گۆزەی شکاو24 Ağustos 2026

هاوسەنگی لەنێوان هاندان و ترساندندا

پرسیار: لە باسکردن و بڵاوکردنەوەى دیندا پێویستە چۆن هاوسەنگى لەنێوان هاندان (مژدەپێدان) و ترساندندا بپارێزرێت؟

وەڵام: کاتێک تەماشاى ئوسلوبی بنەڕەتیی قورئان دەکرێت، بەڕوونى دەبینرێت کە هاندان (ترغیب) و ترساندن (ترهیب) پێکەوە بەکار هێنراون. لە قورئاندا ئەو گوفتارانە پێکەوە هاتوون کە هەم هیوا بە مرۆڤ دەبەخشن و بەرەو لاى ڕەحمەت بانگهێشتى دەکەن، هەم هەستى بەرپرسیارێتى بەزیندوویی دەهێڵنەوە و ئینسان دەترسێنن. ئەم حەقیقەتە قورئانییە، لە تەسەووفدا ناوى "هاوسەنگیی نێوان ترس و ئومێد (خوف والرجاء)"ی لێ نراوە. بەگوێرەى ئەمە، مرۆڤ وەک بەندەیەکى لاواز و ئاتاج، هەم هەست بە ڕێز و خەشیەتێکى قووڵ دەکات بەرانبەر بە خوا، هەم متمانە بە ڕەهایی ڕەحمەتى ئەو دەکات و ئومێدەوار دەبێت. بۆیە لە قورئاندا لەدواى ئایەتێکى ترسێنەر، زۆرجار ئایەتێکى هیوابەخشیش دێت. لە سوورەتە درێژەکاندا بەئاشکرا ئەمە دەبینرێت، بەڵام لە سوورەتە کورتەکاندا لە چوارچێوەى ئیعجازى کورتبڕیدا بەشێوەیەکى ناڕاستەوخۆ ئەم ڕاستییە بوونى هەیە.

وەک سوورەتە جیاوازەکانى قورئان ئاماژەى بۆ دەکەن، هاوسەنگییەکى هەستیار لەو یاسا ئیلاهییانەدا هەیە کە لە گەردووندا کاران. گەردوون لە سایەى ئەم هاوسەنگییەدا بەشێوەیەکى سەقامگیر بەردەوامى بە بوونى خۆى دەدات. ئەم هاوسەنگییەى کە لە فەرمانە تەکوینییەکاندا دەبینرێت، لە فەرمانە تەشریعییەکانیشدا بوونی هەیە. ئینسانیش کە لەنێوانى ئەم دوو هاوسەنگییە سەرسووڕهێنەدا دەبێت بە دوێنراوى گوفتاری ئیلاهی، وابەستە بە دونیاى دڵ و ڕۆحى، لەنێوان ترس و هیوادا بەهاوسەنگى دەمێنێتەوە. بەم جۆرە، داواى لێ دەکرێت کە بە مانایەکى کامڵ بەندایەتیی خۆى بەجێ بهێنێت.

موسوڵمانانیش بەگوێرەی ئەو سەرچاوانەی کە هەیانە، پێویستە لە چالاکییەکانى بانگەواز و تەبلیغدا ڕەچاوى ئەم هاوسەنگییە بکەن. ئەگەر زۆر جەخت لە ترس بکرێتەوە، شڵەژان و نائومێدى؛ ئەگەریش زۆر جەخت لە مژدەدان بکرێتەوە شلى و بێباکى و بێپەروایی دروست دەبێت. ترسى زیاد تەنگ بە مرۆڤ هەڵدەچنێت و ڕێ بۆ تێکچوونی هاوسەنگیی عەقڵی خۆش دەکات؛ دڵخۆشى، دڵنیایی و ئیسراحەتى زیادەڕەوانەیش دەبن بە هۆکارى بێپەروایی. لەحاڵێکدا ئامانجى بنەڕەتیی دین ئەوەیە ئادەمیزاد لە هەموو جۆرە زیادەڕەوییەک بپارێزێت و بیگەیەنێت بە ژیانێکى هاوسەنگ، گونجانی دڵ و مێشک و شعووورى بەندایەتى.

