لەمڕۆدا زۆرکەس ناتوانن لە دووانەیی نێوان دونیاى ناوەوە و دیوى دەرەوە ڕزگاریان ببێت. گەرچى نەشتوانێت دونیاى ناوەوەى وەک پێویست ئاوەدان بکاتەوە، کەچى لەسەر ئاستى دەرەوە هەوڵ دەدات خۆى وەک کەسێک بێکەموکورتى نیشان بدات. دەتوانێت لە ژیانى کۆمەڵایەتیدا لاوازى و کەموکورتییەکانى لە ژیانى کەسى و خێزانیدا، بشارێتەوە. تەنانەت هەندێک جار دەیەوێت لە ڕێگەى وتنى "با تەمسیلێکى جوانى ئیسلام بکەین" پشتیوانى لەم هەڵسوکەوتە دەستکردانەى خۆى بکات. لەحاڵێکدا ئەرکى ئێمەى موسوڵمان ئەوەیە بەشاییستەیی تەمسیلى ئیسلام بکەین و جوانییەکانى ئیسلام بە حاڵ و هەڵسوکەوتەکانى خۆمان نیشان بدەین. حەزرەتى مەولانا دەڵێت یان ئەوە بە کە دەردەکەویت یان بەو جۆرە دەربکەوە کە هەیت. بۆیە دەبێت سەرەتا دونیاى ناوەوەمان چاک بکەین، لایەنە خوار و خێچەکانمان ڕێک بکەینەوە و هەوڵى ژیانێکى ڕاست بدەین، ئینجا ببین بە نموونە بۆ کەسانى تر.
جێبەجێ کردنى ئەمە لە ژیاندا لەبنەڕەتدا پەیوەستە بە ئیمانێکى پتەو و شعوورى بەندایەتییەکى قووڵ. کاتێک ئیمان لە دڵدا ڕەگ دادەکوتێت، کاریگەرییەکانى لە حاڵ و هەڵسوکەوتەکانیشدا دەردەکەوێت. بەتایبەت ئەگەر مرۆڤ بە ئاسۆى ئیحسان بگات و هەمیشە بەو جۆرە بژى کە لە هەموو ساتێکدا لەلایەن خواوە دەبینرێت، بەو هەستى دڵنیاییەوە بژى کە لەسەر کارە چاکەکانى پاداشت دەدرێتەوە و لەسەر کارە خراپ و ناهەقییەکانیشى سزا دەدرێت، ئیدى کردەوەکانى ئۆتۆماتیکى ڕاست دەبنەوە. کەسێک کە شعوورى بەندایەتى کردووە بە بەشێک لە سروشتى خۆى، پەیوەندییە دراوسێیەتى و کۆمەڵایەتییەکانیشى جوان دەبن. بۆیە گرنگ چاکسازى کردنە ژیانى دڵ و دونیاى بیر و هەستماندا.
خۆى لە خۆیدا ئەو شتەیش کە پێى دەڵێین "ئەخلاق" ئەو ڕەفتارانەمان نین کە لە ڕێگەى دووبارەکردنەوە و ڕاهێنانەوە دەیکەین بە بەشێکى دانەبڕاو لە سروشتمان؟ ئینسان دەگونجێت لە سەرەتادا کاتێک دەیەوێت هەندێک لە خەسڵەتە جوانەکان بکات بە بەشێک لە سروشتى، تووشى زەحمەت ببێت. لەم پێوانەدا دەبێت کەسەکە مافى تەواو بە ئیرادەکەى بدات و هەوڵ و کۆششێکى جددى بەگەڕبخات. بە تێپەڕینى کات ئەم هەڵسوکەوتانە دەبن بە پارچەیەکى دانەبڕاو لە کاراکتەرى و ئیدى کەسەکە بەبێ بیرکردنەوە و پلانڕێژى و بەشێوەیەکى سروشتى جێبەجێیان دەکات. ئەخلاقى ڕاستەقینە ئەمەیە. بەپێچەوانەوە، ئەگەر مرۆڤ ئەو کردەوە جوانانەى کە هێشتا نەیکردوون بە موڵکى سروشتى خۆى تەنها بۆ ئەوە ئەنجام بدات کە لەبەر چاوى خەڵکدا بەها بەدەست بهێنێت، لێرەدا مەترسیی ڕییا دێتە گۆڕێ. کەسێکى لەم جۆرە هێشتا نەیتوانیوە ئەو سیفەتە جوانانەى کە ئارەزوویان دەکات بگۆڕێت بە ئەخلاق و نەیتوانیوە بە ئاسۆى ئیخلاص بگات.
