لە ڕۆژگارى ئەمڕۆدا، دوژمنایەتىنەکردنى هیچ کەسێک، نەورووژاندنى خەڵک و هاننەدانیان بۆ ئەوەى پەلامارمان نەدەن، گرنگییەکى تایبەتى هەیە. ئەو سەرکردە و کۆمەڵگایانەى کە بە وتە و کردارەکانیان کەسانى تر دەورووژێنن، لەوانەیە دواتر نەتوانن بەرەنگارى ئەو فیتنانە ببنەوە کە خۆیان بوونەتە هۆکارى و، بێئەوەى هەستى پێ بکەن ببن بە هۆى وێرانکاریى گەورە. هەموو جیهان شایەتى ئەو تراژیدیا گەورانە بوو کە جەنگەکانى ئەم دواییە هێنایانە ئاراوە. ئەگەر ڕێوشوێنى پێویست نەگیرێنە بەر و بەژیرى مامەڵە نەکرێت، دەکرێت جەنگى نوێتریش بچێتە سەر ئەمانە. نابێت ئەوە لەبیر بکرێت هێزە ڕۆژئاواییەکان بە خۆشکردنى ئاگرى بیرۆکە ڕەگەزپەرستییەکانیان، تەنانەت دەوڵەتى عوسمانیشیان پارچە پارچە کرد کە دەوڵەتێکى جیهانى بوو.
دەستەبەرکردنى بیرکردنەوەیەکى دیاریکراو لاى خەڵک بە بەکارهێنانى هێز، زۆر و فشار یان ڕاکێشانیان بەرەو هێڵێکى خوازراو شتێکى مومکین نییە. بەپێچەوانەوە، ڕەفتارێکى لەم جۆرە جگە لەوەى ئەو بیرانەى هەوڵى لەناوبردنیان دەدرێت زیاتر ڕەگداکوتاو و ڕەقتر دەکات هیچ سوودێکى ترى نییە و زۆربەى جاریش ئەنجامەکەى ئەوەیە کە ئەو بیرە زیاتر بەهێز دەبێت. ئەگەر بە پەنابردنە بەر هێزى زۆرەملێ هەوڵ بدەیت خەڵک عاقڵ و ملکەچ بکەیت، ئەوا لە دژى بیروباوەڕى خۆت بەرەو کاردانەوە هانیان دەدەیت و دەبیت بەهۆى ئەوەى ڕقیان لەو بیر و بۆچوونانە ببێتەوە. ئەوەى کە خەڵکانى خاوەن ئایدیۆلۆژیاى جیاواز بە فشار و زۆردارى مامەڵە لەگەڵ بیر و بۆچوونى یەکتردا بکەن، هەم لەناو یەک کۆمەڵگەدا و هەم لەنێوان دەوڵەتاندا زەمینە بۆ فیتنە و پێکدادان خۆش دەکات.
پێویستیى ئاشتى
لە ڕۆژگارى ئەمڕۆدا کە لەگەڵ جیهانگیریدا دونیا وەک گوندێکى لێ هاتووە، تەکنەلۆژیا بە خێراییەکى سەرسووڕهێنەر پەرە دەسێنێت و چەکى زۆر وێرانکەر بەرهەم دەهێنرێن، بۆ ئەوەى مرۆڤایەتى بتوانێت لە ئاسایش و ئارامیدا بژى، پێویستە بە هەر شێوەیەک بێت کەشێکى ئاشتى لە ئاستى جیهانیدا دروست بکرێت. ئەگەر نا، چاوهەڵهێنان بە ڕووى دونیایەکدا کە هیچ کەس تێیدا هەست بە ئاسایش ناکات، شتێکى حەتمى دەبێت. ئەمڕۆ لە چەکى بایۆلۆژییەوە تا بۆمبى ئەتۆمى، چەکى هێندە کاولکار پەرە پێ دەدرێن کە ئەگەر بەکار بهێنرێن، دەگونجێت داهاتووى هەموو مرۆڤایەتى بخاتە مەترسییەوە. ڤایرۆسێک کە لە تاقیگەدا بەرهەم بهێنرێت دەکرێت ببێتە هۆى مردنى ملیۆنان مرۆڤ؛ تاکە بۆمبێکى ئەتۆمى گەر فڕێ بدرێت دەتوانێت شارێکى گەورە لەسەر نەخشە بسڕێتەوە. هەروەک چۆن لە کۆتاییەکانى جەنگى جیهانیى دووەمدا نموونەیەکى تاڵى ئەمە ڕوویدا. کێ دەزانێت، لە داهاتوودا چەند چەکى ترسناکى دیکە بەرهەم دەهێنرێن کە ئەمڕۆ تەنانەت ناویشیان نازانین؟!
