İçindekiler
پرسیار: چۆن دەتوانین پێبەپێى ڕۆژگار بڕۆین بەبێ ئەوەى تەنازولێک لە بەهاکانى خۆمان بکەین؟
وەڵام: ئەم دونیایەى کە تێیدا دەژین بەنێو قۆناغێک لە گۆڕانکاریی سەرسووڕهێندا تێدەپەڕێت. ڕۆژانە تەکنەلۆژیا زیاتر باڵادەست دەبێت لە ژیانماندا؛ مەوداکان کورت دەبنەوە، کات تەسک دەبێتەوە، دونیا بچووک دەبێتەوە. فیکر، گوفتار یان بیرێک لە ماوەى چەند چرکەیەکدا دەتوانێت بە دوورترین گۆشەى دونیا بگات. ئەم گۆڕانە خێرایە لەلایەک سەرزەوى دەکات بە شانۆ بۆ هەندێک کاولکارى و تێکچوون، لەلایەکیش هۆکارە بۆ پەیدابوونى هەندێک پێشهاتى ئەرێنى. ئەگەر دەمانەوێت بەهاکانى خۆمان بپارێزین و ئاڕاستە بەم چەرخە بدەین، دەبێت لە چەقى ژیاندا بین؛ زمانى ڕۆژگار و ڕۆح و پێداویستییەکانى بەدروستى بخوێنینەوە. تەنها بەم شێوەیە دەتوانین باى ڕۆژگار لە قازانجى خۆمان بەکاربهێنین و ئاڕاستەیەک بە کات بدەین.
کاتێک ئەو دەقانەى کە کراوەن بە ڕووى لێکدانەوەى جیاواز و گریمانەکاندا یاخود کاتێک ئەو مەسەلانە هەڵدەسەنگێنین کە کە بڕیارێکى یەکلاییان لەبارەوە نییە، پێویستە حەتمەن کاریگەرى ئاڕاستەکارى کات بەهەند وەربگرین. کاتێک بۆشاییە ئیجتیهادییەکان پڕ دەکەینەوە، پێویستە دیقەت لە تەفسیرى ڕۆژگار بدەین. نەسخ بە مانا شەرعییەکەى، لەگەڵ کۆچى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله علیە وسلم) کۆتایی پێهاتووە. چونکە هەڵگرتنى حوکمێکى یەکلایی لە شەرعدا و دانانى حوکمێکى تر لە جێى، تەنها تایبەتە بە خاوەنى شەریعەت. بەڵام نابێت لەبیرمان بچێت کە لە بوارى ڕاڤە و لێکدانەوەکاندا کە دەکەوێتە دەرەوەى دەقەکان، کات و ڕۆژگاریش لە زۆر ڕووەوە دەتوانن زۆرێک لە مەسەلەکان نەسخ بکەنەوە، واتە لەو حوکمانەدا کە کراوەن بە ڕووى گۆڕاندا گۆڕانکارییەکى کردارى بهێننە گۆڕێ.
بۆ نموونە، حەزرەتى عومەر چیتر بەشى نەداوە بە کەسانێک کە لە ڕۆژگارى پێغەمبەردا (صلى الله علیە وسلم) بە (مؤلفة القلوب)[1] قبووڵ کراون و بەشێک لە زەکاتیان پێدراوە. چونکە لەو سەردەمەدا ئیسلام بە نوورى خۆى هەموو لایەکى ڕووناک کردبووەوە و بەسەر دڵەکان و زیهنەکانەوە باڵادەست بووبوو. چیدى ئەوانەى کە دەیانویست ئەم نوورە بکوژێننەوە، ئیرادەیەکى بەهێزیان لەبەرانبەر خۆیانەوە دەبینى. بۆیە چیتر پێویستى بە پێدانى زەکات نەمابوو بەو کەسانەى کە دەویسترا لە شەڕیان ئەمین بن. حەزرەتى عومەر بە زیرەکیی سەرسووڕهێن و فەراسەتى تیژى خۆى ئیجتیهادێک دەکات کە بۆ هەلومەرجەکانى ئەو ڕۆژە پێویستە.
