İçindekiler
پرسیار: ڕوانینی دینی ئیسلام بۆ بابەتی ژینگە چۆنە، ئایا لە قورئان و سوننەتدا كۆمەڵێك بنەما هەن كە بنچینەكانی ئەم بابەتە دابڕێژن؟
وەڵام: لەگەڵ هاتنی چەرخی پیشەسازیدا پیسبوونی ژینگەیش دەستی پێكرد. لەلایەك لە ڕێگەی پاشماوەی كارگەكانەوە ئاو و هەوا و خاك پیس كرا، لەلایەكیش سەرچاوە سروشتییەكان بێپەروایانە بەكارهێنران و نابەرپرسانە ئیسراف كران. هەرچەندە پێشكەوتنە تەكنەلۆژییەكان سوودێكی زۆریان بۆ مرۆڤایەتی هەیە، بەڵام هەندێك زیانیشیان، وەك پیسبوونی ژینگە، لەگەڵ خۆیان هێنا. مرۆڤایەتی بە كار و كردەوەكانی هاوسەنگی لە وشكایی و دەریاكاندا تێكدا.[1] كاتێك مرۆڤ بەشێك لە زیانەكانی ژینگەی شێوێنراوی بەركەوت، تێگەیشتن كە هەڵەی كردووە، بەتایبەت لە سایەی ئەوانەدا كە لە بابەتی ژینگەدا هەستیارن كۆمەڵێك بزاڤ دەركەوتن كە ئامانجیان پاراستنی ژینگەیە. ئەو ئەنجامانەی كە لێكۆڵینەوە زانستییەكان دەریان خست، نیشانیان دا كە گشت بوونەوەرانی ناو سروشت پەیوەندییەكی بەتینیان لەنێواندا هەیە و باشتر ئەوە دەركەوت كە ژینگە و ئیكۆسیستەم چەند بۆ ژیان گرنگن. ئەم هۆشیارییە ڕۆڵێكی گەورەیان هەبوو لە دروستبوونی هۆشیاریی ژینگەیی لەناو خەڵكدا.
ئەو چالاكییانەی كە لەژێر ناونیشانی ژینگەدا ئەنجام دەدرێن لەبەرئەوەی بەگشتی ئامانجیان دووبارە دامەزراندنەوەی هاوسەنگیی سروشتیی لەدەستچوو، ڕێگرتن لە پیسبوون و نۆژەنكردنەوەی ئەو تێكدان و كاولكارییانەیە كە تا ئەمڕۆ كراون، شایانی هەموو جۆرە ستاییش و دەستخۆشییەكە. وەلێ نابێت ئەوەیش لەبەرچاو نەگیرێت كە بابەتەكە هەندێك جاریش شوناسێكی ئایدۆلۆژی و سیاسی وەرگرتووە. هەندێك لەپێناو ڕكابەری لەگەڵ دەسەڵات و گەیشتن بە هەندێك لە ئامانجە سیاسییەكانیان، كەڵكی خراپ لە بابەتی ژینگە وەردەگرن.
هەرچەندە لە هەندێك دانراو و بەرهەمدا كۆمەڵێك ڕوونكردنەوە دراوە دەربارەی گرنگیی ژینگە و پاراستنی، بەڵام لە مێژووی ئیسلامدا لێكۆڵینەوەی تێروتەسەل و دوورودرێژ لەسەر ئەم بابەتە شك نابەم. چونكە خەڵكانی ئەو ڕۆژگارە كێشەیەكی وەك “پیسبوونی ژینگە”یان نەبوو. لەدوای ئەوەی كە بابەتی ژینگە ڕۆژێڤی دونیای بە خۆیەوە سەرقاڵ كرد، موسوڵمانانیش بە پشتبەستن بە قورئان و سوننەت كۆمەڵك پەڕتوووكیان دانا و لە ڕوانگەیەكی دینییەوە ئەم مەسەلەیەیان هەڵسەنگاند. بۆ نموونە، “ئیبراهیم جانان”ی ڕەحمەتی، كتێبی “ئەخلاقی ژینگەیی لە ڕوانگەی ئایەت و فەرموودەكانەوە”ی نووسیوە. پێدەچێت لەمەولا كۆمەڵێك بەرهەمی دیكەش دابنرێت كە بەشێوەیەكی قووڵ و كامڵانە تێگەیشتنی ئیسلام بۆ ژینگە دەخەنە گۆڕێ.
