دەست لە ئەدەب و حەزەر هەڵنەگرین. بۆیە وا گونجاوترە ئەم بەهەڵەداچوونەى ئەو وەک هەڵەیەکى ئیجتیهادى لێک بدەینەوە.
هەستەکانى وەک شەهوەت، هەڵپە، تووڕەیی، ڕق، خۆبەگەورەزانى، کەللـەڕەقی پارچەیەکن لە سروشتى مرۆڤ. ئەم مەیلە بەشەرییانەى کە لە ماهییەتى حەزرەتى ئادەمدا هەبوون لە نەوەکانیشیدا ڕەنگیان داوەتەوە. حەزرەتى ئادەم (عَلَيْهِ السَّلَام) لە ڕێگەى ئیمان، ئیرادە و دیسپلینى بەندایەتییەوە خستنییە ژێر کۆنتڕۆڵەوە، نەفسى خۆى ڕام کرد و بەو ئاسۆ بەرزە گەشت کە داخوازى (صَفِيُّ اللَّه)یە. بە دەربڕینە تەسەووفییەکەى، (النَّفْسُ الْأَمَّارَة)ى خۆى گۆڕی بە (النَّفْسُ اللَّوَّامَة) و (النَّفْسُ الْمُطْمَئِنَّة)، لێرەیشەوە بەرەو (النَّفْسُ الرَّاضِيَةُ وَالْمَرْضِيَّةُ) ڕۆشت، پاشان ئەمەیی بڕی و بۆ ئاسۆى (النَّفْسُ الصَّافِيَة وَالزَّاكِيَة) بەرز بووەوە. بەڵام هەموو کەسێک کە لە نەوەى ئەوە ناتوانێت هەمان ئیرادە و هەستیارى بنوێنێت. شەیتان ئەم خاڵە لاوازانەى ئەو باش دەناسێت و لە یەک دەرگاوە هەوڵى کردنەوەى هەمووان نادات. شەهوەتى هەندێک، هەڵپەى هەندێک، تووڕەیی و خۆبەگەورەزانى و بەخۆنازین یان ئارەزووى پلەوپایەى هەندێکى دیکە دەوروژێنێت؛ لە کام لایەوە لاوازییەک لە مرۆڤدا ببینێت زیاتر لەوێوە هەوڵى دزەکردن دەدات.
داوى خۆبەگەورەزانى، بەخۆنازین و لەخۆڕازیبوون
خۆبەگەورەزانى، بەخۆنازین و لەخۆڕازیبوون لەو خاڵە لاوازە گرنگانەن کە شەیتان بۆ دزەکردنە ناو مرۆڤ بەکاریان دەهێنێت. شەیتان ئەم هەستانەى ناو ئادەمیزاد دەبزوێنێت، دەیخەڵەتێنێت و لە خوا دوورى دەخاتەوە. کەسێک کە خۆى بە گەورە دەزانێت، دەست دەکات بەوەى کە خۆى لە خەڵک بەرزتر ببینێت؛ کەسى لەخۆباییی خۆى بە خاوەنى خۆى دەزانێت، وا دەزانێت جوانى و سەرکەوتنەکانى هیی خۆین. کەسێکیش کە گرفتارى (عُجْب) بووە، بە خۆى سەرسامە، بە کارەکانییەوە دەنازێت، لە هەموو دەرفەتێکدا دەیەوێت باسى بەهرەکانى خۆى بکات. هەندێک جار لەبریی ئەوەى بەئاشکرا ئەمە بکات، دەچێت لەژێر پەردەى خۆبەکەمزانیدا ئەم کارە دەکات؛ دیارە ئەمەیش جگە لە کیبر و غرورێکى پەنهان هیچى تر نییە. لەژێرەوە بەم جۆرە خۆى دەردەخات، موزایەدە بە (أَسْتَغْفِرُ اللَّهَ)ەوە دەکات، شتانێک دەڵێت تا بەرانەبەرەکانی مەدح و سەناى بکەن. بەم شێوەیە و بێ ئەوەى بە خۆى بزانێت، هەم خۆى و هەم چواردەورەکەى دەخەڵەتێنێت. بۆیە کیبر و غرورێک کە لەژێر پەردەى خۆبەکەمزانیدا خۆى حەشار داوە، لەوانەیە لە غرورەکەی قاروون مەترسیدارتر بێت کە بەئاشکرا دەیگوت: (إِنَّمَا أُوتِيتُهُ عَلَىٰ عِلْمٍ عِنْدِي)[7].