لە جیهانێکدا کە زمانى کینە و ڕق تێیدا زاڵە، هەستى دوژمنایەتى تێیدا قوڵپ دەدات، جەمسەرگیرى و لێکدابڕان تێیدا قووڵ دەبنەوە، هیچ کەس ناتوانێت زەمانەتى ئەوە بکات ئەم چەکانە ئەگەر ئەمڕۆیش نەبێت، سبەینێ بەکار ناهێنرێن. کارەساتێکى لەم جۆرەیش وەک قیامەتێک دەبێت بۆ مرۆڤایەتى. ئەو مرۆڤانەى هەستى تۆڵەسەندنەوە چاوی کوێر کردوون، نە بەزەییان بەو وڵاتانەدا دێتەوە کە وێرانیان کردوون و نە بەو گیانانەیشدا کە کوشتوویانن. گوێ بە وێرانکارى، تراژیدیا و تێچووە ئابوورییەکانى جەنگەکانیش نادەن. تاکە شتێک کە بۆیان گرنگە، لەناوبردنى دوژمنەکانیان و زاڵبوونە بە سەریاندا. بەڵام جەنگێک کە چەکى ئاوا وێرانکەرى تێدا بەکار بهێنرێت، بە واتاى ڕاستەقینە هیچ براوەیەکى نابێت.
لەلایەکى ترەوە، لە ژینگەیەکدا کە خەڵک هەمیشە دنە دەدرێن و گرژى بەردەوام هەڵدەکشێت، هەستەکان تۆخ دەبنەوە و عەقڵ و لۆجیک دەکشێنە دواوە. لە کاتى ئاوادا ناکرێت پێشبینى بکرێت کە ڕەفتارە کاردانەوەیى و عاتیفییەکان دەگەن بە چ ئاستێک. خەڵک لەسەر وێرانکردن قورمیش دەبن و چیتر ڕێگریکردن لەو وێرانکارییەى دروست دەبێت ئاسان نابێت. ڕێک لە قۆناغێکى ئاوادا، زیاتر لە هەر کاتێکى تر، پێویستى بە خاوەندڵانێک هەیە کە وەک مەولانا بڵێن: "هەرچى هەیت ببە، دیسانیش هەرە وەرە!"؛ بە ڕێنیشاندەرانێک هەیە کە وەک بەدیعوززەمان جەخت لە جووڵانەوەى ئەرێنى[1] و قەناعەت پێکرددن[2] دەکەنەوە؛ بە کەسانى فیداکار هەیە کە خۆیان تەرخان کردووە بۆ دامەزراندنى دوورگە بچووکەکانى ئاشتى و پردەکانى ئاشتەوایى لە جیهاندا.
وێناى ئێمە بۆ داهاتوو
هەموو کەسێک بەپێى خۆى وێنایەکى بۆ داهاتوو هەیە. ستەمکارانێک کە بەشى پێویستیان لە مرۆڤایەتى وەرنەگرتووە، تەنها بیر لە بەرژەوەندیى خۆیان دەکەنەوە؛ هەر بۆیە ئامانجیان پانکردنەوە، چەوساندنەوە و لەناوبردنى ئەو کەسانەیە کە بە دوژمنی خۆیانیان دەزانن. لە ژینگەیەکى ئاوادا، پێویستە ئێمەیش مەفکوورە و ئایدیاڵێکمان هەبێت بۆ داهاتووى مرۆڤایەتى؛ هەوڵ بدەین جیهانێک بونیات بنێین کە خۆشەویستى، دادپەروەرى، ئارامى و ئاشتى تێیدا زاڵ بێت. نابێت ئامانجمان تەنها ئەوە بێت کە لەگەڵ کەسانى تردا باش هەڵبکەین؛ بەڵکو پێویستە ڕێگاکانى پێکەوەژیانیان پیشان بدەین، تەنانەت تێبکۆشین کەشێکى هاوبەشى وەها دروست بکەین کە هەموو کەس بتوانێت تێیدا بەئارامى لەگەڵ یەکتردا بژى. بۆ ئەمەیشش پێویستە وەبەرهێنان لە مرۆڤدا بکەین، جارێکى تر بەها مرۆییەکان، واتاى مرۆڤبوون و ئەو بەرپرسیارێتییانەى هەڵی دەگرێت، بیرى مرۆڤایەتى بخەینەوە.
