گۆزەی شکاو11 Ağustos 2026

دوو ڕووى دادپەروەرى: دادپەروەریی ڕەها و ڕێژەیی

پرسیار: دەکرێت بابەتى دادپەروەریی ڕەها و دادپەروەریی ڕێژەییمان بۆ ڕوون بکەیتەوە؟ دەگونجێت بە پشتبەستن بە دادپەروەریی ڕێژەیی، لەپێناو بەرژەوەندیی دەوڵەت یان دامەزراوەکاندا مافى تاکەکان پێشێل بکرێت؟

وەڵام: دادپەروەرى، مانا بنەڕەتییەکەى واتە هاوسەنگى و ڕاستڕەوى؛ ئەوە دەگەیەنێت کە ژیان لەسەر (الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيم) بەڕێوە بچێت. ئەوەی لە ژیانى تاک و کۆمەڵگادا بناغەیە و وەها لە میللەتانیش دەکات کە بتوانن بەردەوامی بە بوونیان بدەن، بریتییە لەوەی پاریزگاری لەم هاوسەنگى و ڕێگەڕاستە بکەن. دادپەروەرى لە هەمان کاتدا بە واتاى ئەوە دێت کە بەندایەتى بگات بە کەماڵ و مرۆڤ ژیانى بەگوێرەى پێوەرە ئیلاهییەکان ڕێک بخات. بۆیە دادپەروەرى تەنها چەمکێکى یاسایی نییە و بینینى دادپەروەرى تەنها وەک بابەتێکی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتى ڕوانینێکى کەموکورتە. دادپەروەرى، لە هەمان کاتدا پەیوەندییەکى نزیکى بە دونیاى ناوەوەى مرۆڤ، ژیانى ئیمان و بەندایەتییەوە هەیە. بە دەربڕینێکى تر، بۆ ئەوەى مرۆڤ بەڕاستى دادپەروەر بێت، دەبێت سەمیمییانە و ڕاستگۆیانە ژیانى دینداریی خۆى بژى. ئەوەتا کاتێک بەدیعوززەمان بنەما بنەڕەتییەکانى قورئان دەژمێرێت، لەدواى تەوحید و پێغەمبەرایەتى و حەشر ناوى دادپەروەرى دەهێنێت؛ دادپەروەرى وەک مەرجێک دەبینێت بۆ پەیڕەوکردنى کامڵانەى دین.[1]

هەرچەندە دەگونجێت لە فیکرى ئیسلامیدا شوێنەوارەکانی "دادپەروەریی ڕەها" و "دادپەروەریی ڕێژەیی" بەدى بکرێت، بەڵام ئەوە بەدیعوززەمانە کە بەشێوەیەکى ڕوون و سیستەماتیک ئەم دوو چەمکەى خستووەتە گۆڕێ.[2] دادپەروەریی ڕەها، پێشێلکردنى مافى تاکە کەسێکیش قبووڵ ناکات تەنانەت گەر قازانجى هەموو کۆمەڵگایشى تێدا بێت. بەگوێرەى ئەم فیکرە، لەبەر خاترى مافى میللەت، مافى تاکە کەس بەخت ناکرێت. بەڵام لە دادپەروەریی ڕێژەییدا، ڕەوایەتی بە زیانێکى بچووک دەدرێت لەپێناو ڕێگرى لە زیانێکى گەورەتردا. لەم ڕووەوە، ئەم بۆچوونە پشت بە دەستوورى (أَهْوَنُ الشَّرَّيْن) دەبەستێت. دەتوانرێت بوترێت کە خولگەى دادپەروەریی ڕەها حەقە، بەڵام تەوەرەى دادپەروەریی ڕێژەیی بەرژەوەندییە.