داماوێکى لەم شێوەیە کە لەژێر بارى قورسى غرور و کیبردا پلیشاوەتەوە و چووەتە ژێر ڕکێفى شەیتانەوە، کاتێک کە تەنانەت باسى حەقیش دەکات دەیەوێت خۆى پیشانى خەڵک بدات. بەڕواڵەت وا دەردەکەوێت کە تەفسیرى قورئان بکات، شرۆڤەی فەرموودەکان بکات و بابەتە دینییەکان ڕوون بکاتەوە، بەڵام ئەگەر تۆزێک سەرنج لە قسەکانى بدرێت، لەنێو دێڕەکانیدا دەبینیت کە ڕێکلام بۆ خۆى دەکات. لە ڕێگەى گوفتارە جوان و ئەدەبییەکانییەوە و ئەو زانیارییە فراوانانەى کە دەریان دەبڕێت جەخت لە بەرزیی ئاستى خۆى دەکاتەوە. ئەو کەسانەى کە بەگوێرەى دنەدانی شەیتان دەجووڵێنەوە، بە تێپەڕینى کات وەهایان لێ دێت چاویان جگە لە خۆیان هیچى تر نابینێت. سەرەتا لە ئاستى هاوشێوەکانى خۆیاندا هەست بە بەرزى دەکەن، پاشان زاتە گەورەکانى ڕابردوویش بە کەم و بچووک دەبینن. ئەگەر ئەم هەستە جڵەو نەکرێت، گەورە دەبێت هەتا واى لێ دێت کە مرۆڤ بەرەو خۆ بەراوردکردن بە پێغەمبەران (عَلَيْهِمُ السَّلَام) و تەنانەت شتى خراپتریش هەڵ بنێت. بەدرێژایی مێژوو، لەنێو پێغەمبەرانى درۆزن و مەسیح و مەهدییە ساختەکان و ئەو زۆردار و دیکتاتۆرانەى کە خۆیان لەسەرووى هەموو پێوەرێکەوە دەبینن، چەندان کەس هەبوون کە دووچارى ئەم نەخۆشى و حاڵەتە ڕۆحییە بوون. تەنانەت هەندێک لەمانە بەرەو گومڕاییەکانى وەک ئاوێتەبوون (حُلُول) و یەکگرتن (الِاتِّحَاد) لایانداوە و هەتا ڕادەى بانگەشەکردنى ئولوهییەت ڕۆیشتوون. هەر ئەوەندەى شەیتان یەک جار لە ڕێگەى بۆشایی غرور و کیبرەوە چووە نێو منێتیی ئینسانەوە، ئیدى گەر مرۆڤ بە ئیرادەکەى ڕێى لێ نەگرێت مومکین نییە بزانێت سەرى لەکوێوە دەردەچێت.