بێگومان ئەمە کارێکى ئاسان نییە. وەک بیرمەندێکى ڕۆژئاوایى وتوویەتى، ئەو وەبەرهێنانەى لە هەموو شتێکى تر درەنگتر دەگاتە بەرهەم، وەبەرهێنانە لە مرۆڤدا. کاتێک هۆکارە پێویستەکان ڕەچاو بکرێن، لەوانەیە ئامانجەکانى وەک گەشەپێدانى ئابوورى یان پەرەپێدانى تەکنەلۆژیاى نوێ لە ماوەى پێنج تا دە ساڵدا بەدەست بهێنرێن. بەڵام کاتێک باسى پێگەیاندنى مرۆڤ و چاککردنى کۆمەڵگە دێتە ئاراوە، ئەمەیان پێویستى بە کاتێکى زۆر درێژتر هەیە. پەرەسەندنى ئیمکانیاتی پەیوەندى و گواستنەوە دەتوانێت ئەم ماوەیە کورت بکاتەوە، بەڵام دیسانیش پێویستە لانی کەم یەک دوو نەوە تێبپەڕن. بۆیە پێویستە ئارامگر بین، خۆمان لە پەلەکردن بپارێزین و پێداگرانە لەسەر ڕێگاکەمان بەردەوام بین.
کەسێک کە ئەو هەموو شێواوى و ئاژاوەیە دەبینێت کە لە جیهاندا ڕوودەدات و بەردەوام ڕووبەڕووى دیمەنى ترسناک دەبێتەوە، لەوانەیە جارجارە هیواى خۆى لەدەست بدات. بەڵام هەرگیز نابێت بە سەیرکردنى سەختیی بارودۆخى ئێستا تووشى بێهیوایى ببین؛ چونکە بێهیوایى، وەک مامۆستا نوورسى دەفەرموێت: "ڕێگرى بەردەم هەموو کەماڵێکە".[3] بۆیە پێویستە پشت بە خوا ببەستین، توند دەست بە ورەى مەعنەویمانەوە بگرین و بە ئاڕاستەى ئامانجى باڵاى ژیانمان بەردەوام بین لە ڕۆیشتن. ئامانجى باڵاى ژیانى ئێمە چییە؟ ئەوەیە کە جارێکى تر ئاشتى و ئاساییش باڵ بکێشێت بەسەر جیهاندا، زەوى ئاوەدان بکرێتەوە، بیرى مرۆڤایەتى کە سەروبن بووە دووبارە وەک پەیکەرێک هەستێنرێتەوە سەر پێ. نازانین خوای گەورە بەدیهێنانی چەند لەم ئامانجانەمان دەکات بە نسیب؛ ئەمە پەیوەندیی بە ئەو'ەوە هەیە. ئەوەى لەسەر ئێمەیە، دەستگرتنە بە هۆکارەکانەوە و هەوڵدانە بۆ ئەوەى ئەرکەکەمان بەشاییستەیى بەجێ بهێنین.