ئەسڵ لە ئیڕشاد و تەبلیغدا ڕەچاوکردنى هاوسەنگیی نێوان هاندان و ترساندنە. سەرەڕاى ئەمە، لەوانەیە هەندێک جار بەگوێرەى دۆخى دوێنراو پێویست بکات یەکێکیان پێش بخرێت. لەم خاڵەدا، هەریەک لە فاکتەرەکانى وەک تەمەن، ئاستى کولتوورى، حاڵەتى ڕۆحى و ئەو هەلومەرجانەى کە کەسەکە تێیدا دەژی ڕۆڵ دەگێڕن. بۆ نموونە، لە مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵاندا پێویستە زیاتر هاندان و مژدەپێدان بەکار بهێنرێت، دەبێت زیاتر جەخت لە ئوسلوبى هیوابەخشى بکرێتەوە. باسی ڕەحمەت و نیعمەتەکانی خوای گەورە و جوانییەکانی بەهەشتیان بۆ بکرێت و خۆشەویست بکرێن لەلای. بۆ نموونە، کاتێک یەکێک لە ئەندامانى خێزانى منداڵەکە یان هاوڕێیەکى وەفات دەکات، پێویستە بە وتنى "ئیشەڵا لە بەهەشتدا پێى دەگەیتەوە"، منداڵەکە دڵنەوایی بکرێت.

لەلایەکى دیکەوە، پەروەردەیەکیش ڕاست نییە کە بەتەواوەتى لە هەستى ترسەوە دووربێت. دەبێت ڕاستەخۆ باسى گەورەیی و مەزنیی خوا بۆ کەسەکە بکرێت، تێى بگەیەنرێت کە خوا زاتێکى هێندە بەرز و گەورەیە کە دەبێت حورمەت و ڕێزى لێ بگرێت؛ حاڵى بکرێت کە بێڕێزى بەرانبەر بە زاتێکى وەها چەند نابەجێ و ناشرینە. ئەم هەستى ڕێزگرتنەى کە لە منداڵەکەدا دروست دەبێت، زەمینە دەسازێنێت بۆ ئەو حەقیقەتانەیش کە دواتر دەربارەى زاتى ئولوهییەت بۆ منداڵەکەى باس دەکرێن. بەڵام لە هەموو بارێکدا کاتێک لەگەڵ منداڵدا دەدوێین، دەبێت ڕەچاوی ئاسۆی بیرکەرنەوە و ئاستى تێگەیشتنى بکەین؛ پێویستە بەجۆرێک حەقیقەتە دینییەکانیان پێشکەش بکەین کە بتوانن لێیان تێبگەن، هەرسیان بکەن و بەبێ زۆرلەخۆکردن قبووڵیان بکەن.

بەڵام بۆ لاوان کە ئارەزووە نەفسانییەکان تیایاندا بەهێزە دەکرێت ئوسلوبى ترساندن زاڵتر بێت. لەم قۆناغەدا، لەپاڵ مژدەپێدانەکانى تافى منداڵیدا، دەبێت ئەو حەقیقەتەیش زیاد بکرێت کە وەک داخوازییەکى دادپەروەریی ئیلاهى، هەڵەکانیش سزا بەدوای خۆیاندا دەهێنن. چونکە بەردەوام باسکردنى لێبوردەیی و لێخۆشبوون یان جەختکردنەوە لە نیعمەتە ئاخیرەتییەکان، سەبارەت بە لاوان کە لە قۆناغی دۆزینەوەی کەسایەتیی خۆیان و تێکەڵبوونی کۆمەڵگادان، لەوانەیە ببێت بە هۆکارى ئەوەى کە لە ژیانى دینیدا شلگیر بن و بەرگرییان بەرانبەر بە گوناهەکان لاواز بکات. لەبەرانبەردا، ئەو قسانەی کە بەدیوی (ترهيب)دا بۆیان دەکرێت ڕۆڵى "ئیستۆپ" دەگێڕن لە هاوسەنگکردنیان و گێڕانەوەیان لە هەڵە و چەوتییەکان.