ئەگەر مرۆڤ خۆى بۆ ئەم جۆرە مەترسییانە ئامادە نەکردبێت، ئەگەر کەمێکیش بێت خۆشەویستیی مەقام، ناوبانگ، بینران و خۆدەرخستنى تێدا بێت و سێ چوار کەسیش لە چواردەورى بن کە ڕووى تێ دەکەن، لەوانەیە یەکسەر سەوداى کۆمەڵ دروستکردن بدات لەسەرى. بەتایبەت ئەگەر ماستاوچیگەلێکیش لە دەورى هەبن کە لە خۆى زیاتر گەورە نیشانى بدەن، سەرکەوتنەکانى گەورە بکەن و بەردەوام ستاییشى بکەن، ئیدى ئەگەر خۆى وەک دوو کەسیش ببینێت ئەوان وەک دە کەس نیشانى دەدەن؛ هەتا واى لێ دێت کە پێى بڵێن کارى سەد کەس و هەزار کەس دەکات. ئەویش بە تێپەڕینى کات گوێ بۆ ئەم ستاییشانە هەڵدەخات، ستاییشکارەکان لە خۆى نزیک دەخاتەوە و نایەوێت ڕووتێکردنى ئەوان لە دەست بدات. بەم جۆرە بازنەیەکى داخراوى فریودانى یەکتر دروست دەبێت: ئەوان بە ستاییشکردن فووت تێ دەکەن، تۆیش بە لوتف و ڕووتێکردن ئەوان گۆش دەکەیت. دەرەنجام هەردوولا دەست دەکەن بەوەى کە جیاوازتر یەکتر ببینن و نیشانى بدەن. هەتا ئەم پیاهەڵدانە هاوبەش و دوولایەنەیە بەردەوام بێت، نەفسەکان دەئاوسێن، پێوەرەکان ون دەبن و واى لێ دێت کە مرۆڤ نەتوانێت هەڵسەنگاندنى واقیعى بۆ خۆى بکات. وەک چۆن باڵۆنێک کە زیاد لە سنوورى خۆى هەواى تێ کراوە دەتەقێت، کەسێکیش کە بەردەوام فوو لە کیبر و غرورەکەى دەکرێت، بەحەتمى دووچارى کەوتنێکى مەعنەوى دەبێت.
پیشاندانى باتڵ وەک حەق لەلایەن شەیتانەوە
شەیتان هەندێک جار خراپەکان بەجۆرێک دەڕازێنێتەوە، کەسانێک کە لەنێو سەرپێچى و تاواندان، وا دەزانن لەسەر ڕێى ڕاستن. بەم شێوەیە و بە تێپەڕینى کات، دەست دەکەن بەوەى کە حەق وەک باتڵ ، باتڵ وەک حەق، ڕاست وەک چەوت و چەوتیش وەک ڕاست ببینن. بۆ نموونە، زاڵمێک کە غەدرى لە هەزاران کەس کردووە، لەوانەیە وا بیر بکاتەوە کە عەدالەتى لەسەر زەویدا بەرپا کردووە. زۆردارێک کە گەورەترین ناهەقی لە هاوڵاتییەکانى خۆى کردووە، ڕەنگە بانگەشەى ئەوە بکات کە حەقى چەسپاندووە. یەکێکى تر بە گومانى بەرژەوەندى دەگونجێت چەندین گەندەڵی و تێکدان ئەنجام بدات. کەسانێک کە شەو و ڕۆژ خەریکى پیلان و فێڵن، لەوانەیە دەم لە گومانباشى بکوتن؛ کەسانێک کە نیزام تێک دەدەن و ئارامیی خەڵک دەشێوێنن ڕەنگە بانگەشەی ئەوە بکەن کە چاکسازی دەکەن.
ئەم جۆرە کەسانەى کە دەم لە حەق، یاسا، دادپەروەرى و ئازادى دەکوتن لەکاتێکدا کە هەموو جۆرە ستەمێک ئەنجام دەدەن، دەشێت تووشى هەمان ئەو بەهەڵەداچوونە ترسناکە ببن کە کڵێسا و دادگاکانى پشکنین تێى کەوتبوون و بە ناوى پاراستنى دینەوە زوڵمیان لە خەڵک دەکرد، بە گومڕایی تاوانباریان دەکردن و لە دین دەریان دەکردن، تەنانەت بە ئەشکەنجە و مردنیش مەحکوومیان دەکردن. لەکاتێکدا کە وا گومان دەبەن خزمەت بە حەق دەکەن، ئاگادارى ئەوە نین کە هەتا گەروویان لە ناحەقیدا نوقم بووە.