جێنشینی، هاوسەنگی و بەرپرسیارێتی
بابەتی ژینگە، پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆی بە پێگەی مرۆڤەوە هەیە لەسەر زەوی. خوای گەورە مرۆڤی وەك جێنشینی خۆی بەدیهێناوە لەسەر زەوی و مافی دەستوەردانی لە شتان و بەدیهاتووانی تردا پێبەخشیوە. مرۆڤ وەك داخوازییەكی چەمكی جێنشینی، پێویستە لە چوارچێوەی فەرمانەكانی خوادا بجووڵێتەوە. بۆیە تەنها بە ناوی خواوە دەتوانێت دەستوەردان لە بوونەوەراندا ئەنجام بدات؛ مافی كاركردن و دەستوەردانی شەخسی نییە. وەك چۆن مرۆڤ بوونەكەی لە خۆیەوە نییە و هیی خۆی نییە، ئەو بوونەوەرانەیش كە تەسەرروفیان تێدا دەكات موڵكی ئەو نین.
بۆیە مرۆڤ ناتوانێت بە ئارەزووی خۆی تەسەرروف لە بووندا بكات؛ ناتوانێت ئەو ڕێسا و هاوسەنگییەی كە خوا لەسەر زەویدا دروستی كردووە بشێوێنێت؛ ناتوانێت ئەو گەردوونەی كە خوا لە كامڵترین شێوەدا بەدی هێناوە بشێوێنێت و هاوسەنگییەكەی تێك بدات. ئەركی سەرشانی ئەو ئەوەیە كە شتان لە ئامانجی بەدیهێنرانیاندا (ما خلق لە) بەكاربهێنێت. هاوشێوەی فەرمانە تەشریعییەكان، دەبێت فەرمانە تەكوینییەكانیش بەدروستی بخوێنێتەوە؛ خوای گەورە چۆن و لەپێناو چ مەبەستێكدا داینابن، پێویستە گونجاو لەگەڵ ئەمانەدا بجووڵێتەوە. جگە لەمە، ئەو لایەنانەی سروشتیش كە تێكدراون دەبێت تەبا لەگەڵ ئەسڵەكەیاندا نۆژەن بكاتەوە.
خوای گەورە لە چوارچێوەی ڕێسا و هاوسەنگییەكی نموونەیی و كامڵدا، هەموو شتێكی لە جێی گونجاوی خۆیدا بەدی هێناوە. دونیا بەهۆی جوانییەكانییەوە، وەك ڕاڕەوێك وایە بۆ بەهەشت. ئەوەتا ئایەتە جۆراوجۆرەكانی قورئان ئەم جوانییانە دەخاتە پێش چاومان و داوامان لێدەكان كە بیریان لێبكەینەوە. بەڵام بۆ ئەوەی بەتەواوەتی دەرك بە سەرسووڕهێنی و جوانیی ناو بوون بكەین، دەبێت بە چاوێكی گشتگیرانە و لە سەرەوە بۆی بڕوانین. ئەوانەی كە لەمەدا سەركەوتوو دەبن، كاتێك تەماشای سروشت دەكەن هەست بە سەرسامی دەكەن و لەهەمبەر جوانیی بێهاوتاوی بوونەوە سەریان دەسووڕێت. ئەوەتا بەدیعوززەمان لە “ئەستێرەنامە”كەیدا بەشێوەیەكی ناوازە باس لە جوانیی ئەو ڕووناكی و چرایانە دەكات كە خوا لە ئاسماندا دایگیرساندوون.[2]
كەسێك كە ئەم ڕێسا و هاوئاهەنگی و هاوسەنگییەی ناو بوون دەبینێت، كاتێك تەسەرروفی تێدا دەكات وریاتر و هۆشیارانەتر ڕەفتار دەكات، خۆی بەدوور دەگرێت لە هەموو جۆرەكانی تێكدان و شێواندن. دەزانێت كە دەست بردن بۆ ژینگە و ئیكۆسیستەم و دەستوەردانی نەرێنی لە فیترەتدا چ زیانێكی گەورە لە مرۆڤایەتی دەدات، تەنانەت بیر لەوە دەكاتەوە كە دەگونجێت ئەم كارانە داهاتووی دونیا تاریك بكەن و تێدەكۆشێت پێگەی ئەسڵیی هەموو شتێك بپارێزێت. كەسێك كە دەزانێت هەرشتێك كە خوا بەدی هێناوە و نیزامی پێداوە نموونەییە، ئەو دونیایەش كە پێكی دەهێنێت بەگوێرەی ئەم پێوەرە ئیلاهییانە دیزاین دەكات.