بەڵام ئەمە وەک هەندێک گومان دەبەن گۆڕینى حوکمى ئایەتەکە نییە. وەک زاهیدى ئەلکەوسەرى لە کتێى (مقالات)دابە بەتێروتەسەلى ڕوونى کردووەتەوە، بابەتەکە پەیوەندیی بە لێکدانەوەى ماناى دەستەواژەى (مؤلفة القلوب)ى ناو ئایەتەکەوە هەیە. لێرەدا هۆکارى (علة) حوکمەکە لەلایەن خودى ئایەتەکەوە بە (تألیف القلوب) “گەرمکردنى دڵەکان” دەستنیشان کراوە. وەک لە ئوسوڵى فیقهدا هەڵوێستەى لەسەر کراوە، ئەگەر (علة) هەبێت، حوکمیش هەیە و جێبەجێ دەکرێت؛ بەڵام گەر (علة) نەما حوکمەکەش هەڵدەگیرێت و پەیڕەو ناکرێت. حەزرەتى عومەر زۆرباش زەمانەى خۆى خوێندووەتەوە و لەو هەلومەرجەدا ئەو ئیجتیهادەى کردووە. بەڵام لەمڕۆدا دەتوانرێت بوترێت کە هەمان (علة) دەرکەوتووەتەوە. چونکە لەمڕۆدا چەندەها کەس هەن کە دەتوانرێت لە ڕێگەى بەخشین و چاکەکارییەکانەوە دڵیان بەدەست بهێنرێت و ڕوویان بەرەو لاى ئیسلام بسووڕێنرێت. لە ڕوویەکەوە کات، بە گۆڕانى هەلومەرجەکانى، ئیجتیهادى حەزرەتى عومەر لەو ڕۆژگارەدا هەڵوەشاندووەتەوە و دیسان هۆکارى حوکمەکەى زیندوو کردووەتەوە.
ئەو پێشکەوتن و پێشهاتانەى کە لەمڕۆدا دەرکەوتوون، دەتوانن ئاسۆى نوێ لە بابەتى تێگەیشتن لە دەقەکاندا بۆ ئێمە واڵا بکەن. بە سوود وەرگرتن لە خەرمانەى زانیارییەکانى ئەمڕۆ و ئیمکانییەتە زانستییەکان دەتوانرێت لە چوارچێوەى ئایەت و فەرموودە و ڕێساکانى ئوسوڵى فیقهدا چەندین حوکمى نوێ دەربهێنرێن. بەتایبەت لەگەڵ بەرەوپێشچوونى خێراى زانست و تەکنەلۆژیادا، چەندین مەسەلە لە بوارەکانى وەک بازرگانى و کڕین و فرۆشتن و مامەڵەکاندا پەیدابوون کە ڕووبەڕووى فەقیهەکانى ڕابردوو نەبوونەتەوە. چارەسەرکردنى ئەم بابەتانە دەکەوێتە ئەستۆى ڕۆڵەکانى ئەم چەرخ و کاتە.
لێکدانەوە نوێیەکان لە تەفسیردا
لەو تەفسیرە نوێیانەدا کە بۆ قورئان دەنووسرێن، بێگومان دەبێت گرنگى بە تەفسیرى کات و زەمانەیش بدرێت. بە ڕەچاوکردنى خەرمانەى زانیارییەکانى ڕۆژگار و پێشکەوتنە زانستییەکان، پێویستە بە زمانێک لە دەقەکان نزیک ببینەوە و موتاڵایان بکەین کە خەڵکى ئەمڕۆ لێیان تێبگەن. بەتایبەت ئەو ئایەتانەى کە تەماسیان هەیە لەگەڵ ڕاستییە زانستییەکاندا، سەرلەنوێ ڕاڤەکردنەوەیان لەژێر ڕۆشنایی زانستە مۆدێرنەکان، کارێکى هەتابڵێیت ڕێتێچوو و بەسوودە.