قورئان کاتێک سەرنج بۆ ئەم فریوخواردنانە ڕادەکێشێت، دەفەرموێت: (الَّذِينَ ضَلَّ سَعْيُهُمْ فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَهُمْ يَحْسَبُونَ أَنَّهُمْ يُحْسِنُونَ صُنْعًا).[8] بەگوێرەى ڕیوایەتێک، کاتێک هەواڵى شەهیدبوونی حەزرەتى عوسمان دەگەیەنرێت بە حەزرەتی زوبەیرى کوڕى عەوام (رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُمَا)، ئەم ئایەتە دەربارەى ئەو فریوخواردووانە دەخوێنێتەوە کە حەزرەتى عوسمانیان شەهید کردووە و بە خوێندنەوەى ئەم ئایەتە سەرنج بۆ لاى ترسناکیی تاوانەکە ڕادەکێشێت. بەڕاستى یەکێک لە گەورەترین فرویخواردنەکانى مرۆڤ ئەوەیە لەکاتێکدا کە بەشوێن ناحەقیدا ڕا دەکات وا گومان ببات کە خزمەت بە حەق دەکات، کاتێک کە خراپە دەکات وابزانێت خەریکى کارێکى چاک و جوانە.
ئەم بەدبەختانەى کە پێوەریان لێ شێواوە، چاک و خراپیان تێکەڵ کردووە و وا دەزانن ئەو خراپانەى دەیکەن چاکەن، گەڕانەوەیان لە هەڵەکانیان ئەوەندە ئاسان نییە. چونکە ئەگەر مرۆڤ بەردەوام بێت لەسەر کارێک کە دەیشزانێت هەڵەیە، هەڵەکەى چەند گەورەیش بێت دەگونجێت ڕۆژێک لە ڕۆژان پەشیمان ببێتەوە و وازى لێ بهێنێت. بەڵام ئەگەر دەستى کردبێت بەوەى هەڵە وەک ڕاست و ڕاست وەک هەڵە ببینێت، ئیدى گەڕانەوەى زۆر دژوارترە. حاڵى ئەمە لە هیی نەخۆشێک دەچێت کە وا دەزانێت لەشساغە. هەتا نەخۆش نەخۆشییەکەى قبووڵ نەکات، نە هەست بە پێویستیی چارەسەر دەکات نە بەدواى ڕێگاکانى شیفایشدا دەگەڕێت.
پەنهانترین فێڵى شەیتان
کاتێک شەیتان بەردەوام سەرقاڵى ئەوەیە کە مرۆڤ لە ڕێ دەربکات، زۆرجار بوونى خۆیشى لەبیرى کەسەکە دەباتەوە و تەنانەت وا دەکات کە نکووڵى لە بوونى شەیتان بکات. چونکە کەسێک کە ئاگادارى فێڵ و داوەکانى شەیتانە، لە ئاستیدا هەمیشە هۆشیار و چاوکراوە دەبێت؛ لە هەستان و دانیشتنیدا لە ڕێگەى ئەو دوعایانەوە کە دەیانخوێنێت پەنا بە خوا دەگرێت لە شەڕى شەیتان. خواى گەورەیش ئەوانە بەتەنها جێ ناهێڵێت کە پشتى پێ دەبەستن و دەبێت بە وەکیلیان. بەرانبەر بە کەسێک کە وەکیلەکەى خوایە، هەموو فرتوفێڵەکانى شەیتان پووچەڵ دەبنەوە. بەڵام کەسێک کە هیچ حسابێک بۆ بوون و دوژمنایەتیی شەیتان ناکات، ماناى وایە هەر لە سەرەتاوە بە فێڵێکى گرنگى ئەو خەڵەتاوە. کەسێکى لەم جۆرە، بێ ئەوەى بە خۆى بزانێت بەرانبەر بە وەسوەسە و تەڵقین و داوەکانى شەیتان بەبێ بەرگرى دەمێنێتەوە.