بەڵام کاتێک مرۆڤ پیر دەبێت و لە گۆڕ نزیک دەبێتەوە، بەشێوەیەکی سروشتی دەکەوێتە گەڕان بەدواى لقێکدا کە دەستى پێوە بگرێت. سەبارەت بەوانەى بەم قۆناغە دەگەن، دەبێت هەستى هیوابەخشی پێش بخرێت. وەک ئیمامى غەزالى دەفەرموێت، دەبێت کەسانى بەتەمەن بەرەو لاى تاعەت و عیبادەت هان بدرێن و لە ڕێگەى جەخت کردنەوە لە ڕەحمەت و لێخۆشبوونى خوا هیوایان تێدا ببووژێنرێتەوە.[1]

یەکێکى تر لەو فاکتەرانەى کە بڕیار لەسەر چۆنێتیی بانگەواز و باسکردنى دین دەدات، ئاستى زانستى ئایینیی کەسەکەیە. ئەگەر کەسێک کە دوورە لە دینەوە یان تازە لەگەڵ دین ئاشنا بووە ئوسلوبێکى توند و ترسێنەرى لەگەڵدا بەکار بهێنرێت، لەوانەیە ئەمە پەرچەکردارى لێ بکەوێتەوە. ترساندنى کەسێک کە هێشتا دڵى لەسەر دین گەرم نەبووە، لەوانەیە بەتەواوەتى لە دین دوورى بخاتەوە. ئەگەر کەسانێک کە ساڵى جارێک دێن بۆ مزگەوت باسى سزاى خوایان بۆ بکرێت، پێیان بوترێت "خوا گوناهکاران فڕێ دەداتە دۆزەخەوە" و بترسێنرێن، ئەوا لە مزگەوت دووریان دەخەنەوە. بەداخەوە بەهۆى ئوسلوبى توند و هەڕەشەئامێزى هەندێک لە مامۆستایان، چەندین کەس لە مزگەوت، عیبادەت و دین سارد بوونەتەوە. هیچ کەسێک مافى ئەوەى نییە بە باسکردنى لەناکاوى سزا، عەزاب و دۆزەخ کەسانێک لە خوا دوور بخاتەوە کە بە هیواى ڕەحمەتى خوا پەنایان بۆ مزگەوت هێناوە. ئەمە لە ڕوویەکەوە بە ماناى ئەوە دێت کەسێک خۆى بخاتە نێوان خوا و بەندەوە و بە ناوى خواوە بڕیار بدات؛ دیارە ئەمەیش سەبارەت بەو کەسەى کە خۆى هەڵدەقورتێنێت حاڵەتێکى مەترسیدارە. جگە لەمە، لە پەیوەندى و گوفتارماندا لەگەڵ خەڵکیدا، وەک پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرموێت، دەبێت هەمیشە ئاسانکار و مژدەبەخش بین.[2]

پێویستە لە سەرەتاى دواندنى کەسانێکدا کە بەتەواوەتى ئاداب و بنەماکانی ئیسلام نازانن زمانێک بەکار بهێنرێت کە خولگەکەى ڕەحمەت و هیوایە، عەشق و شەوقیان بەرانبەر بە عیبادەت و تاعەت ببزوێنرێت. وەک بەدیعوززەمان دەفەرموێت، پێویستە نووریان پیشان بدرێت، نەک کوتەک.[3] ئەمەیش تەنها ئەو کاتە ڕوودەدات کە دونیاى دڵ و ڕۆحمان پڕ بێت لە نوور. کەسانێک کە ڕییاکارانە نوور پیشان دەدەن و کوتەکەکەیان دەشارنەوە، مومکین نییە بتوانن تەمسیل و نوێنەرایەتیی دین بکەن. نابێت لەبیرمان بچێت کە لەپاڵ گرنگیی زمان و ئوسلوب لە تەمسیلدا، هەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانیشمان زۆر کاریگەرن. لە کاتى قسەکردندا دەبێت ئاگادارى تۆنى دەنگ و زمانى جەستە و جووڵەکانیشمان بین. دەبێت لێبوردەیی ئیسلام، فراوانیی ڕەحمەت و لێخۆشبوونى خوا لە ڕەفتارەکانیشماندا ڕەنگ بدەنەوە. کاتێک گوفتارەکانمان باسى ڕەحمەتى خوا دەکەن، پێویستە ڕەفتارە سەمیمى و گەرموگوڕەکەیشمان پشتى پەیامەکە بگرێت. جگە لەمە، پێویستە تەنانەت چاکەى بچووکىش بەگەورەیی باس بکەین، دەبێت نیشانى بدەین هەر کارێک کە بۆ خوا دەکرێت بەنرخە، بەم جۆرە بەرانبەرەکانمان زیاتر هان بدەین کە لە ڕێگای بەندایەتیدا هەنگاوی زیاتر بۆ پێشەوە بنێن. چونکە گرنگ ئەوەیە هەستی غیبتەی مرۆڤەکان ببزوێنین بۆ هەمان کار نەک بیانترسێنین.