تەفسیرنووسە کلاسیکەکان بەگوێرەى ئاستى زانستیی ڕۆژگارى خۆیان لێکدانەوەیان کردووە. بەڵام ئەمڕۆ لە دەرەنجامى لێکۆڵینەوە زانستییەکاندا زانیارییەکان زۆر سیستەماتیزە و گشتگیر بوون. زۆر بابەت کە هەتا دوێنێ نهێنى بوون -وەک گەشەکردنى کۆرپە لە سکى دایکیدا، ڕۆڵى پیتێنەرى بایەکان و جووڵەى تەنە ئاسمانییەکان- ئەمڕۆ بەوردەکارییەکانیانەوە ئاشکرا بوون. ئەم دۆخە دەرفەتى ئەوە دەڕەخسێنێت کە ئایەتە پەیوەندیدارەکان ڕێکوپێکتر، ڕوونکەرەوەتر و لە ڕوانگەیەکى هاوچەرخترەوە تەفسیر بکرێن.
بۆ نموونە، “طەنطاوى جەوهەرى” لە تەفسیرەکەیدا ئایەتەکانى قورئانى بە داتا زانستییەکانى ڕۆژگارى خۆیەوە بەستووەتەوە و بەرهەمێکى هاوشێوەى ئەنسیکلۆپیدیاى خستووەتە گۆڕێ. بەڵام زانستەکان ئەوەندە بەخێرایی گەشە دەکەن، بێگومان هەندێک لەو زانیارییانەى کە لە بەرهەمەکەیدان، دەبێت لە ڕوانگەى پێدراوە زانستییەکانى ئەمڕۆوە ڕاستکردنەوەیان بۆ بکرێت. ئەم بەرەوپێشچوونانەى کە لە هەموو بوارەکاندا، هەر لە بازرگانى و هونەر و تەکنەلۆژیا و زانستى پزیشکییەوە هەتا دەگات بە فیزیا و کیمیا و گشت کایە جیاوازەکانى تردا ڕوودەدەن، ناچارمان دەکەن پەرە بە گۆشەنیگاى تازە بدەین لە ڕوانینماندا بۆ قورئان و ئاسۆى لێکدانەوەکانمان فراوانتر بکەین.
میتۆدەکانى خزمەت گونجاو لەگەڵ ڕۆژگاردا
هەمان شت دەربارەى میتۆدەکانى خزمەتیش ڕاستە. لەبەرئەوەى لەمڕۆى دونیادا پیشەکان، سەرقاڵییەکان، تێگەیشتن و بۆچوونەکان تا ئەندازەیەکى زۆر گۆڕاون، ئەوا دەبێت سەرلەنوێ چاو بخشێنرێتەوە بەو شێوازانەیشدا کە لە باسکردن و بڵاوکردنەوەى دیندا بەکاردەهێنرێن. پێویستە چیتر زمان، ئوسلوب و ئامڕازى تازە بدۆزینەوە کە خەڵکى ئەمڕۆ بدوێنێت.
لە ڕابردوودا نە تەلەفزیۆن هەبوو نە ئینتەرنێت؛ نە سینەما دەزانرا نە شانۆ. بەڵام ئەمڕۆ ئەم ئامڕازانە بوون بە پارچە دانەبڕاوەکانى ژیان. خەڵک دەتوانن لە ڕێگەى ئەم ڕێڕەوانەوە بیر و فەلسەفەى ژیانى خۆیان بڵاوبکەنەوە. کەوایە ئەرکى ئێمەیش گەڕانە بەدواى ڕێگاکانى کاریگەرترین گەیاندنى بەها و پەیامەکانى خۆمان لە ڕێگەى بەکارهێنانى ئامڕازە کولتوورییەکانى ڕۆژگارەوە.
بۆ نموونە، لە ڕێگەى بەکارهێنانى زمانى هونەر و نووسینى ڕۆمان و چیرۆکى بەهێز و بەرهەم هێنانى زنجیرە و فیلمى ئاستبەرزەوە دەتوانین بە چین و توێژە زۆر جیاوازەکان بگەین. لە مێژووى نزیکیشدا نموونەى جوانى ئەمە بینراون. ئەگەر ژمارەى پێویست خەڵکمان نەبێت کە دەستى نووسینیان هەیە، دەتوانن بە زمانێکى ئیستەتیکى گوزارشت لە حەقیقەت بکەن و شارەزاى هونەرەکانى سەر شانۆن، دەبێت کادیرى پێگەیشتوو بۆ ئەم بوارانە پێک بهێنین. بۆ ئەوەى لە مەیدانێکدا کە هەمووان ڕکابەرى دەکەن ئێمەیش کاریگەر بین، پێویستە تیمێکى چاک دروست بکەین و بەگوێرەى یاساکانى ڕۆژگار یارییەکە بکەین.