هەندێک کەس کە هەم باوەڕیان بە خوا نییە و هەم نکووڵى لە بوونى شەیتان دەکەن، بە تێپەڕینى کات دەگونجێت وایان لێ بێت کە لە هەموو شتێکى پەیوەندیدار بە دین بێزار ببن. لەوانەیە خزمەتى ئیمان و قورئان وەک شێتیان لێ بکات؛ هەست بە ئەوپەڕى ڕق و دوژمنایەتى بکەن بەرانبەر بە کەسانێک کە ئەم خزمەتانە دەکەن. بەتایبەت ئەگەر وا بیر بکەنەوە کە خزمەتەکان لە داهاتوودا میوە دەگرن، بە خەڵکانێکى زۆر دەگەن، خێر و چاکەیەکى گرنگ بەنسیبى مرۆڤایەتى دەکەن، ئیدى دەکرێت سەنگەرى لێ بگرن و ململانێیەکى بێئامانى لە دژ بکەن.
بۆ نموونە، هەرچەندە لە ڕۆژگارى بەدیعوززەماندا چەندین زاتى گرنگ لە زانایان و شێخانى تەسەووف ژیاون، کەچى زاڵمان کە وانەى خۆیان لاى شەیتان وەرگرتووە، زیاتر خۆیان بە بەدیعوززەمانەوە خەریک کردووە کە ئەو کاتە سێ چوار کەسى لە دەور بووە و بەدرێژایی تەمەنى نەیانهێشتووە پشوویەک بدات. هۆکارى ئەمە ئەوە نییە کە خاوەنى بەهرەیەکى کەشفى نائاسایی یان فیراسەت بن. بەڵێ، دەگونجێت بەهێزیی هەست و بۆنکردنیان تا ئەندازەیەک واى کردبێت پێشبینى ئەوە بکەن کە ئەو زاتە لە ئاییندەدا گەشە دەکات، بەڵام نابێت وەسوەسە و تەڵقینەکانى شەیتانیش لەم بوارەدا لەبیر بکرێن. شەیتان ڕوانینەکانى ئەوانى لە خەڵکانى تر وەرچەرخاندووە، بەتایبەت ئاڕاستەى بەدیعوززەمان و خزمەتەکەى ئەوی کردوون، بە گوێیدا چپاندوون کە بانگەوازەکەى ئەو دەبێت بە مەترسییەکى گەورە بۆیان. ئایەتێک بەم جۆرە وێنەى ئەم چپاندنە دەکێشێت: (وَإِنَّ الشَّيَاطِينَ لَيُوحُونَ إِلَىٰ أَوْلِيَائِهِمْ لِيُجَادِلُوكُمْ).[9]
وەک پێشتریش ئاماژەمان بۆ کرد، سەرەکیترین ڕێگا بۆ پارێزران لەم فێڵانەى شەیتان ئەوەیە کە مرۆڤ هەرگیز شعوورى بەندایەتى لە دەست نەدات، پەیوەندیی لەگەڵ خوادا بەهێز بێت و بەم جۆرە پێى لەسەر زەمینێکى پتەو دابنێت. ئەوەتا فەخرى کائینات تەنانەت لە میعراجیشدا کە بۆ ئاسمانەکان بەرز بووەتەوە و بە پلەوپایەیەک گەیشتووە کە هیچ مرۆڤ و مەلائیکەتێک پێى نەگەیشتووە، لە فەرماییشتى (سُبْحَانَ الَّذِي أَسْرَىٰ بِعَبْدِهِ)[10]دا بە "بەندەى خوا" ناوزەد کراوە. ماناى وایە هیچ پایەیەک لە بەندایەتى گەورەتر نییە. بۆیە مرۆڤ نابێت ئەو سەرکەوتن و چاکانەی کە دەبێتە جێدەرکەوتیان (مەزهەر) بە هیی خۆى بزانێت. نابێت ئەوەى لەبیر بچێت کە نیعمەتەکانى دونیا کاتى و ڕاگوزەرن. خزمەتەکانیش چەندە گەورە بن، نابێت خۆى بکات بە خاوەنیان و شانازییان پێوە بکات. گەورەیی مرۆڤ لەو پایە و مەقامانەدا نییە کە بەباڵای خۆى دایاندەدەڕێت، بەڵکو قووڵبوونەوەیە لە عیبادەت و خۆ بە هیچ زانینیەتى لەهەمبەر خواوە.