مەترسیی کەڵکى خراپ سوودوەرگرتن لە دادپەروەریی ڕێژەیی

کەسانێک کە لە پێگەى ئیدارە و بەڕێوەبردندان، دەبێت چەند دەتوانن ڕەچاوى دادپەروەریی ڕەها بکەن. چونکە بەرزترین پلەى بابەتەکە ئەمەیە. ئەرکى ئیماندار ئەوەیە لە هەموو بابەتێکدا خۆى بەگوێرەى دۆخى نموونەیی ڕێک بخات. ئەوەندە هەیە لەوانەیە هەموو کاتێک دەرفەتى جێبەجێ کردنى دادپەروەریی ڕەها بوونى نەبێت. لەوانەیە کۆمەڵێک ڕووداو وەک "بەڵاى گشتى" ڕووبدەن؛ ڕەنگە هەلومەرجەکان و بارودۆخ ناچاری بەکارهێنانى هەندێک مۆڵەتت بکەن. لەوانەیە ئەگەر دادپەروەریی ڕەها جێبەجێ بکرێت، نەتوانرێت ئارامى و ئاساییشى کۆمەڵگا دابین بکرێت. لەم کاتانەدا دەکرێت هانا بۆ لاى دادپەروەریی ڕێژەیی ببرێت.

لەبەرئەوەى دادپەروەریی ڕێژەیی لە کاتى زەروورەت و بەرژەوەندیدا هاناى بۆ دەبرێت، لەسەر زەمینەیەکى زۆر هەستیار ڕاگیر دەبێت. چونکە بانگەشەى "ڕێگرى لە زیانێکى گەورەتر"، بەئاسانى ڕێ بۆ لێکدانەوە کەسییەکان خۆش دەکات؛ دیارە ئەمەیش دەگونجێت دەرگا لەسەر ئەوە بکاتەوە کە بەهێزەکان بۆ ڕەوایەتیدان بە کارەکانی خۆیان بەکارى بهێنن. بۆیە پێویستە بەوریاییەوە ئەوە هەڵبسەنگێنرێت کە ئاخۆ بەڕاستى زەروورەتێک لە گۆڕێدایە یان نا، ڕێگا جێگرەوەکان لەبارن یان نا، ئەو زیانەى کە هەڵدەبژدێررێت بەڕاستى (أهون)ە یان نا. دەنا دادپەروەریی ڕێژەیی لەوانەیە لەوە دەربچێت کە دەستوورێک بێت بۆ پاراستنى حەق و ببێت بە ئامرازێک بۆ شاردنەوەى ناهەقییەکان. ئەوەتا لە مێژوودا بە ناوى "مانەوەی هەمیشەیی دەوڵەت"ەوە مافى چەندین کەس پایەماڵ کراوە؛ تەنانەت لە وڵاتە هەرە دیموکراتەکانیشدا لەژێر ئەم ناوەدا چەندین ستەم و ناحەقى کراون.

دادپەروەریی ڕێژەیی ئەم مەترسییەشى لەخۆ گرتووە: وەک دەزانرێت، لە فیقهى ئیسلامدا مافى گشتى لە هەمان کاتدا وەک "مافى خوا" قبووڵ دەکرێت. بۆیە ئەم مافانە زۆر گرنگن. بۆیە لە کاتى هەندێک ڕووداودا لەوانەیە بە ناوى دادپەروەریی ڕێژەییەوە هەندێک لە مافەکان ڕەچاو نەکرێن. بەڵام بە تێپەڕینى کات واى لێ دێت کە گشت مافەکانى کەسەکان وەک شتێکى ناگرنگ تەماشا دەکرێن و مافەکان بەتەواوەتى پێشێل دەکرێن. ئیدى لەوانەیە لەسەر بنەماى وەهمى، کەسانێک کە وەک تاوانبار دەبینرێن سزاى قورس بدرێن.