ئەم وتەیەى بەدیعوززەمان لەم بارەیەوە زۆر سەرنجڕاکێشە: "نییەت، لە ڕوویەکەوە، مردنى ڕەفتارە فیترییەکانە. بۆ نموونە، نییەت هێنان لە خۆبەکەمزانى تێکى دەدات؛ نییەت هێنانیش لە خۆبەگەورەزانى لەناوى دەبات."[1] دەتوانین هەمان پێوەرە بەسەر خەسڵەتە جوانەکانى دیکەشدا جێبەجێ بکەین. بۆ نموونە، هەوڵدانى مرۆڤ بۆ ئەوەى خۆى وەک دڵسۆز و وەفادار نیشان بدات لەکاتێکدا ئەم شتانەى نەکردووە بە موڵکى سروشتى خۆى، دڵسۆزى و وەفاکە دەشێوێنێت. ئەو ڕەفتارانەیش کە نیشان دەدرێن بە نیازى دەرکەوتن وەک کەسێکى چاک و نموونەییش، ئیخلاص بریندار دەکەن. ئەسڵ وایە ئەم سیفەتانەى تایبەت بە بەندایەتى و ڕەوشتى جوان بکرێن بە پارچەیەکى دانەبڕاو لە سروشت و بە تێپەڕینى کات ئەم سیفەتانە بەبێ بیرکردنەوە و نەخشەڕێژى لە خۆیانەوە دەربکەون. ئەمەیش بەوە دەبێت کە ڕەوشتە جوانەکان هێندە دووبارە بکرێنەوە هەتا دەبن بە بەشێکى دانەبڕاو لە کاراکتەرى مرۆڤ.
سەرەڕاى ئەمە، ڕۆڵ گێڕانى ئیرادە لە بابەتى ڕەچاوکردنى فەرمان و قەدەغەکاندا شتێکى حەتمییە. موسوڵمان لە دونیاى ناوەوەیدا هەرچییەکى بەسەربێت، دیسانیش بەرپرسە لەوەى لە حەرامەکان بەدوور بێت و عیبادەتەکانى جێبەجێ بکات. ئەوەى کە نەیتوانیبێت بگات بە ئاستى ئیخلاصى خوازراو لە عیبادەتەکانى وەک دەستنوێژ و نوێژ و ڕۆژوودا، ڕووبەڕووبوونەوەى جاروبارى لەگەڵ ڕییادا یاخود نەچەشتنى تامى مەعنەوى لە عیبادەتەکان، ناتوانن ببن بە بەهانە بۆ وازهێنان لە عیبادەتەکان. وەزیفەى ئەو ئەوەیە ئەرکى بەندایەتیی خۆى هاوڕێ لەگەڵ بەرپرسیارێتییەکى جددیدا بهێنێتەدى. هەڵبەتە حاڵەتە نموونەییەکە ئەوەیە دڵ لە ماسیوا پاک بکاتەوە و عیبادەتەکان بەوپەڕى ئیخلاصەوە ئەنجام بدات. بەڵام ئەمە ئاستێکە کە بە تێپەڕینى کات بەدەست دەهێنرێت و پێویستى بە عەزم و هەوڵ و تێکۆشانى بەردەوامە.
