لەمڕۆدا ئیسلام لەلایەک تۆمەتى "توندوتیژى" دەخرێتە پاڵ، لەلایەکى دیکەشەوە لە ڕێگەى دنەدانى جۆراوجۆرەوە موسوڵمانان وەک بڵێیت ناچار دەکرێن بەجۆرێک کاردانەوە بنوێنن کە ئەم تۆمەتانە پشتڕاست بکەنەوە. بەتایبەت لەگەڵ تەشەنەکردنى ئامرازەکانى هەواڵ و گواستنەوەدا، ئەو سووکایەتى و هێرش و بزواندنانەى کە ئاڕاستەى پیرۆزییەکان دەکرێن بە خەڵکێکى زۆر دەگەیەنرێن؛ بەم جۆرە کاردانەوەى عاتیفیی موسوڵمانان دەکرێت بە ئامانج. بەداخەوە جاروباریش هەندێک گرووپى موسوڵمانیش بەرانبەر بەم دنەدانانە پەرچەکردار دەنوێنن و دەبن بە هۆکارى دروستبوونى ئەو وێنە نەرێنییەى کە هەوڵ دەدرێت بۆ ئیسلام دروست بکرێت. لەبەر ئەم هۆیە، پێویستە بەگرنگییەوە باسى ئەو هەڵوێستە دروستە بکرێت کە دەبێت موسوڵمانان لەم جۆرە حاڵەتانەدا بینوێنن.
بەتایبەت نابێت ئەم ڕاستییە مێژووییە فەرامۆش بکرێت: هاوشێوەى دینە حەقەکانى پێشوو، ئیسلامیش لەو ڕۆژەوە کە پەیدابووە، ڕووبەڕووى هەوڵى پەلامار و ڕێگرى بووەتەوە. لە یەکەم سەدەوە تا ئێستا هێرش و پلانى لەناوبردن بۆ سەر موسوڵمانان هەرگیز ڕوویان لە کەمی نەکردووە. بەهێزبوونى ئیسلام، گەیشتنى بە جەماوەرێکی بەرفراوان و پێشکەشکردنى ئاسۆیەکى نوێ بە مرۆڤایەتى، بووە بە هۆکاری هەستیارى و بێزارییەکى جددى لە ناوەندى هەندێک بیروباوەڕ، کولتوور و شارستانێتیی جیاوازدا؛ هەر بۆیە لە مێژوودا چەندان جار هەوڵ دراوە ئیسلام بخرێتە ژێر فشارەوە و نەهێڵرێت کاریگەریی خۆى دەربخات.
بەشێکى گرنگى ئەم ململانێیە لەگەڵ ئەو هێزانەدا بووە کە نوێنەرایەتیی دونیاى ڕۆژئاوایان کردووە. هێشتا پێغەمبەر (ﷺ) لە ژیاندا بووە کە جەنگەکانى وەک موئتە و تەبووک ڕوویاندا؛ ئینجا جەنگى یەرمووک و دواتریش هێرشى خاچپەرستان بەرپا کرا. هەموو ئەمانە لە نموونە گرنگەکانى ئەو ململانێیەن کە موسوڵمانان بەدرێژایی مێژوو لەگەڵ هێز و ناوەندى جیاوازدا ئەزموونیان کردووە. چونکە لە "پەیمانی نوێ"ى مەسیحییەکاندا هیچ حوکمێک لەمەڕ جەنگ و ئاشتی بوونى نییە، ئیدى بڕیارەکانى ئەم بوارە بەتەواوەتى بۆ هەڵبژاردنى سەربەستانەی بەڕێوەبەر و سەرکردە سەربازییەکان جێهێڵراوە؛ دەرەنجانى ئەمەیش لە سەردەمە جیاوازەکانى مێژوودا دڕندەیی و زوڵمى مەزن ڕوویانداوە.