سنوورەکانى ئازادى

لێرەدا دەمەوێت خاڵێک ڕوون بکەمەوە کە لەوانەیە تێیدا هەڵە تێگەیشتن ڕووبدات. بەڵێ، وەک داخوازییەکى دادپەروەریی ڕەها، ئەگەر تەنانەت لەبەر خاترى بەرژەوەندیی گشتییش بێت نابێت مافى تاک بخورێت. بەڵام ئەمەیش بە ماناى ئەوە نایەت هەرکەس چى پێ خۆشە بیکات و لەسەر کارەکانى لێپرسینەوەى لەگەڵدا ناکرێت. ڕێزگرتن لە مافەکان و ئازادیی ویژدانى تاکەکان، ئازادییەکى بێسنووریان پێ نابەخشێت. مافى تاک لەو شوێنەدا تەواو دەبێت کە مافى کەسانى تر دەست پێ دەکات. ئەگەر بەکارهێنانى مافە کەسییەکان زیان لە مافە گشتییەکان بدات، لێرەدا بێگومان کۆمەڵێک نیزام و سزا دێنە پێشەوە. تەنانەت لە سیستەمە هەرە لیبڕاڵەکانیشدا ماف و ئازادییەکان هەندێک سنووریان بۆ دانراوە. بۆ نموونە، ڕێ بەوانە نادرێت کە فیتنە و فەساد لە کۆمەڵگادا دەنێنەوە. ئەوەتا هەم پێغەمبەر (صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) و هەم خەلیفە ڕاشیدەکان لە ڕێگەی هێزەوە ڕووداوەکانى هەڵگەڕانەوەی ڕۆژگارى خۆیانیان سەرکوت کردووە. لەم حاڵەتانەدا هەندێک لە تاکەکان لە هەندێک لە مافەکانى خۆیان بێبەش کراون.

کەسێک، چ هاوڵاتیی دەوڵەتێک بێت یان ئەندام بێت لە ڕێکخراوێکى مەدەنیدا، ئەگەر بە کارەکانى زیان بە یەکێتیی ڕۆحى بگەیەنێت و دەستدرێژى بکاتە سەر مافى گشتى، ئەوا ئەرکى کۆمەڵگا ئەوەیە کە لەم کارانەى پاشگەزى بکەنەوە. ئەمەیش ڕێگاى جۆراوجۆرى خۆى هەیە: سەرەتا ئامۆژگارى دەکرێت، هەوڵ دەدرێت قەناعەتى پێ بکرێت؛ ئەگەر لەسەر هەڵەکانى پێداگر بێت، کۆمەڵێک ڕێوشوێن دەگیرێتە بەر بۆ ئەوەى نەهێڵرێت زیان بگەیەنێت. بۆ نموونە، ئەگەر پێویستى کرد لە چواردەورەکەى دادەبڕێنرێت یان لەو ژینگەیە دوور دەخرێتەوە. ئەگەر کارەکەى تاوانى تێدا بێت، یاساکان دەخرێنە گەڕ و هەوڵ دەدرێت ڕێ لە زیانەکان بگیرێت. بەگوێرەى ماهییەتى ئەو زیانەى کە داویەتى، ڕێگاکانى وەک بەدرۆخستنەوە، ڕوونکردنەوە، ڕاستکردنەوە یان قەرەبووکردنەوە دەگیرێنە بەر. ئەگەر خەڵکانێک پێکەوە لە کەشتییەکدا بن، ڕێگە بە کەسێک نادرێت کەشتییەکە کون بکات؛ چونکە ئەگەر کەشتییەکە نوقم ببێت هەمووان زەرەر دەکەن. بۆیە ڕێگرىکردن لەمە، لێسەندنى ئەو ئامێرەى کە کەشتییەکەى پێ کون دەکات، ماف و لە هەمان کاتدا ئەرکى هەموو ئەوانەیە کە لەو کەشتییەدان.

یاسا و ڕاوێژ بەرانبەر بە خۆسەرى

سەرەڕاى ئەمە، بۆ ئەوەى ڕێ لە بەکارهێنانى خراپ بگیرێت، ئەم جۆرە بابەتانە نابێت بۆ قەناعەتى شەخسى و ئینسافى هەندێک کەسى دیاریکراو جێ بهێڵرێن. دەنا لەوانەیە هەوا و ئارەزوو تێکەڵ بە کارەکە ببێت. دەبێت حەتمەن لە چوارچێوەى یاساکاندا چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە. سەرەتا دەبێت لە ڕێگەى یاساکانەوە تاوانەکان دیارى بکرێن، تاوانبارەکانیش هەر دەبێت لە چوارچێوەى یاساکاندا سزا بدرێن. وەک بەدیعوززەمانیش دەفەرموێت، پێویستە هێز لە یاساکاندا بێت.[3]