لەو شتانەدا کە پێیان دەوترێت کردەوەکانى دڵ، پێویستە فیتریبوون بنچینە بێت. چەقى خەسڵەتە جوانەکانى وەک صەمیمییەت، وەفا، ڕاستگۆیی، و ئیخلاص دڵە. کاتێک هێشتا ئەمانە لە دڵدا ڕەگیان دانەکوتیوە و کەسەکە هەوڵ دەدات لە ڕەفتارەکانیدا نیشانى بدات، صەمیمییەت لەکەدار دەبێت و مەترسیی ڕییا سەرهەڵدەدات. بەهەمان شێوە، سەرچاوەى خەسڵەتە خراپەکانى وەک ڕییا، سومعە، بەخۆسەرسامبوون، خۆبەگەورەزانى و بەخۆشانازیکردنیش هەر دڵە. بۆیە نیشاندانى خۆبەکەمزانییەکى دەستکرد تەنها لەبەر خاترى ئەوەى کە ئینسان وەک خۆبەگەورەزان دەرنەکەوێت، جۆرێکى جیاوازە لە ڕییا. ئەرکى ئیماندار ئەوە نییە هەوڵ بدات لەبەر چاوى خەڵکدا چاک دەربکەوێت، بەڵکو ئەوەیە کە بە چاککردنى دڵى خۆى و جوانکردنى دونیاى ناوەوەى لاى خوا بەندەیەکى قبووڵکراو بێت.
بەڵێ، ڕێگاى ڕزگاربوون لە ڕییاى کردارەکانیش ئەوەیە کە مرۆڤ لە ئیماندا قووڵ ببێتەوە، بە کردەوەى چاک ئیمان بەهێز بکات، بە تێپەڕینى کاتیش کردەوە بکات بە موڵکى سروشتەکەى. ئینسان لەم بابەتەدا پێویستە ئاستێکى وەها بەدەست بھێنێت، گەر جگە لە ڕەزامەندیی خوا شتێکى دیکە لە دڵى بنیشێت، یەکسەر ویژدانى لەم دۆخە بێزار ببێت و هەڵوێستى لە دژ وەربگرێت. بۆ نموونە، ئەگەر لە کاتى نوێژدا بەبێ ئاگاى خۆى خەیاڵى بۆ شتانى دونیایی بڕوات، هەرکە هەستى بەمە کرد یەکسەر دەبێت لە دونیاى ناوەوەیدا هەست بە بێزارییەکى سروشتى بکات. لەوانەیە ئەم بێزارییە هەندێک جار ببێت بە هۆکارى ئەوەى کە بەبێ ویستى خۆى دەست یان قاچى بجووڵێنێت، شانەکانى هەڵبتەکێنێت، یان سەرى بابدات. ئەمانە ڕەنگدانەوەى کاردانەوە ناوەکییەکەن لە دونیاى دەرەوەدا. بەڵام دووپات کردنەوەى هەمان ئەم جووڵانە بەبێ حاڵێکى لەم جۆرە لە دونیاى ناوەوەدا تەنها وەک لاسایی کردنەوە، دەبێت بە ڕییا؛ بەتایبەت هەوڵدان بۆ پیشاندانى ئەمە وەک حاڵى بەندایەتییەکى قووڵ ڕییایەکى دووچەندانەیە.
مرۆڤ دەبێت هاوتا لەگەڵ دونیاى ناوەوەیدا عیبادەتەکانى ڕابپەڕێنێت، لە عیبادەتەکانیدا خۆى بەدوور بگرێت لە شتانێک کە پێچەوانەى یەکێتیی دەرەوە و ناوەوەن. بۆ نموونە، هەندێک کەس دەگونجێت لە نوێژدا بە کاریگەریی ئەو ئایەتانەى کە دەیخوێنن نوقمى فرمێسک ببن یان بۆ ئەوەى بە هەموو بوونیان لە ماناکانى ئایەتێک تێبگەن چەندین جار بیخوێننەوە. وەلێ گەر کەسێک کە هەمان ئەم ڕەهەند و قووڵاییەى نییە بەئیرادى لاسایی ئەم شتانە بکاتەوە کارێکى ڕاست نییە. چونکە شەرت و ڕوکنەکانى نوێژ لەلایەن ساحێبى شەریعەتەوە دەستنیشان کراون. ئەنجامدانى شتێکى ئیرادى بەپێچەوانەى ئەمانەوە، لەگەڵ ڕۆحى نوێژدا ناگونجێت. بەڵام لە گریان و ناڵە و دەنگ بەرزکردنەوەیەکدا کە لە دەرەوەى ئیرادەن کەسەکە بە خاوەن عوزر ئەژمار دەکرێت.