سەرەڕاى ئەمە، قبووڵکردنى هەبوونى هەڵوێستێکى نەرێنى بەرانبەر بە ئیسلام، بە ماناى ئەوە نایەت کە هەمان پۆلێنکاری بۆ هەموو خەڵک بکرێت. ئەوەتا کاتێک قورئان بۆ نموونە باسى ئەهلى کیتاب دەکات هەڵوێستێکى گشتگیرانە نانوێنێت. کاتێک ڕەختە لە ڕەفتارە چەوتەکان دەگرێت، ستاییشى ئەوانەیش دەکات کە خاوەنى ڕاستى و فەزیلەتن.[1] بۆیە لەمڕۆد دەبێت حساب بۆ هەبوونى ناوەند و لایەنانێک بکرێت کە دنەى پێشداوەری و دوژمنایەتى بەرانبەر بە موسوڵمانان دەدەن؛ بەڵام نابێت ئەوەیش لەبیر بکرێت خەڵکانێکیش هەن کە سەر بە دین و کولتوورە جیاوازەکانن و هاوکات باوەڕیان بە عەدالەت، حەقپەروەرى و ڕێزى دوولایەنە هەیە. ئەگەر ئەم هاوسەنگییە نەپارێزرێت ئەوکات یان لە بابەتى گرتنەبەرى حەزەر و ڕێوشوێنە پێویستەکاندا فەرامۆشى دەنوێنرێت یان کەسانێک کە دەگونجێت ببن بە دۆست بەزۆر بەرەو سەنگەرى دوژمنایەتى پاڵیان پێوە دەنرێت.
ئەو بانگەشانەى کە هەندێک لە ناوەندە ڕۆژئاواییەکان بانگەوازى بۆ دەکەن کە گوایە ئیسلام دینى جەنگ یان شمشێرە، لەگەڵ ڕاستییە مێژوویی و دینییەکاندا ناگونجێت. بە بەڵگەى قورئان و سوننەت سەلماوە کە ئەسڵ لە ئیسلامدا سوڵح و ئاشتییە. بەڵام جەنگ حاڵەتێکى ئاوارتەیە (ئیستیسنا) و تەنها لە کاتى زەروورەتدا هاناى بۆ دەبرێت. قورئان فەرمان دەکات تەنانەت ئەگەر لە کاتى جەنگیشدا لایەنى بەرانبەر ڕووى لە ئاشتى کرد، دەبێت موسوڵمانانیش لایەنى ئاشتى بگرن.[2] ئیسلام داواى ئەوەى کردووە کە جەنگ لە چوارچێوەی سنوورە ئەخلاقى و یاساییەکاندا بەڕێوە بچێت و بابەتەکەیشى بۆ بڕیارى سەربەخۆى دەسەڵاتداران جێنەهێشتووە. لەبەر ئەم هۆیە، موسوڵمانان تەنانەت لە هەلومەرجە هەرە سەختەکانى جەنگیشدا ناتوانن هانا بۆ زیادەڕەوى، سنووربەزێنى و ئەشکەنجە ببەن. کاتێک دوژمن دێتە سەر خاکەکەت، بێگومان مرۆڤ لەپێناو پاراستنى دین، وڵات و بەهاکانیدا وەک ئەوەى گاڵتەى بە ژیانى خۆی بێت پاڵەوانانە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. بەڵام تەنانەت لە ساتێکى هەستیارى لەم جۆرەیشدا ئەو سنوورانە نابەزێنێت کە دین دیارى کردوون و سازش لە ئەخلاق و کەسایەتیی خۆى ناکات.