دەستەبەركردنی شعوورێكی لەم جۆرە بۆ مرۆڤەكان كە ناهێڵێت ژینگە پیس بكەن و سروشت تێك بدەن، شتێكی زۆر گرنگە. باشترین و ئاسانترین شت ئەوەیە ئەم كارە لە سەرەتاوە بكرێت. بەڵام هەر ئەوەندەی كە ئاو و خاك و بەروبوومەكانی جارێك پیس كران، گەڕاندنەوەیان بۆ دۆخی ئەسڵییان زۆر سەختترە. ئەوەتا لەمڕۆدا دەبینرێت كە گەڕاندنەوەی هەندێك لە ڕوبارە پیسكراوەكان بۆ دۆخی پێشوویان چەند ئەمەكی زۆر و سەروەتی گەورەی دەوێت. بەهەمان شێوە، دووبارە سەوزكردنەوەى دارستانە لەناوچووەكانیش هەرگیز ئاسان نییە. خاوێنكردنەوەی دەریا، زەریا، هەوا و خاكی پیسبووش بە بەراورد بەمانە ئەوەندەی تریش زەحمەتە؛ تەنانەت هەندێك جاریش بەتەواوی مانا مومكین نییە.
دونیا وەك نموونەیەكی بەهەشت
لە دیدگای ئیمانداردا تێكڕای بوون بریتییە لە درەوشانەوەی ناو و سیفەتەكانی خوا. بۆیە پاراستنی هاوسەنگیی بوون، بریتییە لە نیشانەی ڕێزگرتنی ئەو لە خوا، لە ناوە ئیلاهییەكان و سیفەتە سوبحانییەكان. ئیماندارێك كە لەم ڕوانگەیەوە بۆ بوون دەڕوانێت، هاوڕێ لەگەڵ ڕێز و خۆشەویستییەكی قووڵدا لە هەموو بوونەوەرێكی زیندوو و نازیندوو دەڕوانێت. لەبەرئەوەی هەموو بوونەوەرێك وەك پەڕاوێك دەبینێت كە قەڵەمی قودرەتی خوا نووسیویەتی، خۆشەویستی بۆ هەموو شتێك هەیە. بۆیە نەك هەر سروشت ناشێوێنێت، بەڵكو خۆی لە ئازاردانی مێروولەیەكیش دەپارێزێت؛ هەتا ناچار نەبێت مافی ژیان لە هیچ زیندەوەرێك ناسەنێتەوە.
ئەو وێنانەی بەهەشت كە لە قورئاندا هاتوون، هەندێك سەرەداومان پێدەدەن لەسەر چۆنێتییەكانی دامەزراندنی دونیایەكی نموونەیی؛ وەك بڵێیت پێمان دەڵێن “دونیاكەتان بەگوێرەی ئەمە دیزاین بكەن” و ئارەزووی دروستكردنی دونیایەكی هاوشێوەی بەهەشت لە ئێمەدا دەوروژێنن. لە دیدی ئیمانداردا، بێ هیچ گومانێك بەهەشت جێگایەكی نموونەیی وەهایە كە گشت “یوتۆپیا”كان تێدەپەڕێنێت. كاتێك تەماشای دیمەنەكانی بەهەشت دەكرێت لە قورئان و سوننەتدا، جوانیی سەرسووڕهێنی ئاو، ڕوبار، تاڤگە، كۆشك، تەلار، درەخت، سێبەر و میوە جۆراوجۆرەكانی دەبینرێت. بۆیە ئەركی ئێمە ئەوەیە بەهەشت وەك نموونەیەك وەربگرین و دونیاكەمان جوان بكەین؛ هەموو لایەكی بكەین بە ئێرەیی بزوێن، بیكەین بە جێگایەك كە لە بەهەشت دەچێت، دونیایەكی پاك و خاوێن بۆ نەوەكانی داهاتوو بەجێبهێڵین.
قورئان لە ئایەتی “(ئەو شتانەی كە دەیخۆن، دەیخۆنەوە و تامی دەكەن) لەوانە دەچێت كە پێشتر پێیان دراوە.”[3] سەرنج بۆ لای لەیەكچوونی نێوان نیعمەتەكانی بەهەشت و دونیا ڕادەكێشێت. واتە نیعمەتەكانی دونیا نموونەی نیعمەتەكانی بەهەشتن. ئەگەر ئێمە ڕوخساری دونیا ناشرین بكەین، پیسی بكەین و بیكەین بە جێگایەك كە بە كەڵكی ژیان نەیەت، ئەوا ئەم لەیەكچوونەی نێوانیشیان تێك دەدەین. ئەوكات دونیا دەبێت بە جێگایەك زۆر جیاواز لە بەهەشت. ئەم پێشانگا جوانەی كە تێیدا نموونەكان پێشكەش دەكرێت تا چ ئەندازەیەك بووبێت بە خانەی پیسی و چەپەڵییەكان، بەو ئەندازەیە لە لەیەكچوونی بەهەشت دوور كەوتووەتەوە.