ئامانجى گەورە، هەنگاوى بچووک
لەوانەیە مەوداى نێوان ئیمکانییەت و توانای ئێستامان لەگەڵ ئامانجە باڵاکانماندا لەبەر چاوماندا زۆر گەورە دەربکەوێت. بەڵام نابێت ئەوە لەبیر بکرێت کە هەموو کارە گەورەکان بە هەنگاوى بچووک دەستیان پێ کردووە و لەگەڵ کاتدا گەورە بوون و پەرەیان سەندووە. کاتێک بانگەوازى ئیسلام بۆ یەکەم جار دەرکەوت، بە پیاوێک، منداڵێک و ئافرەتێک نوێنەرایەتى دەکرا، بەڵام دواى ماوەیەکى کەم گۆڕا بۆ بزووتنەوەیەکى گەورە کە چارەنووسى جیهانى گۆڕى. ئەو خزمەتى ئیمان و قورئانەى بەدیعوززەمان لە گوندێکى بچووکدا لەگەڵ چەند کەسێکدا دەستى پێ کرد، بە تێپەڕینى کات بە هەموو لایەکى تورکیادا بڵاو بووەوە و دەستى یارمەتیی گەیاندە ژیانى ملیۆنان مرۆڤ. بەدیعوززەمان لە قۆناغێکدا کە زۆرێک لە زانایانى بەنرخ خزمەتى زانستى و فیکریى گرنگیان ئەنجام دەدا، ڕێگایەکى تایبەت بە خۆیى گرتە بەر. بێ ئەوەى پشت بە دەرفەتى گەورە و ڕێکخراوى فراوان ببەستێت، ئەو خزمەتى ئیمانەى کە لە بارودۆخێکى سنوورداردا دەستى پێ کردبوو، بە ئارامگرى و خۆڕاگرییەوە لەسەرى بەردەوام بوو. وەک جاڵجاڵۆکەیەک کە بەئارامى تەونەکەى دەچنێت، یان باڵندەیەک کە هێلانەکەى ئەڵقە ئەڵقە دروست دەکات، سەرەڕاى هەموو ئەو ڕێگرانەى ڕووبەڕووى بوونەوە، بێ ئەوەى ورەى بەربدات بەردەوام بوو لە ڕۆیشتن لەسەر ئەو ڕێگایەى کە بە ڕاستى دەزانى. لە ئەنجامدا بیر و خزمەتەکانى لە دڵى ملیۆنان مرۆڤدا دەنگیان دایەوە.
هەمیشە دەرفەتى فراوان، کەسایەتیى بژاردە یان کادیرى زۆر قەرەباڵغ لەپشت بزووتنەوە گەورەکانەوە نەبوون. یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین تەجەللییەکانى گەورەیى خوا ئەوەیە کە گەورەترین کارەکان، زۆربەى جار لەسەر دەستى ئەو مرۆڤانە ئەنجام دەدات کە بچووک و ئاسایى دەر دەکەون. ئێمە کاتێک لەلایەکەوە سەیرى بێدەسەڵاتى و هەژاریى خۆمان دەکەین و لە لایەکى دیکەشەوە تەماشاى ئەو ئەنجامانە دەکەین کە دەر دەکەون؛ تێدەگەین کە ئەمانە بە هەوڵە بچووکەکانى ئێمە ڕوون ناکرێنەوە؛ بۆیە سوپاس و ستاییشى خوا دەکەین کە بە فەزڵى خۆى ئەنجامەکانمان پێ دەبەخشێت.
بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە بێ پلان کار بکەین و هۆکارەکان ڕەچاو نەکەین. بەپێچەوانەوە، بۆ ئەوەى بتوانین ئامانجە باڵاکانى ژیانمان بهێنینە دى، سەر دەنێین بە سەرى یەکەوە، هێندە زۆر و قووڵ بیر دەکەینەوە هەتا ئەو ڕادەیەى کە مێکشمان بکوڵێت، پلان و پڕۆژە بۆ ئاییندە پەرە پێ دەدەین. لە ڕەچاوکردنى هۆکارەکاندا جێگە بۆ بچووکترین کەمتەرخەمى ناهێڵینەوە، هەر یەکەمان هەوڵ دەدەین ببینە کرێکارێکى فیکر و ئەندازیارێکى ستراتیژ. بە عەزم و پێداگرییەوە هەوڵ دەدەین ڕەنگ و نەخشى جیهان بگۆڕین، ئەو کەشوهەوایەى کە کینە و ڕق تێیدا زاڵە بگۆڕین بۆ کەشوهەواى خۆشەویستى و موحیببەت. هەمیشە چاومان دەبڕینە ئامانجە باڵاکان و هیممەتمان بەرز ڕادەگرین. بەڵام هەموو ئەم هەوڵانە وەک هۆکارێک دەبینین کە دەبنە هۆى لێدانى دەرگاى ڕەحمەتى خواى گەورە و تەنها لە ئەو چاوەڕێى ئەنجامەکە دەکەین.