ئەم ڕێسا بنەڕەتییانە، ئەو دنەدانانەى ئەمڕۆیش دەگرنەوە کە پیرۆزییەکانى موسوڵمانان بەئامانج دەگرن. ڕووداوەکانى وەک سووتاندنی قورئان، هێرشکردنە سەر مزگەوتەکان یان سووکایەتى بە بەها دینییەکان بێگومان دڵى موسوڵمانان بریندار و بێزار دەکەن. بەڵام ڕێک لەم خاڵەدا پێویستمان بە ڕابەرایەتیی عەقڵ، حیکمەت و بەسیرەت هەیە نەک هەستەکان. ئەگەر موسوڵمانان لەهەمبەر ئەم ڕووداوانەدا یەکسەر هەڵبچن و ڕاستەوخۆ بیانەوێت خۆیان تەمێى ئەو کەسانە بکەن کە ئەم شتە نابەجێیانە دەکەن، یان ئەمانیش سووکایەتى بە پیرۆزییەکانى کەسانى تر بکەن، ئەوا کاتێک لەسەر حەقن دەکەونە نێو ناحەقییەوە و خزمەت بەوانە دەکەن کە لەپشت دنەدانەکەوەن. خۆ ئەگەر لەم بابەتەدا ئەوە پیشانى خەڵکى بدەن کە دەکرێت بەئاسانى بوروژێنرێن، ئەوکات کەسانى نییەت خراپ بۆ ئەوەى سوود لەم لاوازى و بۆشاییەتان وەربگرن دنەدانى گەورەتریش تاقى دەکەنەوە. بەم جۆرە لە دۆخى حەق و بێتاوانییەوە دەبن بە ناحەق، لەسەر ئاستى هەموو جیهان وەک کەسانێک دەسانرێن کە لایەنى توندوتیژى دەگرن. ئەگەر ئێوە بەڕاستیش هەوڵ بۆ ئاشتی و سەلامەتیی جیهانیش بدەن، بەهۆى ئەم کاردانەوە ناهاوسەنگەوە، وەک کەسانێک دەناسرێن کە هۆکارى نائارامین.
دینەکەمان، بەهاکانمان، کتێبەکەمان و پێغەمبەرەکەمان (ﷺ) بۆ ئێمە زۆر بەنرخ و پیرۆزن؛ بۆیە ئەمانە لە هەمان کاتدا خاڵە هەرە هەستیارەکانى ئێمەن. ئامادەین بەرگەى هەموو زەحمەتێک بگرین بۆ ئەوەى زیان بەمانە نەگات. بەڵام ئەم هەستیارییە نابێت بەرەو هەڵسوکەوتى هەڕەمەکى ڕاپێچمان بکات. بەپێچەوانەوە، موسوڵمان دەبێت زۆرباش حسابى ئەنجامەکانى هەموو هەنگاوێکى بکات؛ ڕەچاوى ئەوە بکات ئەو کارەى کە دەیکات چ ڕەنگدانەوەیەکى لەسەر دینەکەى، کۆمەڵگاکەى و ئەو بەهایانە دەبێت کە نوێنەرایەتییان دەکات.
موسوڵمان ئەگەر پەلامارى پیرۆزییەکانیشى بدرێت حەتمەن دەبێت بەگوێرەى ڕێسا دینى، ئەخلاقى و یاساییەکان بجووڵێتەوە. تەنانەت لەمڕۆدا دەبێت فراوانتریش بیر لە بابەتەکە بکرێتەوە و هەریەک لە نەریتە نێودەوڵەتییەکان و بەها مرۆییە گەردونییەکانیش لەبەرچاو بگیرێن. نابێت لە ڕێگەى شەخسییەوە هەوڵى وەڵامدانەوەى دنەدانەکان بدرێت، بەڵکو پێویستە بابەتەکە حەواڵەى لایەنى پەیوەندیدار بکرێت. جگە لەمە، دەتوانرێت بە باسکردنى ئەم هێرشانە لە ویژدانى گشتیدا مەحکوم بکرێن، لەسەر ئاستى پلاتفۆرمە جیاوازەکان گفتوگۆ لەمەڕ پاراستنى پیرۆزییەکان بکرێت و لەم بارەیەوە پشتیوانیی ڕاى گشتى بەدەست بهێنرێت.