تێگەیشتنی ئیسلام بۆ ئیسراف و دەستپێوەگرتنیش یەكێكی دیكەیە لە بنەما سەرەكییەكان كە شكڵ و شێوە بە پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ بووندا دەبەخشێت. وەك دەزانرێت، قورئان دەفەرمووێت خوا موسریفانی خۆش ناوێت[4]؛ پێغەمبەریش (صلى الله علیە وسلم) فەرمانی كردووە كاتێك تەنانەت لە ڕوبارێكیشدا دەستنوێژ دەگیرێت نابێت ئیسراف بكرێت.[5] ئەم فەرمانەی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) داخوازی ئەوەیە كە دەستپێوەگرتن بكرێت بە ڕەوشتێكی بەردەوام. كەسێك كە دەستپێوەگرتن دەكات بە ڕەوشتی خۆی، لە هەموو بوارێكی ژیاندا هەمان هەستیاری دەنوێنێت. ئەم ڕەوشتەیش هەر لە خووی خواردن و خواردنەوەوە، هەتا دەگات بە چۆنێتیی سوود وەرگرتن لە باخ و بێستانەكان، هەر لە شێوازی بەكارهێنانی سەرچاوە سروشتییەكانەوە هەتا دەگات بە بەكارهێنانی ئەو توانا و بەهرانەی كە پێی بەخشراون، ڕەنگ دەداتەوە. مادەم ئیسراف لە هەموو بابەتێكدا حەرامە، ئیماندار هەم لە خەرجییەكانی ژیانی شەخسی و هەم لە بەكارهێنانی سەرچاوە سروشتییەكاندا، هاوسەنگانە و بە پێودانگ ڕەفتار دەكات.
پاكی و بێگەردی
لە ئامۆژگاری و جێبەجێكارییەكانی پێغەمبەری خواوە (صلى الله علیە وسلم) دەتوانرێت چەندین بنەما و بنچینەی گرنگ لەمەڕ پاراستنی ژینگە و ئیكۆسیستەم دەربهێنرێت. بۆ نموونە، ڕاگەیەنرانی مەككە و مەدینە وەك حەرەم؛ قەدەغەكرانی بڕینەوەی درەخت و دەوەنەكانیان و كوژرانی ئاژەڵەكانیان[6]، لە ڕوانگەی بابەتی ژینگەوە شتێكی سەرنجڕاكێشە. پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) لە ڕێگەی ئەم قەدەغەیەوە جێگایەكی فراوانی خستووەتە ژێر پارێزگارییەوە و كردوونی بە جێگایەكی پارێزراوی نموونەیی.
جارێكیان لە سەفەرێكدا صەحابییەكان ڕووبەڕووی مارێك دەبنەوە و لە كوشتنیدا سەركەوتوو نابن. لەسەر ئەمە، پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) دەفەرمووێت “ئەو لە شەڕی ئێوە، ئێوەیش لە شەڕی ئەو ڕزگارتان بوو.[7] لێرەدا بە یەك ڕستە وانەیەكی سەبارەت هەستیاری بەرانبەر بە ژینگە و زیندەوەران وتووەتەوە.
كاتیك لەسەر ڕێگای فەتحی مەككە هەندێك باڵندە دەبینێت كە هێلانەیان كردووە، ڕێگاكەی دەگۆڕێت بۆ ئەوەی لەشكرەكەی ئەزێتیان نەدەن. كاتێك دەبینێت صەحابییەك هەندێك لە باڵندەی لە هێلانەكان هێناوەتە دەر، سەرزەنشتی دەكات و فەرمانی پێدەكات كە بیانخاتەوە جێی خۆیان.[8]
لەلایەكی دیكەوە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) پێداگرییەكی زۆری لەسەر پاكوخاوێنی كردووە. ئەوەتا لە فەرموودەیەكدا فەرموویەتی “پاكوخاوێنی لە ئیمانەوەیە.[9] میزكردنی لە سێبەری درەختەكان و ناو ئاوەكاندا قەدەغە كردووە؛ داوای كردووە شتانێك هەڵبگیرێن كە لەسەر ڕێگاكان ئەزێتی خەڵك دەدەن و ئەمەیشی بە یەكێك لە بەشەكانی ئیمان لە قەڵەم داوە.