بەڵێ، ئەرکى ئێمە ئەوەیە کە بەئەندازەى توانا و دەرفەتەکانمان بەردەوام بین لە بانگکردنى مرۆڤایەتى بۆ بەها گەردوونییەکان؛ هەوڵ بدەین بۆ ئەوەى مرۆڤەکان یەکتریان خۆش بوێت، ئاشتى و ئاسایش لەسەر ئاستى جیهان تەشەنە بکات و کولتوورى ڕێککەوتن بڵاو ببێتەوە. پێویستە لە هەموو هەلێکدا ئەوە بیر بخەینەوە کە ئەم دونیایە بەشى هەموومان دەکات، ڕێگاکانى ژیانى ئاشتەوایی و دوور لە شەڕ پیشانى خەڵک بدەین. بە پشتبەستن بە هێزى ئەو بەهایانەى بەرگرییان لێ دەکەین، باوەڕمان وایە کە ئەم بانگەوازە زوو یان درەنگ لە ویژدانە ساغەکاندا دەنگ دەداتەوە و لەلایەن مرۆڤە ژیرەکانەوە قەبووڵ دەکرێت. مرۆڤایەتى ئەگەر ئەمڕۆش نەبێت، سبەینێ ڕوو لەم بەهایانە دەکات.
کێ دەزانێت، لەوانەیە ئەو دڕندەیى و قەیرانانەى کە لەسەر دەستى مرۆڤ خۆى پەیدا بوون، مرۆڤایەتى بەرەو قەیرانى هێندە گەورە و قووڵ ڕاپێچ بکات هەتا لەکۆتاییدا مرۆڤایەتى تێبگات ئەو ڕێگایەى پێیدا دەڕوات بنبەستە و دەرەنجام دەست بە گەڕان بۆ ڕێگای نوێ بکات. ئەو مرۆڤانەى چەندین جار لەو ڕێگایانەدا کە وەک چارەسەر پەنایان بۆ بردوون تووشى نائومێدى بوون، لەنێو زیان، لەدەستچوون و بێچارەییەکى گەورەدا بەدواى دەستێکى هیوادا دەگەڕێن کە بۆیان درێژ بکرێت. ئا لەو کاتەدا، ئەگەر بتوانن بە پەیامەکانتان کە دڵەکان فەتح دەکەن و بە ژیانە نموونەییەکەتان ببنە هیوا بۆیان، ئەوا ڕوو لە ئێوە دەکەن. تێدەگەن کە ئارامیى ڕاستەقینە بە لێدان، کوشتن و لەناوبردن بەدەست نایەت، بەڵکو بە لە ئامێزگرتنى سەرجەمى مرۆڤایەتى بە بەزەیى و میهرەبانی دێتەدى. ئەو کاتە هەڵوێستە نەرم و ئەرێنییەکەى ئێوە، لەتەنیشت ڕەفتارە توند و وێرانکەرەکانى کەسانى ترەوە، بە هەموو شەوق و بریسکانەوەکانى خۆیەوە دەر دەکەوێت. گرنگ ئەوەیە پێش ئەوەى ئەو ڕۆژە بێت، هەر لەمڕۆوە هەوڵ بدرێت شاڕێیەکى ئاوا بونیات بنرێت کە بەڵێنى داهاتوویەکى گەش بە مرۆڤایەتى دەدات.
[1] بەدیعوززەمان سەعیدى نوورسى، سەرجەمی پەیامەکنی نوور، ژیاننامە، قۆناغى ئەمیرداغ.
[2] بەدیعوززەمان سەعیدى نوورسى، سەرجەمی پەیامەکنی نوور، ژیاننامە.
[3] بەدیعوززەمان سەعیدى نوورسى، سەرجەمی پەیامەکنی نوور، ژیاننامە .