لەلایەکى دیکەوە، لە دونیاى ئەمڕۆدا دوورکەوتنەوەیەکى جددى لە دین و مەعنەوییەت بەرچاو دەکەوێت. لەمەیش خراپتر، ئەهلى دونیا جاروبار ڕەفتارى پێشداوەرییانە و تەنانەت دوژمنکارانە بەرانبەر بە دینداران دەنوێنن و دیندارەکانیش بەرانبەر بە کەسانێک کە وەک خۆیان بیر ناکەنەوە دوورن و تەنانەت ڕەفتاریشیان قەبە و زبرە.
لەحاڵێکدا لە ڕۆژگارێکدا کە ناکۆکى و پێکدادانەکان چڕبوونەتەوە، کارى پێویست ئەوەیە بەبێ ڕوانین بۆ شوناس یان شێوازى ژیانى خەڵک ڕێگاى لێبوردەیی و دیالۆگ لەگەڵ هەموو کەسێکدا بگیرێتە بەر. دروستکردنى دیوار لەنێوان خۆمان و خەڵکدا -ئیتر شێوازى ژیانیان هەرچۆنێک بێت و سەرقاڵییان هەرچییەک بێت- و خۆبەندکردن لە دونیاى خۆدا، لە کەسانێک ناوەشێتەوە کە لەسەر ڕێگاى پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) بژین. هیچ کەسێک ناتوانێت مافى ئەوەمان بداتێ کە لەسەر بنەماى شێوازى ژیانیان لە خەڵک دوور بکەوینەوە یاخود لە ژیانى خۆمان دایان ببڕێنین.
لەکاتێکدا لە زۆرێک لەو کەسانەدا کە بەهۆى چالاکییەکانى لێبوردەیی و دیالۆگ دەرفەتى ناسینیانمان بۆ هەڵکەوتووە، شایەتحاڵى ڕێزێکى قووڵ و خۆشەویستییان بوون بۆ خوا و پێغەمبەرەکەى (صلى الله علیە وسلم) و ئەمەیش ئێمەى سەرسام کردووە. تومەز لە چەندەها دڵدا بەشێوەیەکى زۆر چاوەڕننەکراو چ گەوهەرانێکى گەورە شاراوە بوون! ئەم دڵانەى کە بەبێ ئاگر ئەو هەموو ڕووناکییەیان هەبووە، ئەگەر پزیسکێکیان تێبگیرێت مەگەر خوا بزانێت دەبنە چ مەشخەڵێک و چۆن دەگەشێنەوە!
ئەو حەقیقەتەکانى کە چەرخەیان نەیانتوانیوە کۆنیان بکەن
لێرەدا جێى خۆیەتى ئەم خاڵە یاد بخەینەوە: کراوەبوون بە ڕووى تازەگەرییەکانى زەمانەدا، داخوازى ئەوە نییە هەموو شتێکى ڕابردوو وەک کۆنەیەک ببینین کە شایانى فڕێدان بێت. چونکە ئەو بەرهەمە بەنرخانەى کە پێشینانمان لە ئەنجامى هەزار و یەک ئەمەک و نوورى چاو و ئارەقى نێوچاوان خستوویانەتە گۆڕێ، ئەمڕۆیش چەندین گەوهەرى پڕبەهای وەهایان تێدایە کە دەتوانرێت سوودیان لێوەربگیرێت. نەفیکردنى ئەم میراتە یان نادیدە گرتنى، هەم ناهەقییە بەرانبەر بە سەلەف، هەم کەمکورتییەکى فیکرییە.
لەلایەکى دیکەشەوە هەندێک حەقیقەت هەن چەند کاتى دوورودرێژیشیان بەسەردا تێبپەڕێت کۆنا نابن. چونکە ئەوان لە سەرچاوەیەکەوە هاتوون کە کۆن نابن. ئەو شتەى وا دەکات لە بەرچاوى هەندێک کەسدا کۆن دەربکەون، ئەو تەپوتۆزەیە کە بە تێپەڕینى کات لەسەریان نیشتووە. بۆیە دەبێت دەمەزەرد بکرێن و ڕەونەقەکەى جارانیان نیشان بدرێتەوە.