لە پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانى وەک وەقف، ڕێکخراو و جەماعەتەکانیشدا نابێت چۆنێتیی بەکارهێنرانى دادپەروەریی ڕەها و ڕێژەیی بۆ بڕیاری خۆسەریی تاکەکان جێ بهێڵرێت و دەبێت حەتمەن لە ڕێگەى میکانیزمى ڕاوێژەوە دەستنیشان بکرێت. ئەم جۆرە پێکهاتانە، کاتێک ئەو ماف و ئیمکانییەتە بەکاردەهێنن کە پێیان دراوە، دەبێت لە بڕیارەکانیاندا بگەڕێنەوە بۆ یاساکانى بەڕێوەبردن؛ لە بڕیاردانیاندا لەمەڕ مافى کەسەکان ڕێگە بە خۆسەرى نەدرێت. دەبێت لە چوارچێوەى دەستوور و کارنامەیەکدا کە پێشتر دیارى کراوە ڕەفتار بکرێت.

خۆ ئەگەر بەرقەرارکردنى دادپەروەرى بۆ بڕیارى شەخسیی کەسەکان جێ بهێڵرێت، ئەوا لەوانەیە هەست و عاتیفە تێکەڵ بە بڕیارەکان ببێت. مرۆڤەکان لەوانەیە بەرگى دادپەروەرى تەنانەت لە زوڵمەکانیشیانەوە بئاڵێنن. ئەو خۆسەپێنانەى کە مافى هەزاران کەس پێشێل دەکەن، لەوانەیە بانگەشەی ئەوە بکەن کە بەگوێرەى دادپەروەریی ڕێژەیی دەجووڵێنەوە؛ ڕەنگە بە پەنابردن بۆ زەروورەت و بەرژەوەندى، دادپەروەرى تەختى زەوى بکەن.

بنچینەى دادپەروەرى: ئیمان و ویژدان

دەستەبەرکردنى دادپەروەرى، لە ڕوویەکەوە وابەستەى ئیمان، پەیوەندیی لەگەڵ خوا و هەستى بەرپرسیارێتییە. هەندێک کەس بەهۆى ئەو پێگەیەوە کە نوێنەرایەتى دەکەن مافى کار و بڕیارى فراوانیان پێ دراوە؛ لەوانەیە ئەو بڕیارانەى کە دەرى دەکەن قەدەرى خەڵکانێکى زۆر بگۆڕێت. کەسێک کە پەیوەندیی لەگەڵ خوادا زۆر بەهێزە و باوەڕى وایە کە زیانگەیاندن بە بچووکترین زیندەوەریش بەرپرسیارێتیی قورستى لەدوایە، بەئاسانى مافى کەس ناخوات، بەنەزانینەوە زوڵم لە کەس ناکات. لەبەرانبەردا کەسانێک کە ئیمانیان بە دواڕۆژ لاوازە و لە لێپرسینەوە ناترسن، دەگونجێت شوێن ئارەزووى خۆیان بکەون، بڕیارى هەڵە دەر بکەن و واژۆ لەسەر ناحەقى بکەن. تەنانەت لەوانەیە تێبکۆشن کە بەهانەى دینى بۆ فەرامۆشى، هەڵە و زوڵمەکانیان بهێننەوە.