هاوشێوەی ئەمە، مادەم خوای گەورە لە ڕێگەی درەوشانەوەی ناوی (القدوس)ەوە بەردەوام گەردوون خاوێن دەكاتەوە، مرۆڤیش دەبێت ژینگەكەی خۆی بەپاكی ڕابگرێت. سەرەڕای ئەو هەموو گۆڕانانەی كە لە سروشتدا ڕوودەدەن، كەچی پاكوخاوێنی تێیدا باڵادەستە؛ بەهەمان شێوە، پاراستنی ئەم پاكوخاوێنییە لە هەموو ئەو جێگایانەدا كە دەستی مرۆڤیان پێدەگات، داخوازی ئیمانە. مەحاڵە موسوڵمان ناهاوسەنگ، تێكدەر، بێپەروا و بەرباد بێت.
كاتێك تەماشای ئەو بنەمایانە دەكرێت كە قورئان و سوننەت دەربارەی پاراستنی قورئان و سوننەت خستوویاننەتە گۆڕێ، دەبوو كۆمەڵگا موسوڵمانەكان لەم بابەتەدا گرفتێكیان نەبووایە. كەچی هاوشێوەی ئەو حەوت لاوەی كە عاشقی “مێهلیكا سوڵتان”[10] بوون، كاتێك بەشوێن مۆدێرنیتە و پۆست-مۆدێرنیتەدا ڕامانكرد، لە بەهاكانی خۆمان دوور كەوتینەوە. لە ڕۆژگاری “تەنزیمات”[11] ەوە چەند هاتین و ڕۆیشتین و پەلاقاژەمان كرد، كەچی هێندەی دەرزییەك ڕێمان نەبڕیوە. دەرەنجام كێشەكانی دونیای مۆدێرن وەك خۆیان لە كۆمەڵگای ئێمەیشدا دەركەوتن.
ئیشەڵا لەمەودوا دووبارە بۆ لای بەهاكانی خۆمان دەگەڕێینەوە و دونیا بەگوێرەی ئەم بەهایانە سەرلەنوێ بونیات دەنێینەوە و دەیژیەنینەوە.
[1] ﴿ظَهَرَ الْفَسَادُ فِي الْبَرِّ وَالْبَحْرِ بِمَا كَسَبَتْ أَيْدِي النَّاسِ لِيُذِيقَهُمْ بَعْضَ الَّذِي عَمِلُوا لَعَلَّهُمْ يَرْجِعُونَ﴾ (سورة الرُّومِ: 30/41).
[2] بەدیعوززەمان، وتەكان، وتەی 17.
[3] ﴿وَأُتُوا بِهِ مُتَشَابِهًا﴾ (سورة البَقَرَةِ: 2/25)
[4] ﴿وَلَا تُسْرِفُوا إِنَّهُ لَا يُحِبُّ الْمُسْرِفِينَ﴾ (سورة الأنعام: 6/141)
[5] انظر: سنن ابن ماجه، الطهارة، 45؛ مسند الإمام أحمد، 2/221.
[6] صحيح البخاري، الحج، 43؛ صحيح مسلم، الإمارة، 85.
[7] صحيح البخاري، الصيد، 7؛ صحيح مسلم، السلام، 137.
[8] سنن أبي داود، الأدب، 163؛ مسند الإمام أحمد، 1/404.
[9] صحيح مسلم، الطهارة، 1؛ سنن الترمذي، الدعوات، 86.
[10] ئاماژەیە بۆ هۆنراوەیەكی بەناوبانگی “یەحیا كەمال بەیاتلی” كە تێیدا حەوت لاو یەك لەدوای یەك شوێن سەودای بوونەوەرێكی ئەفسانەیی مێهلیكا سوڵتان دەكەون كە لەو ڕێگایەدا دەبن بە قوربانی خولیاكانیان و ناگەڕێنەوە. (دەستەی وەرگێڕان).
[11] بریتییە لە ناوی فەرمانێكی دەوڵەتی عوسمانی كە لە ساڵی (1839)دا بە ئامانجی مۆدێرنیزە و بەڕۆژئاواییكردنی كاروباری ئیداری، سیاسی، سەربازی، كۆمەڵایەتی و یاسایی وڵات دەركراوە. (دەستەی وەرگێڕان).