ئەو شتانە کۆن دەبن کە بەرهەمى دەستى مرۆڤن و وابەستە بە کات بەرهەم هێنراون. ئەمانە لەگەڵ کاتدا دەگونجێت پیر ببن و تەمەنى خۆیان تەواو بکەن. بەڵام ئەو زانست و بڕیارانەى کە لە سەرچاوەیەکى ئاسمانییەوە هاتوون، هەمیشە تازەیی و لاوێتی و پاراویی خۆیان دەپارێزن. بۆیە بینینى ئەوان وەک “ئاسەوارێکى عەنتیکە”، ڕێزگرتنیان بەڵام بیرکردنەوەى ئەوەى کە گوایە ناتوانن وەڵامى پێداویستییەکانى ڕۆژگار بدەنەوە، بەهەڵەداچوونێکى گەورەیە.
گونجان لەگەڵ موحکەمات
نابێت ئەوەیش لەبیر بکرێت ڕۆژگار هەر جۆرە تازەگەرییەک لەگەڵ خۆیدا بهێنێت؛ بناغەکانى دینەکەمان، واتە دەستوورە بنەڕەتییەکانى قورئان و سوننەت ناگۆڕێن. ئەرکى ئێمە دەستگرتنى توندە بەم بەها جێگرانەوە و هەڵسەنگاندنى هەموو شتێکە بەم پێوەرانە. بەڵام لە هەمان کاتدا لە چارەسەرکردنى ئەو گرفتانەدا کە ڕووبەڕوویان دەبینەوە، پێویستە زۆرترین سوود لە خەرمانەى کەڵەکەبووى ڕۆژگار، ئەزموون و ئیمکانییەتەکانى وەربگرین. بەڵام لەپاڵ ئەمەدا هەر بابەتێک کە موتاڵاى دەکەین پێویستە بەجددى هەڵسەنگاندنى بۆ بکەین کە ئاخۆ لەگەڵ موحکەماتەکانى دین، تێگەیشتى بێگەردانەى سەلەفى صالح -واتە زانایان، عاریفان و چاکەکارانى صەحابییەکان، تابیعین و شوێنەکەوتووانى ئەوان-، ئیجماعى ئوممەتدا گونجاوە یان نا.
لەم پێناوەیشدا پێویستە سەرەتا ئیسلام و سەرچاوە بنەڕەتییەکانى کە قورئان و سوننەتن بەقووڵى بزانین. خواى گەورە لە زانایانى سەلەف ڕازى بێت کە ئەوان لە بابەتى تێگەیشتن لە وەحیی ئیلاهیدا لێکۆڵینەوەى زۆر قووڵیان ئەنجامداوە، پێوەرى بەهێزیان لەمەڕ ئوسوڵى دین و ئوسوڵى فیقھ داناوە، دیسیپلینى ڕوون و سیستەماتیکیان سەبارەت بە زانستە دینییەکان خستووەتە گۆڕێ. کاتێک بەم میراتە زانستییەى ئەوانەوە پەیوەست دەبین، لە بابەتە دینییەکاندا تووشى سەرلێشێوان نابین. چونکە ئەوان بەوپەڕى جددییەتەوە هەموو بابەتێکیان بەجۆرێک تەتەڵە کردووە وەختە بڵێین هیچ شتێکى دین نەماوەتەوە کە داخراو بێت و هەموو شتێکیان ڕوون کردووەتەوە.
ئەو ئوسوڵ و ڕێسایانەى کە زانایان بۆ تێگەیشتن لە دین خستوویاننەتە مەیدان لەبەرئەوەى هەتا ئەمڕۆ چەندین جار بەکارهێنراون و بە موحکەماتەکانى دین تاقى کراونەتەوە، سەبارەت بە ئێمە ڕێگایەکى متمانەپێکراو و سەلامەتیان پێشکەش کردووە. دەکرێت ئەمانە بەو هێما و ئاماژانە بنوێنین کە لە کەنارى ڕێگاکاندا دادەنرێن. ئەگەر چاو لەمانە لابدەین، لەوانەیە لە ڕێگا دەربچین. بۆیە ئەگەر دەمانەوێت تووشى ڕووداوى هاتوچۆن نەبین و بەسەلامەتى بەرەو پێشەوە بچین، پێویستە وابەستەى ئەو دیسیپلینانە بین کە ئەوان دایانناون. بەتایبەت ئەو هەڵبژاردنانەى کە لە دیندا دەیانکەین، پێویستە هەمیشە لەگەڵ بنەما بنەڕەتییەکانى دیندا تەبا بن.