کەسێک کە دڵى پڕە لە ترسى خوا، نایەوێت کاتێک دەچێتەوە حزوورى پەروەردگارى مافى بەندەکانى لە گەردندا بێت. بەردەوام لێپرسینەوە لەگەڵ خۆى دەکات، چاو بە هەڵەکانیدا دەخشێنێتەوە. کەسێکى لەم شێوەیە، لە تەرازووى هەستیارى ویژدانیدا گشت ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانى خۆى دەکێشێت؛ باشتر دەتوانێت جیاوازی لەنێوان زوڵم و دادپەروەریدا بکات. بەقووڵى بیر لەوە دەکاتەوە ئاخۆ کارەکانى خزمەت بە حەق دەکەن، مافى هیچ کەسێک پێشێل دەکەن یان نا. لەبەرئەوەى ئامانجى ڕاستەقینەی کەسێکى لەم جۆرە سەرخستنى حەقە، هەمیشە عەوداڵى دادپەروەریی ڕەها دەبێت؛ کاتێکیش ناچار دەبێت دادپەروەریی ڕێژەیی هەڵبژێرێت، هاوڕێ لەگەڵ هەستى بەرپرسیارێتییەکى گەورەدا دەجووڵێتەوە. کاتێک هەست دەکات بەبێ ویستى خۆى مافى کەسێکى پێشێل کردووە، بەبێ دوودڵى دەزانێت چۆن مافەکەى بۆ بگەڕێنێتەوە، داواى لێبوردن و گەردنئازادى لێ بکات. چونکە زۆر دەترسێت لەوەى کاتێک دەچێتەوە حزوورى خوا قەرزاى بەندەکان بێت.

لەم ڕوانگەیەوە، دامەزراندنى دادپەروەرى بە واتا ڕاستەقینەکەى و چارەسەرکردنى دادپەروەرانەى کێشەکان، بە هەبوونى پەیوەندییەکى بەهێز بە خواوە پەیوەستە. ئەگەر ئیمان و تەقوا لە دڵەکاندا لاواز بن، مرۆڤەکان دەکرێت لە ڕێگەى لێکدانەوە و تەئویلە جۆراوجۆرەکانەوە تەنانەت زوڵمەکانیشیان بە بەرگى دادپەروەرى دابپۆشن. بەهۆى هەڵسەنگاندنە شەخسییەکانەوە، دادپەروەریش دەچوێنن بە خۆیان؛ سنوورەکانى بەگوێرەى خۆیان فراوان یان تەسک دەکەنەوە. لەحاڵێکدا دین بۆ ئەوە نێرراوە کە بەگوێرەى پێوەرەکانى حەق و دادپەروەرى شکڵ و شێوە بە مرۆڤەکان ببەخشێت؛ نەک بۆ ئەوەى ئەوان بەگوێرەى هەوا و ئارەزووەکانیان شێوە بە دین بدەن. دین هیی خوایە؛ ئەرکى ئێمەیش ئەوەیە ڕاستگۆ بین بەرانبەر بەو پێوەر و سنوورانەى کە خوا کێشاونى.

ئەگەر کاتێک حوکمەکانى دین جێبەجێ دەکەین لە هەندێک خاڵدا هەست بە فشار و گوشار بکەین، کێشەکە لە بۆچوون و هەڵسەنگاندنى خۆماندایە نەک لە دیندا. ئەمە دۆخە دەگونجێت نیشانەى ئەوە بێت ئەو کۆمەڵگایەى تێیدا دەژین، ئەو کولتوورەى وەرمان گرتووە و ئەو ژینگەیەى تێیدا پێگەیشتووین هەندێک خوو و ڕاهاتنى هەڵەیان تێدا چاندووین. بۆیە سەرەتا دەبێت ڕوو لە چاککردنى خۆمان بکەین و هەوڵ بدەین خۆمان لەم کەموکورتییانە خاوێن بکەینەوە. کاتێک خۆمان بە شیاندنەوەدا تێ دەپەڕێنین و دەگەین بە ئاستێک کە بتوانین دیندارییەکی کامڵانە بژیین، ئەوکات وەک پێویست دادپەروەریش بەرقەرار دەکەین و ڕێز لە مافى هەموان دەگرین.


[1] بەدیعوززەمان سەعیدى نوورسى، سەرجەمی پەیامەکانی نوور، ئاماژەکانى ئیعجاز؛ پاشبەندەکان، پاشبەندى بارلا.

[2] بەدیعوززەمان سەعیدى نوورسى، سەرجەمی پەیامەکانی نوور، مەکتووبات، مەکتووبى ١٥.

[3] بەدیعوززەمان سەعیدى نوورسى، سەرجەمی پەیامەکانی نوور، ژیاننامە.