[1] سوورەتی (محمد)، ئایەتی ٢٥. واتە: شەیتان خراپەکانیانی بۆ جوان و ڕازاوە کردبوون و بە هیوا و ئومێد فریوی دابوون.
[2] سوورەتی (النمل)، ئایەتی ٢٤. واتە: شهیتان کار و کردهوهکانیانی شیرین و جوان کردبوو له بهرچاویان ههر بۆیه به هۆی ئهوەوە له ڕێگا لایان داوه.
[3] سوورەتی (إبراهیم)، ئایەتی ٢٢. واتە: وەنەبێت من هیچ زۆر و دهسهڵاتێکم بهسهر ئێوهدا ههبووبێت، جگه لهوهی بانگم کردن (بۆ خوانهناسی و تاوان) ئێوهش بهدهممهوه هاتن و بهقسهتان کردم، ئیتر سهرزهنشت و لۆمهی من مهکهن، بهڵکو سهرزهنشت و لۆمهی خۆتان بکهن.
[4] سوورەتی (السبأ)، ئایەتی ٢١. واتە: وە شەیتان هیچ دەسەڵاتی بەسەر ئیمانداراندا نەبوو.
[5] سوورەتی (آل عمران)، ئایەتی ١٤. واتە: ئارهزووی ئافرهت، بوونی نهوهی نێرینه، خاوهنێتیی ئاڵتون، زێڕ و زیووی زۆر و زهبهنده، ئهسپی چاک و ڕهسهن و (هۆکاری هاتووچۆ) ههروهها ماڵات و زهوی و زاری کشتوکاڵ بۆ خهڵکی ڕازێنراوهتهوه.
[6] سوورەتی (آ طە)، ئایەتی ١٢٠. واتە: جا شهیتان وەسوەسەی بۆ دروست کرد و پێی وت: ئهی ئادهم پێت بڵێم و نیشانت بدهم درهختی نهمری و موڵک و داراییهک که بهسهر ناچێت کامهیه؟!
[7] سوورەتی (القصص)، ئایەتی ٧٨. واتە: (قارون وتی:) بێگومان ئەم سەروەت و سامانەم هەر بەهۆی زانست و زانیاریی خۆمەوە پێ دراوە.
[8] سوورەتی (الکهف)، ئایەتی ١٠٤. واتە: ئهو کهسانهی که ههوڵ و کۆششیان لهژیانی دنیادا، بهزایه و بهههدهر چووه لەکاتێکدا وایان دهزانی که بهڕاستی کاری چاک دهکهن و کردهوهی ڕهوا ئهنجام دهدهن.
[9] سوورەتی (الأنعام)، ئایەتی ١٢١. واتە: بێگومان شەیتانەکان شت دەخەنە دڵی لایەنگرانیانەوە تا موجادەلەتان لەگەڵدا بکەن (بەرگری لە باتڵیان بکەن).
[10] سوورەتی (الإسراء)،ئایەتی ١. واتە: پاکی و بێگهردی بۆ ئهو زاتهی که شهوڕهویی کرد بهبهندهی خۆی.