هەندێک جار پەلامارەکان بۆ سەر بەها ئیسلامییەکان و موسوڵمانان لە چەند کەسێکى دیاریکراودا سنووردار نابن و لەلایەن دەوڵەت یان کۆمەڵگایەکەوە ئەنجام دەدرێن. لەم حاڵەتانەدا لەبریی هەڵوێستى هەڵەشەیی و پەرچەکردارى، پێویستە بەشێنەیی و عەقڵانى ڕەفتار بکرێت و هەنگاوی ژیرانە هەڵبگیرێن کە گریمانى گەیشتن بە ئامانجیان زیاترە. ئەگەر پێویستى کرد دەتوانرێت بابەتەکە بگوازرێتەوە بۆ دادگا نێودەوڵەتییەکان یان بکرێت بە ڕۆژێڤى دامەزراوە پەیوەندیدارەکان. ئەگەر ئەنجام بەدەست نەهات، دەتوانرێت ڕێگا ڕەواکانى وەک ئیدانەکردن، بایکۆت و گەمارۆ پەیڕەو بکرێن.
هەرچییەک بکرێت، دەبێت گشت ئەو کاردانەوانەى کە بەرانبەر بەم دنەدان و پەلامارانە دەنوێنرێن لەگەڵ ڕۆحى دیندا گونجاو بن. تووڕەیی، خۆپیشاندانى توندوتیژانە، ڕووخاندن و سووتاندن، سووکایەتیکردن بە پیرۆزیی کەسانى تر و ڕەفتارە هاوشێوەکان نە لەگەڵ کرۆکى ئیسلام و نە لەگەڵ کەسایەتیی موسوڵماندا یەک ناگرنەوە. ئەم هەڵوێستانە نەک هەر ڕێ لە پەلامارەکان ناگرن، لەوانەیە پەلاماردەرەکانیش زیاتر هان بدەن. لەمەیش خراپتر، کاردانەوە ناهاوسەنگەکان زۆرجار خزمەت بە ئامانجى دنەدەرەکان دەکەن و زیان لە پێگەی ئیسلام دەدەن. لەحاڵێکدا ئیسلام ئەمانەتێکە کە مافى بەسەر ملیۆنان کەسەوە هەیە. ملیۆنان کەس لەپێناوى ئەودا هەموو جۆرە فیداکارییەکیان کردووە و ئەمانەتەکەیان بە ئێمە گەیاندووە. بۆیە هیچ کەسێک مافى ئەوەى نییە کە بە ڕەفتارە ناهاوسەنگ و هەڕەمەکییەکانى زیان بە دین بگەیەنێت.
بەکورتى، کاتێک موسوڵمانان هەڵوێستێکى ماقووڵ، هاوسەنگ، یاسایی و مەبدەئیی وەها پیشان دەدەن کە شایان بە دینەکەیانە، دەتوانن پشتگیریی پەیڕەوانى دین و کولتوورەکانى دیکەش بەدەست بهێنن. تەنانەت ئەو ناوەندانەیش کە دوورن لە دینەوە لەو ڕوانگەیەوە کە گرنگى بە لایەنى ئازادیی بیروباوەڕ و ڕەهەندى مافە بنەڕەتییەکان مرۆڤ دەدەن دەتوانن پشتیوانى لە لەسەرهەقبوونى موسوڵمانان بکەن. بەم جۆرە موسوڵمانان تەنها بەوەوە ناوەستن کە بەرگرى لە پیرۆزییەکانیان بکەن، لەهەمان کاتدا ڕۆڵێکى گرنگ دەگێڕن لە شکاندنى ئەو پێشداوەرییە نەرێنییانەى کە هەوڵ دەدرێت دەربارەى ئیسلام دروست بکرێت.
[1] بڕوانە: سوورەتی (آل عمران)، ئایەتی ١٩٩ .
[2]سوورەتی (الأنفال)، ئایەتی ٦١.