سایکۆلۆژیی و بارودۆخی کەسى بەرانبەریش دەکرێت ڕۆڵیان لە دیارى کردنى ئوسلوبدا هەبێت. بۆ نموونە، کاتێک قسە لەگەڵ کەسێکدا دەکەین کە کەوتووەتەوە ناو گێژاوى نائومێدییەوە پێویستە زیاتر جەخت لەسەر هیوا و ئومێد بکەینەوە؛ بەرانبەر بە کەسێکیش کە لە عیبادەتەکانیدا بەتەواوەتى خاو بووەتەوە یان کەوتووەتە ناو گوناهەکانەوە دەبێت هیوابەخشین بخەینە پلەى دووەم و زیاتر ئوسلوبێکى ئاگادارکەرەوە بەکار بهێنین. ئەوەتا کاتێک سەیرى ژیانى پێغەمبەر (ﷺ) دەکرێت، هەمان نەرمی و گونجاندن دەبینرێت. ئەو، بەگوێرەى دۆخى بەرانبەرەکەى، هەندێک جار گوفتارەکانى ئاگادارکردنەوە بوون، هەندێک جاریش مژدەبەخش بوون؛ واتە ترس و هیواى لە جێى خۆیاندا بەکار هێناون. دڵنەوایی کەسێکى کردووە کە لە ترسدا دەژى، کەسێکیشى ئاگادار کردووەتەوە کە پاڵى لێ داوەتەوە. هەمان پرسیار کە لەلایەن کەسانی جیاوازەوە لێی کراوە، بەگوێرەى دۆخى خاوەن پرسیارەکە، بە ئوسلوبى جیاواز وەڵامى داونەتەوە. بەڵام کاتێک بابەتەکە دێتە سەر حومکمە جێگیرەکانی دین کە هەمووان دەگرنەوە، ناتوانرێت باس لە نەرمی و گەنجاندنێکی لەم جۆرە بکرێت. ئەوەتا پێغەمبەریش (ﷺ) ئەم جۆرە حوکمانەى بەهەمان شێوە بە هەمووان گەیاندووە.

دەرەنجام، هاندان و ترساندن دوو ماک و بنچینەى بانگەوازن کە ناکرێت وازیان لێ بهێنرێت و پێویستە بەهاوسەنگى بەکار بهێنرێن. بەڵام ئەم هاوسەنگییە دەکرێت بەگوێرەى تەمەن، ئاست و دۆخى دوێنراوەکە بگونجێنرێت. گاهێ ترس و گاهێ هیوا زیاتر پێش دەخرێت، بەڵام هیچ کاتێک یەکێکیان بەتەواوەتى فەرامۆش ناکرێت. حیکمەت ئەوەیە ئەم هاوسەنگییە بەدروستى دابمەرزێنرێت و کەسەکان بەگوێرەى پێداویستییەکانیان بدوێنرێن.


[1] الغزالي، إحیاء علوم الدین ٤/١٦٦.

[2] صحیح البخاري، کتاب العلم ١١، کتاب الأدب ٨٠؛ صحیح مسلم، کتاب الجهاد ٨.

[3] بڕوانە: سەعیدى نوورسى، سەرجەمی پەیامەکانی نوور، ژیاننامە.