خواى گەورە فەرمانمان پێدەکات کە بەتوندى دەست بە پەتەکەى ئەوەوە بگرین.[2] ئەگەر دەست بە ڕایەڵێکى بەهێزەوە بگرین، ئەوا دەتوانین قاچەکانمان لە هەر جیهانێکدا کە دەمانەوێت بەسەلامەتى دابنێین، لە هەر چەرخێکدا کە دەمانەوێت دەتوانین ڕێگا ببڕین، دەتوانین بێئەوەى هەست بە هیچ جۆرە ئەندێشە و ترسێک بکەین پەیوەندى لەگەڵ خەڵکانێک کە خاوەنى تێگەیشتن و فەلسەفەى جیاوازن بگرین. لەبەرئەوەى دەستمان بە گورزێکى نەبچڕاو یان قوڵفێکى بەهێزەوە گرتووە، ترسى لەرزینمان نابێت. بەئاسانى دەتوانین هەست بەوە بکەین کام تەڵقین و پیتاندنەکانى ڕۆژگار دژى بەها سەرەکییەکانى خۆمانن و لە هێڵى خۆمان لامان دەدەن. بۆیە لەو زەمینانەدا کە دەگونجێت بخلیسکێین زیاتر وریا دەبین و هەڵوێستى پتەوى خۆمان دەپارێزین.
دەرەنجام، بە تێپەڕینى کات زانستەکان گەشە دەکەن، تەکنەلۆژیا پێش دەکەوێت، کولتوور دەگۆڕێت و کات مروارییەکانى ناو کۆشى هەڵدەڕێژێتە بەردەممان. بەدرێژایی ئەم گۆڕانکارییانە، بیرکردنەوەکانى ئێمەیش دەگۆڕێت. ئەگەر بتوانین کات وەک وردبین یان دووربینێک بەکاربهێنین، دەتوانین باشتر لە قورئان تێبگەین، لە بابەتى بانگەوازیشدا پەرە بە میتۆد و ئوسوڵى چاکتر و کاریگەرتر بدەین. کاتێک لەو بابەتانەدا کە کراوەن بە ڕووى ئیجتیهاددا ڕاى خۆمان دەردەبڕین، دەتوانین سوود لە کاتیش وەربگرین. بەڵام هەرچییەک بکەین، دەبێت پەیوەستى موحکەماتەکانى دین بین، ڕۆحى قورئان بریندار نەکەین و ڕێزى خۆمان بەرانبەر بە دەقەکان لەسەروو هەموو شتێکەوە ڕابگرین.
[1] (مؤلفة القلوب) ئەو کەسانەن کە موسوڵمانان دەیانەوێت دڵیان لە ئاستى ئیسلامدا نەرم بکەین یان دەیانەوێت لە شەڕیان پارێزراو بن. ئەم گرۆیە لەسەر بنەماى ئەو بەرژەوەندییانەى کە باسکران، یەکێک بوون لەو تاقمانەى کە بەپێى ئایەتى (التوبة: ٦٠) زەکاتیان پێ شییاوە.
[2] ﴿وَاعْتَصِمُوا بِحَبْلِ اللهِ جَمِيعًا وَلَا تَفَرَّقُوا وَاذْكُرُوا نِعْمَةَ اللهِ عَلَيْكُمْ إِذْ كُنْتُمْ أَعْدَاءً فَأَلَّفَ بَيْنَ قُلُوبِكُمْ فَأَصْبَحْتُمْ بِنِعْمَتِهِ إِخْوَانًا وَكُنْتُمْ عَلَى شَفَا حُفْرَةٍ مِنَ النَّارِ فَأَنْقَذَكُمْ مِنْهَا كَذَلِكَ يُبَيِّنُ اللهُ لَكُمْ آيَاتِهِ لَعَلَّكُمْ تَهْتَدُونَ﴾ (سورة آلِ عِمْرَانَ: 3/103)