لێرەدا دەبێت ئەوەیش بڵێین لە پەیوەندییە مرۆییەکاندا ئەو نەزاکەتەى کە پیشان دەدرێت، ئەو گوفتارە جوان و بەڕێزانەى کە دەوترێن، ئەو خۆبەکەمزانییەى کە نیشان دەدرێت یاخود ئەو ستاییشانەى کە دەکرێت لەوانەیە هەمیشە ڕەنگدانەوەى تەواوەتیی دونیاى ناوەوە نەبن. سەرەڕاى ئەمە، تەرک کردنى ئەم جۆرە ڕەوشتانە کە بوون بە کولتوورى هاوبەشى کۆمەڵگا و پارچەیەک لە یاساکانى دابونەریت، دەگونجێت لەلایەن کەسانى بەرانبەرەوە وەک شتى نامۆ ببینرێت؛ کەسانێک کە چاوەڕوانییەکیان لەم بارەیەوە هەیە تووشى خەیاڵ شکان بکات، ببێت بە هۆکارى ئەوەى کە تەمسیلێکى هەڵەى نەزاکەت و زەرافەتى ئیسلام نیشان بدرێت. لەم ڕوانگەیەوە، ئەم جۆرە ڕەفتار و مامەڵانە، دەکرێت وەک بەرپرسیارێتییەک لێیان بڕوانرێت کە پێویستە بەرانبەر بە کۆمەڵگا جێبەجێ بکرێن. هەڵسەنگاندنى ئەم شتانە وەک هەمان کاتیگۆریی ئەو کردەوە دەستکردانەى کە بۆ ستاییش و بەدڵبوونى خەڵک ئەنجام دەدرێن ڕاست نییە؛ خۆى لە خۆیدا نابێت بەم نییەتەیش بکرێن. سەرەڕاى ئەمە، ئیماندار لەم خاڵەیشدا نابێت متمانە بە نەفسى خۆى بکات؛ دەبێت هەوڵى یەکخستنى دڵ و زمانى، دەرەوە و ناوەوەى بدات و هەرگیز ئەوە فەرامۆش نەکات کە دەگونجێت خواى گەورە لەم بابەتەدا لێى بپرسێتەوە.
دەرەنجام، ئامانجى بنەڕەتیی ئیماندار ئەوە نییە کە لەبەر چاوى خەڵکدا چاک ببینرێت، بەڵکو ئەوەیە کە لاى خوا بەندەیەکى ڕاست و دڵسۆز و ڕاستڕەو بێت. کەسێک کە توانیویەتى گونجانێکى تەواوەتى لەنێوان دونیاى ناوەوە و دەرەوەیدا دابمەزرێنێت، ئیدى خەمى تەمسیلى نامێنێت، چونکە حاڵى ئەو خۆى لە خۆیدا بەهێزترین تەمسیلە. ئیخلاصى ڕاستەقینە لە ژیانێکى بەندایەتیدا -کە لە چواردەورى ڕەزاى خوا شێوەى وەرگرتووە و بە تێپەڕینى کات گۆڕاوە بە پارچەیەکى دانەبڕاو لە سروشت- خۆى نیشان دەدات، نەک لە ڕێگەى ئەو هەڵسوکەوتە دەستکردانەوە کە لە دونیاى ناوەوەڕا سەرچاوە ناگرن.
[1] سەعیدى نوورسى، مەسنەویی نوورى.
